دوای ٥٥ ساڵ لە کۆچی دوایی هێشتا خەمەکانی قانع زیندوو ماون

ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی "قانع' کە بە شاعیری چەوساوەکان و ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاریی ناسراوە تێدەپەڕێت، هۆنراوەکانی ئەو شاعیرە لە سەردەمی خۆیدا و ئێستاش کاریگەریی زۆری هەیە، هێشتاش پرسەکانی داگیرکاریی، چەوساندنەوە و هەژاریی کە لە خەمە سەرەکییەکانی بوون بە زیندوویی ماون و چارەسەر نەکراون، نەوەیەکی قانع دەڵێت: قانع، بەردەوام لەگەڵ خەمی گەل، هەژاران و جوتیاراندا بووە.


٥٥ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا "قانع"ی شاعیر کۆچی دوایی کرد، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە هێشتا خەمەکانی قانع کە لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە بە زیندوویی ماون و چارەسەر نەکراون.

قانع، یەکێکە لە شاعیرە کلاسیکەکان و لە ناوەڕۆکی شعرەکانیدا گرنگیداوە بە:

شیعری نیشتمانپەروەری، شیعری شۆڕشگێرانەی دژی دەرەبەگ و چەوسێنەرو داگیرکاریی، هەمیشە دڵی لەگەڵ ئازار و ئاواتی مرۆڤی جوتیاری چەوساوەی کورددا بووە، لەگەڵ بەسەرهات، کارەسات، ڕاپەرین و شۆڕش و دەستکەوتەکانی کورددا ژیاوە، لەشیعرەکانیدا داوای مافەکانی ژنانی کردووە لەبوارەکانی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا جگە لەوانەش شیعری دڵداریشی نوسیووە.

قانع، ناوی تەواوی شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشیە و لەنەوەی (کابل)ی مەریوانە، لە ساڵی ١٨٩٨ لەگوندی ڕیشین لە بناری شارەزووری سنوری پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە ٢ مانگ کە باوکی کۆچی دوای دەکات، تەمەنیشی ناگاتە دوو ساڵ دایکیشی کۆچی دوای دەکات، هەر بۆیە لەلای خزمێکیان بەناوی (ئاغا سەید حوسێنی چۆڕ)ی لە شارۆچکەی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورە بووە و هەر ئەویش لە حوجرە دەینێرێتە بەر خوێندن.

قانعی شاعیر لە منداڵیدا کوێرەوەیی زۆری بینووە، لە جەنگی جیهانی یەکەمدا (١٩١٤ ـ ١٩١٨) لە شاری مەریوان بەشداری دەکات، لەو سەردەمەشدا بەهۆی ئەوەی لایەنی ئاینیی بەسەر جەنگەکەدا زاڵبوو، بۆیە زۆرینەی هۆنراوەکانی لەوکاتەدا ئاینی بووە.

دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە، جارێکی دیکە دەستدەکاتەوە بە خوێندن، بە فەقێیەتی گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە بۆ خوێندن و گەڕانیش چووەتە (سنە، مەریوان، سابڵاخ، بۆکان، شنۆ، هەولێر، کۆیە، کەرکوک، سلێمانی و بیارە) دوا قۆناغی خوێندنیشی لە مەریوان بووە.

بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دەرەبەگایەتی بووە، ئاغا و دەرەبەگەکان جوتیارەکانیان چەوساندووەتەوە، بۆیە شیعرەکانی بە زۆری لەگەڵ جوتیاراندا دەدوێ و بەرھەڵستی دەرەبەگ و داگیرکەرەکان دەکات، لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:

بەشەو ئێشکچی ماڵی خان و ئاغام     بەڕۆژ کۆڵکێشی پووش وداڵم

ئەگەر ڕاکەم لە بۆ موڵکی یەکێ تر    لەوێشدا قوڕبەسەر هەر عەینی حاڵم

لە دەس قانونی پیسی میر و ئاغا       لەهەرلانم بەدەس زوڵمۆ ئەناڵم

جگە لەوە بەهۆی داگیرکارییەکان و ئەو شۆڕشانەی کە کورد ئەنجامی داوە بە تایبەت لە باکوری کوردستان، کە یەکێکیان شۆڕشی ئاگری داخ بووە، بیروباوەڕی شاعیر دەگۆڕێت بۆ کەسێکی نیشتیمان پەروەریی و نەتەوەیی، ناوەڕۆکی هۆنراوەکانیشی دەگۆڕێت بۆ هۆنراوەی نیشتیمان پەروەریی.

لە (١٩٦٣)دا لەگەڵ وریای کوڕیدا لەبەندیخانەی (قەجەر)ی تاراندا زیندانی دەکرێ و هەر لەو بەندیخانەیەدا هۆنراوە بەناوبانگەکەی نووسیوە کە دەڵێ:

ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە

ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە

زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕ زڕەی زنجیر ئەکەم

سەیری ئەم زنجیرەکەن وەک زێوەری شاهانەیە

بووکی ئازادیم ئەوێ خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێ

حەلقە حەلقەی پێوەنم بۆ پڵبڵە و لەرزانەیە

گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بەدیلی لاڵ ئەبم

باش بزانێ کونجی زیندام قوتابخانەیە

بیری ئازادیم لەزیندنا فراوان تر ئەبێ

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بەبەندیخانەیە

گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە

تۆپ و شەستیر و کەلەبچە لام وەکو ئەفسانەیە

چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا

میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە

چەکی شۆرشگێری من نوسین و بیرو باوەڕە

ڕاپەرینە، هەڵمەتە پڕ نەعرەتەی کوردانەیە

گەر بەئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم

نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە

قانعم ئەمڕۆ لە زیندانا بە ئازادی ئەژیم

سەد هەزار نەحلەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەیە

قانعی شاعیر هەر لە سەرەتایی تەمەنییەوە تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بووە بەڵام لە زینداندا نەخۆشییەکەی کاریگەریی زیاتر دەبێت، دوای ئازادکردنی دێتەوە شاری سلێمانی، پاش چەند ساڵێک دەچێتە گوندی شلێری شارۆچکەی پێنجوێن، هەرلەوێش لە ساڵی ١٩٦٥ بەو نەخۆشیە کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی شێخ ئەوڕەحمان لە گوندی شلێر نێژراوە.

لە ماوەی ژیانیدا قانع چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە، گوڵاڵەی مەریوان، باخچەی کوردستان، چوارباخی پێنجوێن، شاخی هەورامان، دەشتی گەرمیان، دواتر لەلایەن بورهان قانع کوڕی شاعیرەوە سەرجەم بەرهەکانی کۆکراونەوەتەوە و بە ناوی "دیوانی قانع" بڵاوکراوەتەوە.

ئاگر بورهان قانع، یەکێک لە نەوەکانی قانعی شاعیر، دەبارەی قانع دەڵێت، شاعیرێک بووە لەگەڵ هەژاران و جوتیارانی ئەو سەردەمەدا بووە، زۆرتر لەناو جوتیارەکانیدا بووە بۆیە زۆرتر باسی لە کێشە و خەمەکانی جوتیاران کردووە.

لەسەر گۆڕی قانعی شاعیر نووسراوە:

نەبوو ڕۆژێ لە کوردستان سەرۆکێ یاخود خەمخۆرێ

هەمیشە بۆ ئەبێ کوردان بەڵا و ناسۆری لێبارێ؟

ئەگەر مردن لەسەر قەبرم بنوسن توخوا یاران

شەهیدی عیشقی میللەت بووی، کەچی نەتدی پەلامارێ

ئاگر بورهان قانع، لەسەر ئەم هۆنراوەیەی قانعی شاعیر دەڵێت "پێموایە تا ئێستا هیچ سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی کورد بوونی نییە"، دەربارەی بابەت و ناوەڕۆکی شایعری شاعیرەکانی ئێستاش دەڵێت، کە شاعیرەکانی ئێستا جیاوان لە ڕابردوو، هەر شاعیرێکیش بەپێی پێداویستی سەردەمەکەی خۆی دەنووسێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە شاعیرانی ئێستا بەهۆی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیاوە دەتوانن بەرهەمەکانیان بڵاوبکەنەوە و بۆ هەمیشە بەرهەمەکانیان بمینێتەوە، بەڵام شاعیرەکانی ڕابردوو لە بەشێک لە شعرەکانیاندا لە کۆتایی دێرەکانی شاعیر ناوی خۆی بەکارهێناوە، ئەمەش لەپێناو مانەوە و دیاریکردنی ئەوەیە کە ئەو شعرە موڵکی کێیە.

ک.س