عێراق بۆ دەرکردنی سوپای تورک کاردەکات

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی-دا، جارێکیتر دوپاتیکردەوە، کە ئەوان دژی هەبوونی سوپای تورکن لە عێراقدا و کار بۆ دەرکردنیان دەکەن.


دوێنێ ١٥٢ـمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بە سەرپەرشتی محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکادا، کێشەکانی، فەلەستین، لوبنان، دەستێوەردانەکانی ئیسرائیل، هەوڵدانەکانی ئیران بۆ دەستێوەردانی لە وڵاتانی عەرەبی، ئاڵۆزییەکانی کەنداو، کێشەی پەنابەرانی عێراقی لە ناوخۆ و دەرەوەدا و داگیرکارییەکانی تورکیا لە عێراق قسەیان لەسەرکرا.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی ڕاگەیاندنی فەرمی عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی سودان کردووە و هەروەها سەرنجی ڕاکێشاوەتەسەر ئاڵۆزییەکانی سوریا و یەمەن و کێشەکانی ئێران و چۆنییەتی چارەسەرییەکان.

یەکێک لە تەوەرە  گرنگەکان کە محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق باسی کرد، دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک بوو لە خاکی عێراق، کە جارێکیتر ناڕەزایی عێراقی دەربارەی دەوڵەتی تورک خستە ڕوو، ڕاشیگەیاند:"عێراق جارێکیتر ئاشکرای دەکات، کە ئەو لە دژی هەموو شێوازێکی هەبوونی سوپای تورکیایە، عێراق کار دەکات کە کاربکات بۆ نەمانی سوپای تورکیا لە وڵاتدا، عێراق ئامادەیە بۆ چارەسەریی کێشە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای ڕێكکەوتنی دوولایەنە هاوکاری تورکیا بکات".

س.ح