شەهیدانی مانگی گوڵان، ئەو مۆمانەی ناکوژێنەوە

لەمێژووی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیخوازیی گەلی کورد-دا، مانگی گوڵان خاوەن واتایەکی جیاوازە، لەو مانگەدا دەیان قارەمان و شۆڕشگێڕ گیانی خۆیان فیدای ئازادیی کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مانگی گوڵان بە مانگی شەهیدان دەناسرێت.


ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ماوەیەک بێدەنگییەکی سیاسیی و خەباتی شۆڕشگیرانەی بەخۆیەوە بینی، بە بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی جارێکی دیکە خەبات و شۆڕشگێڕیی تێدا زیندوو بووەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئێران لەبەرامبەر ئەو فکرە خۆی پێڕانەگیرا و دەستی بە هێرشکردن کرد.

دوای دامەزرانی پژاک و پەرەسەندنی تێکۆشانی ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەدان ڕۆڵەی قارەمانی گەلی کورد بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون، ئەمە جگە لەوەی، کە بە هەزاران کەس بە ناسینی فەلسەفەی عەبدولا ئۆجالان خەباتی ئازادیخوازانە و مەدەنییان لە هەموو شوێنێک بەڕێوە دەبرد، بۆیە دەسەڵاتی ئێران هەستی بە مەترسیی کرد و دەستی بە هێرش کردنەسەر ئەو هێڵە کرد، کە ئامانجی ئازادیی هەموو گەلانە.

٩/٥/ ٢٠١٠ ڕۆژێکە کە لە بیری هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە و دەمێنێت، لەو ڕۆژەدا چوار ڕۆڵەی قارەمان و کۆڵنەدەری گەلەکەمان بە ناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی لەگەڵ تێکۆشەرێکی دیکەی ئێرانی بەناوی مەهدی ئیسلامیان، لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا لە زیندانی ئێڤینی تاران لەلایەن حکومەتی دڕندەی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانە، لێشاوێکی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهان لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە دەستیپێکرد و ئەنجامەکەی بووە مانگرتنێکی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەو لەسێدارەدانانە لەئێرانیش لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەنمونە؛ زەهرا ڕەهنەوەرد، سیاسەتمەداری ئێرانی، کە ئێستا لە ماڵی خۆیدا گۆشەگیرکراوە، سیمین بهبەهانی، شاعیری دیاری ئێرانی لەو کەسایەتییە دیارانەن، کە بۆ فەرزاد و هاوڕێیانی شیعر و بابەتیان نووسیوە، هاوکات داریوش، گۆرانیبێژی ئێرانی و شاهین نەجەفی،ڕاپەریویئێرانی، پاش لە سێدارەدانی ئەو تێکۆشەرانە چەند هونراوەیەکیان پێشکەشکردووە، هەروەها دەیان نووسەر و کەسایەتی دیکە لە بارەی فەرزاد کەمانگەرەوە نووسیویانە و هەوڵیانداوە بەپێی توانایان نامەکانی وەرگێڕنە سەر زمانەکانی دیکە.

لەدرێژەی کاردانەوەکانی دژی ئەو لە سێدارەدانانە یونسکۆ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا لەسەر فشارەکانی حکومەتی ئێران دژی بازنەی پەروەردە، ئاماژەی بە لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر کرد و ئەو کارەی شەرمەزار کرد، یەکێتی ئەوروپا ئەو لە سێدارەدانانەی شەرمەزار کرد و ڕێکخراوی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤ وەک ماموستایەک فەرزادی کەمانگەری بەبیر هێنایەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا گروپێک کە خۆیان بە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست کرێکاری دەناساند، هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵگەریی ئێران لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنساش بەو شێوەیە هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران، لە واشێنتۆن، ئۆسلۆ و شارەکانی دیکەی ئەوروپاش ناڕەزایەتیی نیشاندرا و باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی ئێران ڕووبەڕووی تووڕەیی گەل بوونەوە.

لە سەرتاسەری کوردستان بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی حکومەتی ئێران، خەڵک خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد، لە شاری سلێمانی گربوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەچوو، گەلی کورد لە باکوری کوردستانەوە بەرەو سنوورە دەستکردەکان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا تا خاڵی سفری سنووریی، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی نیشاندرا و بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئەو خۆپێشاندانانە ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و بە دەیان کەس دەستگیر کران.

فیدراسیۆنی جیهانیی مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەری وەک ڕۆژێکی کارەساتبار بۆ ماموستایان و چالاکوانانی یەکێتیەکانی کرێکاران و مافەکانی مرۆڤ ناوبرد، یەکێتی ماموستایانی سویدیش بەهامان شێوە کردەوەکەی شەرمەزار کرد، هەروەها، پارتی سەوزی فەرەنسا بە ڕاگەیندراوێک ئەو لەسێدارادانانەی شەرمەزار کرد.

کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو شەهیدانە:

فەرزاد کەمانگەر:

فەرزاد کەمانگەر، لە سا‌ڵی ١٩٧٦دا لە شاری کامیارانی سەربە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئاسک بووە، هەروەها بە نازناوی "سیامەند"ەوە لە گۆڤاری ڕۆیاندا بابەتی نووسیوە، هاوکات چالاکوانێکی ناسراوی مافی ژنان بووە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٦دا لە تارانی پایتەخت لەگەڵ دوو هاوڕێی دەستگیرکرا، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لە ٩/٥/ ٢٠١٠دا لە زیندانی ئەوین لە تاران لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی لە سێدارە درا.

دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک ڕێزگرتن لە یادی ئەو شۆڕشگێڕە، ئاکادیمییەک بەناوی "فەرزاد کەمانگەر" دامەزرا، هەروەها لە باکوری کوردستانیش دوای قۆناغی ئاشتیی، یەکەم خوێندنگای تایبەتی کوردی بەناوی "شەهید فەرزاد کەمانگەر" ناونرا.

شەهید فەرزاد کەمانگەر لە زیندانەوە چەندین نامەی نووسیوە، لە دەستپێکی یەکێک لە نامەکانیدا لە سەر زاری فریدریش نیچە، فەیلەسوفی ئەڵمانییەوە دەنووسێت:"کەسێک کە لە بن و ڕیشەوە مامۆستایە، هەموو شتەکان، تەنانەت خۆشی، لە پەیوەندی بە شاگردەکانییەوە 'خوێندکار' بە جدیی وەردەگرێت"، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە کەمانگەر بۆئەوەی ببێتە وەها مامۆستایەک لە جەستەی هەموو خوێندکارەکانیدا ژیاوە و ئازارەکانی چەشتوون.

شیرین عەلەمهولی

شیرین عەلەمهولی ٣/٦/١٩٨١ لە گوندی دێم قشڵاقی سەربە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیە لە دایک بووە، ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری ڕیزی گەریلاکانی پژاک بوو، ٢٥/٤/٢٠٠٨ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە تارانی پایتەخت دەستگیرکرا و ڕۆژی  ٩ /٥/٢٠١٠دا لە زیندانی ئەوین لە تاران لەسێدارە درا.

شەهید شیرین وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەشکەنجەکانی سوپای پاسداران لە زیندان، دەست بە مانگرتن دەکات و ٢٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت تا دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ٢٩ی زیندانی ئەوین لە تاران، دوای شەش مانگ ئەشکەنجە دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ژنان هەر لە زیندانی ئەوین، لە ١٩/١٢/٢٠٠٩ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پژاک سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت بێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بەرگریی لەخۆی بکات، هەر دوای ئەو حوکمە ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ کەمپەینێکیان ڕێکخست بەناوی "تا لابردنی سزای لەسێدارەانی شیرین" و بە دوو هەزار و ١٠٠ واژۆ بڵاویان کردەوە.

کاربەدەستانی ئەمنی وەزارەتی ئیتلاعات بەنیازبوون فێڵی لێبکەن و دانپێدانانی تەلەفیزیۆنیی لێوەرگرن، بۆیە بەڵێنیان دا کە ئەگەر ئەوە بکات ئازادی دەکەن، بەڵام شیرین بەرخۆدێرانە ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە و ڕۆژێک دوای ئەوە نامەیەک دەنووسێت و دەنێرێتە دەرەوەی زیندان بە ناوی "من بارمتەم" کە دەنگدانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە و بە بۆ چەندین زمانی جیاواز وەرگێڕدرا.

فەرهاد وەکیلی

فەرهاد وەکیلی کوڕی شەریفە و محەممەد سەعید لەدایکبووی٢٣/٥/١٩٦٦ شاری سنە ، بڕوانامەی زانکۆی هەبووە، باوکی سێ منداڵە بە ناوەکانی ( هەنگامە ، هەورام و هەوراز).

هەر لە ساڵەکانی سەرەتای گەنجیەتی دەستی بە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان کردبوو، بەهۆی ئەم چالاکییانە لە شوێنی کارەکەی خۆی ( فەرمانگەی کشتوکاڵیی سنە ) لەمانگی پێنجی ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر دەکرێت .

فەرهاد وەکیلی لە زیندانەکانی ئەوین، سنە، ڕەجایی شار و کرماشان ئەشکەنجە دەدرێت و دوای ساڵ و نیوێک لەزیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی لە٣٠/١/٢٠٠٨ لە بەشی۳۰ی دادگای شۆڕشی تاران لە دادگایەکی حەوت خولەکی و بە بێئامادەبوونی پارێزەر بە۱۰ ساڵ زیندانی و لەسێدارەدان سزا دەدرێت و لە ٩ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠دا لە زیندانی ئەوین لەسێدارەدرا.

عەلی حەیدەریان

ساڵی ١٩٨٠ لە سنە لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواو کردووە و ساڵی ٢٠٠١ بەشداری ڕێزەکانی گەریلا بووە، ١٦/١١/٢٠٠٦ لە تارانی پایتەخت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و دوای ١٨ مانگ زیندان و ئەشکەنجە لەدادگایەکی ١٠ خولەکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سزای سێدارەی بەسەرا سەپاوە، شەهید عەلی حەیدەریان لەنامەیەک دا باسی ئەوە دەکات کە، کاتێک داوام لە دادوەرەکە کرد کە بەڵگەی ئەو تۆمەتانەم پێشان بدات، دادوەر لەوەڵام دا دەڵێت:"سزای دۆسیە سیاسییەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەردەکرێت، من تەنیا دەخوێنمەوە"، دوای ئەو نادادگایە دیسان دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئەوین و لە ٩ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠دا لە زیندانی ئەوین لە تاران لەسێدارە درا.

مەهدی ئیسلامیان

مەهدی ئیسلامیان یەکێک دیکە لەو کەسانە بوو کە لەگەڵ ئەو چوار گیراوە سیاسییە لە زیندانی ئەوین لە سێدارە درا، ٣/٥/٢٠٠٨ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و ٥/١٢/٢٠٠٩ لە دادگایەکدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پاشایەتی و هاوکاری لەگەڵ براکەی بۆ تەقاندنی بۆمبێک لە مزگەوتێکی شاری شیراز بە لەسێدارەدان سزا درا و لە ٩/٥/ ٢٠١٠دا لەسێدارە درا.

ش.ف