شەنگال لە ٢٠١٨دا

لە ساڵی ٢٠١٨ لە شەنگال زۆر گەشەدانی گرنگ ڕوویاندا، لەلایەک هەڕەشە و هێرشەکانی دەولەتی تورک بەردەوام بوون و لەلایەکی دیکەشەوە لە بواری ئیرادەی سیاسی و پاراستنی ناوچەکە هەنگاوی گرنگ نرا.


شەنگال و خەڵکی ئێزدی سالێکی دیکەیان بەڕێکرد، کە بەدەر نەبوو لە ئێش و ئازار، هەروەها هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە و ناسینی ئیرادەی سەربەخۆ و دیموکراتی تێدا بوو.

کاتێک دەوڵەتی تورک لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا دەستی بە هێرشەکانی لەسەر عەفرین کرد، خەڵکی شەنگال-یش بۆ یارمەتیدانی بەرخۆدانی سەردەم لەسەرپێ بوون، بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیی شەنگال لە ٣ی شوبات بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی سەردەم بە کاروانێک چوونە عەفرین، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەو کاروانەی کردە ئامانج، لە ئەنجامیدا هاوڵاتییەکی شەنگال برینداربوو.

خەڵکی ئێزدی نەورۆزی ٢٠١٨ـەشی بەڕۆحی بەرخۆدانی عەفرین پیرۆزکرد و پشتیوانی خۆی لە بەرخۆدانی سەردەم کرد.

٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان،  لە شەنگال بەجۆشەوە پیرۆز کرا، گەل و شەڕڤانانی ئێزدی چوونە "باخچەی سەرۆکایەتی"، داریان چاند و ٦٩ـیەمین ساڵی لەدایکبوونی ئوجالانیان پیرۆز کرد.

لە ٢٣ی ئازار هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە لێدوانێکی نووسراو رایگەیاند، کە گەریلاکانی هەپەگە/یەژاستار کە لەدژی هێرشەکانی جەتەکانی داعش بۆ پاراستنی خڵکی شەنگال هاتبوونە ناوچەکە، ئەرک خۆیان بەجێ هێناوە و دەکشێنەوە، بەپێی بڕیارەکەی کەجەکە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، لە ٢ی نیسان بە مەراسیمێکی شکۆدار لەلایەن خەڵکی شەنگالەوە ماڵئاواییان لێکرا، گەریلاکان ئاسایشی شەنگال و دەوروبەریان ڕادەستی شەڕڤانانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان کرد.

پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان- پادێ، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ی گوڵانی ٢٠١٨ سەردانیان کرد و مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان بەدەست هێنا، بەو شێوە بۆ یەکەمجار حیزبێکی ئێزدییەکان سەربەخۆیانە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد، پادێ ١٥ی نیسان دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.

لە چوارەمین ساڵوەگەڕی فەرمانەکەی ٣ی ئاب، کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعش لە شەنگال پێکهات و بە هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران، هەموو پێکهاتەکانی دەشتی موسڵ بە ئامانجی بیرهێنانەوەی قوربانیەکانی ئەو فەرمانە لەسەر چیای شەنگال ڕیپێوانێکی جەماوەرییان بەڕێوەبرد، لە ڕێپێوانەکە جەخت لەسەر گرنگی یەکێتی، ئیرادە و پاراستنی ناوچەکە کرا.

لە مانگی ئاب هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر شەنگال بەردەوام بوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورک لە ١٥ی ئاب شەنگالیان بۆردوومان کرد، تێیدا ئسماعیل ئۆزدەن "زەکی شەنگالی" ئەندامی کۆردیناسیونی جڤاکی ئێزدی یان شەهیدکرد، کە لە مەراسیمی ساڵوەگەڕی بیرهێنانەوەی قوربانییەکانی کۆمەڵکوژیەکەی کۆچۆ دەگەڕایەوە.

لەساڵی ٢٠١٨ بۆ داهاتووی شەنگال هەنگاوی گرنگ هەڵگیرا، بەڕێوەبەر و بەرپرسیارانی ڕێکخراوەکانی شەنگال بە ئامانجی ڕاگەیاندنی داواکاری چارەسەری کێشەکانی خەڵکی شەنگال، ٥ی ئەیلول سەردانی بەغدا و نەجەفیان کرد، شاندەکە بە سەرۆکایەتی حسێن حاجی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال، لەگەڵ کاربەدەستان هەردوو شارەکە چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا، هەروەها سەردانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیوزخانەی ئەمریکایان کرد، کاربەدەستانی عێراقیش ڕایانگەیاند کە بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکەن، دوای سەردانەکە کە هەفتەیەکی خایاند، شاندەکە گەڕانەوە شەنگال و چاوپێکەوتنەکان لە مانگی دواییش بەردەوام بوو.

بۆ ئەوەی منداڵانی ئێزدی بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان پەروەدە بکەن، خەباتی پەروەردەیی بەردەوامی کرد، لە ٣٠ی ئەیلول کۆنفرانسی ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدیان لە شەنگال بە دروشمی "پەروەردەی منداڵان ئەرکی دەوڵەت و دەستەڵاتداری نییە، ئەرکی بنەڕەتی کۆمەڵگایە" بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکە جەخت لە گرنگی پەروەردە کرا و پلانسازی خرایەڕوو.

پادێ ٢٠ی تەموز لە شارۆچکەی خانەسۆر-ی شەنگال دووەمین کۆنگرەی خۆی بە درۆشمی " ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی" بە بەشداری ٣٠٠ ئەندام بەڕێوەبرد، لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەرانی نوێی پادێ هەڵبژێردران و لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بەڕێکخستنکردن چەن بڕیارێک درا.

لە شەنگال هەنگاوێکی گرنگ لە بواری پاراستن و بەرگرییەوە نرا، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئاسایشی چەند ناوچەیەک کە چەتەکانی داعش تێدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدابوو ڕادەستی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان-یان کرد، لە مانگی تەمموز هێزەکانی حەشدی شەعبی بە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی ئاسایشی گوندی سیبا شێخ خدر و شارەدەێی تل عوزێری شەنگال-یان کە لە چەتەکانی داعش پاککرابووەوە ڕادەستی یەبەشە و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ کرد، بەو شێوەیە هێزەکانی یەبەشە بە شیوەی کردەیی وەک هێزێکی پاراستن قبوڵکرا.

لە کاتێکدا کە ئەو گەشەدانە پێکهات، ئیدارەی پێشووی شەنگال کە گرێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق 'پ د ک'ن و لە فەرمانەکە و چوونی حەشدی شەعبی-دا هەڵهاتبوون، هەوڵیاندا لە مانگی تشرینی یەکەم بگەڕێنەوە شەنگال، بەلام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی گەل بوونەوە، لە ٣١ ی هەمان مانگ-دا قائیمقامی پێشووی شەنگال و ئەندامانی ئەنجومەنی پێشوو گەیشتنە دەروازەی شەنگال، بەڵام بە هەزاران هاوڵاتی کە لە ناوچەکە کۆببوونەوە، بە وتنەوەی دروشم نارەزایەتی خۆیان هێنایە زمان و وتیان:"ئێمە خائن و فاشیستمان لێرە ناوێت، لێرە بڕۆن"، بەهۆی ناڕەزایەتیەکانی گەلەوە قائیمقام و ئەندامانی ئەنجومەنی پێشوو گەڕانەوە.

دوای خۆپێشاندانی خەڵک، نوێنەرانی ڕێکخراو و رێکخستنەکانی شەنگال، ڕیشسپیەکانی شەنگال و سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال لەسەر داوای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، لە مانگی کانوونی دووەم کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بۆ یەکڕێزی ئێزدیەکان هەنگاوێکی گرنگ بوو، لیژنەی یەکڕێزی شەنگال دامەزرا، لیژنەکە دواتر لە بەغدا سەردانی ڕێکخستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق-یان کرد و داخوازیەکانی خەڵکی شەنگال-یان ڕاگەیاند، لیژنەکە هەروەها چەند چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق-یان ئەنجامدا.

لە ساڵێکدا لە بواری خزمەتگوزارییدا چەند هەنگاوێک نران، دوای ئەوەی گەل لە کاتی فەرمانەکەدا کۆچبەربوون و دیسان گەڕانەوە سەر خاکی خۆیان، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال، کارەکانی خزمەتگوزاریی فراوانتر کرد، لەو چوارچێوەیەدا لە ناوەندی شەنگال و گوندەکانی، دوگرێ، زۆراڤا و گوهبەل شارەوانی دامەزرا.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە کۆتاییەکانی ساڵیش بەردەوامی هەبوو، لە ١٣ی کانوونی یەکەم فڕۆکە جەنگییەکانی تورک دۆڵی شیلۆی شەنگال-یان بۆردوومان کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی یەبەشە-دایە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوو.

س.ح