سێ ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شەنگال-دا تێدەپەڕێت

سێ ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شەنگال-دا تێدەپەڕێت و ئێستا خەڵکی شەنگال خاوەنی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی-ن و خۆیان بڕیار لەبارەی خۆیانەوە دەدن.


پاش نزیکەی دووساڵ مانەوەی لە چنگی چەتەکانی داعش-دا، ڕۆژی ١٣ی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥دا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە کوردییەکانناوەندی شارۆچکەی شەنگال-ی سەر بە پارێزگای موسڵ لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا.

سەرەتای هێرشی چەتەکان بۆسەر شەنگال

ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، دوای هەڵهاتنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، فەرمانی ٧٣ هەم بۆ سەر شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعش-ەوە پێکهات، بەو هۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و بەهەزاران ژن و منداڵ-یش ڕفێندران و بەدیل گیران و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە و سەبایە فرۆشران، هەروەها سەدان هەزار هاوڵاتی-ش ئاوارەبوون.

ڕۆژێک پێش هێرشی چەتەکان، ١١ بۆ ١٢ هەزار پێشمەرگەی پارتی و هێزەکانی ئاسایشی سەربە پارتی بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی شەنگال-یان چۆڵ کرد و خەڵکی ئێزدی بێ بەرگریی مانەوە، ئەو پێشمەرگانە پێش کشانەوە نەک چەکیان بۆ خەڵک بەجێ نەهێشت بەڵکو ئەو هاوڵاتییە ئێزدییانەشیان چەک کرد کە بۆ خۆیان چەکیان هەبوو.

لە بیرەوەریی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئەنجامی فەرمانی ٧٣ هەمدا زیندوو ماونەتەوە هاتووە، "ژمارەیەک لە گەنجانی ئێزدی لە خانەسۆر ڕێگایان بە کاروانی پێشمەرگە ڕاکردووەکانی پارتی گرت و داوای چەکیان لێ کردن بۆ بەرگریی لە خۆیان، بەڵام پێشمەرگەکان لە جیاتی ئەوەی چەکیان بدەنێ دەستڕێژی گولـلەیان لێکردن و ژمارەیەکی زۆری ئەو گەنجانەیان کوشت".

چەتەکانی داعش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەیان هەزار هاوڵاتی ئێزدیان کۆمەڵکوژکرد و بەدیلیان گرتن، ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکەکەش بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی خۆیان لە چنگی چەتەکان ڕزگاربکەن.

گەیشتنی گەریلا بۆ بەهانەوەچوونی خەڵکی شەنگال

پاش داگیرکردنی موسڵ لە مانگی حوزەیرانی ٢١٠٤ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەستیان بە مەترسی لەسەر شەنگال کرد، بۆیە تیمێکی ١٢ گەریلایی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)یان ڕەوانەی سنووری شەنگال کرد، بەڵام لە بازگەکانی پارتی سێ لەو گەریلایانە دەستگیرکران و نۆ گەریلایان گەیشتنە شەنگال.

لەڕۆژی هێرشەکە نۆ گەریلاکەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، شەنگالیان بەجێنەهێشت و لە چیای شەنگال گەنجانی ئێزدیان ڕێکخست و یەکینەیەکیان پێکهێنا بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێزدی، ئەو نۆ گەریلایە بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک بە تاکە دۆشکەیەکەوە گیانی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئێزدییان لە دەستی هێرشی چەتەکان پاراست، تا ئەو کاتەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە گەیشتنە هاوڵاتییان و ڕێرەوەیەکی مرۆییان بۆ ئەو هاوڵاتییانە کردەوە بۆ ئەوەی بەرەو شوێنە پارێزراوەکان تێپەڕبن.

ڕۆژی ٨/ئاب هێزی گەریلا گەیشتە شەنگال و بەرگریی لەو هاوڵاتیانە کرد، کە لە شەنگال مابوونەوە و نەیانهێشت چیای شەنگال بکەوێتە دەستی چەتەکان.

ئاماری قوربانییەکان

بەپێی ئاماری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، "لەو هێرشەدا چەتەکان پێنج هەزار پیاوی ئێزدییان کۆمەڵکوژکرد، زیاتر لە ١٠٠ پیاویان سەربڕی، حەوت هەزار ژن و کچی منداڵی ئێزدی ڕفێندران و لە بازاڕەکاندا وەک سەبایە فرۆشران، دەستڕێژیی سێکسی کرایە سەر ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەو ژنانە".

هەروەها، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێزدی ئاوارەبوون و بۆ ماوەیەکی درێژ لە چۆڵەوانییەکاندا بێ نان و بێ ئاو مانەوە، ژمارەیەکیان لە برسان گیانیان لەدەستدا، کە ئامارەکەیان لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەهاتووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە و ژنانی ئێزدی بۆ ئەوەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل نەگیرێن خۆیان لە سەر بەرزاییەکان و تاشەبەردەکانەوە هەڵدایەوە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا کە ئەوەشیان لە ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێنەدراوە.

دامەزراندنی هێز لە خەڵکی شەنگال

چەند گەنجێکی ئێزدی لەژێر کاریگەریی گەریلاکانی هەپەگە، بڕیاریان دا یەکینەی بەرگریی لە خەڵکی ئێزدی دامەزرێنن، ئەو گەنجانە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال (یەکینەکانی ژنانی شەنگال)-یان دامەزراند و خۆیان ڕێکخست، پاشان داوایان لە فەرماندەیی هەپەگە کرد بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات.

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شەنگال

دوای جێگیربوونیان، یەبەشە و یەژەشە و هەپەگە و یەژاستار هێزی هاوبەشیان دروستکرد و دەستیان بە ڕزگارکردنی گوندەکانی شەنگال کرد و شەڕڤانان و گەریلاکان ڕۆژانە دژی پێگەکانی چەتەکان چالاکییان ئەنجامدا و گورزی قورسیان لێدان و چەند گوندێکیان ڕزگارکرد.

لە ڕۆژی ٨/١٠/٢٠١٥ ش ئۆپەراسیۆنی دۆڵی شیلۆ-یان بۆ ڕزگارکردنی شەنگال دەستپێکرد و زۆربەی گوندەکانی شەنگال-یان ڕزگارکرد، تا ئەوەی کە لە ڕۆژی ١٢ی نۆڤەمبەردا شارۆچکەی هۆلی سەربە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان شەنگال و ڕۆژئاواوە لەلایەن شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە ڕزگارکرا، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە شەنگال پێگەی ستراتیژی بۆ مانەوە لە ناو شارەکەدا لە دەست بدەن، بۆیە لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانان و گەریلاکان بۆ ڕزگارکردنی شەنگال نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و بەرەو موسڵ پاشەکشەیان کرد.

ناوەندی شەنگال لە دەستی چەتەکاندا مایەوە هەتا ڕۆژی ١٣/١١/٢٠١٥ پێشمەرگە-ش بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کرد و ناوەندی شەنگال بە تەواویی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا.

بەڕێکخستنبوونی خەڵکی ئێزی

هاوڵاتیانی ئێزدی بە گەڕانەوەیان بۆ شەنگال دەستیانکرد بە ڕێکخستنی خۆیان، لە هەموو ڕووەکان و بوارەکاندا ناوەند و ڕێکخراویان دامەزراند، ١٤ی مانگی ١ی ٢٠١٥ ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگال دامەزرا، لەژێر چەتری ئەو ئەنجومەنەدا ڕێکخراو و ناوەندی دیکە کرانەوە، ئەو ئەنجومەنە هەوڵیدا کە فەرمانی ٧٣ یەم وەک جینۆساید بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بناسێنێت، هەر لەو ساڵەدا ئەنجومنی ژنان دامەزرا و پاشان کە گەورە بووەوە خۆی بە تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ، ناساند.

هەروەها سیستمی ئاسایشی ناوخۆی شەنگال دامەزرا، دواتر لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئاسایشی ئێزدخان دامەزرا و هەزاران کچ و کوڕی ئێزدی بەشداری بوون.

یەکێکی دیکە لەو هەوڵانەی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگای ئێزدی درا، سیستمی پەروەردە بوو، بۆیەکەم جار زمانی دایکی لە شەنگالدا گرنگیی پێدرا، ئەکادمیای گشتی و سەربەخۆ دامەزرێندرا و مامۆستاکان تێیاندا پەروەردەکران، پاشان لە خانەسۆر و سەردەشت خوێندنگا کرایەوە و دواتر لە ناوەندی شەنگال، سنون، سەردەشت و خانەسۆر پەروەردەی زمانی دایکی دەستیپێکرد.

لە بواری کلتوریشدا هەنگاوی گرنگ نرا و بۆ پاراستنی کلتور و مێژوو و ئاینی ئێزدی ئامادەکاری ئەنجام درا، هەروەها ناوەندەکانی کلتور و هونەر دامەزران.

لەلایەکی دیکەوە لە ڕووی ئابووریی و خزمەتگوزاریشەوە هەوڵدراوە، یەکەم جار شارەوانی سەردەشت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی هاوڵاتیان دامەزرا، پاشان لە زۆراڤا، گوهبەل، بۆریک، دهۆلا، دگورێ، خانەسۆر و ناوچەکانی دیکە، ناوەندی شەنگال شارەوانی کرایەوە، بۆ گەشەپێدان بە سیستمی ئابوورییش چاندنی هەرەوەزیی بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا پەرەی پێدرا.

ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەڤگەری دیموکراتی ئازادیی ئێزدییانیان دامەزراندبوو، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە کۆنگرەی ئەو حزبەدا، ناوی حزبەکە بە پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان گۆڕا، پادێ لە ساڵی ٢٠١٧دا بە فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسندکرا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا بەشدارییان کرد و زیاتر لە شەش هەزار دەنگیان هێنا.

٣٠ی ئایاری ٢٠١٧ ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگال کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد و ناوی بە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال گۆڕی.

لە مانگی ئازاری ٢٠١٨دا کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک گەریلاکانی لە شەنگال کشاندەوە و رایگەیاند، کە ئەرکی هێزەکانمان لە شەنگال کۆتایی پێهاتووە.

ئێستای شەنگال

دەتوانین بڵێین کە ئێستا ژیانێکی نوێ لە شەنگال پێکهاتووە، ئێزدخان هێزی پاراستنی یەبەشە و یەژەشەی هەیە و پادێش وەک ئیرادەی سیاسیی گەل تێدەکۆشێت، هەوڵیش دەدەن، کە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دان بەو خۆبەڕێوەبەریەتیی شەنگال-دا بنرێت و چیتر نایانەوێت لەدەرەوەی شەنگال برایر لەبارەی شەنگالییەکانەوە بدرێت.

 

 

ش.ف