سوێندخواردنەکەی نێچیرڤان بارزانی کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە

لێنەدانی مارشی ئەی ڕەقیب کە وەک دەوترێت لەبەر وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە و شێوازی پێشوازیی و ناوهێنانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بە "سەرۆک" و بانگهێشتنەکردنی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مەراسیمەکە، دیارترین ئەو دیمەنانە بوون، کە لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتن و کاردنەوەی بەداوی خۆیدا هێنا، کۆی گشتیی مەراسیمەکەش بەلای چاودێرانەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.


١٠ی ئەم مانگە، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەند دیمەن و ڕووداوێکی ناو مەراسیمەکەش، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

مەراسیمەکە لە دەرەوەی بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، ئەمەش بەلای چاودێرانەوە، "سووکایەتییەکی دیکە بوو بە پەرلەمان و هیچی کەمترنەبووە لە داخستنی پەرلەمان"، لە مەراسیمەکەدا سەرۆکی حزبەکان لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون و پەرلەمانتارانیش خرابوونە ڕیزەکانی دواوە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر بردنە دەرەوەی دانیشتنەکە ڕایانگەیاند، میوانێکی زۆر ئامادەبووەو هۆڵەکانی پەڕلەمانیش بچووکن.

یەکێک لەو ڕووداوانەی کە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لێنەدانی مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بوو، هەرچەندە لە پرۆتۆکۆلی مەراسیمەکەشدا لێدانی مارشی ئەی ڕەقیب، کە بە مارشی نەتەوەیی کوردە جێگیرکرابوو، بەڵام مارشەکە لێ نەدرا، ڕۆژنامەنووسێکیش ئەوە دەخاتەڕوو، کە هۆکاری لێنەدانی مارشی ئەی ڕەقیب، بەهۆی ئامادەبوونی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە لە مەراسیمەکەدا.

دیمەنێکی دیکەش، شێوازی پێشوازییکردن بوو لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، کە بە ڕێوڕەسمی سەربازیی پێشوازیی لێکرا و دوو جاریش لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە بە "سەرۆک" ناوی هێنرا و لەکاتی پێشکەشکردنی وتاریشدا خرایە پێش بەرهەم ساڵح-ی سەرۆک کۆماری عێراقیشەوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە مەسعود بارزانیی لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە دەستی لە سەرۆکایەتیی هەرێم کێشاوەتەوە و هیچ پۆستێکی ئیداریی نییە.

نەبوونی نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە مەراسیمەکەدا، یەکێکی دیکەبوو لەو دیمەنانەی کە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەپێی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە نێچیرڤان بارزانی، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لە نوێنەری وڵاتان و بەرپرسانی حزبی و حکومیی عێراق و هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردووە، بەڵام هیچ نوێنەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان لە مەراسیمەکەدا نەبوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە فەرمیی دانی بە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا ناوە و نوێنەرایەتییشیان لە هەرێم هەیە، بەڵام نوێنەرایەتی وڵاتانی تورکیا و ئێران لە ئاستی باڵادا بانگهێشتکرابوون.

نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمەکەدا دەستی خستە سەر قورئان و سوێندی بە "خوای مەزن" خوارد کە "پارێزگاریی لە مافەکان و دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات" بەڵام هاوکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، کە وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئامادەیبوو، سوپای تورک گوندەکانی بێرکم و خەلیفان-ی لە سنووری ناوچەی برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردوومان و تۆپباران دەکرد و هیچکام لە بەرپرسانی هەرێمیش هەڵوێستیان پیشان نەدا.

بەلای پشدەر بابەکر-ی ڕۆژنامەنووسەوە، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم زیاتر لە شانۆگەرییەک چوو بۆ نمایشکردنی توانا و دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێت: ڕەنگە ڕێکخستنی وەها مەراسیمێکیش، بەشێکی پەیوەندیی بە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانییەوە هەبێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی، کە لە پەرلەمانی هەرێم ڕووبەڕووی بووەوە و نەیتوانی سەرووی ٩٠ دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، ویستی لە ڕێگای ئەو مەراسیمە شاهانەوە، قەرەبووی کەمیی دەنگەکان بکاتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوەش دەکات: عەیبەیەکی گەورە بوو، سروودی ئەیڕەقیب لەبەر خاتری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پرۆتۆکۆل لابرا، عەیبەیەکی گەورە بوو ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەزموونێکی نوێیە و دەبێت باشوری کوردستان پشتیوانی بێت، بەڵام بانگهێشتی ئەو مەراسیمە نەکران.

پشدەر بابەکر پێیوایە، کە بەشداریکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا، بۆ "دەرخستی پشتیوانیی تورکیایە بۆ نێچیرڤان بارزانی، چونکە پێموانییە لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانیدا تورکیا بەو ئاستە باڵایە بەشداریی بکات".

ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ڕێوڕەسمی ئەو وڵاتانە بوو کە سیستمیان سەرۆکایەتییە، هاوشێوەی ئەم مەراسیمەش لە ١٠ی تەمموزی ٢٠١٨-دا بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی کۆماری تورک ڕێکخرا، کە سیستمی وڵاتەکەی کردووە بە سیستمی سەرۆکایەتیی.

س.ح