شەنگال دوای ڕادەستکردن و ئازادکردنەوەی بەرەو ئاوەدانی دەچێت

پێنج ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٣ یەمی سەر ئیزدییەکاندا تێپەڕبووە، هێشتا هەزاران کەس دوورن لە خاکیان و هەزارانیش لە دەستی چەتەکاندا ماونەتەوەو شەڕڤانانی قەسەدە ناوبەناو لێیان ئازاد دەکەن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، ئێستا شەنگالییەکان لە ڕێگەی خۆبەڕێوەبەرییەوە لە ئامادەکاریی ژیانێکی نوێ-دان و خاکەکەیان ئاوەدان کردووەتەوە و دەیانەوێت ئاوەدانتری بکەنەوە، بۆ ئەوەش لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرییدا چەندین ڕێکخراو، شارەوانیی و دەزگایان دروستکردووە.


لە مێژووی خەڵکی ئێزدی ئەوەی زیاتر لە هەموو شت دەبیندرێت فەرمانە، دوایین فەرمانی سەر ئێزدییەکان لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٤ دا ڕوویدا، لە پێنجەمین ساڵیادی ئەو فەرمانەدا برینەکانی شەنگال هێشتا ساڕێژنەکراون و تا ئێستاش چ حکومەتی عێراق و چ هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆی ئێزدییەکانیان نەکردووە.

لە ٣ی ئابدا چی ڕوویدا و چۆ شەنگال ڕادەستکرا؟

چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ وە جوگرافیایەکی بەرفراوانی عێراق و سوریایان داگیر کرد، چەتەکان کۆمەڵگای کورد و باوەڕە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردە ئامانج، ڕۆژی ١٠ی مانگی شەشی ٢٠١٤شاری موسڵیان داگیرکرد و کۆمەڵکوژییان لە لەو شارەدا پێکهێنا و شوێنە پیرۆزەکانی ئایینی کەمینەکان و شوێنەوارە مێژووەکانیان تەقاندەو، بە داگیرکردنی موسڵ سەرتاسەری دەشتی نەینەوا و پارێزگای موسڵ، بەتایبەتی شەنگال کەوتە مەترسییەوە، هێزەکانی سوپای عێراق لە موسڵ کشابوونەوە و شەنگالیشیان چۆڵ کردبوو، چەتەکانی داعشیش بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژییەکانیان لە ناوچەکەدا و بەردەوام هەڕەشەیان لە باوەڕەکانی دیکە دەکرد، ئەوەش مەترسییەکانی بۆسەر کۆمەڵگای ئێزدی زیاتر کردبوو.

پارتی پێشمەرگەکانی خۆی کشاندەوە

پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراق شەنگالیان چۆڵکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢ هەزار پێشمەرگەی ناردە شەنگال، لەو کاتەدا چەتەکانی داعش هێرشەکانیان بەرفراوان کردەوە و ژمارەیەک لە گوندەکان و شارۆچکەکانی دەوروبەری شەنگالیان داگیرکرد، بەو شێوەیە شەنگال گەمارۆدرا و چەتەکان بەرەو شەنگال بەڕێکەوتن، خەڵکی شەنگال پێیان وابوو، لەگەڵ هەموو ئەو مەترسی و هەڕەشانە پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لەوان لەوێن، تەنیا شتێک کە بیریان لێنەدەکردەوە و کشانەوە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی بوو لە شەنگال.

ئەو کاتەی شەنگال لەلایەن پێشمەرگەکانی پارتییەوە چۆڵکرا، چەتەکان بەرەو شەنگال بەڕێکەوتبوون، هەموو رێگاکانی بەرەو شەنگال جگە لە ڕێگای ڕەبیعە کە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بوو لەلایەن چەتەکانەوە داخرابوون، ئەو رێگایەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پارتیدا بوو، چەتەکان لە دەستپێکی ئابی ٢٠١٤-وە دەستیان کرد بە تۆپبارانکردنی ناوەندی شەنگال، بەڵام ڕێگانەدەدرا بە هاوڵاتیان کە ماڵەکانیان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بگوازنەوە، یان لە ڕێگای ڕەبیعەوە بەرەو شوێنە پارێزراوەکانی باشوری کوردستان لە شەڕ بچن، هەر لەو ڕۆژانەدا چەتەکان شارۆچکەی ڕەبیعەشیان داگیرکرد و شەنگال لە هەموو لایەنەکانەوە گەمارۆدرا.

گەورەترین تاوان و هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال لە شەوی ٢ لەسەر ٣ی ئابدا ڕوویدا، ئێزدییەکان لەو ڕۆژەدا جەژنی چلەی هاوینیان پیرۆزدەکرد، چەتەکان کاتژمێر ٠٢:٠٠ی نیوەشەو هێرشیان کردە سەر گوندەکانی سیبا شێخ خدر و گر زەرکی باشوری شەنگال، گەنجانی ئێزدی لەو دوو گوندەدا تا کاتژمێرەکانی بەیانی چاوەڕێی پێشمەرگە بوون هاوکارییان بکات، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە هاوکارییان نەکرد و جبەخانەکانی ئەو گوندانەشیان بەتاڵ کردبوو، لە ئەنجامدا چەتەکان ئەو دوو گوندەیان بەتەواوەتی کۆمەڵکوژکرد.

ئەو کاتەی سەرلەبەیانیی ٣ی ئاب چەتەکان چوونە ناو شەنگالەوە، هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی شەنگالیان چۆڵ کردبوو، لەو ڤیدیۆیانەی لەو ڕۆژە تۆمارکراون، پێشمەرگەکان لەکاتی کشانەوە لە شەنگال دەیانوت:"بە فەرمانی سەرەوە دەکشێینەوە"، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەوە بڕیاردرابوو هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە شەنگال بکشێنەوە، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان لە چەندین شوێنی شەنگال مانەوە و بەرخۆدانیان کرد.

شەنگال بەبێ بەرگری بەجێهێڵرابوو سەدان هەزار هاوڵاتیی ڕادەستی چەتەکان کرابوون، بەگوێرەی ئامارەکان ژمارەی دانیشتووانی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا ٥٠٠ هەزر و ٧٥٠ کەس بووە، چەتەکان هێرشیان بۆسەر ناوەندی شەنگال دەستپێکردبوو هەر کەسێک لە بەرامبەریان بوەستایە دەیانکوشت، هەروەها منداڵان و ژنانیان دەڕفاند، ئەو هاوڵا‌تیانەی نەکەوتنە دەستی چەتەکانەوە بەرەو چیای شەنگا بەڕێکەوتن، سەدان هەزار کەس بەرەو چیاکان چون، بەڵام دەیان هەزاری دیکەش کە نەیانتوانی خۆیان ڕزگاربکەن لەلایەن چەتەکانەوە کۆمەڵکوژ، ڕفێندران و بێسەروشوێن کران.

تا ئێستا ئاماری دروست لەبارەی ئەو ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن چەتەکانەوە کوژران و ڕفێندران ڕانەگەیەندراوە، لەو بارەیەوە ژمارەی جیا دەوترێت، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە، لە دوای فەرمانەکەوە تا ئێستا ناوبەناو دیلەکان ڕزگار دەکەن و ڕادەستی شەنگالیان دەکەنەوە.

ڕۆڵی گەریلاکان

ئەو کاتەی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، گروپێکی بچوک لە گەریلاکانی هەپەگە خۆیان گەیاندبووە شەنگال و بە تێکۆشانێکی مێژووییەوە بەرگرییان لە خەڵکی ئێزدی کرد و بوونە هۆی ڕزگاربوونی سەدان هەزار ئێزدی لە فەرمان، پاشان شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە چوونە شەنگال و ڕێرەوێکی مرۆییان لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە.

بە چوونی سەدان هەزار هاوڵاتی ئێزدیی بۆ چیای شەنگال مەترسیی کۆمەڵکوژیی سەریان زیاتر بوو،  بەڵام بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە دەستێوەردانی دۆخەکەی کرد و ڕێگای نەدا ئەو فەرمانە لە چیای شەنگال بەردەوامی پێبدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢ هەزار پێشمەرگەی ناردبووە شەنگال، بەڵام بە چوونی چەتەکانی داعش بۆ ئێزدخان، ئەو هێزانە شارەکەیان بەجێهێشت و خەڵکیی ئێزدییان بێ پاراستن هێشتەوە.

یەکێک لەو هێزانەی بەرگریی لە شەنگال کرد، پەکەکە بوو، پاش داگرکردنی موسڵ لەلایەن چەتەکانەوە، پەکەکە دەستیکرد بە هەوڵدان بۆ ئەوەی شەنگال لە مەترسییەکان بپارێزێت، بۆیە ١٢ گەریلای هەپەگە بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناوچەکە ڕەوانەی شەنگال کران، پارتی سیان لەو گەریلایانەی دەستگیرکرد. 
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، ئەو کاتە لە پاش فەرمانەکە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی وتی: ئێمە بانگەوازیمان کرد و هەروەها پێشنیارمان کرد بە هەڤاڵانی دەرەوەی وڵات کە دیدار ئەنجام بدەین، بەڵام قبوڵیان نەکرد، ئەگەر لەو بارەیەوە کارێک ئەنجام بدرایە ئەو فەرمانە ڕووی نەدەدا، پێشنیارمان ئەوە بوو گروپێکی پسپۆڕ و گروپێکی دیکە بچنە شەنگال و ئامادەکارییەکان بۆ بەرگری ئەنجام بدەن، پارتی بەوەی زانی و سێ لە هەڤاڵامانی دەستگیرکرد!، ئێستا ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕیوە، بەڵام ئازاد نەکراون.

هەر لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا موراد قەرەیلان وتی، کە ئێمە دەستێوەردانی دۆخی شەنگال دەکەین و بەرگری لە خەڵکی دەکەین.

پەکەکە بڕیاری بەرگری دابوو، بەڵام خەڵکی ئێزدیش لەلایەن چەتەکانەوە گەمارۆدرابوون، لەو ١٢ گەریلایەی نێردرابوون بۆ شەنگال نۆیان خۆیان گەیاندە چیای شەنگال و بە بەرخۆدانی بێ وێنەیان سەدان هەزار هاوڵاتییان ڕزگارکرد، ئەو گەریلایانە بە تەنیا دۆشکەیەک کە پێشمەرگەکان بەجێیان هێشتبوو ئەو کارەیان کرد.

بە دەستێوەردانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ڕۆژی ٤ی ئاب لە شارۆچکەی جەزای ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنێک لەدژی چەتەکان دەستیپێکرد و بەرخۆدانی مێژوویی نیشاندرا، لەو نێوانەدا بە هاوکاری و ڕاوێژەکانی گەریلاکانی هەپەگە و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە دامەزرا.

لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانەدا شەڕڤانان و گەریلاکان گورزی توندیان لە چەتەکانی داعش دا، لەلایەکەوە توانیان چیای شەنگال کۆنتڕۆڵ بکەن و لەلایەکی دیکەوە ڕێرەوەیەکی مرۆییان لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوا کردەوە، کە ٧٠ کیلۆمەتر درێژایی هەبوو، بە شێوەیە سەدان هەزار هاوڵاتی گوازرانەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ.

هەرچەندە پێنج ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕیوە، هێشتا هەزارانیان لە چارەنووسێکی نادیاردا دەژین، هەروەها حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی-یش هاوکارییەکی ئەوتۆی شەنگالیان نەکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی هیچ هەنگاوێکیان نەناوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، بە دروستکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی و هەبوونی هێزی خۆیان 'یەبەشە و یەژەشە'، شەنگالییەکان دەڤەرەکەی خۆیانیان ئاوەدانکردووەتەوە و بەردەوام هەوڵ دەدەن ئاوەدانتری بکەنەوە.
س.ح