سیستمی ئیمراڵی چاڵێکی نێودەوڵەتی لە ناو دڵی تورکیادا بە چاودێری گلادیۆی ناتۆ، زیندانێک بە مەرامی توانەوەی کورد لە کەسایەتی ڕێبەرەکەیدا سازکرا، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان بە بەرخۆدانییەکی بێ وێنەی ٢٣ساڵە، چاڵی مەرگی کرد بە کلیلی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا و ئازادیی گەلان.
ئیمراڵی دوورگەیەکە دەکەوێتە خوارووی دەریای مەڕمەڕە لە ڕۆژئاوای تورکیا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک فڕینی بەسەر ئەم دوورگەیە و ماسیگرتنیشی لە کەنارەکانیدا قەدەغەکردووە، لەساڵی ١٩٣٥ کراوە بە زیندانێکی ترسناک، چەندین کەسایەتی شۆڕشگێڕ، چەپ و ئازادیخواز براونەتە ئەو دوورگەیە و زیندانیکراون و تا مردن ئەشکەنجەدراون، بە یەکێک لە خراپترین زیندانەکان دادەنرێت لە ڕووی سیستمی ئەشکەنجەدانەوە.
لە دوای پێلانگێڕی نێودەڵەتیی لە ساڵی ١٩٩٩وە زیندانییەکانی دیکەی گواستراونەتەوە و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان براوەتە دوورگەی ئیمرالی و ٢٣ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدا گۆشەگیرکراوە.
ڕێبەر ئۆجالان لەمبارەیەوە دەڵێت: کاتێک منیان بردە دوورگەی ئیمراڵی یەکەم کەس، کە پێشوازی لێکردم نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا بوو، پێی وتم “تۆ لەم زیندانە دەمێنیتەوە و ئێمەش لە ڕێگای کۆنسەی ئەوروپاوە چاودێریت دەکەین” کەچی خۆیان بوون بە بەشێک لە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی.
سیستمی ئیمراڵی، سیستمێکی نێودەوڵەتیی ناتۆیە، لەلایەن کۆنسەی ئەوروپا و ئەمریکا و تورکیاوە ئیدارە دەدرێت، ڕێبەر ئۆجالان ئەو دوورگەیە بە چاڵی مەرگ ناودەبات و دەڵێت: “بە دوو مەبەست منیان بردە ئیمراڵی، یان ئەوەی دەستبەرداری دۆزەکەم ببم یان خۆم بکوژم، بەڵام من بژاردەی سێیەمم پێشخست و لەو هەلومەرجە دژوارەدا بەرخۆدانم هەڵبژارد”.
دەشڵێت:”ئەمە سیاسەتی سیستمی جیهانییە، هەڵەیەکی گەورەیە گەر تەنها وەک زیندانێکی تورکیا تەماشای بکەیت، ئەوەی لێرە ڕوودەدات، سیاسەتێكی ڕۆژانە و بچووك نین، بەڵکو بەسیاسەت و ستراتیژییەتێکی زۆر قووڵ و وردە، پەیوەیستە بە ئەمریكا، توركیا و یەكێتی ئەوروپاوە، پێکەوەش بەڕێوەی دەبەن، ئەوەی لێرەدا لە كەسایەتی مندا گۆشەگیر دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، لە بنەمادا كوردی ئازادە”.
تا ئەمڕۆش گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان بەتووندیی بەردەوامە، لە ئاداری ساڵی ٢٠٢١ـەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت.
پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان لەدوای کۆتا دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد ئاشکرایان کرد، کە ئەوان بەشێوەیەکی سیستماتیک كتێب، گۆڤار و ڕۆژنامەیان بۆ ناردووە، بهڵام له كاتی دیدارهكهدا زانیمان ڕۆژنامەکانی پێنەدراوە، چهند ڕۆژنامهیهكی دیكهی پێ دهدهن بەشێوەی هەڕەمەکی، سهیری تهلهفزیۆن دهكات، بهڵام تهنیا ٧ تا ٨ كهناڵی ههیە، کە دەوڵەت خۆی دیاریکردووە بۆی.
وتیشیان: له كۆی ئهو ههموو نامانهی بۆمان ناردووه تهنیا دوو یان سێ نامهیان پێداوه، هەروەها ئەویش نامەی ناردبوو، بەڵام بەدەستمان نەگەشتووە، ڕێبەر ئۆجالان له كاتی وهرزش و بواره هاوبهشهكاندا، چاوی به سێ زیندانیی دیكه دهكهوێت، كه له ههمان زیندان بهندكراون، جگه لهوه ٢٣ كاتژمێری ژیانی بهتهنیا لەژوورێکدا بهسهردهبات.
لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١وە، بە بیانووی جیاواز، هەندێک جاریش بە بڕیاری دادگا، یاخود بێ هۆکار بە پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ، ڕێبەر ئۆجالان خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی تووندەوە.
سزای دیسپلین یاخود سزای پابەندێتیی بە یاساکانی زیندانەوە، یەکێکە لەو بیانووانەی، کە دەوڵەتی تورک وەک چەکێک بەکاریدەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا، لەلایەن خانەوادە و پارێزەرەکانییەوە.
کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) لە ساڵی ١٩٩٩ەوە هەشت جار شاندی بۆ ئیمراڵی ناردووە، لە جیاتی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، تەنها وەک چاودێرێک مامەڵەیان کردووە، کۆتا جاریش مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ سەردانی ئیمراڵیان کرد، بەڵام تائێستا لەوبارەیەوە هیچ ڕاپۆرتێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
وێڕای سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی و پێشێلکردنی هەموو یاسا و مافەکانی ڕێبەر ئۆجالان وەک زیندانییەک، تەنانەت مافی ‘هیوا’شی لێ زەوتکراوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، هیچ مرۆڤێک هەتا هەتایە لە زینداندا نامێنێتەوە، دوای زیاتر لە ٢٠ساڵ مانەوە لە زیندان مافی ئەوەی هەیە، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو تەمەنەی ماویەتی، لە دەرەوەی زیندان بەسەری ببات.
ب.گ