دەستی دەرەکیی لە دروستکردنی حکومەتەکانی عێراقدا

لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەساڵی ١٩٢١، هەتا ئێستا دەستی دەرەکیی لە دروستکردنی حکومەتەکانیدا هەبووە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە هەموو ئەو حکومەتانەی پێکهاتووە لەبەر ململانێی ئێران و ئەمریکا نزیکەی ساڵێک پێکهێنانی دواکەوتووە، ئێستاش کە عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشاوەتەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە دەوڵەتان دەستێوەردان لەکاروباری عێراقدا بکەن.


بەڕیتانیا لەجەنگی جیھانی یەکەمدا بەشێک لە خاکی عێراقی خستە ژێر دەستی خۆیەوە، دواتر لەساڵی ١٩١٩ لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس بەفەرمی عێراق بوو بە ژێر دەستەی بەڕیتانیا و سیستمی پاشایەتی تێدا دامەزراند، لەدوای حوکمی پاشایەتی لەعێراقدا چەندین حکومەت لە عێراق دروستبووە، کە هەریەکەیان ڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی وڵاتی دەرەوەی تێدابووە، کە لێرەدا بەگەڕانەوە بۆ مێژوو تیشک دەخەینە سەریان.

سیستمی پاشایەتی عێراق

بەریتانیا لەساڵی ١٩٢١ سیستمێکی پاشایەتی لەعێراق دامەزراند و مەلیک فەیسەڵی کرد بە پاشای عێراق، لە سەرەتادا تەنها ویلایەتی بەسرەو بەغدا لەژێر دەسەڵاتی پاشای عێراقدا بوو، بەڵام لە چەند ساڵی دواتردا ویلایەتی موسڵ خرایە سەر عێراق، سەربەخۆ بوونی مەلیکایەتی لەعێراق لە ساڵی ١٩٣٢ بەفەرمی دانیپێدانرا، لە ساڵی ١٩٣٣ مەلیک فەیسەڵی یەک کۆچی دوایی کرد و کوڕەکەی بەناوی مەلیک غازی بووە پاشی عێراق، غازی لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا لەساڵی ١٩٣٩ گیانی لە دەستدا، لەوکاتەدا منداڵەکەی بەناوی فەیسەڵی دوو، تەمەنی کەم بوو، بۆیە ئامۆزایەکی خۆی بەناوی ئەمیر عەبدوڵڵا لەشوێنی دانرا و نوری سەعید کە ھاورێیەکی مەلیک فەیسەڵ بوو دەسەڵاتی بەڕێوەدەبرد.

ئاشکرایە کە بەریتانیا هەم لە دروستکردنی عێراق و هەم لە دانانی مەلیکەکانی عێراقدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە، دەتواندرێت بوترێت، کە بڕیاردەری یەکەمیش بووە.

ڕووخانی پاشایەتی و بوونی عێراق بە کۆماریی

لە١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨دا عەبدولکەریم قاسم، کودەتایەکی سەبازیی کرد بەسەر مەلیک فەیسەڵی دووەمدا و عێراقی کردە دەوڵەتێکی کۆماریی، عەبدولکەریم قاسم، کەسێکی شیوعی بوو، بۆیە یەکێتی سۆڤیەت ڕۆڵی سەرەکی بینی لە دروستکردن و سەرخستنی کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسمدا.

ئەمریکا دەستێوەردانی لەکاروباری عێراقدا کرد

لەبەر ئەوەی ئەمریکا بە هاتنە سەر حوکمی کەسێکی شیوعی نیگەران بوو لە عێراقدا، بۆیە دەستێوەردانی لە کاروباری عێراقدا کرد، لەئەنجامی دەستێوەردانەکاندا عەبدولکەریم قاسم لەکودەتایەکی سەربازیدا کە لەلایەن عەبدولسەلام عارف، بەسەریدا کرا لەساڵی ١٩٦٣ دا کوژرا و حکومەتێکی تازە بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف پێکهات، دوای کۆچی دوایی عەبدولسەلام عارف، عەبدولڕەحمان عارفی برای شوێنی گرتەوە.

بەعسییەکان هاتنە سەر حوکم

لە ساڵی ١٩٦٨ دا بەعسییەکان بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر، کودەتایان بەسەر عەبدولڕەحمان عارفدا کرد و حوکمی عێراقیان گرتە دەست، دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ سەدام حسێن جێگای گرتەوە.

ڕووداوی کودەتاکردن بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا، هەتا هاتنە سەر حوکمی سەدام حسێن، وەها دەدرێنە قەڵەم، کە ڕاستەوخۆ دەستی وڵاتانی دەرەکی تێدا بووە، بەتایبەت ئەمریکا.

هێزی ئەمریکا دێتە عێراق

سەدام حسین، لەساڵی ١٩٧٩ کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیریی دەکرا هەتا ساڵی ٢٠٠٣ حوکمی عێراقی کرد، گەلی عێراق نەهامەتی زۆریان بینی بەدەست حوکمی دیکتارۆرانەی سەدامەوە، بەتایبەت گەلی کورد، ئەمریکا هاوپەیمانییەکی دروستکرد بۆ لێدانی سەدام و لەساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی بەدەسەڵاتی سەدام هێنا و دەسەڵاتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی پۆڵبریمەر پێکهێنا، دواتر ئەنجومەنی حوکمی دامەزراندو هەر مانگەو کەسێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی دەکرد، ئەیاد عەلاوی، بووە سەرۆک وەزیرانی حکمەتی کاتی عێراق.

لەساڵی ٢٠٠٥ دەستوری نوێی عێراق نووسرایەوە و ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ ئیبراهیم جەعفەری بووە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی گواستراوە، دواتر هەڵبژاردن ئەنجامدرا و لەساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ دوو خول سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لەدوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ هەڵبژاردن ئەنجامدرایەوە، حەیدەر عەبادی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەتا ساڵی ٢٠١٨، لە ساڵی ٢٠١٨ وە هەتا مانگی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.

هەموو ئەو حکومەتانەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە لە عێراق پێکهێندراون، بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە، بەتایبەت دەستێوەردانی ئەمریکا و ئێرانەوە، پێکهێنانیان لەکاتی دیاری کراوی خۆیان دواکەوتووە، هەندێکیان ساڵێک بەسەر کاتی یاسایدا بۆ پێکهێنانیان تێپەڕبووە.

دکتۆر ئاکۆ شوانی، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەبارەی دەستێوەردانی دەرەکی لە دروستکردنی حکومەتەکانی عێراقدا، بە ڕۆژنیوزی وت: ئینگیلیزەکان لە ٢٣ی ئابی ساڵی ١٩٢١دا فەیسەڵی کوڕی شەریف حوسێنی شەریفی مەککەیان لە بەڕیتانیاوە دەهێنن و دەیکەنە پاشای عێراق،  بەڵام تا ساڵی ١٩٢٥ پاشای ویلایەتی بەسرە و بەغدا بووە، دواتر ویلایەتی موسڵ دەخرێتە سەری.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتانی دەرەکی کرد، لە ڕووخانی حوکمی پاشایی لە عێراقدا و وتی: دروستبوونی کودەتای ساڵی ١٩٥٨ دەستی دەرەکی تێدابووە، بەدیاریکراوی ناتوانین بڵێین دەستی چ وڵاتێکی تیابووە، بەڵام ئەگەر بەڕیتانیا بیویستایە نەیدەهێشت کودەتا ڕووبدات، بەڵام گەشتبووە ئەو بڕوایەی کە ئیتر بەوشێوەیە ناتوانێت حوکمی ئەم ناوچەیە بکات، بۆیە بڕیاریاندا لە ناوچەکە بکشێنەوە و لەڕێگای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانەوە وابکەن ئەم وڵاتانە لە بازنەی ئەواندا بسوڕێنەوە.

ئاکۆ شوانی، تیشکی خستە سەر دورستبوونی کودەتا بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا و وتی: ڕوودانی کودەتا بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا بە ئاشکرا دەستی گەورەی دەرەکی تێدابووە، خۆیان باس لەوەدەکەن کە جەمال عەبدولناسر و ئەمریکا دەستێکی باڵایان هەبووە لە پشتگیریکردنی عەبدولسەلام عارف، دواتریش لە هاتنی بەعسییەکاندا ئەمرکییەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، حەمدان تکریتی دەڵێت ' ئێمە کۆمەڵێک دز و چەتەبووین بە شەمەندەفەری ئەمریکی گەشتووینەتە دەسەڵات'، کە ئەمە بۆخۆی بەڵگەیەکی ڕوونی دەستێوەردان بووە.

ئەو مامۆستایەی بەشی مێژوو، ئاماژەی بە ڕووداوەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کردو، وتی: لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە نەک ئەمریکا و ئێران، بگرە تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئەردەنیش دەستێوەردانیان لە کاروباری عێراقدا کردووە.

لەکۆیایی قسەکانیدا دکتۆر ئاکۆ شوانی، وتی: لەئێستادا کە عادل عەبدولمەهدی، دەستی لەکارکێشاوەتەوە و خۆپیشاندان لە عێراقدا بەردەوامە، ئەگەر لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی گەورە ڕوونەدات، ڕەنگە لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا ئەمجارە حکومەتێکی تەکنۆکرات لە عێراقدا دروستبێت و گۆڕانکاریی گەورە لە عێراقدا ڕووبدات.

وەک لە ڕووداوە مێژوویەکان و وتەی شارەزایانی مێژوودا دەردەکەوێت، لە سەرەتای دورستبوونی عێراقەوە، هیچ حکومەتێک لە عێراقدا دروست نەبووە کە دەستی وڵاتێک یان چەند وڵاتێکی دەرەکی تێدانەبووبێت، ئەمجارە تاکە جارە کە ئومێدێک هەیە لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا حکومەتێکی تا ڕادەیەک عێراقی دروستبێت.

د.ع