حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕزگارکردنی شەنگال لە چنگی گرووپە چەتەکانی داعش، لەلایەن گەریلا و شەرڤانانەوە، ئەمڕۆ شەنگال خاوەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هێزی پاراستنی جەوهەریی و ئاسایشی ئێزیدخانە، بەڵام پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هەوڵی تێکدانی ئەو ئەزموونە دەدەن و دەیانەوێت فەرمانێکی تر لەسەریان جێبەجێبکەن.
پاش کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤، مەترسی گرووپە چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال و ئێزیدییەکان دروستبوو، هەرزوو پەکەکە درکیان بەو مەترسییەکرد، بۆیە تیمێکی ١٢ گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە-یان ڕەوانەی سنووری شەنگال کرد، بەڵام لە بازگەکانی پەدەکە سێ لەو گەریلایانە دەستگیرکران و نۆ گەریلایان گەیشتنە شەنگال.
ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، گرووپە چەتەکانی داعش هێرشیانکردە سەر شەنگال، ڕۆژێک پێش هێرشی چەتەکان، ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە و هێزەکانی ئاسایشی سەربە پەدەکە بە فەرمانی مەسعود بارزانی شەنگال-یان چۆڵ کرد و خەڵکی ئێزدی بێ بەرگریی مانەوە، ئەو پێشمەرگانە پێش کشانەوە نەک چەکیان بۆ خەڵک بەجێ نەهێشت، بەڵکو ئەو هاوڵاتییە ئێزدییانەشیان چەک کرد، کە بۆ خۆیان چەکیان هەبوو.
دوای هەڵهاتنی هێزەکانی پەدەکە فەرمانی ٧٣یەمین لەسەر ئێزیدییەکان لەلایەن چەتەکانی داعش-ەوە ئەنجامدرا، بەو هۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و بەهەزاران ژن و منداڵ-یش ڕفێندران و بەدیل گیران و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە و سەبایە فرۆشران، هەروەها سەدان هەزار هاوڵاتی-ش ئاوارەبوون.
چەتەکانی داعش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەیان هەزار هاوڵاتی ئێزدیان کۆمەڵکوژ کرد و بەدیلیان گرتن، ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکەکەش بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی خۆیان لە چنگی چەتەکان ڕزگاربکەن.
گەریلا تاکە فریادڕەسی ئێزیدییەکان
لەڕۆژی هێرشەکە نۆ گەریلاکەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، شەنگالیان بەجێنەهێشت و لە چیای شەنگال گەنجانی ئێزدیان ڕێکخست و یەکینەیەکیان پێکهێنا بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێزدی، ئەو نۆ گەریلایە بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک بە تاکە دۆشکەیەکەوە گیانی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئێزدییان لە دەستی هێرشی چەتەکان پاراست.
دواتر شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەیشتنە هاوڵاتییان و ڕێڕەوێکی مرۆییان بۆ ئەو هاوڵاتییانە کردەوە بۆ ئەوەی بەرەو شوێنە پارێزراوەکان دەربازییان ببێت، ڕۆژی ٨ی ئاب کاروانی گەریلاکانی هەپەگە گەیشتنە شەنگال و بەرگرییان لە خەڵکەکە کرد و نەیانهێشت چیای شەنگال بکەوێتە دەستی چەتەکان.
چەند گەنجێکی ئێزدی لە ژێر کاریگەریی گەریلاکانی هەپەگە، بڕیاریان دا یەکینەی بەرگری لە خەڵکی ئێزدی دامەزرێنن، ئەو گەنجانە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یان دامەزراند و خۆیان ڕێکخست، پاشان داوایان لە فەرماندەیی هەپەگە کرد بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات، لە ڕووی پەروەردەی سەربازییەوە.
ڕزگارکردنەوەی شەنگال
لەلایەک یەبەشە و یەژەشە، لەلایەکیتر هەپەگە و یەژاستار هێزی هاوبەشیان دروستکرد و دەستیان بە ڕزگارکردنی گوندەکانی دەرووبەری شەنگال کرد، هەڵمەتێکی چڕیان بەڕێوەبرد و گورزی کوشندەیان لە چەتەکانی داعشدا و چەند گوندێکیان ڕزگارکرد.
لە ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەمی٢٠١٥، ئۆپەراسیۆنی دۆڵی شیلۆ-یان بۆ ڕزگارکردنی شەنگال دەستپێکرد و زۆربەی گوندەکانی شەنگالیان ڕزگارکرد، تا ئەوەی، کە لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمدا، دوای ڕزگارکردنی شارۆچکەی هۆلی سەربە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان شەنگال و ڕۆژئاواوە لەلایەن شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە، چەتەکانی داعش لە شەنگال پێگەی ستراتیژییان لەدەستدا.
بۆیە لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانان و گەریلاکان بۆ ڕزگارکردنی شەنگال نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و بەرەو موسڵ هەڵهاتن، ناوەندی شەنگال لە دەستی چەتەکاندا مایەوە هەتا ڕۆژی دواتر، دواجار لە ١٣ی تشرینی دووەم لە ئۆپەراسیۆنێکی گەریلا و شەرڤاناندا، کە پێشمەرگە-ش بەشداریی تێدا کرد، ناوەندی شەنگال بە تەواویی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا.
دوای ڕزگارکردنی شەنگال، گەلی ئێزیدی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژیی و مەترسییەکانی سەریان، پەنایان برد بۆ سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دامەزرا و کاریکرد بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و کردنەوەی ناوەندەکانی پەروەردە و ئاساییکردنەوەی ژیان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ شارەکە، لەو چوارچێوەیەشدا لە حوزەیرانی ٢٠١٦ ئاسایشی ئێزدخان دامەزرا.
لەماوەیەکی کەمدا ئێزیدییەکان بەرەوپێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆیانە بینی، لەژێر ڕۆشنایی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئیدارەی خۆبەڕیوەبەرییان دامەزراند و بوون بە خاوەنی هێزی جەوهەریی، لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزیی، جگە لە ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، لەڕووی کەلتور و کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگای ئێزیدییەکان بوژایەوە، بەتایبەتی ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن و لەپێشەوەن.
پەدەکە لەچوارچێوەی خزمەتکردن بە ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، دوای ئەوەی ئێزیدییەکانی لەبەردەم قەپاڵی گرووپە چەتەکانی داعش بەجێهێشت، تا ئەمڕۆش چاوی بە هیچکام لەو دەستکەوتانە هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ تێکدانی ئەو ئەزمونە خۆماڵییەی ئێزیدییەکان.
پلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم
پەدەکە لە دژی ئەو ئەزمونە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی بەست، کە لەنێوان پەدەکە و حکومەتی عێراق و لەژێر فشاری دەوڵەتی تورک و ئەمریکا و بە چاودێریی پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق واژۆکرابوو، ڕێککەوتنەکە هەرچەند لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، بەڵام زۆرێک لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان ڕۆڵیان تێدا گێڕابوو.
ئامانجی ڕێککەوتنەکە، هەڵوەشانەوەی خۆبەڕێوبەریی شەنگال بوو
بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبوو هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی، کە دوای فەرمانەکە دامەزرابوون، بڵاوەیان پێبکرێت، وایان دانابوو، کە دەستپێک ئەنجومەنی گەلی شەنگال هەڵوەشێتەوە، کە واتاکەی هەڵوەشاندنەوە و شکاندنی هێزی جەوهەریی خۆبەڕێوبەریی شەنگال بوو، ئامانجی دووەمیش هەڵوەشاندەوەی ئاسایشی ئێزدیخان بوو، واتا هێزی پاراستنی جەوهەری نەمێنێت و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشەش لەناو سوپای عێڕاق بتوێندرێتەوە.
خەڵکی شەنگال ڕێککەوتنەکەیان وەک فەرمانێکی نوێ پێناسە کرد، هەربۆیە قۆناغێکی درێژمەودای بەرخۆدانیان دەستپێکرد، هەرچەند پەدەکە و حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵیاندا دژی ئیرادەی ئێزدییەکان، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکەن، بەڵام لە بەرامبەریدا قۆناغی گرنگی بەرخۆدان پێشکەوت، پەدەکە ویستی بە هاوکاریی سوپای عێراق هێزە چەکدارەکانی بگەڕێنێتەوە شەنگال، بەڵام دیسان بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال ئەو هێرشە و ڕێککەوتنەکەی پوچەڵکردەوە.
تا ئەمڕۆش بەڕێگای جیاواز، پلانگێڕییەکی مەترسییدار دژی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەڕێوەدەچێت، پەدەکە بە کاری سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پشێوی و ڕێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییە کامپنشینەکانی هەرێمی کوردستان بۆ واری خۆیان، لەولاشەوە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک ڕۆژانە بەبۆردوومان و هێرشی هەوایی دەیانەوێت ئیدارەی ئێزیدییەکان بشکێنن، بەڵام گەلی ئیزیدیی بە پێشەنگایەتی ژنان بە بەرخۆدانێکی بێ وێنە وەڵامی هەموو ئەو پلانگێڕی و هێرشانەیان داوەتەوە.
ب.گ