سوپای تورک لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان نەورۆزی قەدەغە کرد

سوپای تورك ھەڕەشەی لە ھاووڵاتییانی گوندەكانی ھەرێمی برادۆستی سنووری پارێزگای ھەولێر كردووە، کە نابێت ئاگری نەورۆز بكەنەوەوە و قەدەغە دەبێت بۆیان.


بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی فوراتنیوز، سوپای توركیا لە چیادێل بە خەڵكی گوندەكانی خەلیفان، لێلیكان، گورەشا، بوزێنە، ناومێرگان و برەسەنان-ی راگەیاندووە، نابێت ئاگری نەورۆز بکەنەوە.

سوپای تورک بە هاوڵاتییانی ئەو گوندانەی ڕاگەیاندووە، لەھەر گوندێك ئاگری نەورۆز بكرێتەوە تووشی لێپرسینەوە دەبنەوە، ئەوەش هاوڵاتییانی سنوورەەکی نیگەران کردووە.

لەبەرامبەردا هاوڵاتیانی سنوورەکە ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان ئاگری بەورۆز دەکەنەوە و کەس ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە تەواویی کوردستاندا ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگری نەورز دەکرێتەوە و تا چەند ڕۆژێکی دیکەش لە هاوڵاتیان بەشێوازیی جیاجیا نەورۆز پیرۆز دەکەن.

سوپای تورك ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ھەرێمی برادۆستی داگیرکردووە و چەندین بنکەی سەربازی و هەواڵگری و چەتەگەریی لەو ناوچەیەدا دروستکردووە و بەردەوامیش ناوچەكە بە فڕۆکەی جەنگی، تۆپخانە، هاوەن و دۆشکە و چەکی قورس بۆردوومان دەکات و زیانێکی زۆری بە هاووڵاتییان و سروشت و ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە، لەبەرامبەردا هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

س.ح