دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەرخۆدان لە باشور لە چەند ناوەند و چۆن بەڕێوەچوو؟

دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە ماوەی شەش مانگدا لە باشوری کوردستان بە دەیان جۆر چالاکیی بەڕێوەچوون، کە کاریگەرترینیشیان چالاکیی مانگرتن لە خواردن بوو.


دوای ئەوەی لە ڕۆژی ڕۆژی ٧/١١/٢٠١٨ لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە لە زیندانی ئامەدەوە، دژ بە گۆشەگیریی سەختی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان مانگرتنی بێسنووری ڕاگەیاند، باشوری کوردستان بوو بە دووەم مەیدانی چالاکیی دژ بە گۆشەگیریی.

دووەم کەسە لەدوای لەیلا گوڤەن دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد، ناسر یاگز، ئەندامی هەدەپە بوو، کە لە ڕۆژی ٢١/١١/٢٠١٨ لە نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان دەستی بە چالاکیی کرد، ئەو ڕۆژەش بوو بە دەستپێکی چالاکییە بەرفراوانەکان دژ بە گۆشەگیریی لە باشوری کوردستان و مانگرتن جگە لە هەولێر، پەلیکێشا بۆ مەخمور، شەنگال، سلێمانی، گەرمیان، خانەقین، دەربەندیخان و پێنجوێن.

بە گشتیی ئەو مانگرتنانەی دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچوون، سێ جۆر بوون، جۆری یەکەمیان خولیی بوو، کە مانگران ماوەی دوو ڕۆژ یان زیاتر لە مانگرتندا دەبوون و پاشان لەلایەن گروپێکی دیکەوە درێژە بە مانگرتنەکە درا.

مانگرتنی خولیی لە نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەولێر ١٨٧ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا ٩٣ گروپ بەشداریی مانگرتنەکەیان کرد، بەگشتییش زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستانەوە ڕوویان لە نوێنەرایەتییەکە کرد و بەشداریی مانگرتنیان کرد.

لە شاری سلێمانی-ش، لە ناوەندی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا ١٦٤ ڕۆژ مانگرتنی خولیی بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا ٨٢ گروپ بەشداربوون و بەگشتییش ٣٩٢ کەس بەشداریی چالاکییەکەیان کرد.

دوو ڕۆژ دوای سلێمانی، لە مەخمور مانگرتنی خولیی دەستیپێکرد، کە ١٦٢ ڕۆژ بەردەوامیی هەبوو، ٥٤ گروپیش بەشدارییان تێدا کرد، ژمارەی کەسانی بەشداربوو لە مەخمور بە بەروارد بە ناوچەکانی دیکە زۆر زیاتر بوو، لەو ماوەیەدا نزیکەی هەزار کەس بەشداریی چالاکییەکەیان کرد.

مانگرتن لە کۆمەڵگای خانەسور-ی سەر بە شەنگال ٢٩ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کەس لە چوارچێوەی ٢٦ گروپدا بەشدارییان کرد.

هەروەها لە ناوەندی شەنگال-یش ٦٠ کەس لە ماوەی ١١ ڕۆژدا بەشداریی مانگرتنیان کرد.

لە ڕۆژی ٣٠/١/٢٠١٩ شاندێک لە مانگرتووانی مەخمور، لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر خێمەیان هەڵدا و دریژەیان بە مانگرتنی خولییدا، بەڵام لە ئاسایشی هەولێر چەند جارێک هێرشی کردە سەر مانگرتووان و خێمەکانی تێکدان، هەرچەند کەشوهەوا ساردبوو لەوکاتەدا، بەڵام مانگرتووان سوربوون لەسەر چالاکییەکەیان و لەبەر سەرمادا درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا، بەڵام چەندین جاری دیکە ئاسایش هێرشی کردنەوە سەر و لە ڕۆژی ٧/٢/٢٠١٩هەموو مانگرتووانیان دەستگیرکرد و ڕێگایان بە بەردەوامیی چالاکییەکە نەدا.

لە گەرمیان، سەرەتا مانگرتنی بێسنوور لە ٢٤/٢/٢٠١٩ لەلایەن هەرێم مەحمود، کە ئەندازیارێکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە دەستیپێکرد،

دواتر بۆ پشتیوانییکردنی چالاکییەکەی هەرێم، شەیما عەدنان بۆ ماوەی مانگێک، جومعە کەریم، سەردار مەلیحە و ڕووناک مەجید، هەریەکە و بۆ ماوەی هەفتەیەک و گوڵەباخ جەلال بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ مانیان گرت.

مانگرتن پێنجوێن-یشی گرتوە، ڕۆژی ٢/٣/٢٠١٩ یونس عومەر ناسراو بە یونس سورایی دەستی بە مانگرتن کرد و چالاکییەکەی تا ١٠ ڕۆژ بەردەوام بوو.

ڕۆژی ١٤/٣/٢٠١٩ گەنجێکی شارۆچکەی دەربەندیخان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەناوی تەها جاف، دەستی بە مانگرتنێکی ١٠ ڕۆژیی کرد و بەو جۆرە پشتیوانیی بۆ مانگرتوان نیشاندا.

لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالەش هاوڵاتییەک بەناوی نەهرۆ خانەقینی ڕۆژی ٢/٤/٢٠١٩ مانگرتنی ماوە نادیاری دەستپێکرد، ئەو هاوڵاتییە، دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ خانەقین دەستی بە مانگرتن کرد و لە بەریتانیا بەردەوامیی بە مانگرتنەکەی دا، هەتا دوێنێ دوای ڕاگەیاندنی پەیامەکەی ئۆجالان، مانگرتنی شکاند.

مانگرتنی بێسنوور

جیاواز لە مانگرتنی خولیی مانگرتنی سێ چالاکوان مانگرتنی بێسنووریان بەڕێوەبرد، ناسر یاگز ١٨٧ ڕۆژ، فادیلە تۆک لە مەخمور ١٢٧ ڕۆژ و هەرێم مەحمود لە گەرمیان ٩٢ ڕۆژ لە مانگرتندا بوون.

مانگرتن تا مردن

لە شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر، ڕۆژی ١٤/٥/٢٠١٩ چالاکیی مانگرتن تا مردنی ڕاگەیاندبوو، ئەوەش یەکەم کەس بوو، کە لەدەرەوەی زیندان دەست بەو جۆرە چالاکییە بکات، کە لەم جۆرەیاندا جگە لە ئاوی بێتام هیچ خورادنەوەیەکی دیکە ناخۆن، مانگرتنەکە ١٣ ڕۆژ بەردەوام بوو.

پشتیوانیی مانگرتوان

بۆ پشتیوانیی مانگرتوان، بە هەزاران کەس سەردانی ناوەندەکانی مانگرتنیان کرد، زۆرترین پشتیوانیی لەلایەن هاوڵاتییانەوە بوو، بە هەموو توێژە جیاوازەکان ڕۆشنبیران، هونەمەندان، ئەکادیمیی، کەسوکاری شەهیدان، چالاکوانان هتد...، بەشێک لە حزبەکانیش لەڕێگای سەردانییکردنەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتوان نیشاندا، بەڵام هەوڵادانێکی جدیی بەڕێگای جیاواز بۆ کۆتاییهێنانی گۆشەگیریی نەدرا، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک و بە پەیامێکی کورتیش پشتیوانیی چالاکییەکەیان نەکرد.

هەروەها، ڕۆژی ٢٠/١/٢٠١٩ ١٧٠ کەس لە ڕووناکبیران، نووسەر، شاعیر، سیاسیی، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی چوار پارچەی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانیی چالاکییەکەی ناسر یاگز، ئەندامی هەدەپە لە نوێنەرایەتیی هەدەپە لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و بانگەوازییەکیان ئاڕاستەی وڵاتپارێزانی کوردستان و تایبەت شاری هەولێر کرد، پشتیوانیی مانگرتوان بکەن.

خۆپیشاندان

لە شاری هەولێر چەند جارێک بۆ کۆتاییهاتن بە گۆشەگیریی و گەیاندنی دەنگی مانگرتوان، خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو و یاداشتیان ئاڕاستە کرا، هەروەها لە شەنگال، شارەزوور و پێنجوێن گردبوونەوە بەڕێوەچوو، لە شاری سلێمانی-یش ئامادەکاریی کرا بۆ خۆپیشاندان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چەند چالاکوانێک دەستگیر کران.

لە ژێر فشاری مانگرتنەکاندا دەوڵەتی تورک ڕێگایدا، کە محەمەد ئۆجالانی برای عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژی ١٢/١١/٢٠١٨ سەردنی دورگەی ئیمڕالی بکات و چاوی بە ئۆجالان بکەوێت، ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ڕێگادان بەوسەردانە ئەوەبوو کە چالاکیی مانگرتووان کۆتایی پێبێت، بەڵام مانگرتووان ڕایانگەیاند، کە گۆشەگیریی کۆتایی نەهاتووە و هەتا بە یەکجاری گۆشەگیریی کۆتایی پێنەیەت بەردەوام دەبن لە مانگرتن.

لەدوای ئەوە جارێکی دیکە و لە ڕۆژی ٢/٥/٢٠١٩ لەدوای هەشت ساڵ ڕێگریی، ڕێگا بە دوو پارێزەری ئۆجالان بدرێت سەردانی ئیمرالی بکەن و پەیامی ئۆجالان بۆ ڕای گشتیی بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئەم دیدارەش نەیتوانی کۆتایی بە چالاکییەکان بهێنیت.

بۆ جاری سێیەم و لە ڕۆژی ٢٢/٥/٢٠١٩، جارێکی دیکە ڕێگا بە دیداری ئۆجالان درا و پارێزەران سەردانیان کرد، دوێنێ ٢٦/٥/٢٠١٩ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پەیامی ئۆجالان-یان بۆ مانگرتوان خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو"چالاکییەکەتان گەیشتە ئامانج، چاوەڕێم مانگرتن کۆتایی پێبێنن"، پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بە چالاکیی مانگرتنی هەزاران کەس هێنا و مانگرتوان ڕایانگەیاند، کە بە شێوازی دیکە دژ بە فاشیزم تێکۆشانیان بەردەوامیی پێدەدەن.

ش.ف