فتوای جیهاد دژبە کورد، ٤٠ ساڵ لەمەوبەر درا

ڕۆژی ١٩/٠٨/١٩٧٩ هێشتا ساڵێک بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران-دا تێنەپەڕێبوو، کە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆحوڵا خومەینی فتوای جیهادی دژبە کورد دەرکرد، لەم ڕاپۆرتەدا هۆکارەکانی دەرکردنی فتواکە و گەلێک وردەکاری دیکە دەخرێنەڕوو.


ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر دەرکردنی فتوای جیهادی خومەینی دژبە کورد تێپەڕ دەبێت، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا خومەینی وەڵامی ڕەواترین داواکارییەکانی گەلی کورد، کە بریتیبوون لە دیموکراسیی و مافی خۆبەڕێوبەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هێرشی سەربازی و لەسێدارەدان دایەوە.

بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژبە کورد و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی و ناردنی "حاکمی شەرع" ‌بۆ ڕۆژهەڵات،‌ تاوانەکانی ئێران لە دژی خه‌ڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستپێکرد، "سادق خاڵخاڵی" کە وەکو حاکمی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرابوو، لە بیرەوەریەکانیدا نووسیویەتی: "هیچ پەشیمان نییە لەو سزای لەسێدارەدانانەی بەسەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوونی و دەشڵێت؛ هێشتا کەمە".

ماوه‌یه‌ک بەر لە‌وه‌ی ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران بە دەستی شۆڕشی گەلان بڕووخێنرێت، له‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجومەنی شار و گه‌ڕه‌که‌کان دامەزرابوون، ئەنجومەنەکان خۆپیشاندان و کۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌ی خه‌ڵکیان به‌ڕێوه‌ده‌برد و پاراستنی خەڵک و بەڕێوبەردنی کاره‌کانیان گرتبووه‌ ئه‌ستۆ، ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، که‌ تا ئه‌وکاتە به‌شێوه‌ی نهێنی چالاکییان ده‌کرد، ورده‌ ورده‌ ئاشکرا بوون و دروشمی سیاسی و به‌رنامه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان ده‌برده‌ ناو خه‌ڵک، به‌شێوەیەک، که‌ له‌ ڕۆژی ڕووخانی حکومه‌تی پاشایەتی ئێران-دا، زۆربه‌ی شاره‌کان به‌ ده‌ست خه‌ڵک و ئەنجومەنەکانەوە بەڕێوەدەبران.

بۆ ئەو فتوایە دژبە کورد درا؟!

ڕۆژی ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٩ ڕیفراندۆمی سەرتاسەری لە ئێران بەڕێوەچوو بۆ پەسەندکردنی کۆماری ئیسلامی، ڕێفراندۆمەکەش ئەمە بوو؛ "کۆماری ئیسلام ئا یان نا"، گەلانی ئێران تا ئێستا شتێکیان بەناوی کۆماری ئیسلامی نەبیستبوو و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش لەسەر ئەو سیستمە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە نەدرابوو، بەڵام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش لە ناوەڕۆکی ئەو دەسەڵاتە تێگەیشتبوون و لەو ڕیفراندۆمەدا زۆرینەی کورد، دەنگی "نا"ـیان بە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی-دا.

لەو بارەیەوە "مامۆستا شێخ عزەدین حسێنی" (لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕۆژنامەی "کەیهان" ڕۆژی ٢٨ی ئازاری ١٩٧٩ چاپ کرا نووسیبووی: "بەهۆی ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی ناڕوون و نادیارە، بە تایبەت لە ڕوانگەی دیاریکردنی مافی چارەنووس و تەوەری خۆبەڕێوەبەری کوردستان لە چوارچێوەی ئێران-دا، خۆمان لە بەشداری لەو ڕیفراندۆمە دەپارێزین".

لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی و بۆشایی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی ناوەندە سەربازییەکان کەوتبوونە دەستی خەڵک و هێزە کوردییەکان و لەو ماوەیەدا ناوبەناو شەڕ لە نێوان هێزەکانی دەسەڵاتی ئێران و هێزە کوردییەکان ڕووی دەدا، ئەنجومەنەکانی شار و گوند چالاک بوون و خەڵک خۆیان بەڕێوەدەبرد، ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران کینەیان لە کورد، کە بە دەنگنەدان بە کۆماری ئیسلامی دەستیپێکردبوو و بە گوێنەدان بە دەسەڵاتیان زیاتر بوو بوو بکەنە مایەی هێرش بۆسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆیە ڕۆژی ١٩/٠٨/١٩٧٩ کە هێشتا ساڵێک بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران-دا تێنەپەڕێبوو، دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران 'ڕۆحوڵا خومەینی' فتوای جیهادی دژبە کورد دەرکرد.

خومەینی لەو فەرمانەیدا نووسیویەتی: "ئێستا هەواڵم پێگەیشتووە کە ئەرتەشییەکان (سوپای ئێران) و دامەزراوەکانیان گەمارۆدراون و ئەگەر تا نیو کاتژمێری دیکە کومەکیان پێنەگات، بێچەک دەکرێن، بە جەختەوە فەرمان دەدەمە هەموو هێزە چەکدارەکان بەرەو بنکە سەربازییەکانی دەوروبەری سنە بەڕێ بکەون، پاسدارەکانی شۆڕش لە هەر شوێنێک هەن، بەرەو سنە و کوردستان سەفەربەرببن، بە توندی هەموو ئاژاوەگێڕەکان سەرکوت بکەن، دواکەوتن تەنانەت بە ئەندازەی کاتژمێرێکیش لادانە لە ئەرکەکان و بە توندی سزا دەدرێت".

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چەندین کەس لە سێدارەدران

بە گەیشتنی فەرمان (فتوا)ـکەی خومەینی، ئەرتەش و سوپای پاسداران لەشکرکێشییان کرد بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر ڕۆژێک دوای  فەتوای خومەینی و بە گەیشتنی سادق خاڵخاڵی (حاکم شەرعی) نێردراوی خومەینی، هەموو زیندانیانی کوردی زیندانی تەبرێز بێ دادگایی لە سێدارەدران، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەسێدارەدانەکان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازییان درێژەی پێدرا و لە نیوەشەوی ڕۆژی ١٩ی ئابی ١٩٧٩ بە گولـلەبارانکردنی ١١ هاوڵاتی کورد لە زیندانی دێزڵ ئابادی کرماشان توندتر بوو، هەروەها ڕۆژی دوای ئەوە لە پاوە ٧ کەس لە سێدارەدران، ٢٣ی ئاب ٩ کەس لە شاری مەریوان لە سێدارەدران کە مامۆستای خوێندنگا و پەرستاری نەخۆشخانە بوون، ٢٥ی ئاب ١١ کەس لە سنە لە سێدارەدران کە دوانیان بەبرینداری بردران بۆ بەر گولـلەبارانی سەربازەکانی سوپا، ٢٦ی ئابیش ٢٠ کەس لە شاری سەقز لە سێدارەدران.

بەم زەمینە سازیانەوە هێزە چەکدارەکان لە زەمین و ئاسمانەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێشاوی لە سێدارەدانەکانیش بەردەوامی هەبوو، لە بەرامبەردا ڕۆڵەکانی کورد بەرخۆدانیان کرد و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان ناچار بە پاشەکشێ کرد، نموونەی بەرچاوی ئەو بەرخۆدانە، بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە بوو، کە لە کاتێکدا لە چوار لاوە گەمارۆدرابوو و بۆردوومان و تۆپباران دەکرا، شارەکە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەرگریی لێکرا و ڕێگە نەدرا بکەوێتە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.

سێ مانگ بەرخۆدانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی ئەوەی 'پەیامە سەرەتاییەکان بۆ ئاشتی و بانگهێشت بۆ دانوستان' ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، سەرەتاکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ یەکەم دانیشتنی نێوان کوردەکان و ئێران بە نێوەندگیری 'جەلال تاڵەبانی' دەستیپێکرد، شاندی ئێران پێکهاتبوو لە فروهەر، سەباغیان، سەحابی و چەند پلەدارێکی ئەرتەش کە لە گوندی بێوەرانی سەردەشت لەگەڵ "شاندی نوێنەرایەتی گەلی کورد" بە سەرۆکایەتی مامۆستا عێزەدین حسێنی کۆبوونەوە.

دانوستانەکان نزیکەی ساڵێک درێژەیان هەبوو، بەڵام بە ئاکامێک نەگەیشت، فەرمانەکەی خومەینی بووە هۆی ئەوەی نزیكەی ٨٥٠ كەس لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تیرباران بکرێن یان لە سێدارە بدرێن، (ئەم ئامارە لەلایەن ناوەندی كلتوری "چاك"ـەوە تۆمار كراوە).

دوای ٤٠ ساڵ هێشتا هێرشەکان بەردەوامن

دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بەسەر فەرمانی جیهادی خومەینی دژبە کورد، هێشتاش هێرشەکان بەردەوامن و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو زیهنییەتە دەبنەوە، خەڵک لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە فشار دەخرێتە سەریان و گەنجان دەستگیر و زیندانی دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن، بەڵگەی ئەم باسەش دوایین ڕاپۆرتی 'جاوید ڕەحمان' ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە کە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە بڵاو بووەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات کە؛ "ناوچە کوردنشینەکان لەوانە پارێزگاکانی؛ ئورمیە، سنە و کرماشان هیچ گەشەپێدانێکیان نییە و ڕێژەی بێکاری تێیاندا زۆر بەرزە، کوردەکان لە پۆستە باڵاکان دانانرێن، زمانی کوردی لە خوێندنگاکان بە شێوەی فەرمی ناوترێنتەوە و گروپە ناحکومییەکان بە شێوەی نافەرمی زمانی کوردی دەڵێنەوە، هەروەها لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ یەکەمجار دان بەوەدانراوە کە "نیوەی زیندانیانی سیاسیی ئێران کوردن".

ک.س