سیستمی پەروەردەی تورکیا کە بارزانی بانگەشەی بۆ دەکات چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بۆ خوێندنگای وەقفی مەعارفی هەولێر وتی، کە سیستمی پەروەردەی تورکیا زۆر باشە، بەڵام کاتێک سەیرێکی سیستمی پەروەردەی تورکیا دەکەین، تێدەگەین کە کێشەی زۆر جدیی هەیە.


وەقفی مەعارف لە ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەریی ساڵی ٢٠١٨دا خوێندگای مەعارفی لە هەولێر کردەوە، ئەو خوێندگایە بە ٧٥٠ خوێندکار پەروردەی دەستپێکرد، نێچرڤان بارزانی، مەهدی ئەکەر، پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ئامەد، سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە مەراسیمی کردنەوەی خوێندگاکەدا ئامادەبوون.

سەرەڕای داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسانە داگیرکارییەکان نابین و دەڵێن، کە دەمانەوێت سیستمی پەروەردەی تورکیا لە هەرێم پێش بخەین، لە مەراسیمی کردنەوەی خوێندگای وەقفی مەعارفدا، نێچیرڤان بارزانی وتی: نیازمان وایە لە بواری پەروەردەدا پەیوەندییەکانمان بە تورکیاوە پێش بخەین.

سەفین دزەیی ش وتی: دەمانەوێت ئەزمونی تورکیا لە بواری سیستمی پەروەردەدا بەکاربهێنین، تورکیا لەڕووی پەروەردە و کلتورییەوە زۆر پێشکەوتووە.

سیستمی پەروەردەی تورکیا کە نێچیرڤان بارزانی و سەفین دزەیی بانگەشەی بۆ دەکەن چۆنە؟ ئەو سیستمە بە تەمەنی ١٠٠ ساڵەیەوە لە ڕیزبەندی جیهانی دا لە چ پلەیەکدا وەستاوە؟ ئاستی خوێندن و زانکۆکان لە بواری پەروەردە بە زمانی دایکیدا چۆنە؟

وەقفی مەعارف

وشەی "مەعارف" کە وشەیەکی عەرەبییە بە واتای پەروەردە دێت، وەقفی مەعارف لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە تورکیا دامەزرا، ئەو وەقفە هەم لە تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا خاوەنی ئەو مافەیە خوێندگا بکاتەوە، هەرچەند ئەو وەقفە بە فەرمی سەربە ئاکەپە نییە، بەڵام لە رووی عەقڵییەتەوە هەمان ڕێکار پەێرەو دەکات.

پێش هەوڵدان بۆ کودەتای ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، ئەردۆغان و فەتحوڵا گولەن بەشێوەی هاوبەش لە زۆر شوێنی جیهان خوێندگایان کردبووەوە، ئەو خوێندگایانە زیاتر لە پەروەردەی زانست، پەروەردەی ئاینی دەکرد، پاش ١٥ی تەموز وەقفی مەعارف بە فەرمانی ئەردۆغان کراوەتەوە و لەسەر هەمان عەقڵییەت کاردەکات.

لە ئەفریقا، ئاسیا، بەڵقان و زۆر شوێنی دیکەی جیهان خوێندگای وەقفی مەعارف کراوەتەوە، کە لە ناویاندا زیاتر پەروەردەی ئاینی و مێژووی تورک پەرستی و عوسمانییەکان وەک وانە بە بنەما دەگیرێت.

لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا کێشەی زۆر جدیی هەیە، لەو سیستمەدا "یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک نەتەوە و یەک وڵات" بە بنەما دەگیردرێت، سەرەڕای ئەوەی سەد ساڵ بە سەر دامەزرانی ئەو سیستمەدا تێپەڕدەبێت، هێشتا پەروەردەی زمانە دایککییەکان لەناویدا قەدەغەیە، هەروەها ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن کورد کە لە تورکیا دەژین بێبەش کراون لەوەی بە زمانی دایکییان پەروەردە ببینن، ئەوەش تەنیا تایبەت بە کورد نییە و نەتەوەکانی سوریانی، ئەرمەنی، کەلدانی و گەلانی دیکەش دەگرێتەوە.

ساڵانێکی درێژە کە عەلەوییەکان بەبێ ئەوەی بیانەوێت بە زۆرەملی وانەی ئاینییان پێ دەوترێتەوە و پەروەردەی ئاینی بەسەر منداڵەکانیاندا دەسەپێندرێت.

هەموو ناوەندە پەروەردە کوردییەکان داخران

دەوڵەتی تورک جگە لە زمانی تورکیی هیچ زمانێکی دیکە بۆ پەروەردە قبوڵ ناکات، هەموو ناوەندە پەروەردە کوردییەکان کە بە سەختی دامەزرابوون داخران، زیاتر لە ١٠٠ شارەوانی کە بە ڕەنجی گەلی کورد کرابوونەوە هەموویان دەستیان بەسەردا گیرا، سەدان ماڵی گەل لەباکوری کوردستان داخران، بەو شێوەیە هەموو جۆرە پەروەردەیەک بە زمانی کوردی قەدەغەکرا، ناوەندی کور_دەر کە بۆ پەروەردەی زمانی کوردی دامەزرابوو، ئەوشی داخرا.

تواندنەوەی کلتوریی

Image result for kuzey kürdistan da ana dil eğitimi veren kürt kurumları

باخچەی منداڵانی خاڵخاڵۆکە و ئەو باخچەی منداڵانەی وا ژێڕ چاودێریی شارەوانیی شاری ئامەد دا کرابوونەوە داخران و لە جیاتییان سیستمی پەروەردەی یەک زمانیی داندرا، بۆ نموونە ناوەندە پەروەردەکانی وان داخران و لە جیاتییان کۆرسی قورئان کرایەوە.

ئەو سیستمەی بارزانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن، لە ڕاستییدا مافی پەروەردەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی دانیشتووی تورکیا ڕەتدەکاتەوە، لەجیاتی خوێندگا سیستمی تواندنەوەی کلتوریی دەکاتەوە، لە هەرێمی کوردستان منداڵەکان بە زمانی سۆرانی پەروەردە دەبینن، پەرەسەندنەوەی وەقفی مەعارف مەترسییەکە بۆسەر زمان و سیستمی پەروەردەی کوردی.

ئەردۆغان لەکاتی کردنەوەی ئەکادمییەک لە شاری ئزمیر قسەیکرد و وتی، کە چۆن دەبێت لە ٥٠٠ زانکۆ یەکەمی جیهاندا هیچ زانکۆیەکی تورکیای تێدا نەبێت؟ ئەوەش دانپێدانانێکە بۆ ئەوەی ئەو سیستمە پەروەردەیە سیستمێکی سەرکەوتوو نییە.

لە ساڵی ٢٠١٣ بەدوا، سیستمێکی نوێی پەروەردە لە تورکیا پەرەی پێدرا، کە هێشتا ناڕەزایی زۆر لەدژیدا هەیە، بەپێی ئەو سیستمە نوێیە لەجیاتی وانەکانی زانست، تەکنۆلۆجیا و زمانی بیانی، وانەکانی ژیانی حەزرەتی محەمەد، کلتوری ئاینی و ئەخلاق و قورئانی کەریم داندران وەک وانەی زۆرەملی لە سیستمی پەروەردەدا جێیان گرت.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی تورکیا لەسەر فەرمانی ئەردۆغان لە خوێنگای ئامادەییەوە دەنێردرێنەوە خوێندگای ئیما خەتیبەکان، لەو خوێندگایانەدا لەجیاتیی وانە هونەر و تەکنۆلۆجیا و زانست، وانەی ئاینی دەتورێتەوە، حکومەت بەو بەهانەیەی لە خوێندنگاکانی دیکەدا شوێنی بەتاڵ نەماوە، منداڵان ناچاردەکات بچنە ئەو خوێندگایانە.

لە ڕاپۆرتێک دا Times Higher Education بڵاوی کردووەتەوە، ١٠٠ زانکۆی یەکەمی جیهانی بە ڕیز هێناوە، لەو ڕاپۆرتەدا لە ناو ٣٠٠ خوێنگای یەکەمی جیهاندا هیچ زانکۆیەکی تورکیای تێدا نییە، لە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ یش تەنیا سێ زانکۆی تورکیای تێدایە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئەمریکادا ئەنجامدراوە، ئاستی خوێندن لە تورکیا لە پلەی ٥٠یەمی جیهانی دایە، لە تورکیا لە تەمەنی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدا لە نێوان هەر  ١٠٠ کەسدا دوو کەس خوێندن و نووسین نازانێت، ٢٢١ هەزار گەنج لە تورکیا خوێندن و نووسین نازانن، کە ٩٥ هەزاریان پیاو و ١٢٦ هەزریشیان ژنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فۆرومی ئیکۆنۆمیکی جیهانی، کە بەناوی "کوالیتیی پەروەردە لە ساڵی ٢٠١٨" بڵاوی کردووەتەوە، ئاستی پەروەردەی تورکیا لە نێوان ١٣٧ وڵات لە پلەی ٩٩ دا جێ دەگرێت، وڵاتانی قەتەر، مالزیا، ئیندۆنیسیا، ئێران و پاکستان لە پێش تورکیادان.

بەگوێرەی ئەم ئامارانە و ئەو تایبەتمەندییانەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێدرا، دەتوانین پرسیاربکەین ئەو سیستمە پەروەردەیەی نێچرڤان بارزانی و سەفین دزەیی بانگەشەی بۆ دەکەن، کامەیە و بە کامە پێوەرەکان دەڵێن باشە؟

 

 

ش.ف