سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران لە چەندین دەسەڵاتدا بەریەک دەکەون

سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران، لە چەندین بەندی یاساکاندا، دەسەڵاتەکانیان بەریەک دەکەوێت، ئەوەش ڕەنگە لەچوارساڵی داهاتوودا کێشە و ناکۆکی لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا درووستبکات.


یاسای ژماره‌ (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ى یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دیاریکراوە، لە ساڵەکانی  ١٩٩٤ و ١٩٩٦ و ٢٠٠٠ و ٢٠٠٤ و ٢٠٠٦ و ٢٠١٢ هەموار کراوەتەوە، هەروەها  یاسای ژماره‌ (2) یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ( سەرۆکی هەرێم)، لە ساڵی ١٩٩٢ دەرچووە، لەساڵەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩  و ٢٠١٤ هەموارکراوەتەوە.

ئەم دوو یاسایە، لە چەندین بەند و ماددەدا دەسەڵاتی هاوشیوەیان داوە بە هەردوو سەرۆکایەتییەکە، ئەمەش داهاتووی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا گرفت دروست بکات، لەبەر ئەوەی ڕەنگە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەدوو لایەنی جیاوازبن، یان دوو کەسی ناکۆکبن بەیەکەوە.

سەرۆکی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردن

لە ماددەی یەکی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکی باڵای ڕاپەڕندنە لە هەرێمی کوردستان.

بە هەمان شێوە، لە ماددەی ٢ی یاسای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی گەورەترین دەزگای جێبەجێکردنە لە هەرێمی کوردستان.

 

واتا لەهەردوو بەندەکەدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دراوە بە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئەمە دەکرێت هەردووکیان بۆ فشارخستنە سەر یەک دەسەڵاتیان بەکاربهێنن.

سەرۆکی هێزە چەکدارەکان

سەرۆکی هەرێم سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە، هەروەها لە ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی پێدانی پلەی تایبەت و بەرزکردنەوەی پلە دراوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ دوو وەزارەتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن، کە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەسەریاندا هەیە.

وەزیری هەرێم و سەرۆکایەتی دیوان

لەیاسای سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە سەرۆکی هەرێم بە ویستی خۆی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی دیوان دادەمەزرێنێت، واتا ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم کەسێکی تەواو دڵخوازی سەرۆکی هەرێمە.

لەیاسای سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکی هەرێم، کە لەساڵی ٢٠٠٥دا دەرچووە، لە ماددەی پێنج-دا هاتووە، سەرۆکی دیوان بۆی هەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئامادەبێت.

واتا سەرۆکی هەرێم بەردەوام کەسێکی لە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا دەبێت و بەشداریی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا دەکات.

دامەزراندن

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی دامەزراندنی فەرمانبەران و لەسەر کارلادانی فەرمانبەرانی هەیە، هەروەها بەپێی ویستی خۆی وەزیرەکانی کابینەکەی دەستنیشان دەکات، بەڵام سەرۆکی هەرێم مەرسوم بۆ دامەزراندنی پلە تایبەتەکان و پارێزگارەکان دەردەکات، هەروەها بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەکات، لەم دەسەڵاتەشدا دەکرێت ناکۆکی لەنێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا دروست بێت.

پێشنارکردنی پڕۆژە یاسا و پەسەندکردنی

لە ماددەی شەش لە یاسای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا، هاتووە، کە

دانان و پێشنیارکردنی پڕۆژە یاساکان

جێبەجێ کردنی یاساکان و پارێزگاریی کردن لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، لە بەرامبەردا بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم دەبێت واژۆ لەسەر یاساکە بکات، هەروەها دەسەڵاتی گەڕانەوەی یاساکەی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆیە دەکرێت لێرەشدا ناکۆکی لە نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا دروستبێت.

پاراستنی هەرێمی کوردستان

لە ماددەی شەش لە یاسای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەرکی پاراستنی هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆیە، هەروەها لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت، کە

کاتێک هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە ئەوا سەرۆکی هەرێم بڕیاریی پێویست دەدات، واتا هەردوکیان بەناوی پاراستنی هەرێمی کوردستان و بوونی مەترسی لەسەر هەرێم دەتوانن بڕیار بدەن، کە ڕەنگە بڕیارەکانیان دژ بەیەک بێت.

هەرچەند ماوەیەکی درێژە، هەردوو دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مومارەسە دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا هیش کێشەیەک لەنێوان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێمدا دروست نەبووە، ڕەنگە ئەوە بەهۆی ئەوەوە بووبێت، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم بووە، کە خاوەنی وتەی کۆتاییە لەناو بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی بووە، بەڵام لەئێستادا، کە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە دوو کەسی ڕکابەری یەکن لەنێو بنەماڵەی بارزانیدا ڕەنگە بینەری چەندین بەریەک کەوتنی یاسایی بین لە نێوانیاندا.

د.ع