دژی کورد هەڵوێستی ٩ و ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوامە

لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوکاری دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و بە چاوپۆشیی دەوڵەتانی دیکەی جیهان هێرشیان کردە سەر ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان و ٥٢٪ی خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکرد، لە ٩ی ئۆکتۆبەریشەوە هەڵوێستێکی هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووبەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتەوە و بەچاوپۆشی هەموو دەوڵەتانی دونیا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.


ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ تێدەپەڕێت، کە هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکانی باشوری کوردستان و داگیریان کرد.

مێژووی دووبارە

لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵای ١٩٨٣ دا دەوڵەتی تورک یەکەم هێرشی دەرەوەی سنووری ئەنجادا بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکور و باشوری کوردستان، لەدوای تێبەڕبوونی ٣٤ ساڵ و بە پیلانێکی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دا هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان و داگیریان کرد.

لەڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨دا گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە دەستی پێکرد و لەو ڕۆژەدا ئۆجالان لەبەر ئەوەی ڕێگا لە شەڕێکی هەرێمی بگرێت خاکی سوریای بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، لەهەمان ڕۆژی ساڵی ٢٠١٩ دا و دوای تێپەڕبوونی ٢١ ساڵ، دەوڵەتی تورک بە چاوپۆشی دەوڵەتانی دونیا هێرشیکی هۆڤانەی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.

ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر چۆن دروستبوو؟

لەدوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سنوورەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پاشەکشەیان کرد و هێزەکانی پێشمەرگە شوێنیان گرتنەوە، ئەوکات حکومەتی عێراق بەهۆی ئەوەی، کە بەشێکی زۆری خاکەکەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرابوو، ڕووبەڕووی شەڕێکی بەرفراوان بووەوە لەگەڵ چەتەکانی داعش، پێویستی زۆری بە هێزە کوردییەکان بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تاڕادەیەک ئارامبوونەوەی شەڕی چەتەکان، لە هەلێک دەگەڕا بۆ ئەوەی هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەتایبەت دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، کە دەتواندرێت بووترێت ڕیفراندۆم هەلێکی زێڕین بوو بۆ عێراق، تا بیکاتە بەهانە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە، پرسی ڕیفراندۆم وردە وردە بووە ڕۆژەڤ لە هەرێمی کوردستان، ئەوکات حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی حەویجە بوو لە چەتەکان، بەوهۆیەشەوە ئەو دەنگۆیانەی بە جدیی وەرنەگرت.

ڕیفراندۆمەکە بانگەشەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی لێدەکرا، بەڵام کەمترین پشتیوانیی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی زلهێزیش هۆشداریی و هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بە نموونە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک، کەم ڕۆژ هەبوو هەڕەشەی تووند ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەکات، بۆیە حکومەتی عێراق کە ئەوکاتە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆکایەتی دەکرا ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە هەرێمی کوردستان کردە بیانوویەک بۆ ئەوەی پەلاماری ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان بدات.

ئێران و تورکیا و عێراق یەکیان گرت

لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیشدا، سوپای عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای تورک، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا، ئەوەش وەک پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەدوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەرووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تا دەهات تووندتریش دەبوونەوە، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو، دواتر لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەردا هێرشیان کردە سەر هەموو ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق و لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا داگیریان کرد، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی پلانەکەیان، لەدوای داگیرکردنی ئەو ناوچانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: لەگەڵ حکومەتی ئێران و عێراق ڕیفراندۆمی هەرێمی باکوری عێراقمان لەگۆڕنا.

ئەو هێرشەی سوپای عێراق ئەگەرچی بە بەرگی سەربازیی عێراقییەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام وڵاتانی ئێران و تورکیاش بەشدارییان تێداکردبوو، تەنانەت ڕۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەر سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاشکرایکرد، کە هاکان فیدان، ڕاوێژکاری دەزگای هەوڵگریی میت-ی تورکیا، نوێنەری تورکیا بووە لە ئۆپەراسیۆنی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەروەها قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بووە لەو هێرشە.

مێژووی هێرشکردنە سەر کورد لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا

هەرچەند ناوهێنانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژێک کە ڕووداوێکی دژ بەکوردی تێدا ئەنجامدرابێت دەمانباتەوە بۆ ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەی ساڵی ٢٠١٧، بەڵام لە هەمان ڕۆژی ساڵی ١٩٨٣ دا، دەوڵەتی تورک یەکەم هێرشی بۆسەر هاوڵاتیانی کورد لە سنوورەکانی باکور و باشوری کوردستان ئەنجامداوە لە ناو خاکی باشوری کوردستان، کە بەیەکەم هێرشی دەوڵەتی تورک دادەندرێت لە دەرەوەی سنوور، ئەمەش ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنی هەمان ڕۆژ بۆ هێرشکردنەوە سەر کورد بەخواستی دەوڵەتی تورک بووبێت.

گەلەکۆمە دژی کورد بەردەوامە

ئەمڕۆ کە دوو ساڵ بەسەر ئەو گەلەکۆمەیەدا تێدەپەڕێت کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا دژ بە گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا، لەئێستادا گەلەکۆمەیەکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرامبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدرێت و ماوەی هەشت ڕۆژە دەوڵەتی تورک و چەتەکای بە چەکی گران و فڕۆکە و بە بەشداری سەدان هەزار سەرباز و چەتە هێرش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدەن و هاوڵاتیانی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکەن، هەرچەندە شەڕڤانانی هەسەدە بەرگرییەکی مەزن ئەنجامدەدەن بەڵام دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تاوانی گەورەی شەڕ دژ بە خەڵکی مەدەنی و منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدەن و دونیاش لێی بێدەنگە.

یەکێتی نەتەوەیی کورد وەڵامدەرەوەیە

دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، مامۆستا لە بەشی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی سلێمانی لەبارەی ئەو ڕێکەوتانەوە بە ڕۆژنیوزی وت: گەلەکۆمەکانی سەر گەلی کورد لە چەندین مێژوودا دووبارە بوونەتەوە، مانگی ئۆکتۆبەر پڕیەتی لە پلانگێڕی و هێرشکردنە سەر گەلی کورد، وەک چۆن لە بەڵام ئەوەی گرنگە ڕۆحی بەرخۆدان و خەباتی گەلی کوردە لەبەرامبەر ئەو ئەو پلانگێڕیانەدا، ئێستا گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی فاشیزیمترین هێز دەبێتەوە لەدوای ئەڵمانیان نازییەوە، ئەو هێزی بەرخۆدانە گرنگ و پڕ واتایە.

ناوبراو ڕای وابوو، کە لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەوڵەتانی دونیا بەشێکی کەمیان دژی ئەو هێرشانەن و بەشێکی دیکەیان یان بێدەنگن یان هەڵوێستێکی شەرمنانەیان هەیە، بۆیە گرنگە گەلی کورد تەبایی و یەکڕیزیی خۆی دروستبکات، هەروەها ئەو ڕووداوانە بکرێتە وانەو لە قۆناغەکانی خوێندندا بخوێندرێت بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو ڕووداوەکان لەبیر نەکەن و ڕۆحی تەبایی لەنێویاندا بچێندرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران.

د.ع