كهمانگهر، عهلهمهولی، حهیدهریان، وهكیلی و ئیسلامیان، پێنج شۆڕشگێڕبوون لە تارییکترین هەلومەرجدا، له ناو گرتووخانه ڕەشەكانی رژێمی ئێران، تۆوی ئازادیی و بەرخۆدانیان چاند و دۆخی خۆبەدەستەوەدانیان گۆڕی بە سەرکەوتن، شێرکۆ وتەنی؛ لای ئێمە لەم جۆرە مەرگانەوە ژیان دەستپێدەکاتەوە، لەسەر ئەم سێدارانەوە سەرمان هەڵدەستێتەوە و شەوق ئەدەنەوە.
لەدوای هەرەسی شۆڕشی گەلانی ئێران، دەمێک بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلە ئازادییخوازەکەی، تینووی جوڵەیەکی سیاسیی و شۆڕشگێڕانەبوون، تا ئەوکاتەی سەر لەنوێ خەباتی چەکداریی و فکری بە فۆرمێکی نوێی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانە، لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و پریشکی شۆڕش، دێ بە دێ و شار بە شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، تەنانەت ئەو ناوچە کوردییانەش، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ شۆڕشێکی کوردییان پێنەگەشتبوو.
دوای دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک و پەرەسەندنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە سەدان لاوی کورد بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون، لەناو شارەکانیشدا ڕێکخستنی سیاسیی و مەدەنی پەرەیسەند.
لەبەرامبەردا ڕژێمی ئێران کەوتە سەرکوتکردن و داپڵۆسینی گەنجانی کورد، تیرۆر و سێدارەیان کرد بە دوو مەدالیای دیار و لە بەرۆکی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانیان دەدا، بەڵام لاوانی کورد لە تێکۆشانی خۆیاندا ئەوەیان سەلماند، کە لای ئێمە لەم جۆرە مەرگانەوە ژیان دەستپێدەکاتەوە، لەسەر ئەم سێدارانەوە سەرمان هەڵدەستێتەوە و شەوق دەدەنەوە.
لە بەرەبەیانی ٩ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠، پێنج ڕۆڵەی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ناوەکانی، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان، ئەو ڕۆژەدا لە زیندانی ئەوینی تاران لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ئێرانەوە بە بیانووی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک لە سێدارە دران.
هەریەک لەو شۆڕشگێڕانە، خاوەنی خەرمانێک لە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی و نەتەوەیی و مەدەنی و مرۆیی بوون، هەر ئەمەش ترسی خستە دڵی ڕژێمەوە.
فەرزاد کەمانگەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئاسک بووە، کە منداڵانی کوردی فێری نووسین و خوێندنەوە دەکرد، هەروەها بە نازناوی “سیامەند”ەوە وتاری بۆ گۆڤاری ڕۆیاندا نووسیوە، هاوکات چالاکوانێکی ناسراوی مافی ژنان بووە، لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٦دا لە تارانی پایتەخت لەگەڵ دوو هاوڕێی دەستگیرکرا.
دایکی فەرزاد کەمانگەر لە پرسەکەیدا دەڵێت:”ڕێگاکەیان وێڵ نەکەن، ئەو ڕێی مرۆڤایەتی گرتووە، کۆترەکەم ناردووە بۆ خوێندنگە، من فەرزادم پەروەردە کردووە بۆ کۆمەڵگە، پێشکەشی دەکەم بە کوردستان”.
شیرین عەلەمهولی، پێش لەسێدارەدانی وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەشکەنجەکانی زیندان، دەست بە مانگرتن دەکات و ٢٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تا دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ٢٩ی زیندانی ئەوین لە تاران، دوای شەش مانگ ئەشکەنجەدان لە سێدارە دەدرێت.
ئهگهر ئهمڕۆ ههموو گهلانی ئێران كامپهینهكانی “نا بۆ سێداره” و “بهڵێ بۆ دیموكراسی” به گوڕ و تینهوه جۆشدەدەن و بەڕێوەی دەبەن، له سایهی تێكۆشانی بێگهردی كهمانگهر و ههڤاڵانییەتی، تێكۆشانی شیرین عهلهمهولی، جاڕی گهورهترین ئاپۆڕای ژنانیدا بە دروشمی “نا بۆ دژایهتی ژن، بژی تێکۆشانی ژن”، كه ئەمڕۆ بهرههمهكهی له تێكۆشانی ژنان به ڕوونی دهبینین.