زینی وەرتێ بەردەوامی پیلان و هێرشی ساڵی ١٩٩٧

پێش ٢٣ ساڵ دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پارتی بە بەشداریی ٢٠٠ هەزار سەرباز هێرشیان کردە سەر هەرێمی زاپ لە باشوری کوردستان، هێرشەکە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەنجامدرا و پێشمەرگەی پارتیش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، بەڵام بە بەرخۆدانی گەریلا هێرشەکە تێکشکێندرا.


عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، لەوکاتەدا وتبووی ئەو هێرشە بەتەنها دژی پەکەکە نەبوو، بەڵکو پلانێکی نێودەوڵەتی بوو بە ئامانجی داگیرکردن ئەنجامدرا.

لە ٢٣ یەمین ساڵیادی ئەو هێرشەدا ڕووداوەکانی زینی ئەستێرۆکان ( وەرتێ) پیلان و هێرشە داگیرکارییەکانی جارێکی دیکە خستەوە ڕۆژەڤ، چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، کە کۆکردنەوەی هێز لە زینی ئەستێرۆکان بەردەوامی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٧ی دەوڵەتی تورکە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەساڵی ١٩٨٣وە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، هەوڵدەدات بە بیانووی بوونی هێزی پەکەکە باشوری کوردستان داگیربکات، بۆ ئەوەی دەستی بە سنووری ئەو میساقە میللە بگات کە خۆیان دیارییان کردووە، گەورەترین هێرشیشی لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ ئەنجامدا، کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و هەزاران پێشمەرگەی پارتی تێیدا بەشداربوون، دەوڵەتی تورک کە ناوی ئۆپراسیۆنی (چەکوش)ی لە هێرشە داگیرکەرییەکی نابوو، پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، کە ئامانجی لەناوبردنی بڕیارگەی ناوەندی پەکەکە یە لە زاپ.

دەسەڵاتی تورکی گۆڕی

پێش هێرشەکە نەجمەدین ئەربەکان، کە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا بوو، خواستی ئەوەی هەبوو لەڕێگای هەندێک کەسایەتی و ڕۆشنبیرەوە گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە ئەنجامبدات، کاتێک دەرگای گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە کرایەوە بە هۆکارێکی نادیار نەجمەدین ئەربەکان دەستی لەکار کێشایەوە و لەجێگەی ئەو مەسعود یەڵماز بووە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئەو گۆانکارییە دواتر وەک "زەڕبەیەکی شاراوەی دەوڵەتی ئەتاتورک" ناوی هێندرا.

لەدوای گۆڕینی سەرۆک وەزیرانی تورکیا پیلانی هێرشی ١٤ی گوڵان دانرا، پێش هێرشەکەش لە زستانی ئەو ساڵەدا هێرشی ئاسمانی چڕ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر هەرێمی زاپ ئەنجامدرا.

"تورکیا وتی ئێمە لەسەر داواکاریی پارتی هاتین"

بەگوێرەی هەندێک هەواڵ کە لەزاری سوپای تورکەوە بڵاوکرابوویەوە، دەیانوت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، داوای لە تورکیا کردووە کە لەدژی هێزەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان هێرش ئەنجامبدات، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەشدا پێشمەرگەکانی پارتی هاوشانی جەندرمەی تورک شەڕیان دەکرد.

 کەسێک کە شایەتحاڵی ڕووداوەکانی ئەو کاتەیە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژە بەوەدەکات، کە لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕوانی هێرشێکی گەورەبوون، پەکەکە-ش خۆی بۆ بەرگرییەکی گەورە ئامادەکردبوو، لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ هێرشەکە دەستیپێکرد.

"پەیوەندی یەکێتی و پارتی و پەکەکە و کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر"

بەگوێرەی وتەی هەمان شایەتحاڵ، لە کاتێکدا پەیوەندی لەنێوان یەکێتی و پەکەکە و پارتیدا هەبوو، پێکەوە دانووستانیان دەکرد، پەکەکە نەیدەزانی پارتی یەکسەر هاوشانی سوپای تورک هێرش دەکاتە سەریان.

ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکەدا، هەندێک بەرپرسی پارتی پەیامیان نارد بۆ پەکەکە کە ٥ بۆ ٦ بارهەڵگر خۆراکیان هێناوە بێن لێیان وەربگرن، کاتێک گەریلاکان دەچن بۆ ئەو شوێنە بۆ وەرگرتنی خۆراکەکە دیاری کراوە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆردوومانیان دەکەن.

لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکەشدا پەیوەندی پەکەکە و پارتی بەردەوام بوو، بەڵام کاتێک هەندێک ئەندامی پەیوەندییەکانی پەکەکە چوون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی لە شاری دهۆک، لە دەڤەری برادۆست بێسەروشوێن کران، بەگوێرەی وتەی هەمان سەرچاوە پارتی ' مەحمود ئافۆراف، هۆزان و عوسۆ کمەنلەر' ئەندامانی پەیوەندی پەکەکە شەهید دەکات.

لە ١٦ی ئایار، یانی دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشەکە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کە بریندارانی پەکەکەی تێدا بوو پارتی کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا و هەموو بریندارەکانی شەهید کرد، کە ژمارەیان ٨٠ کەس بوو.

٢٠٠ هەزار سەرباز بەشدار بوون

هەمان سەرچاوە ئاشکرایکرد، کە هێرشە داگیرکارییەکان لە دوو قۆڵەوە بۆسەر زاپ ئەنجامدرا، لە قۆڵی باکوری کوردستان و لە دەشتەکانی نێوان مەتین و زاپەوە، قۆڵی دووەمیش لە ناوچەی بامەڕنێی باشوری کوردستانەوە، لەکاتی ئامادەکاریی هێرشەکەدا تانکەکانی سوپای تورک هێندرانە شیلادزێ، پێشمەرگەکانی پارتیش لە ئامێدیی جێگیربوون.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی تورکیا، پێشمەرگە لەژێر فەرمانداریی سوپای دووەمی تورک بوو کە ناوەندەکەی لە شاری مەلەتی باکوری کوردستان بوو، لە هێرشەکەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەربازی تورک و پێشمەرگەی پارتی و چەتە بەشداربوون، بەگوێرەی هەندێک هەواڵی ڕاگەیاندنی تورک هەندێک سەربازی هێزە تایبەتەکانی تورک جلی پێشمەرگەیان لەبەر دەکرد.

بەرخۆدانی گەریلا

لە بەرامبەر ئەو هێرشە گەورەیەدا گەریلاکانی پەکەکە بەرگرییەکی گەورەیان نیشاندا، گورزی گەورەیان لە سوپای تورک وەشاند، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورک و چەتە دەکوژرێن، سەرچاوەکانی سوپای تورک بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە ٦٢ فەرماندە و سەرباز و ٢١ چەتە کوژراون، ژمارەیەکی زۆریشیان لێ بریندار بووە.

گەریلا لە ١٤ی تەموزی هەمان ساڵ بارەگای بامەڕنێی سوپای تورکی گرت، زیاتر لە دوو مانگ بارەگاکە بەدەستی گەریلاوە بوو، دواتر ڕادەستی پێشمەرگەی پارتیان کرد، بەڵام دواتر درایەوە بە سوپای تورک.

هەر لەو شەڕەدا گەریلاکانی سوپای ڕزگاریی کوردستان – ئارگەکە، دوو کۆپتەری سوپای تورکیان خستە خوارەوە، دواتر ئاشکرابوو، کە لەیەکێک لە کۆپتەرەکاندا تەوای فەرماندەکانی هێرشەکەی تێدا بووە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەکەکە، کۆپتەرەکە لەلایەن گەریلایەکەوە بەناوی فەرهاد دێرسیم خراوەتە خوارەوە.

دوای خستنەخوارەوەی ئەو کۆپتەرە و کوژرانی جەنەڕاڵەکانی شەڕەکە سوپای تورک ناچار دەبێت، کە دوای ٢٠ ڕۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە هێزەکانی لە زاب بکشێنێتەوە، سوپای تورک لەدوای ئەوەی لە زاپ تێکشکا ئاڕاستەی هێرشەکەیان گۆڕی بۆ ئاڤاشین و باسیا، لەدوای ئەوەی لەو هەرێمەش ئامانجەکانی بەدی نایەت دوای دوو مانگ کشانەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەکەکە و ئەو ڕاگەیەندراوانەی بڵاویان کردووەتەوە، لە هێرشەکەی زاپدا نزیکەی ٢٠ گەریلا شەهید بوون، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی شکستەکانی بشارێتەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە نزیکەی ٣ هەزار گەریلا شەهید بووە.

هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد بۆ هێرشەکە

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب لە ڕۆژنامەنی نەهار لەسەر هێرشەکە، کە هه‌مان چاوپێکەوتن لە ڕۆژنامەی سەرخۆبوون، بە زمانی تورکی بڵاو بوویەوە، دەڵێت: ئەم هێرشە داگیرکارییەی  تورکیا تەنها دژی پەکەکە نەبوو، بەڵکو لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبوو.

ڕێبەری گەلی کورد لەسەر هەڵوێستی عێراق لەسەر هێرشەک دەڵێت، عێراق دژی بوو، بەڵام هێزی ئەوەی نەبوو، کە بەشێوەی پراکتیکی لەدژی هێرشەکە بووەستێتەوە.

لەبارەی ڕۆڵی پارتی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: دەیانەوێت پارتی لە هەرێمەکە بکەنە هێزی باڵادەست، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان هێناوە، دەیانویست دوای ئەوەی پەکەکە ناوچەکە چۆڵ دەکات پارتی بکەنە هێزی یەکەم.

ڕێبەری گەلی کورد، لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە پارتی لەلایەن عێراق و تورکیاوە بەکاردەهێندرێت دەڵێت: نمونەی ئەو بەکارهێنانە لە داگیرکردنی هەولێردا دەرکەوت، ئێستاش تورکیا دەیەوێت هەمان شتی پێ دووبارە بکاتەوە.

پیلانەکە دژی هەرێمە

ئۆجالان لەکاتی هێرشەکەی ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ دا وتی، کە پیلانێک دژی ناوچەکە هەیە، هێرشەکە بە ڕێککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە، ئەمریکاش پشتگیریی کردن، ئەوە ڕێککەوتنێکی بچوک نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک، بەڵکو پلانێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ناوچەکە، ئەیانەوێت کاریگەریی ئەوروپا و ڕوسیا و ژاپۆن لەسەر ناوچەکە کەمبکەنەوە، بە پیشەنگایەتی تورکیا و ئیسرائیل ناوچەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا، لەو دوو ساڵەی دوایدا قورساییان بەو ستراتیژە داوە، ڕەوشی سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا و ئیفلاسە ئابوورییەکەی چارەسەریی سەربازییان هەڵبژارد، ئەو پێویستی بە ئەمریکا و ئیسرائیلە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئاو و نەوتە، باوەڕم بەوە نییە ئەم ڕێککەوتنە تەنها دژی پەکەکە بێت، تەنها بۆ پرسی کوردیش نییە، وا بیر دەکەمەوە کە ئەم هێرشە پێش هەموو شتێک بۆسەر ڕژێمی عێراقە، بۆ ئەوەی ناچاری بکەن بچێتە ناو ئەو پلانەی ئەوان دەیانەوێت جێبەجیی بکەن، یان لەناوی ببەن، ئامانجی سەرەکیان ئەوەیە کە عێراقێک دروستبکەن وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت، ئەگەر ئەوەش سەربگرێت ئێران دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە، دەشیانەوێت بە کۆنتڕۆڵکردنی عێراق کاریگەریی لەسەر جیهانی عەرەبی دروستبکەن، دەیانەوێت بەو ئۆپراسیۆنە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و هەموو جیهان دابنێن،دەیانەوێت ستاتۆیەکی کوردی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا دروست بکەن بەوەش کاریگەریی لەسەر هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە دابنێن.

بانگی هۆشیاریی

ڕێبەری گەلی کورد لە هەڵسەنگاندنەکانیدا هۆشداریی دەدات و دەڵێت: دەبێت کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت و نەڵێت، ئەگەر پەکەکە نەمێنێ ئیتر ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان پێدێت، نەخێر، ئەوان دەیانەوێت ئامانجە سیاسییەکانیان پێکبێنن و هێزیان بەسەر هەرێمەکەدا بڵاوبکەنەوە، ئەوان هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنی وڵاتانی عەرەبی و ئێران هەنگاو بە هەنگاو پێشدەخەن، ئەوەش بەردەوام دەبێت هەتا ئازرباینجان و قافقاسیا و ئاسیای ناوەڕاست دەچێت، هەتا کاریگەریی لەسەر باڵکانیش دەکات، ئەو ئەنجامەی کە ئێمە دەستمان دەکەوێت ئەوەیە، لەژێر هێرشێکی گەورە و بێماف و نا هاوسەنگدا، دەبێت نەک بەتەنها کورد، بەڵکو هێزە وڵاتپارێزەکان و گەلانی هەرێمەکە و وڵاتانی هەرێمیش یەک بگرن و بەرژەوەندی هاوبەشی ئەوان تێکبدەن کە دەیانەوێت بیسەپێنن.

هێرش بەردەوام دەبێت

دوای ئەو هەڵسەنگاندنانە، ڕێبەری گەلی کورد، دەوڵەتی تورک لەهەمان ساڵدا ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بەناوی شەبەق ئەنجامدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا دەوڵەتی تورک بە هاوبەشی پارتی هاتە هەرێمەکانی سۆران، دیانا، قەسرێ و چۆمان.

ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک هەتا ئێستاش بەردەوامە،

لەم ساڵانەی کۆتایشدا دەوڵەتی تورک بە هەموو چەکە پێشکەوتووەکانی دونیا هێرشەکانی ئەنجامدەدا، هەتا ئێستاش ٣٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکردووە، زیاتر لە ٣٠ بارەگایان دروستکردووە.

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و مێژوو ناسانیش ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی تەنها پەکەکە نییە، بەڵکو داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان و گەیشتنە بە میساقی میللی، هەروەک و چۆن ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە زۆرینەی قسەکانیدا بە ئاشکرا دەڵێت، کە لە حەڵەبەوە هەتا سلێمانی هێڵیک دروست دەکەن، هەروەها دەڵێت، کە ئەم ناوچەیە خاکی ئەوانە.

دوای ئاڵۆزییەکانی زینی ئەستێرۆکان (وه‌رتێ)، کە پارتی هێزێکی بردووەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن هاوڵاتیان و هێزە سیاسییە کوردییەکانەوە ناڕازیبوون نیشاندرا، ئاماژە بەوەکرا، کە ئەوەش لە چوارچێوەی پیلانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدایە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەوکاتەوەی پارتی هێزی بردووەتەوە ئەو ناوچەیە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ١٥ی نیسان بۆردوومانی ناوچەکەیان کرد، ٣ گەریلای هەپەگە شەهید بوون، ئەو کردەوانە و چەندین ڕووداوی دیکە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک لەو ناوچەیە پشتڕاست دەکاتەوە.

ک.س