سەرهەڵدانی قامیشلۆ بنەمابوو بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا

ئەمڕۆ ١٥ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی و سەرهەڵدانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان-دا تێدەپەڕێت، کە گەلی کورد بەرامبەر دڕندەیی ڕژێمی ئەسەد و بەکرێگیراوەکانی وەستانەوە و چەندین شەهیدیان دا، ئەو سەرهەڵدانە بوو بە بنەمایەک بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا.


له ڕۆژی ١٢ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ دا ڕژێمی بەعسی سوریا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان عەرەبە شۆڤێنییەکانی بەکارهێنا دژ بە گەلی کورد، لە ئەنجامدا بە دەیان هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون، بەوهۆیەوە سەرهەڵدانێکی سەرتاسەریی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، بەتایبەتیش جەماوەی شاری قامیشلۆ.

سەرەتای ئاڵۆزییەکان:

سەرەتای ئاڵۆزیەکان لەوێوە دەرکەوت، کە لەو ڕۆژەدا یارییەکی تۆپی پێ لەنێوان تیپی جیهادی سه‌ر به‌شاری قامیشلۆ و تیپی فتوا سه‌ر به‌شاری دێره‌زۆر ئەنجامدرا و عەرەبەکان لەبەشێکدا و کوردەکانیش لە بەشێکی دیکەدا بۆ بینینی یارییەکی تۆپی پێ لە یاریگایەکی قامیشلۆ کۆبوونەوە.

لەکاتی یارییەکەدا گروپە شۆڤێنییەکان بەوتنەوەی دروشمی دژ بە کورد و به‌هاوکاریی هێزه‌کانی ڕژێمی بەعس په‌لاماری هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی کورد-یان دا و‌ هێزه‌کانی ڕژێمی به‌عس لایه‌نگرانی تیمی جیهادیان گولـله‌باران کرد که‌ زۆرینه‌یان کوردبوون و له‌ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی کورد شەهیدبوون.

سەرهەڵدان دەستیپێکرد:

له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ به‌هه‌زاران کوردی شاری قامیشلۆ ده‌ستیان به‌ سه‌رهه‌ڵدان کرد، ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ ڕۆژی دواتر له‌شاره‌کانی تری ڕۆژئاوای کوردستانیش ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.

ڕژێمی به‌عس به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ په‌لاماری خۆپیشانده‌ران و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نییدا له ‌شاری قامیشلۆ و به‌سه‌دان گه‌نج ده‌ستگیرکران و به‌ده‌یان که‌سی تر شەهیدکران و برینداربوون، هێزه‌کانی ڕژێم ڕێگایان نه‌دا برینداران ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ بکرێن و ئه‌وانه‌شی که‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کرابوون گه‌مارۆ دران.

له ‌دووه‌مین ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌دا، گه‌لی کورد له‌هه‌ر کونجێکی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیری سه‌رهه‌ڵدانی قامیشلۆیان کرد، ڕ‌ق و کینەی سه‌رهه‌ڵدانه‌کان گەیشتە شارەکانی حه‌له‌ب، لازقیه‌ و شام، له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌کاندا گه‌لی کورد داوای مافه‌کانی خۆیان و ڕاوه‌ستاندنی سیاسه‌تی شۆڤێنیستی بەعسی سوریان ده‌کرد، به‌ڵام ڕژێمی ئه‌سه‌د بە گولـلە وەڵامی دەدانەوە و نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی شەهید و سەدان کەس برینداربوون، هەروەها نزیکەی پێنج هەزار کەس لە شاره‌کانی قامیشلۆ، دێرک، حه‌سه‌که‌، سه‌رێکانی، عه‌فرین و کۆبانێ دەستگیرکران.

ئەو سەرهەڵدانە، وەک سەرەتای سەرهەڵدانی جەماوەری دژی ڕژێمی بەعسی سوری ناوزەدکرا و بوو بەهەوێنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەموزی ٢٠١٢ و سەر ئەنجام خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان و دواتر سیستمی فیدراڵی ڕۆژئاوا-باکوری سوریای لێ بەرهەم هات.

هەروەها، سیستمی هەڵاواردن و جیاوازیی نەتەوەیی بەتەواویی سەرەبن بووەوە و ئێستا شەڕڤانانی کورد و عەرەب بەیەکەوە و لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات-دا شەڕی چەتەکانی داعش دەکەن لە دێرەزۆر و لەسەر دەستی ئەوان کۆتایی بە چەتەکانی داعش د‌ێت.

ش.ف