سەرۆک وەزیران دیاری نەکراوە و فێڵی دەستوری بۆ بەدەستهێنانی کات دەدۆزرێتەوە

تا ئێستا هیچ کاندیدێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دیاری نەکراوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ڕەنگە فێڵێکی دەستوری بۆ بەدەستهێنانی کات بدۆزرێتەوە، شارەزایەکی دەستوریش دەڵێت: ئەگەر سبەینێ سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕانەسپێرێت ئەوە پێشێلی دەستوری کردووە و پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوەی لێبکات.


ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوە، ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نوسراوێکی فەرمی داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کرد، کە کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ ڕابسپێرێت.

ڕێکارەکانی ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستوری عێراق بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەش پێویستە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەماوەی ١٥ ڕۆژدا کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت، بۆ ئەوەش تەنها یەک ڕۆژ ماوە لەبەردەم سەرۆک کۆماردا بۆ ئەوەی کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

هەر بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستور، پێویستە سەرۆک کۆمار کەسێک لە ئەو فراکسیۆنە ڕاسپێرێت، کە زۆرترین ئەندام پەرلەمانی هەیە، بۆیە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، دکتۆر بەرهەم ساڵح، نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلەی براوەی بۆ دیاری بکات.

 ڕۆژێک دواتر حسێن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامی داوەتەوە، کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی هەمان ئەو کوتلەیەیە، کە بەنووسراوی فەرمی ساڵێک لەمەوبەر ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کراوە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کوتلەی سائیرون زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام لەدوای دەستبەکار بوونی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کوتلە شیعەکان عادل عەبدولمەهدیان وەک کاندیدی شیعە دیاریکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت، بۆیە بەهەمان شێوە ئێستاش یان دەبێت کوتلەی سائیرون کەسێک دیاری بکات، یان شیعەکان کەسێک دیاری بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کاندیدێک بە فەرمی دیاری نەکراوە.

حاکم شێخ لەتیف، شارەزا لە دەستوری عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: ئەبێت سەرۆک کۆماری عێراق لەماوەی ١٥ ڕۆژدا کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت، ئەگەر وانەکات ئەوە پێشێلی دەستوری کردووە و پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوەی لێبکات.

لەسەر هەمان بابەت، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوزی وت:ڕەنگە بۆ بەدەستهێنانی کات، بۆ ئەوەی نەکەونە بۆشایی دەستورییەوە، کەسێک بەبێ ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرن، بۆ ئەوەی بەلانی کەمەوە مانگێک کات بەدەستبهێنن.

دوو سیناریۆ بۆ بەدەستهێنانی کات دیاریکراوە

لەبەر ئەوەی لایەنە شیعەکان تا ئێستا نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاندید کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆیە یەکێک لەو سیناریۆیانەی بۆ بەدەستهێنانی کات گرتوویانەتە بەر ئەو سیناریۆیەیە کە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی پێکرد، ئەویش دیاریکردنی کەسێکە بەبێ ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتی بۆ پێکنەیەت لەماوەی مانگێکدا و دوای مانگێک سەرۆک کۆمار کەسێکی دیکە ڕاسپێراێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، لایەنە شیعەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیناریۆیە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە ناوی سێ کەسیان ڕادەستی سەرۆک کۆماری عێراق کردووە، کە بریتین لە: محه‌مه‌د شیاع سودانی، ئه‌سعه‌د عێدانی و مسته‌فا كازمی‌، هەروەها له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانیشه‌وه‌ ناوێكی ئاراسته‌ كراوه‌ به‌ناوی حاكم ڕائد جوحی.
سیناریۆی دووەم

سیناریۆی دووم بۆ بەدەستهێنانی کات ئەوەیە، کە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە سەرۆک کۆماری عێراق دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەندکرد، ئەوەش ڕەنگە بکرێتە ڕێوشوێنێکی دەستوری بۆ ئەوەی لە ڕۆژی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەوە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، ١٥ ڕۆژ دیاری بکرێت بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەش واتای ئەوەیە کاتەکە بۆ ٣٠ی ئەم مانگە درێژ دەکرێتەوە.

ئەنجام

بەپێی هەریەک لەو سیناریۆیانەبێت کە داڕێژراوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە، هەروەها وەک دەردەکەوێت، لایەنەکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن جێگای ڕەزامەندنی خۆپیشاندەراندا بێت و بتوانێت شەقامی عێراق ئارام بکاتەوە، ئەوەش کارەکەی ئاستەمتر کردووە و بەهۆیەوە ناتواندرێت کەسێک بەخێرایی بۆ ئەو کارە دیاری بکرێت.

کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، کە ماددەی ٨١ی دەستور ماوەی یەک مانگی داوەتە کابینەی حکومەت کە لەدوای لەسەر کار لاچوونی سەرۆک وەزیران ببێتە حکومەتی کار بەڕێکەر، واتا هەتا ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە وادەی حکومەتی کاربەڕێکەریش کۆتایی دێت و عێراق دەکەوێتە بۆشاییەکی یاسییەوە و عێراق بێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەمێنێتەوە.

د.ع