زارگەلی دووبارە دەبێتەوە

ساڵێکی دیکە بەسەر کۆمەڵکوژیی زارگەلی-دا تێدەپەڕێت و زامی زارگەلی بەسوێتر دەبێت، لەجیاتی ساڕێژبوون، بە کۆمەڵکوژییەکی تر برینەکە نوێ دەبێتەوە.


کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی ١ی ئابی ٢٠١٥ بوو، هێشتا پورە ئایشێ و خەڵکی گوند لە خەوێکی قوڵ-دابوون و خەونیان بە ژیانی شیرین و سادەی گوندەوە دەبینی، بەیانییەکی جیاوازبوو، لەجیاتی دەنگی کەڵەشێر دەنگی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک هەندێکی بەئاگاهێنا و هەندێکی دیکەشی بۆ هەتاهەتایە نواند. 

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زارگەلی-یە، دوای چوار ساڵ هێشتا خوێن بە بەڵای قەندیل-دا دەچۆڕێت، لایەنە کوردییەکان نەک نەیانتوانی بە یەکگرتن بەر بە کۆمەڵکوژیی کوردان بگرن و ببنە هەتوانێت بۆ زامی زارگەلی، بەڵکو بە پارچەبوون دەستی دووژمنیان واڵاتر کرد و ڕێگایان بۆ کۆمەڵکوژیی دیکە کردەوە.

 

لە زارگەلی چی ڕوویدا

لەو بەرەبەیاندا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دەستیان بە بۆردوومانی گوندی زارگەلی بناری قەندیل کرد، لە یەکەم هێرشدا ماڵی پورە ئایشێ کرایە ئامانج و پورە ئایشێ شەهیدبوو، چەند کەسی دیکە برینداربوون، کاتێک خەڵکی گوند بەهانای بریندارەکانەوە چوون، جارێکی دیکە فڕۆکە تورکییەکان دەستیان بە بۆردوومان کردەوە و لەئەنجامدا حەوت کەسی دیکە شەهید بوون.

بەگشتیی هەشت هاوڵاتیی شەهید و ١٠ی دیکە برینداربوون، هەر لەو هێرشەدا مزگەوتی گوندەکە و چەندین ماڵ خاپوور بوون و زیانێکی زۆری ماددیی بەرخەڵکی گوندەکە کەوت، ئەمە جگە لە وێرانبوون و ژەهراویی بوونی ژینگەی گوندەکە و سووتانی زەوی و ڕەز و باخی هاوڵاتیان و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

دوای هێرشەکە، پاشماوەی موشەکەکان بەدیکران یەکێک لە موشەکەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا درێژیەکەی ٥. ٢ مەتر و قورساییەکەی یەک تۆن بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە بە پێی ماددەی پێنجی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی جنێڤ، بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە جەنگییانە قەدەغەیە، ئەم ماددەیە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی قەدەغە کردووە کە دەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

هەڵوێستی پەرلەمان

ئەو ڕۆژەی کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، شاندێکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی گوندی زارگەلی یان کرد بۆ لێکۆڵێنەوە لەو هێرشە، پاش گەڕانەوەیان شاندەکە راپۆرتی خۆی لەسەر بۆردوومانەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی‌ گونده‌كه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه‌، به‌ كۆمه‌ڵكوژیی‌ ناوبرد و داواشی کرد قه‌ره‌بووی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بكرێته‌وه‌.

دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ هێشتا زیانلێکەوتوانی گوندەکە قەرەبوونەکراونەتەوە و خانووەکان بە ڕووخاویی ماونەتەوە.

محەمەدئەمین خدر، کوڕی پورە ئایشێ-یە، کە جگە لە دایکی کاروخی کوڕی و ساڵح-ی ئامۆزای شەهیدبوون، پارجەیەک-یش بەر دەموچاوی خۆی کەوت و برینداربوو، هێشتا دیمەنیی ئەو بەیانییەی لەبەرچاوە، کە کەسوکاری کۆمەڵکوژ کران و گوندەکەیان وێران بوو، بۆ ئێستاش زۆر نیگەرانە و دەڵێت: هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژیی دووبارەدەبێتەوە، حکومەتی هەرێم-یش بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێکی نییە.

ئەوکاتەی بۆردوومانی زارگەلی کرا، محەمەدئەمین و چەند خێزانێکی دیکە هێشتا خانووەکانیان نوێیەکانیان تەواونەکردبوو، بە دڵ کاریان تێدادەکرد و چاوەڕێبوون لە وەرزی پایز-دا بچنە ناو ماڵە نوێیەکانیان، بەڵام دەوڵەتی تورک کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانیان هێنا و خانووەکانی لەگەڵ زەوی-دا یەکسان کرد، محەمەدئەمین لەوبارەیەوە دەڵێت:"ئێستاش پارەی دەرگا و پەنجەرمان لەسەر ماوە نەچووینە ناو ئەو خانووانەی کە بە دڵێکی خۆش دروستمان کردن".

زارگەلی، یەکەم هێرش و دواین هێرشی دەوڵەتی تورک نەبوو بۆسەر قەندیل، بەڵکو پێش زارگەلی لە ٢١/٨/٢٠١١ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییان کرد و بەو هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون، کە منداڵی ساوایان لەناودابوو، پێش ئەوێش گوندی کەندەکوریان بۆردوومان کردبوو بەهۆیەوە چەند کەسی مەدەنی شەهید و برینداربووبوون.

لە ٢٧/٦/٢٠١٩-ش جارێکیتر ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لۆفەکانی کورتەک کرایە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک و سێ هاوڵاتی شەهید و پێنجی دیکە برینداربوون، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بوون.

گوڵاڵە عوسمان، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل لەوبارەیەوە دەڵێت: بەداخەوە بۆردوومان و کۆمەڵکوژییەکان دووبارەدەبنەوە، ئامانجی تورکیاش تەنیا پەکەکە نییە بەڵکو ئامانجی هەموو تاکێکی کوردە، تەنانەت منداڵی ساوا شەهید دەکات.

گوڵاڵە عوسمان، ئاماژەی بە زیانە ژینگەیی و مادییەکانی سنوورەکەش کرد، کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکان بەر قەندیل کەوتوون و وتی: زیانێکی زۆر بەر ژینگە و ڕەز و باخی گوندنشینان کەوتووە و ئاژەڵی کێوی مردار بوونەتەوە، جیاواز لەوانە تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی و پرۆژەکانی ئاو و ڕێگاوبان زیانیان بەرکەوتووە.

ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، نەک تەنیا لە قەندیل، لە بادینان و برادۆست و دۆڵی باڵەیان-یش چەندین کۆمەڵکوژیی دیکەی پێکهێناوە و لەدوای کۆمەڵکوژیی زارگەلی-یەوە بە دەیان هاوڵاتی لەناوچانە شەهید و برینداربوون.

ش.ف