هەڵبژاردنی ڕێبازی تێکۆشان و دیاریکردنی ئامانجی باڵا، بۆ هەر شۆڕشگێڕێک لە خودی جەنگەکە گرنگترە، بەڵام دەگمەنن ئەو شۆڕشگێڕانەی لە کەسایەتییاندا ڕێبازێکی نوێی تێکۆشان ڕەنگڕێژ دەبێت و دەبنە مانیفێستی ئازادی، ساکینە جانسز ئەو شۆڕشگێڕەیە، کاتێک گوفتار بێ واتا بوو ئەو بە کردار دوا و ئەم دروشمەی لە دوای خۆی جێهێشت ” ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو”.
ساکینە جانسز، ناسراو ‘بە هەڤاڵ سارا’ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی تەخت خەلیل لە شاری دێرسیم لەدایکبووە، خێزانەکەی کوردی عەلەوی بوون، باوکی بۆ خوێندن دەیباتە ئەڵمانیا، بەڵام هەمیشە دڵە زیندووەکەی بۆ وڵاتی لێدەدات بۆیە دەگەڕێتەوە نیشتمان.
ڕۆحی شۆڕشگێڕیی خۆڕسکانە لەودا چەکەرە دەکات، کاتێک بەسەر کوانووی ئازادیی و ماف و هەبوونی خامۆشکراوی نەتەوەکەیدا دێتە دنیاوە، دەمودەست مەشخەڵی تێکۆشان هەڵدەگرێت، تا چروسکێک ئاگر بگەڕێنێتەوە.
له حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئاشنای کۆمهڵێکی بچووک له گهنجانی چەپ دەبێت و دەچێتە بەرەی کرێکارییەوە، دوای ماوەیەکی کەم دروشمی ئازادیی کوردستانی هەڵدەگرێت و له ساڵی ١٩٧٨ یهکێک دەبێت لەو دوو ژنەی بهشداری له کۆنگرهی دامهزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دهکات.
ماوهیهکی کهم بهر له کودهتا سەربازییەکەی ١٢ی ئهیلولی ١٩٨٠ له تورکیا، لەگەڵ چەندان ئازادیخوازی دیکە دهستگیر دهکرێت، دە ساڵ لە ناو زیندانەکانی فاشیزمدا بەرخۆدان دەکات و ژنان بە ڕێکخستن دەکات، دەبێتە یەکێک لە سیمبولانی داستانی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد.
دوای ئازادبوونی دەمودەست ڕوو لە دۆڵی ئاوازە ئازادەکان دەکات و لە بیقاع بە دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێ هەڤاڵانی شاد دەبێتەوە، لەسەر بنەمای ‘ئەگەر ژن لە بواری ئایدیۆلۆژییەوە بە ڕێکخستن بکرێت، لە ئاستی سەربازیشدا دەبێتە هێز’ پێشنیاردەکات بۆ ڕێبەر ئۆجالان بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان و زیاتر خزمەت بە دۆزی ژن بکات، هەربۆیە پێ هەڵدەگرێت بەرەو چیا ئازادەکانی کوردستان .
ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بە پارتبوونی ژنان، ڕێکخستن و ئەکادیمیای تایبەت بە ژنان دادەمەزرێنێت لەسەر بنەمای زانستی ژن ‘ژنۆلۆژی’، لەوێشەوە بنەڕەتی یەکینە و هێزی سەربازی ژنان پێشدەخات.
ساکینە جانسز، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا پێش شەهیدبوونی، دەبێتە گەڕیدەیەک لە پێناو خەون و ئامانجەکانی، لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلێک شاری جیهان، مۆرکی خۆی لە شۆڕش و تێکۆشانی ژنانی ئازادییخواز دەدات، لەهەموو مەیدانەکانی، سیاسی، سەربازیی، دیبلۆماسی و کۆمەڵایەتیدا، ڕۆڵی پێشەنگایەتی بەرجەستە دەکرد.
ئەو ژیان و تێکۆشانی خۆی پێ بەپێ یاداشتکردووە، کە دوای خۆی وەک میراتێکی بەنرخ بەجێیهێشتووە و لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو)، چاپکراوە و بە سێ بەرگ کە٢٢٠٠ لە لاپەڕە پێکدێت بڵاو کراوەتەوە، ئەم کتێبەشی لە زۆرینەی کتێبخانە و ئەکادیمیاکان وەک مانیفێستێکی گرنگ بۆ ژنان، لەبەردیدی خوێنەرانە و لە دەیان پێشانگای کتێبدا نمایشکراوە و زۆرترین خواستی لەسەربووە.
گەر لە ژیانی ئەم شۆڕەسوارە کەزییە زەردە ڕابمێنین، ساتێک نادۆزینەوە ئەو نەیقۆستبێتەوە بۆ تێکۆشان، ڕێکخستن و چالاکی، لەپێناو ئازادیی ژن و گەلانی ژێردەستە.
دوای نیو سەدە لە خەبات و تێکۆشان، لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣، له ناوهندی ئینفۆرمهیشنی پهیوهندیهکانی کۆنگرهی نهتهوهیی کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ساکینە جانسز و دوو هاوڕێی دیکەی بەناوی فیدان دۆغان و لهیلا شایلهمهز، بەدەستی ئەندامێکی میتی تورک، لە پلانگێڕییەکی نێونەتەوەییدا شەهیدکران.
دواتر هێرشبەرەکەی بەناوی عومەر گونای، کە بە ڕەگەز تورک بوو دەستگیرکرا، بڕیاربوو ساڵی ٢٠١٧ دادگایی بکرێت، بەڵام ساڵێک پێش ئەو ڕێککەوتە، بەشێوازێکی گوماناوی لەزینداندا دەمرێت و میدیا تورکییەکان پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە گوایە کێشە لە مێشکیا هەبووە، لێرەشەوە کەیسەکە داخرا و فەرەنسا و جیهانیش بێدەنگییان لێکرد.
دوای دەساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە، لە ٢٣ی کانونی یەکەمى ساڵى ڕابردوو، لە تیرۆرێکی هاوشێوەدا، لە شاری پاریس هێرش کرایە سەر ناوەندی کلتوریی ئەحمەد کایا، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ئەڤین گۆیی شۆڕشگێڕی پێسەنگی کورد و هونەرمەند میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل چالاکوانی سیاسی شەهید بوون.
لەکاتێکدا بکوژ دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا دادگایی نەکراوە و حکومەتی فەرەنساش لەبارەی دەستی پشت ئەم تیرۆرەوە هیچی نەدرکاندووە، بەپێچەوانەوە فەرەنسا، بە هەوڵی بەلاڕێدابردنی کەیسەکە و شێواندنی ڕاستی بابەتەکە، دووبارە مێژووی خۆی خستەژێر پرسیارەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوای ڕووداوەکە ئاشکرایکرد، ئیدارەی ئەردۆغان بڕیاری کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی داوە و میتیش بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان پلانی بۆ داناوە و جێبەجێی کردووە.
ب.گ