دوومانگ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشور

لە ماوەی دوومانگدا دەوڵەتی تورک ٥٠ جار بە تۆپ و فڕۆکە هێرشی کردووەتە سەر ٤٤ شوێن لە باشوری کوردستان و لە ئەنجامی هێرشەکانیشدا پێنج هاوڵاتی شەهید و ١٦ی دیکەش بریندار بوون، لە ماوەی یەک ساڵیشدا ١٦ گوند و ناوچەی برادۆست داگیرکراون.


ڕۆژی ٢٧/٥/٢٠١٩ دەوڵەتی تورک هێرشی چنگ-ی بەئامانجی داگیرکردنی ناوچەی خواکورک و برادۆست لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ ٥٠ جار بە فڕۆکە و تۆپ هێرشی کردووەتە سەر برادۆست و قەندیل و بادینان.

لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا دەوڵەتی تورک دەستی بە بۆردوومانی چڕی ناوچەکە کرد و بۆ ئەو بۆردوومانەش ٣٠ کۆپتەری بەکارهێنا، لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ تا ٠٨:٠٠ی ئێوارە بێ ناوبڕ بۆردوومانی دەورووبەری چەمی لۆلان و چیای شەکیف-ی کرد، لەدوای بۆردوومانەکەش ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە چیای شەکیف دابەزاند.

ئەو هێرشە چڕە باشوری ڕاچڵەکاند؟

سەرەڕای ئەو بۆردوومانە چڕە، بەڵام تەنیا لقی سۆران-ی یەکێتی لاوانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد و نە حکومەت و نە پەرلەمان و نە حزبەکانی باشور، هیچیان ورتەیان لێوەنەهات.

بەرهەم ساڵح چووە ئیستەنبوڵ

هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشی داگیرکردنی خواکورک و برادۆست، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە ئیستەنبوڵ و لەگەڵ تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای دیکەی دەوڵەتی تورک کۆبووەوە.

سەردانەکەی بەرهەم ساڵح، کاردانەوەی لێکەوتەوە و مەجید ساڵح، نووسەر و ڕۆژنامەنووس باسی لەوە کردبوو، کە "ئەو سەردانە و هێرشی سەر خواکورک ڕێککەوت نییە و سەلمێنەری ئەوەیە کە سیاسییەکانی ئێمە ئەوەندەی بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوەندە بەدوای بەرژەوەندییەکانی نیشتمانییەکانی گەلەکەمانەوە نین".

هەروەها، ڕۆژنامەنووس، ڕێبوار تۆفیق، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەگەری ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتیی هەیە دژی کورد، وتیشی: بەرهەم ساڵح، لەگەڵ تورکیا وەک کوردێک مامەڵە ناکات و بۆ بەرژەوەندی عێراق و خۆی و حیزبەکەی کاردەکات.

پیرۆزباییەکەی چاوشئۆغڵو بووبە ڕۆژەڤی میدیاکانی پارتی

ڕۆژی دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و لە ٢٨/٥/٢٠١٩ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەنجامدرا و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا پیرۆزبایی لێکرد. ئەو پیرۆزباییەش لە میدیاکانی پارتی-دا بە گرنگیی و بایەخی زۆرەوە باسی لێکرا و بوو بە ڕۆژەڤی سەرەکییان.

"گوندەکەتان چۆڵ بکەن"

لەلایەک پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ بەرپرسە کوردەکانی باشوری کوردستان و لەلایەکی دیکەوە تۆپباران و بۆردوومان بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە، ڕۆژی ٣١/٥/٢٠١٩-ش دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی سیستمی دەنگییەوە داوای لە هاوڵاتیانی گوندی خەلیفان کرد، کە زێدی خۆیان چۆڵ بکەن.

پارتی هێزی بردە برادۆست

شەوەکەشی، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بە کاروانێکی ١٥ ئۆتۆمبێلیی سەدان پێشمەرگەی گواستەوە بۆ ناوچەکانی سەرووی سیدەکان و بەربزن، لەگەڵ ئەو هێزەدا ژمارەیەک حەفارە و ئۆتۆمبێلی دروستکردنی ڕێگاوبان و کۆنتێنەر بۆ مانەوە برانە ناوچەکە.

سەرچاوە هەرێمییەکان ڕایانگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ئامانجیان ئەوەیە، هاوکاریی سوپای تورک بکەن و ئەو شوێنانە کۆنترۆڵ بکەن، کە وەک ناوچەکانی گەریلا دەناسرێن.

نیگەرانیی لایەنەکان

جوڵانی هێز لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقەوە نیگەرانییەکانی زیاتر کرد و هەریەک لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و بەرەی دیموکراسیی گەل لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ئاماژەیان بە مەترسییەکان کرد و ڕاشیانگەیاند، کە بێدەنگیی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند دەستی تورکیای زیاتر ئاواڵا کردووە بۆ داگیرکاریی لە باشوری کوردستان.

تورکیا و حزبەکانی ڕۆژهەڵات

دەوڵەتی تورک هەر لەو ڕۆژانەدا لە ناوچەی برادۆست لەگەڵ نوێنەری هەندێک لایەنی کوردیی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوانەدا لەسەر دژایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد قسەکراوە و وتراوە:"ئەگەر لە ئێران شتێک ڕووبدات، ئێمە ڕێگە نادەین گۆڕانکارییەک هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بێت، ئێمە لەوێ هێزێک دروست دەکەین".

دەوڵەتی تورک تەنیا بە تۆپ و فڕۆکە ناوچەکە بۆردوومان ناکات، بەڵکو بە دۆشکە و ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵکی ناوچەکە دەکات و کامێرای چاودێرییان بۆ دانراوە، هاوڵاتیان شەوان ناتوانن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە، لە ڕۆژیشدا ناتوانن لە ماڵەکانیان دوورکەونەوە و ئاژەڵەکانیان بلەوەڕێنن.

بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهیدبوو

ڕۆژی ٤/٦/٢٠١٩ لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا گەنجێکی ئێزدی، بەناوی ئەمین ساڵح، کە کۆچبەری سنووری زاخۆیە و لە باخێکی سنوورەکەیدا کاری کردووە، بە دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی تورک گیانی بەختکرد.

سێ پێشمەرگە برینداربوون

ڕۆژی ٥/٦/٢٠١٩  فڕۆکە جەنگییەکان گوندی مێرگەڕەش-یان لە برادۆست بۆردوومان کرد و ئاگر کەوتەوە، بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە سێ پێشمەرگەی پارتی شوێنی بۆردوومانەکە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان دووبارە دەستیان بە بۆردوومان کردەوە و هەر سێ پێشمەرگەکەیان بریندار کرد و یەکێکیان قاچێکی لەدەستدا، دووان لە پێشمەرگەکان برا و ئەوی دیکەشیان ئامۆزایان بوو.

فشار بۆسەر هاوڵاتیان

هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا زیاتر بوون، ئەگەرچی پێشتر لەڕێگای داردەستەکانییەوە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و خەڵکی ناوچەکەدا کۆبووەوە و هەوڵی دابوو بە پارە قایلیان بکات تا سیخوڕییان بۆ بکات، ئەمجارەش لە مانگی حوزەیرانەوە دەستیکرد بە فشارخستنە سەر هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لەژێر ناوی شاخەوانیی لە ناوچەکە بگەڕێن و شوێنی مانەوەی گەریلاکانی هەپەگە-یان پێی بلێین.

ڕۆژی ١٠/٦/٢٠١٩، مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، مەولود چاوشئۆغڵو، ئامادەی مەراسیمەکە بوو، لەگەڵ خۆشییدا دیاریی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هێنا، ئەویش تۆپباران و بۆردوومانی گوندەکانی بێرکم و خەلیفان و سیران بوو لە برادۆست، هەروەها سەرنجڕاکێشە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، کە لە کارنامەی مەراسیمەکەدا هەبوو، بەهۆی ئامادەبوونی چاوشئۆغڵۆوە لابرا، ئەمەش ڕەخنە و نیقاشێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕۆژی ١٢/٦/٢٠١٩ فڕۆکەجەنگییەکان، گوندەکانی گوهەرز، ناوەندی گوندەکانی سەرگەل و کانێ-یان بۆردوومان کرد، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان دهۆک، ئامێدی، شیلادزێ و دێرەلۆک، هەروەها ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی-یان بۆردوومان کرد و لەو سێ شوێنەی کە بۆردوومان کرا، زیانێکی زۆر گەیشتووەتە ماڵ ومۆڵکی هاوڵاتیان، هەروەها لە ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی بەنزینخانەیەک و ناوەندی تۆڕی ئاویش کرایە ئامانج.

شەهیدێک و سێ بریندار

ڕۆژی ٢٦/٦/٢٠١٩ لە ناوچەی گۆشینە، لە دەڤەری برادۆست، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیەكی مەدەنیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بەناوی مەنسور، گیانی بەختکرد و هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی پێشۆ، برینداربوو، کە هەردووکیان برا و دانیشتووی شارۆچکەی سۆران بوون، هەر لەو بۆردوومانەدا دوو هاوڵاتی دیکە برینداربوون.

کۆمەڵکوژیی

ڕۆژی دواتریش لە لۆفەکانی کورتەکی بناری قەندیل دەوڵەتی تورک کوێرانە دەستی بە بۆردوومان کرد و دوو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتیی شەهید و پێنجی دیکە برینداربوو، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بوون.

هێز برایە بێگۆڤا

دوای ئەو کۆمەڵکوژییە و شەوەکەی هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک ژمارەیەکی زۆر سەربازییان بردە بنکەی سەربازیی سیرێ لە شیلادزێ و  ڕۆژی ٢٨/٦/٢٠١٩  ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازیی کە تێیاندا چەکی قورسیش هەبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر سەرباز ڕەوانەی بارەگای سەربازیی گردی بێی سەربە بێگۆڤا لە زاخۆ کراون.

ڤیدیۆی جموجوڵی هێلیکۆپتەرەکان لەلایەن هاوڵاتیانی شیلادزێ-وە تۆمارکران، کە هەر لەو ڤیدیۆیانەدا هاوڵاتیان ناڕەزایەتی خۆیان لە سوپای تورک دەردەبڕی.

ئێوارەی ١٨ی تەمموز فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورک بۆردوومانی گوندی سپیندار-ی سەر بە شارۆچكەی ئامێدیان كرد و بەهۆیەوە سێ‌ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

شەوی دواتریش بۆردوومانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-یان کرد لە شارۆچکەی مەخمور و لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتیی بریندار بوون.

لە ماوەی ئەم دوومانگەدا و سەرەرای ئەو هەموو هێرشە دژوارە و شەهیدبوونی پێنج هاوڵاتی و برینداربوونی ١٦ی دیکە، کەمترین هەڵوێست لەلایەن حزب، حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە نیشان دراوە، حکومەتی هەرێم دوای سێ ڕۆژ لە کۆمەڵکوژیی کورتەک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەجیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە ڕایگەیاند:"حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قبووڵ ناكات و ڕێگه‌ نادات خاكه‌كه‌ى بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر و تێكدانى ئاسایشى وڵاتانى دراوسێ به‌كار بهێنرێت و به‌و هۆیه‌وه‌ ژیانى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه".

ئەو شوێنانەی لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا بۆردوومان کراون

برادۆست

خەلیفان، سیران، شەکیف، لۆلان، لیلکان، گردی شەهید دەروێش، مێرگە ڕەش، گەلی شێخ زادان، چیادێل، کەوەرتە، بێرکم، بوزێنە، کاروخ، بەربزن، ناودارۆک و چیای کەتین.

قەندیل

کونەکۆتر، بێرمکە، چیای ساوێن، ئینزێ، پێپاڵان، دۆڵی شەهیدان، کورتەک، سورەدێ، پردەشاڵ، گەلی بەدران، زارگەلی.

بادینان

سێ گرێ، مەتینا، گوهەرز، سەرگەل، کانێ، ڕێگای ئامێدی، ناوەندی ئامێدی، گەلەکان، شێران، شیلادزێ و سپیندار، دەوروبەری کانی ماسی.

مەخمور

کامپی شەهید ڕۆستەم جودی

سلێمانی

چیای ئاسۆس

زیانە مادییەکان

هەتا ئێستا ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە کە ڕوونیبکاتەوە ئەو هێرشانە چەندە زیانی مادییان بە باشوری کوردستان گەیاندووە، هیچ لایەنێک ئەو ئەرکەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە ڕۆژانە لەو ناوچانەوە بەدەست میدیاکان دەگات، لە ئەنجامی ئەو هیرشانە بەسەدان دۆنم باخ و زەوری و زار زیانیان بەرکەوتووە و سوتاون، هەروەها دەیان ماڵ و بینا و تۆڕی ئاو و بەنزینخانە ڕووخاون.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک ئەم ناوچانەی برادۆستی داگیرکردووە: لیلکان، چیادێڵ، ناڤمێرگان، خەلکەرە، بلاسنێن، خەلیفان، گەلی ڕەش، ئاراقا، بەزنێ، چنارۆ، چیای کەتین، ڕەشماڵێ، شاپان، کانی ڕەش، قۆنگرە، سۆسنێ.

ش.ف