دیار غەریب تەمەنێک تێکۆشانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد

دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی گشتی بەڕێوبەری کەجەکە، تەمەنێک تێکۆشانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کردووە و لەگەڵ هەر چین و توێژێکدا کۆبووبێتەوە و لەگەڵ هەر پارت و لایەنێکی کوردستانی پەیوەندی دروستکردبێت باسی یەکێتی نەتەوەیی و گرنگی یەکریزیی کوردی کردووە، بەهۆی کاریگەریی هەوڵ و تێکۆشانەکانییەوە بۆ ئازادیی و بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردەوە بووەتە ئامانجی داگیرکەرانی کوردستان.


ئەمڕۆ ٤٠ ڕۆژ بەسەر شەهیدکردنی دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی گشتی سەرۆکایەتی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە تێپەری، کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە بناری قەندیل لەگەڵ دوو هەڤاڵی گەریلایدا شەهید بوو.

دیار غەریب، کە لەناو هاوخەباتەکانی بە هەڤاڵ هەڵمەت بانگیان دەکرد، لەساڵی ١٩٧٣ لەگوندی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ، لە سنووری شاری سلێمانی لەدایک بووە، چەند ساڵێکی منداڵی لەگوند بەسەر بردووە، دواتر لەساڵی ١٩٨٠ ماڵیان دێتە شاری سلێمانی، بەڵام لەبەر ئەوەی حەزی بەژیانی گوند دەبێت، بەردەوام سەردانی گوندەکەیان دەکاتەوە و ماوەیەکی زۆر لە گوندەکەیان دەمێنێتەوە.

لەبەر ئەوەی لەسنووری گوندەکەیان بارەگای پێشمەرگە هەبووە، ئەوکاتانەی لەوێ ماوەتەوە ئاشنای ژیانی پێشمەرگە بووە و لەو ڕێیەوە ڕۆحی نیشتیمان پەروەریی تێیدا گەشەی کردووە.

دیار غەریب، لەشاری سلێمای گەورە دەبێت و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواودەکات و دواتر بەشی زانستی فیزیا لە زانکۆی سەڵاحەدین لەشاری هەولێر تەواو دەکات، بێجگە لەخۆی کە بەشداریی لە تیکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کوردا کردووە، برایەکی بەناوی دلێر، لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ لەشاری کەرکوک شەهید بووە.

لەدوای ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ بۆشاییەک لەخەباتی سیایسی لە باشوری کوردستان دروستدەبێت، دیار غەریب، کەلەو سەردەمەدا لە تەمەنی مێرد منداڵیدا دەبێت، ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆجالان بەرگوێی دەکەوێت، لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان زیاتر ئاشنای بیر و ئایدۆلۆژیای پەکەکە دەبێت، بۆیە لەساڵی ١٩٩٢ وە لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە نزیک دەبێتەوە و لەساڵی ١٩٩٦ بە فەرمیی دەبێتە ئەندامی پەکەکە،

دیار غەریب، بەهۆی زیرەکی و بەتواناییەوە هەروەها حەزی بۆ تێکۆشان و ڕۆحی شۆڕشگێڕێتییەوە، زوو پلەکانی تێکۆشان دەبڕێت و لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کوردا چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، لەساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا پارتی چارەسەریی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنێت، لەساڵی ٢٠٠٨ بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەبێتە سەرۆکی پارتی چارەسەریی، لەساڵی ٢٠١٤ وە دەبێتە ئەندامی کۆنسەی گشتی بەڕێوبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە.

نەجیبە عومەر، هاوڕێی دیار غەریب، دەڵێت: سەرۆک ئاپۆ بە دیار غەریبی وتووە تۆ ڕۆحێکی پاکی هەیە، دەتوانیت بەو ڕۆحە پاکەت پێشەنگایەتی کۆمەڵگا بکەیت و ئەرک و خەمی ئەو کۆمەڵگایە بخەیتە سەر شانت.

هەوڵەکانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی

یەکێک لە ئەو ئامانجانەی کە دیار غەریب هەوڵی بۆداوە، پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بوو، بەردەوام لەگەڵ هەموو کەسێک و لەهەموو کۆبوونەوەیەکدا باسی یەکێتی نەتەوەیی کوردی دەکرد، نامەی بۆ ڕۆشنبیرو کەسایەتییەکان دەنووسی و داوای لێدەکردن ڕۆڵ بگێڕن بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کورد.

دەریا عومەر، یەکێک لەو پێشمەرگە دێرینانەی، چەند ڕۆژێک بەر لە شەهید بوونی لەگەڵ دیار غەریب، لە بناری قەندیل کۆببونەوە، دەڵێت: دانیشتن و گفتوگۆکەمان لەگەڵ دیار غەریب دوو کاتژمێری خایاند، لە دانیشتنەکەدا زۆر بە وردی باسی ڕەوشی ناوچەکەو کوردستانی کرد، زۆر بەلایەوە گرن بوو، کە یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکبێت.

خەمێکی قوڵە

شەهید بوونی دیار غەریب، زامێکی قوڵی کردە دڵی هاوخەباتانی و ئەو کەسانەی کە دەیان ناسی، چونکە کەسێکی کۆمەڵایەتی بوو، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دروست دەکرد کە دەیناسین.

دکتۆر فایەق گوڵپی، هاوڕێی دیار غەریب، باسی پتەویی هاوڕێیەتی لەگەڵ دیار غەریب دەکات، دەڵێت، کە لەگەڵ ئەوەش لەیەک دوورکەوتوونەتەوە بەردەوام پەیوەندییان هەبووە و لەسەر زۆر بابەت ڕاوێژیان بەیەک کردووە.

د. فایەق گوڵپی کتێبێکی خۆی ناردووە بۆ دیار غەریب بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە دەڵێت: کە کتێبەکە گەشتە دەستی نامەیەکی بۆ نووسیم، بەڵێنی دابوو، کە بەزووترین کات بیخوێنێتەوە و تێبینی خۆیم پێ بڵێ، دوای هەشت ڕۆژ نامەیەکی دیکەی بۆ نووسیبووم و تێبینی و ڕەخنەکانی خۆیی پێ وتبووم لەسەر کتێبەکەم، هەروەها دەستخۆشیشی کردبوو، باسی لایەنە باشەکانی کتێبەکەشی کردبوو.

سەعدە ناسر، دایکی دیار غەریب، دەڵێت: ئازاری جەرگ سوتان ئازارێکە بەهیچ پێوانە ناکرێ، بەڵام کاتێک دەبینم بەوشێوەیە خەڵک خاوەنداریی لە کورەکەم دەکات ئازارەکانم کەم دەبێتەوە.

دیار غەریب، لەدوای شەهیدبوونی کۆمەڵێک کتێب بوو و نوسراوی گرنگی لەبارەی مێژووی کورد و پرسی دیموکراتی بوون و پێکەوە ژیانی گەلان بۆ کتێبخانەی کوردی بەجێ هێشتووە، هەروەها چەندین گەنجی بە ڕۆحی نیشتیمان پەروەریی پەروەردەکردووە و درێژە بە خەباتەکەی دەدەن.

د.ع