فشارەکانى دەوڵەتى تورک لە سەر هەرێمى کوردستان

دەوڵەتى تورک لە بوارى ئابورى و سیاسى و سەربازی-یەوە فشار دەخاتە سەر دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان و دەیەوێت هەیمەنەى زیاترى خۆى بەسەر هەرێمى کوردستاندا بسەپێنێت و ڕاستەوخۆ دەستتێوەردان لە پێکهێنانى حکومەتى هەرێم دەکات، بۆ ئەوەش دەسەڵاتدارانى هەرێم هاوکارى دەکەن.


لە سەرەتاى دروستبوونى ڕاپەڕین و خۆبەڕێوبەرى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ١٩٩١ وە، دەوڵەتى تورک، هەرێمى کوردستانى وەک قەوارەیەک نەناسیوە و هەرچەند لە دەستورى بنەڕەتى عێراق-دا، هەرێمى کوردستان وەک هەرێمێکى سەربەخۆ ناوى هاتووە، بەڵام هەتاوەکو ئێستاش بە باکورى عێراق ناوى دەبات، بەڵام بەناچارى مامەڵەى لەگەڵ کردووە، هەمیشە لە مامەڵەکردنیش وسیتوویەتى هەرێمى کوردستان بچوک بکاتەوە و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندییەکانى خۆیەوە، بۆ ئەوەش هیچ هەلێکى بە فیڕۆ نەداوە.

تورکیا لەلایەک بازرگانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پێشدەخات و دەیەوێت لە هەرێمى کوردستان سەرمایەگوزارى بکات، بەڵام لەلایەکى دیکەوە هەرێمى کوردستان بچوکدەکاتەوە و دەیەوێت بیخاتە خزمەتى سیاسەتەکانى خۆیەوە، نمونەى ئەو نزیکایەتییەى تورکیا لە هەرێمى کوردستان، لە کاتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمدا بە ڕوونى دەرکەوت.

لە سەرو بەندى ڕیفراندۆمدا

یەکێک لەو وڵاتانەى بە توندى دژایەتى ڕیفراندۆى ٢٥/٩/٢٠١٧ ى هەرێمى کوردستانى کرد، دەوڵەتى تورک بوو،دەوڵەتى تورک دژایەتییەکەى لە ئاستى تیۆریدا سەرى کێشا بۆ سوکایەتى، بە شێوەیەک، ئەردۆغان لە وتارەکانیدا سوکایەتى بە هەرێمى کوردستان و خودى مەسعود بارزانى، دەکرد و دەیوت' ئەگەر ئێمە بەلۆعەکە بگرینەوە تۆ نان نابێت بیخۆیت'، یاخود دەیوت،' تۆ چیت؟ کێیت؟ چیت هەیە بیخۆى هەتاوەکو ڕیفراندۆم دەکەیت، ئەگەر ئێمە نەبین جل نابێت لەبەرى بکەیت'، بەم شێوەیە و چەندین شێوەى دیکە سوکایەتى بە مەسعود بارزانى و ڕیفراندۆم دەکرد و ڕاشکاوانە دەیوت ناهێڵێن هیچ ئەنجامێک لە ڕیفراندۆم بەدەست بێت.

لە بوارى پراکتیکیشدا، تورکیا کەوتە دژایەتى کردنى ڕیفرادۆم و لەگەڵ حکومەتى ئێران چەندین دیدار و گفتوگۆیان ئەنجانمدا بۆ شکستپێهێنانى ڕیفراندۆم و هاوکاریکردنى حکومەتى عێراق لە دژى هەرێمى کوردستان، هەتا هەوڵەکانیان دواجار، شکسپێهێنانى ڕیفراندۆم و پەلاماردانى ناوچە دابڕێندراوەکانى لێکەوتەوە، لەلایەن هێزە عێراقییەکان و هێزەکانى حەشدى شەعبییەوە.

هەرێمى کوردستان لە سەروبەندى ڕیفراندۆم و دواى ڕیفراندۆمدان بە دۆخێکى دژواردا تێپەڕى، هەم ٥١% ى خاکى باشورى کوردستان لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە داگیرکرابوو، دانیشتوانیان ڕووبەڕووى توندوتیژى و ئاوەبوون ببونەوەن هەمیش بەهۆى داخستنى سنورەکان و ئاستەنگى ئاڵوگۆڕى بازرگانى وڵاتانى تورکیا و ئێران و حکومەتى ناوەندى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا، هەرێم بە دۆخێکى ئابور سەختدا تێدەپەڕى، لە دژى ئەو دۆخە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەو بارودۆخە دژوارە بەردەوام بوو، هەتاوەکو نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەدواى ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە لە ١٢/٥/٢٠١٨ دا وردە وردە پەیوەندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى ناوەندى عێراق بەرەو ئاسایى بوونەوە ڕۆشت، لەسەر ئەو بنەمایە دەوڵەتانى دراوسێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان ئاسایى کردەوە.

لەدواى ئەوەى پەیوەندییەکانى دەوڵەتان لەگەڵ هەرێمى کوردستان ئاسایى بوویەوە، دەوڵەتى تورکیش لەسەر بنەمایەکى بە بچوک بینیى هەرێمى کوردستان دەستى بە زیادکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە و پەیوەندییەکانى بردە قۆناغێکى نوێوە لەگەڵ هەرێم، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت، دەستى بە پەیوەندى کردەوە لەگەڵ تورکیا.

 بۆ یەکەمجار لە ڕۆژى ١٠/٧/٢٠١٨دا نێچیرڤان بارزانى، وەک سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەردانى تورکیاى کرد، بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمى سوێندخواردنى ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمارى تورکیا، بەڵام لەلایەن هیچ کەسێکى دەوڵەتى تورکەوە پێشوازى لێنەکرا، لەگەڵ ئەوەى بە ئۆتۆمبێل لە سنورى زاخۆ-وە ڕۆشتە وڵاتى تورکیا، بەهۆى داخستنى فڕۆکەخانەکانى هەرێمەوە، لە فڕۆکەخانە ئەنقەرەش بەبێ هیچ یاوەرییەکى دەوڵەتى تورک، ڕۆشتە مەراسیمى سوێندخواردنى ئەردۆغانەوە، ئەوەش دەتوانین وەک هێماى قۆناغى نوێى سیاسەتى تورکیا بیبینین دژى بە هەرێمى کوردستان.

فشارەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر هەرێمى کوردستان لە ڕووى سەربازییەوە

دەوڵەتى تورک، لە دەستپێکردنەوەى پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کۆمەڵێک فشارى سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان دروستکرد، لەوانە هێزێکى زۆرى هێنایە ناوچەکانى سۆران و برادۆست و جێگیرى کرد نزیکەى ٣٠ کیلۆمەترى لە خاکى هەرێمى کوردستان داگیرکرد، هەروها بۆردوومانى سنورى هەرێمى کوردستانى زیادکرد، لە بەرامبەریشدا، نێچیرڤان بارزانى پاساوى بۆ داگیرکارییە سەربازییەکانى تورکیا دەهێنایەوە و دەیوت، کە هۆکارى داگیرکارییەکانى تورکیا بوونى پارتى کرێکارانى کوردستانە لە هەرێمى کوردستان.

فشارە ئابورییەکان

لەدواى سەپاندنى خولى دووەمى سزاکانى ئەمریکا بەسەر ئێران-دا، تا ڕادەیەک بارودۆخى هەرێمى کوردستان بەرەو ئەوە دەچێت، کە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆ ڕوو لە تورکیا بکات، لە پێشتردا تورکیا وەک کڕیارێک سەیرى هەرێمى کوردستانى دەکرد، بەڵام لە ئێستادا وەک کڕیارێک سەیرى دەکات، کە ناچارە شتومەکى لێبکڕێت، بۆیە بە ویستى خۆى شەرت و مەرجى لەسەر دادەنێت.

فشارە سیاسییەکان

دەوڵەتى تورک، بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان لە جاران بچوکتر سەیردەکات، لە ڕێگەى دەسەڵاتدارانى و باڵیوۆز و سەفیرەکانیەوە فشارى سیاسى لەسەر هەرێمى کوردستان دروستدەکات و ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لە کاروبارى هەرێمى کوردستاندا دەکات.

بۆنمونە، لە ڕۆژى ٧/٦/٢٠١٨، هاکان قەرەچای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کردووە و باسیان لە بارودۆخى هەرێمى کوردستان کردووە، بە گوێرەى وتەى هەندێک چاودێرى سیاسى لێرەوە تورکیا دەیەوێت فشارە سیاسیەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپێبکات.

لەڕوژى ٢٩/١١/٢٠١٨  لە هوتێل 'كوارتز' لە هەولێر، هاکان قەرەچای كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەركردەی لایەنە توركمانییەكان، لەنێویاندا بەرەی توركمانی، كۆبووەوە، ئایدن مەعروف ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی ئاشكرایكردووە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە توركمانییەكان و كونسوڵی توركیا ڕاوێژكاریی بووە و تایبەت بوو بە بەشدارییكردنی لایەنە توركمانییەكان لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

پەرلەمانتارەكەی بەرەی توركمانی ئاشكرایكرد، لایەنە توركمانییەكان داوای پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتێكی باڵا و چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی دەكەن، چونكە توركمان دەیەوێت بەشێوەیەكی بەهێز بەشداریی لە حكومەتی داهاتوودا بكات.

لە ڕۆژ ٦/١٢/٢٠١٨ دا حکومەتى هەرێمى کوردستان، بڕیاریدا بە داخستنى بارەگاى ئەو پارتە سیاسیانەى مۆڵەتى هەرێمى کوردستانى نییە، هەرچەند چەند حزبێک هەن لە هەرێمى کوردستاندا وەک تەڤگەرى ئازادیی، تەنها مۆڵەتى عێراق-یان هەیە، بەڵام هێزەکانى ئاسایش تەنها داواى داخستنى بارەگاکانى تەڤگەرى ئازادیی-یانکرد، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە تەڤگەرى ئازادیی، هاکان قەرەچای کونسوڵی دەوڵەتی تورک لە هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد و هاوکات تەڤگەری ئازادیی بە تیرۆریست ناوبرد.

بەپێى ڕاى چاودێرانى سیاسى، ئەو هەڵوێست و جوڵانەى دەوڵەتى تورک لە هەرێمى کوردستان، دەریدەخەن سیاسەتى دەوڵەتى تورک، بەرامبەر هەرێمى کوردستان پێى ناوەتە قۆناغێکى نوێنەوە ڕووى سیاسى و سەربازى و ئابوری-یەوە، لە بەرامبەریشدا  حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبرى ئەوەى دژى داگیرکارى و فشارەکانى دەوڵەتى تورک بووەستنەوە پەنجەى تۆمەت بۆ لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ڕادەکێشن.

د.ع