هەر لە منداڵییەوە ئاوارەبوون بووە چیرۆکی ژیانی، ئیدی ئەو چیرۆکە لە ژیانی نەبووەوە و کۆتاییەکەشی هەر لە ئاوارەییدا و بەدەستی داگیرکەر و خیانەت نووسرایەوە، ئاوارەییەک، کە لەسەر زەمینی نیشتمانەکەی خۆی بوو.
زەکی چەلەبیی، ئەو کۆچەرییەی تا شەهیدبوو، بارگەی ژیانی لە کۆڵی دانەگرت، زوڵمی داگیرکەر و حوکمی زیندانی هەتاهەتایی لە زێدی خۆی ئاوارەی کرد و سلێمانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کاروانی خەباتی ئازادیخوازیی خۆی درێژەپێبدات.
زەکی چەلبیی کێیە؟
محەمەد زەکی چەلەبی، لە ١٨ی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی داسینا-ی سەر بە شارۆچکەی چاڵدێران-ی پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەدایکبووە و منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی.
تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوو، بومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای وان دەگرێتەوە و بەوهۆیەوە ماڵەکەیان بەتەواویی وێران دەبێت، پاشتر لە ساڵی ١٩٨٤ خێزانەکەی زەکی بەهۆی کاریگەریی بومەلەرزەکەوە ئاوارەی شاری وان دەبن و زەکی چەلەبی یەکەم ئاوارەبوونی لە تەمەنی ١١ ساڵییدا دەبێت.
کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار و تێکەڵبوون لەگەڵ کلتوور و تایبەتمەندیی شار، هەرزوو زەکی چەلەبی دەخاتە بەردەم چەندین پرسیارەوە، بەتایبەت ناسینی منداڵانی تورک و گوێگرتن لە زمانێکی دیکە، کە نە لێی تێدەگەیشت و نە لێی دەزانی، دووچاری تەنهایی و پەڕگیریی دەکات.
ساڵی ١٩٨٦ زەکی چەلەبی لە تەمەنی ١٣ ساڵییدا کۆچی دووەمی ژیانی بەرەو ئەستەنبوڵ و شارە گەورەکانی تورکیا دەکات بۆ کارکردن، لە کارگە و باخچەکاندا کاردەکات و هاوکاریی خانەوادەکەشی دەکات، هەر لەو سەروبەندەدا بۆ یەکەم جار ناوی ‘بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان’ی بەرگوێ دەکەوێت.
ئیدی دەست بە چالاکیی شۆڕشگێڕانە دەکات لەگەڵ بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی کوردستان، بەوهۆیەشەوە زوو زوو دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، زیاتر لە ١٢ ساڵ لە ئەستەنبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا دەمێنێتەوە و کار دەکات، تا سەرەنجام کۆتایی چیرۆکەکەی بە زیندانییکردن دەبێت.
ساڵی ١٩٩٨ زەکی چەلەبی دەگەڕێتەو بۆ وان، بەڵام لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیردەکرێت و سەرباری ئەشکەنجەی زۆر و هەوڵدان بۆ ئەوەی دانپێدانانی پێ تۆمار بکرێت، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکەن کە ئەگەر نەچێتە ژێرباری داواکارییەکانیانەوە، ئەوا بە لە هێلیکۆپتەرەوە هەڵدەدرێتە سەر چیای تەندورەک، پاشتر شەش ساڵ زیندانیی دەکرێت.
ئەو زیندان دەکاتە وێستگەیەک بۆ ئەوەی تێیدا خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین بکات، لەماوەی شەش ساڵی زیندانییکردنیدا ژمارەیەکی زۆر کتێب دەخوێنێتەوە و شیعر و چیرۆک دەنووسێت.
ساڵی ٢٠٠٤ لە زیندان ئازاد دەکرێت و لە ساڵی ٢٠٠٦ ژیانی هاوسەرێتیی لەگەڵ نورتەن چەلەبی پێکدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت بەناوەکانی ئوزگور و دەنیز.
کەیسەکەی چەلەبی لە دادگا دانەخرابوو، تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری زیندانییکردنی هەتاهەتایی بۆ دەردەچێت، ئەویش بۆ خۆ ڕزگارکردن لە زیندانییکردن، بڕیار دەدات باکوور بەرەو باشووری کوردستان جێبهێڵێت.
ملی ڕێ دەگرێتەبەر و دەیەوێت لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە بە قاچاغ بگاتە باشووری کوردستان، سەرەنجام دوای زیاتر لە شەش مانگ خۆی دەگەیەنێتە باشووری کوردستان و پەیوەندیی بە خانەوادەکەیەوە دەکات، پاشتر لە ساڵی ٢٠١١یش خانەوادەکەی دەهێنێت و بەیەکجاریی لە باشووری کوردستان نیشتەجێ دەبێت.
هەوارگەیەکی بێ بەزەیی بۆ زەکی
زەکی و خانەوادەکەی لە سلێمانی هەواری ژیانێکی نوێ هەڵدەدەن، ڕێستۆرانتێکیش بەناوی (دەنیز) دەکاتەوە بەناوی کچە تاقانەکەیەوە، جارێکی دیکە بەشێوەیەکی چالاک درێژە بە کاروانی خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان دەدەن، لە ڕیزی پێشەوەی زۆرینەی چالاکییە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکاندا بوو، هەرگیز ڕۆژێک خۆی دانەبڕی لە ئازارەکانی گەلەکەی.
ئەوان سەرباری ئەو زەحمەتیی و کۆسپانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێبهێڵن، زەکی خۆی هەمیشە دەیوت: ئێمە بۆیە هاتووینەتە باشوور بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆمان بین، دەمانەوێت لە ئامێزی نیشتمانەکەماندا بین باشترە لە وڵاتی بێگانە.
بەڵام دەستی دەوڵەتی تورک لێی دوورناکەوێتەوە و لە سلێمانیش گوشاری دەخەنە سەر بۆ ئەوەی کاری سیخووڕییان بۆ بکات، چەندین جاریش میتی تورک هەڕەشە لە خۆی و خانەوادەکەی دەکەن، بەڵام ئەو هەڕەشانە هەنگاوێک پاشەکشێ بە زەکیی ناکەن.
سەرەنجام ڕۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ زەکی چەلەبی لەلایەن دوو ماتۆڕسواری میتی تورکەوە بە دەمانچە تەقەی لێکرا و چوار فیشەکی بەرکەوت، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ڕۆژێک لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ زێدی لەدایکبوونی.
ئێستا ٤٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو تیرۆرەدا، بەڵام تاوانباران دەستگیرنەکراون و دەوترێت هەڵهاتوون بۆ هەولێر.
ب.ل