یەكێك لە هۆكارەكانی دەستپێكردن و فراوانبوونی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، بڵاوكردنەوەی ڕاپۆڕتەكانی تایبەت بە دۆخی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانە و ڕووماڵكردنی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی لەلایەن دوو ژنە ڕۆژنامەنووسەوە بوو، ئەوەش وایكرد هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژنامەنووسان بكەونە بەر قورسترین تۆمەتەكانی دەسەڵات و لانیكەم ٧٤ ڕۆژنامەنووس و میدیاكار دەستبەسەر بكرێن.
سەرەڕای هەموو سنورداركردن و هەڕەشەكان، ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی بەڕێوەچوونی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، كە لە چوارەم مانگ نزیك دەبێتەوە، بەردەوام لە هەوڵدان، كە ئەركی سەركی خۆیان جێبەجێ بكەین، كە ئەویش گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری ڕاست و بێ سانسۆرە بۆ هاوڵاتیان.
گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری ڕاست بۆ هاوڵاتیان بووە هۆی ئەوەی، هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە ڕۆژنامەنووسانیش هاوشێوەی خۆپیشاندەران بكەونە بەر ڕق و توڕەیی دەسەڵات و هەڵمەتی دەستبەسەركردنیان لەلایەن هێزەكانی سەر بە ڕژێم دەستیپێبكات.
لەو ڕۆژنامەنووسانەشی، هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە دەستبەسەر كران، نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی بوون، كە یەكێكیان لەبارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانە لە ئەنجامی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران و ئەوی تریشیان لەبارەی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ئەو كچە كوردە ڕاپۆڕتیان ئامادە و بڵاوكردبووەوە، ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە تائێستاش بە بێ سەپاندنی هیچ سزایەك، لە زیندانەكانی ئێران دان.

دەسەڵاتی ئێران هەر زوو تۆمەتی سیخوڕی خستە پاڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانە و ڕوژی ٢٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەر یەك لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و دامەزراوەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسەیان تۆمەتبار كرد بە سیخوڕی و ڕایانگەیاند، كە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانەوە ڕاهێنانیان پێكراوە، بەو تۆمەتەش بە وتەی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، “ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان” ببنەوە.
نوێترین نموونەی گرتنی ڕۆژنامەنووسانیش لە ئێران، مەهدی بێیك، سەرنووسەری بەشی سیاسی رۆژنامەی ئیعتماد بوو، كە هەفتەی ڕابردوو بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەو خۆپیشاندەرانە كردبوو، كە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، بەتایبەتی دۆسیەی “محەمەد مەهدی كەرەمی” و بەهۆی ئەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەش لە لایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتەوە، دەستبەسەركرا.

ئاماری جیاجیا لەبارەی ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كراون، بڵاوكراونەتەوە، لەوانەش ڕاپۆڕتێكی ڕۆژنامەی ئینتەرنێتی فەرازە، كە بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی بەڕێوەچوونی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” لانیكەم ٧٣ ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەستبەسەر كراون و بە دەستگیركردنی مەهدی بێیك ژمارەكە بۆ ٧٤ كەس بەرزبووەتەوە.
لە كۆی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستگیر كراون، هەندێكیان بە دانانی بارمتە بە شێوەیەكی كاتی ئازادكراون، بەڵام زۆربەیان تا ئێستا لە دەستبەسەریدان.
بە پێی ڕاپۆڕتەكەی ئەو ڕۆژنامەیە، لەو ژمارەیەیی ڕۆژنامەنووسان، كە لەسەرتای خۆپیشاندانەكانەوە دەستگیر كراون، ٣٩ كەسیان لە میدیا نیشتمانی و سەربەخۆكان و ٢٥ ڕۆژنامەنووس لە پارێزگاكان و ١٠ فۆتۆگرافەری ڕۆنامەنووس-یش دەستبەسەر كراون.
دەستبەسەركردنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دەسەڵاتی ئێران لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكان بە دۆخی ڕۆژنامەنووسان كاردانەوەی زۆری لێكەوتوەتەوە و یەكێكیش لەو ڕێكخراوانە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بوو، كە وێڕای بڵاوكردنەوەی لیستێكی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران دەستبەركراون، نێگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە ئێران دەربڕیووە، هەروەها داوای ئازادكردنی بێ مەرجی ڕۆژنامەنوسان و میدیاكارانی كردووە.
ئەو ڕێكخراوە هەروەها داواشی لە كاربەدەستانی ئێران كردووە، ڕووماڵی ناڕەزایەتییە نیشتمانییەكانی ئەو وڵاتە وەك بیانوو و پاساوێك بۆ سەركوتكردنی میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسان بەكار نەهێنێت، جەختیشیكردوەتەوە، سەرجەم هاوڵاتیانی ئێران مافی ئەوەیان هەیە بزانن لە وڵاتەكەیان چی ڕوودەدات.
ڕ. ڕ