سۆرانی مامەحەمە..ئەوڕۆژنامەنووسەی لە خەمی کەرکوکدا تیرۆرکرا

ئەو دەمەی خەریکی ئاشکراکردنی ڕووی گەندەڵکاران و هەڵدانەوەی پەردەی سەر نهێنیی بەرپرسانی شارەکەی بوو، لە شەوێکی تەموزدا لولەی تفەنگێک ڕووی تێکرد و بۆ هەتاهەتایە بێدەنگی کرد، کەرکوک-یش بۆ لەدەستدانی گەنجە خەمخۆرەکەی ڕەشی پۆشی.


سۆرانی مامەحەمە، ئەو قەڵەمەی کە لەژێر سێبەری ڕەشماڵی تیرۆردا ئازادیی دەنووسییەوە، ساڵی ٢٠٠٨ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرکوک تیرۆرکرا، ئەمڕۆش ١١ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەو گەنجە تەمەن ٢٢ ساڵییەدا تێپەڕدەبێت، کە پەیجووری ئازادیی و یەکسانیی بوو.

ژیاننامەی سۆرانی مامەحەمە

سۆران محەمەد عەزیز، ناسراو بە سۆرانی مامەحەمە، لە٢-٢-١٩٨٦دا لە گەڕەکی شۆریجەی شاری کەرکوک لەدایکبووە، خانەوادەکەی لە پاش ڕاپەڕین یبەهاری ساڵی ١٩٩١ لە ترسی ڕژێمی بەعس شاری كەركوک بەرەو سلێمانی جێدەهێڵن و لە حامیەی سلێمانی (پارکی ئازادیی ئێستا) نیشتەجێدەبن.

سۆران لە سلێمانی دەچێتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواودەکات، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس خانەوادەکەیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری كه‌ركوک و له‌ ناوه‌ندی (سه‌ركارێز) درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، هه‌ر له‌ شاری كه‌ركوك ده‌چێته‌ په‌یمانگای هونەرە جوانەكان بەشی (بیستن و بینین)، تا کاتی شەهیدبوونی خوێندكاری ئەو پەیمانگایە بووە.

شه‌هید سۆران، هاوشانی خوێندن هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ سه‌رقاڵی كار و كه‌سابه‌ت بووه‌، سه‌ره‌تا به‌ ده‌ستگێڕیی و دواتر له‌ مه‌زادخانه‌ی سلێمانی هاوكاری باوك و براكانی بووه‌، له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆ كه‌ركوك، له‌ بازاڕی شۆڕیجه‌ په‌ڕاوگه‌یه‌كی داناوه‌ و كاری تیادا كردووه‌، لەگەڵ ئەوەشدا خولیای خوێندنه‌وه‌ و نووسین بووه‌، بەگوێرەی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی، هەر لە منداڵییدا چەندین جار لەسەر دیوارەکانی حامییەی سلێمانی شیعری نووسیوە.

ئەزموونی ڕۆژنامەوانیی سۆرانی مامەحەمە

سۆران یەکەم بابەتی ڕۆژنامەوانیی لە ساڵی ٢٠٠٣-دا لە پۆلی سێیەمی ناوەندی دەنووسێت و بڵاویدەکاتەوە، ڕۆژێك لەگەڵ دایكیدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوکی، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییە و زۆر پیسە و پڕە لە ئاژەڵ، دەگەڕێتەوە ماڵەوە و بابەتێک لەسەر ئەوە دەنووسێت‌ و لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاویدەكاتەوە‌، دوای نووسینەكەشی شارەوانی چەمچەماڵ پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دروستدەكات.

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و گەڕانەوەی خانەوادەکەی بۆ شاری کەرکوک، سۆران بە‌ خۆبه‌خش وەكو پەیامنێر كار بۆ ڕۆژنامەی (كەركوكی ئەمڕۆ) دەكات، كە زمانحاڵی كۆمەڵەی ڕووناكبیریی و كۆمەڵایەتی پارێزگای كەركوک بووە، هاوكات لە تەلەفزیۆنی (العراقیە) پەخشی كەركوك وەك پەیامنێر كاردەكات، له‌ هه‌مان كاتدا په‌یامنێری كه‌ركوكی هەفتەنامەی (كوردش گڵۆپ) بووە، كە لە هەولێر بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەكرایەوە، له ساڵی ٢٠٠٦دا ده‌بێت به‌ په‌یامنێری ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و لە کەرکوک و دواتر ده‌بێته‌‌ به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی ڕۆژنامه‌كه،‌ لە ژمارە ١١ تاكو ژماره‌ ٢١ له‌ ڕۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێكی هەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت)، هه‌روه‌ها بەرپرسی ڕاگەیاندنی (ناوەندی چاك) بووە لە كەركوك، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لە شاری كەركوك، هه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا پەیوەندیی بە گۆڤاری لڤین-ەوە دەکات و وەک پەیامنێری کەرکوکی گۆڤارەکە دەستبەکاردەبێت و دواتر دەبێتە بەرپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤارەکە و تا ساتی شه‌هیدبوونی به‌رده‌وام ده‌بێت لەو گۆڤارە.

هاوكات له‌ ڕۆژنامه‌كانی (رۆژنامه‌، ئاسۆ، هه‌واڵ، چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ) و گۆڤاری بانه‌ڕۆژ و سایته‌كانی ماڵێك له‌ ئاسمان، ده‌نگه‌كان، كوردستانپۆست و ئارامی نووسینی بڵاوكردووەته‌وه.

‌لە دژی خیانەت بووە

سۆرانی مامەحەمە لە ماوەی کارکردنیدا چەندین ڕاپۆرت و نووسینی لە دژی خیانەت و گەندەڵیی دەسەڵاتی باشوری کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لەیەکێک لە نووسینەکانیدا، باس لە "خیانەت" دەکات لەناو دەسەڵاتی کوردییدا، کە چۆن بووەتە فەلسەفە و فاکتەرێک بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و دەنووسێت:"ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به‌ سیاسی و خاوه‌ن خه‌باتی کوردایه‌تیی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌زانن، له‌ خۆیان وردبوونه‌ته‌وه‌ که‌ ئایا، ته‌نها ڕۆژێک خه‌بات و سه‌روه‌رییان هه‌یه‌ بۆ بزاڤی ڕزگارییخوازی دۆزی کوردان له‌ مێژوودا؟ جگه‌ له‌ کورد کوشتن و خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و بوون به‌ کۆیله ‌و جاسوسی وڵاتانی دراوسێ و جیهان".

سۆران بۆ تیرۆرکرا؟

هەر لەو ساڵانەی کارکردنیدا، سۆران بابەتێک بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا داوای دەرکەوتنی هاوسەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە دوایین ڕاپۆرتیشیدا کە لە گۆڤاری لڤین بڵاویکردووەتەوە بەناونیشانی "سۆزانییەکان کەرکوک داگیردەکەن"، کە تێیدا تێوەگلانی بەرپرسانی حکومیی شاری کەرکوکی لەگەڵ لە ئەو ژنانەی کە بە "لەشفرۆشان" ناویان دەهێنرێت ئاشکراکردووە، کە تا ئێستاش ئەو کارانەی وەک بەشێک لە هۆکارەکانی تیرۆرکردنی هەژماردەکرێن.

سووربوونی سۆران لەڕووماڵكردن‌ و خستنەڕووی گەندەڵیی بەرپرسان‌ و دەسەڵاتی كوردیی لە شاری كەركوک، چەندین جار ئەوی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی كردبووەوە، تەنانەت دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو، ڕاپۆرتەکانی بووبوونە مایەی هەراسانكردنی گەندەڵکاران و بە بێ ترس‌ و سڵەمینەوە لە ڕاپۆرتەكانیدا گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ئاشکرادەکرد.

شەوی ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨، سۆرانی مامەحەمە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرکوک دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللـە و شەهید دەکرێت، سەرباری پێکهێنانی چەندین لیژنەش لەسەر تیرۆرکردنی ئەوڕۆژنامەنووسە و هەڵدانەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوڕووداوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی تێوەگلانی لەو تیرۆرەدا دەستگیرنەکراوە، بەڵام کەسوکارەکەی پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق درێژدەکەن و پێیانوایە، کە ئەوان کوڕەکەیان تیرۆرکردووە.

سوارە نەجمەدین، ڕۆژنامەنووس و ئامۆزای شەهید سۆرانی مامەحەمە، بۆڕۆژنیوز ئاماژە بە "کەمتەرخەمیی" لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لەسەر کەیسی ئامۆزاکەی و دەڵێت: ئەوان ئەگەر مەبەستیان بووایە، نەیان دەهێشت ١١ ڕۆژ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕببێت و تۆمەتبارانیان ئاشکرادەکرد و بەسزایان دەگەیاندن، بۆیە دوای ١١ ساڵ هیچ ئومێدێکمان نەماوە بەوەی کە بەرەو پێشچوونی نوێ لەسەر کەیسەکەی بێتە پێشەوە و دڵنیاین لەوەی کە تاوانباران ئاشکراناکەن، ئەم دیزەبەدەرخۆنەکردنەش پێمانوایە بە ڕێککەوتن کراوە و دوو جار سۆرانیان کردووەتە قوربانیی.

ئەو ئامۆزایەی شەهید سۆرانی مامەحەمە، پەنجەی تۆمەتیش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق ڕادەکێشێت و دەڵێت: ئێمە هەر لە سەرەتاوە ئەوەمان نەشاردووەتەوە کە پارتی تۆمەتبارە بە شەهیدکردنی شەهید سۆران، شەهید سۆران ئەوکات کۆمەڵێک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی لەسەر هەندێک بەپرسی پارتی ئامادەکردبوو و هەندێک بابەتی وروژاندبوو، کە جێی نیگەرانیی پارتی بوو، بۆیەش هەر لە سەرەتاوە لایەنی تۆمەتبار ئەوانن.

مێژووی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان

مێژووی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرپێکەوتنی ئەزموونی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان، ساڵی ١٩٩٣ ڕەئوف ئاکرەیی، ڕۆژنامەنووس لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک تیرۆرکرا، ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک، ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە کەلار، ساڵی ٢٠١٦یش وەدات حسێن لە دهۆک تیرۆرکراون.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووساندا، ئاشکرانەکردنی بکەرانی تاوانەکەیە، تاوەکو ئێستا جگە لە سزادانی کەسێک بە زیندانییکردنی هەتاهەتایی لەسەر کەیسی کاوە گەرمیانی، "بۆ ئەمەش بنەماڵەکەی وەک تاوانباریی سەرەکی قبوڵی ناکەن"، هیچ کەسێک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان دەستگیرنەکراوە، ئەمەش بەلای ڕۆژنامەنووسانەوە، ڕێکخۆشکەر بووە بۆ زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

س.ح