سوکایەتییەکانی بەرپرسانی تورک بە کورد و هەرێمی کوردستان

بەرپرسانی تورک، لە وتار و دەرکەوتنەکانیاندا بە چەندین شێوە سوکایەتیان بە کورد و سەرکردەکانی کورد کردووە و سەرکردەکان بە پەڕۆی ڕزیو ناودەبەن، هەروەها هەرێمی کوردستان بە باکوری عێراق ناودەبەن و وەها پێناسەی دەکەن کە ئەگەر ئەوان نەبن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خواردن نابێت بیخۆن و جل نابێت لە بەری بکەن.


هەرچەند هەرێمی کوردستان درێژترین گرێبەستی ئابووریی ستراتیژی لەگەڵ تورکیادا هەیە، کە گرێبەستی ٥٠ ساڵییە، هەروەها بەرپرسانی هەرێم پەیوەندییەکی توندو تۆڵیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا هەیە، بەڵام پەیوەندی و بەرژەوەندیانە نەیان توانیوە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی لە قسەی ناشیرین و سوکایەتی پێکردنی بەرپرسانی تورک بپاریزن.

لێرەدا چەندین نمونەی سوکایەتییەکانی بەرپرسانی تورک دەخەینەڕوو، کە بە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمیان کردووە، زۆرترین سوکایەتییەکانیش لە سەردەمی ڕیفراندۆم و پێش ڕیفراندۆمدا کراوە.

لەپێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا ڕوو لە مەسعود بارزانی، کە ئەو کاتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، دەڵێت: ئێوە چین؟ چیتان هەیە؟ چۆن دەوڵەت دروستدەکەن؟ ئەگەر ئێمە بەلۆعەکە بگرینەوە ئێوە هیچ نابێت بیخۆن و هیچ نابێت لەبەری بکەن.

لەچەندین وتاری دیکەدا ئەردۆغان، سوکایەتی بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە، هیچ کاتێکیش ناوی هەرێمی کوردستان وەک ئەوە ناهێنێت کە لەدەستوری عێراقدا هاتووە، یان بە باکوری عێراق، یان بە هەرێمی باکوری عێراق ناوی دەبات، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، ئەردۆغان وتی: لەگەڵ ئێران و حکومەتی عێراق  بۆ هەمیشە ڕیفراندۆمی هەرێمی باکوری عێراقمان لەگۆڕنا.

هەر لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورک (ئی پارتی) ، دەڵێت کەرکوک تورکیایە، هەر بە تورکیاش دەمێنێتەوە، هەرێمی کوردستان پەڕۆیەکی کۆنی بێکەڵکە، باخچەلی بۆ ناڕوات نوێژی هەینی لە کەرکوک بکات، ئەگەر دەیەوێت ئێمەش لەگەڵ ئەو دەڕۆینە کەرکوک.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ( پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست)،دەڵێت:  ئێوە ٢٥ ساڵی دیکەش لەسەر چیا بمێننەوە، ئێمە بەردەوامی بەو شەڕە دەدەین، لەژێر ناوی دیموکراسیدا تیرۆری پێکهاتەکان دەکەن،  ئەبێت ڕیفراندۆم بخەینە زبڵدانی مێژووەوە، ئێمە ئامادەین باجێکی قورس بە بارزانی بدەین، ئەگەر پێویست بکات ئاگر لە ڕۆژەکانیان بەردەدەین، لە بەستەڵەکا ئاگر دەکەینەوە، ئەگەر داوامان لێبکرێت سەنگەر بە سەنگەر لەدژی ئەوان دەگەڕێین، ڕیفراندۆم گەورەترین هەڕەشەیە لە دژی ئیرادەی میللی ئێمە، هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاڵای تورکیا کارەساتە، سوکایەتییە، ئەوانەی لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە سەیری پشتی خۆیان کرد و پرسیان کێ ئەو ئاڵایەی لێرە داناوە، پێشمەرگە کەی بووەتە خاوەن ئاڵا؟ چۆن دەکرێ باسی ئاڵاو باسی بەردانی نوێنەری هەدەپەو باسی ڕیفراندۆم بکەن، ئێمە بەرگەناگرین ئاڵای بارزانی لە ئاسمانی تورکیا و لە دەزگا فەرمییەکانمان ببینین، چۆن ئەبێت ئەو ڕزیوە ( مەبەستی موسعود بارزانییە) لە تورکیا پێشوازی لێبکرێت.

هەرەها لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە مێژووی ڤیدیۆکە نەزاندراوە دەردەکەوێت، کە کۆمەڵێک تورکی شۆڤێنی خۆپیشاندان دەکەن و ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتێکی سیاسی باکوری کوردستان دەسوتێنن و دەڵێن: ئێوە هەموو ئەرمەنین، ئێوە پەڕۆیەکی کۆنی ڕزیون، تورکیا بۆ کوردەکان دەبێتە گۆڕستان.

لەکاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، لەدوای ڕیفراندۆم، کەبۆ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان چووبووە تورکیا، نەژادپەرستە تورکەکان لە فڕۆکەخانە ئەنقەرە، قسەی ناشیرینیان بە نێچیرڤان بارزانی دەوت،ئەیانوت ئێمە هیچ دەوڵەتێک ناناسین بەناوی دەوڵەتی بارزانی، دەیانوت ئێمە قبوڵی ناکەین لەناو سنووری تورکیادا ناوی کوردستان بهێندرێت، قبوڵی ناکەی ئاڵای تیرۆر لەگەڵ ئاڵای ئێمە دابندرێت، ئەو ئاڵایە بە نەعلەت دەکەین و هەموو ئەو تیرۆرستانە دەخەینە ژێر خاک، لەڤیدۆکەدا هەندێک لەو قسە ناشیرینانە فلتەر کراوە کە شۆڤێنییەکان بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێن، دیارە خراپترن لەوەی کە ئاشکرا کراوە، هەرچەند پۆلیس لەو ناوچەیەدا بوو، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، ڕێگایان بە نەژاد پەرستە تورکەکان دەدا سوکایەتی بە بارزانی بکەن.

سوکایەتی بەرپرسانی تورک، بە سەرکردەکانی کورد، تەنها پەیوەست نییە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش بەرپرسانی تورک ئەگەر فرسەتیان بۆ هەڵکەوتبێت ئەوا خۆیان سوکایەتیان بە بەرپرسانی کورد کردووە، ئەگەر نا ئەوە هاوڵاتیان لەدژی بەرپرسانی کورد هانداوە بۆ ئەوەی لەکاتی سەردانیان بۆ تورکیا یان بۆ هەر وڵاتێکی دیکە سوکایەتیان پێبکەن و لەدژیان خۆپیشاندان بکەن.

بۆنمونە لەکاتی سەردانێکی جەلال تاڵەبانی، بۆ واشنتۆن، کە ئەوکاتە سەرۆک کۆماری عێراق بوو، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خوێندکارێکی تورک لێی دەپرسێ تۆ مەبەستت چییە لە بەکار هێنانی وشەی کوردستان؟ جەلال تاڵەبانیش، دەڵێت کوردستان من دروستم نەکردووە خوا دروستی کردووە، بەڵام ئەگەر تۆ ناتەوێت دانی پیابنێی ئەوە کێشەی خۆتە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە هەرچەند تورکیا هەرێمی کوردستانی کردووەتە بازاڕێکی گەورە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی و جێگەیەکی ئارام بۆ تەراتێنی میت و سوپاکەی، هەرچەند دان بە بوونی هەرێمی کوردستاندا نانێت و نە بەرپرسی گەورەی حکومەتی تورک، نە بەرپرسی بچوکیان بۆ یەک جاریش ناوی کوردستانیان نەهێناوە بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەمیشە هەڵپەی سەردانیانە بۆ تورکیا و شاگەشکە ئەبن بە سەردانی وەزیرێکی تورکیا بۆ هەرێم.

د.ع