فڕۆکە جەنگییەکانی تورک لەکوێوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان؟

دوای ئەوەی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە وتی: فڕۆکەی کەشفی چەکداری تورکیا، لە باشوری کوردستانەوە هەڵدەفڕن و هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، جارێکی دیکە بوونی بارەگاکانی سوپای تورک هاتنەوەبەرباس، لە باشوری کوردستان زیاتر لە ٢٠ بارەگای سوپا و میتی تورک هەیە، لە بارەگای بامەڕنیش فڕۆکەخانە هەیە.


جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو لە بەرنامەی 'ڕۆژەفی وڵات' لە کەناڵی ستێرک تیڤی، لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست قسەی کرد، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەهێرشەکانی سوپای تورک لە باشوری کوردستان و هەوڵە داگیرکەرییەکانیان کرد.

"فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستانەوە دەفڕن"

لەمیانی بەرنامەکەدا جەمیل بایک، ئاماژەی بەوەکرد، کە فڕۆکەی کەشفی چەکداری تورکیا، لە باشوری کوردستانەوە دەفڕن و وتی: من دەمەوێت گەل شتێک بزانێت، بابەتی هێرشەکان پەیوەندی تەنها بە هاتنی مەولود چاوشئۆغڵو-وە نییە، لە داهاتوودا ئەردۆغان خۆشی دێتە عێراق و لەدژی پەکەکە و لەدژی کورد، بڕیار دەدەن، لە ڕابردووشدا کاری وایان کردووە، یانی دوژمنانی گەلی کورد دەکەونە خزمەتی ئەردۆغان و باخچەلی.

هەروەها زانیاریی لەسەر شوێنی فڕۆکەر جەنگییەکانی سوپای تورکیا داو وتی: فڕۆکەی کەشفی چەکداری تورکیا، دێنە هەرێمی پاراستنی مەدیا، هەتا قەدیل دێن، هەمووکەس ئەوەدەزانێت، ئەگەر ئەو فڕۆکانە لە باشوری کوردستانەوە نەفڕن، هەروەها ئەگەر ئەوشوێنەی کۆنتڕۆڵی ئەو فڕۆکانەی لێدەکرێت لە باشوری کوردستان نەبێت، ئەو فڕۆکانە ناتوانن تا قەندیل بێن، هەروەها ناتوانن چەکەکانیان بەکار بهێنن، بۆیە دەتوانین بڵێین بنکەیان لە باشوری کوردستان هەیە، حکومەتی باشور و پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان مۆڵەتیان داوەتە تورکیا کە لەهەندێک شوێنی باشوری کوردستان تەکنەلۆژیای شەڕیان جێگیربکەن، بەو تەکنیکانەش، کە جێگیریان کردووە فڕۆکەکانیان کارپێدەکەن.

جەمیل بایک، سەرنجی خستە سەرئەوەی کە پێویستە گەلی باشوری کوردستان بزانێت کە جەنگێکی دژوار لەدژی پەکەکە بەڕێوەدەچیت و پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان ڕێگای ئەوشەڕە بۆ تورکیا خۆش دەکەن.

بایک، ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی باشوری کوردستان لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن و وتی: ئەگەر بۆ داگیرکاریی تورکیا هاوکار نین و ئەگەر ڕێگایان نەداوە با ڕوونکردنەوە بدەن.

یەکەمین جارە زانیاریەکی وا بڵاوبێتەوە

تائێستا لەبارەی بارەگاکانی سوپای تورک لە باشوری کوردستان زۆر زانیاریی بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەو بابەتەی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە، تیشکی خستووەتە سەر بابەتێکی جیاوازە و یەکەم جارە زانیاریی لەوشیوەیە بڵاوببێتەوە.

لەسەر ئەو زانیارییە، جارێکی دیکە بە ئەرشیفی زانیارییەکانماندا ڕۆشتینەوە لەسەر شوێن و ژمارەی بارەگاکانی سوپای تورک لە باشوری کوردستان.

لەساڵی ١٩٨٣دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر باشور

تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢دا بە هاوکاریی پارتی، لە هێڵی دهۆک، زاخۆ و هەولێر بارەگای سیخوڕی دروستکرد، دواتر دوابەدوای ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیی باشوری کوردستان، لە ١٨ خاڵی جیاجیای خاکی باشوری کوردستان، بارەگای سەربازیی و ناوەندی میتی کردەوە.

سەرەتای هێرشەکان لەسەر باشور لە ساڵی ١٩٨٣ دەستیپێکرد، لەساڵی ١٩٨٦ بەردەوامیی کرد، پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا ئەمریکا و هێزە ڕۆژئاواییەکان دەستێوەردانیان لە عێراقدا کرد، هەوڵدانەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان دەستیان پێکردەوە، دیارە تورکیا نەگەیشتە مەبەستی خۆی، بەڵام لەو ڕۆژەوە تا ئێستا جێگرکردنی سەرباز و بارەگاکانی لە خاکی باشوری کوردستاندا بەردەوامییان هەیە.

پاش ئەوەی بەگوێڕەی هێڵی ٣٦-ەم فڕینی فڕۆکە بە سەر ئاسمانی ئەو ناوچانەدا قەدەغەکرا، تورکیا هەوڵیدا بارەگای سەربازی لە باشوری کوردستان دروست بکات، یەکەمین هێرشی ئاسمانیی سوپای تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا ڕوویدا، پاش ئەو هێرشە لە ساڵی ١٩٩٤-ەوە تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی بارەگای سەربازیی لە خاکی باشوردا.

بڕیار بوو لە ساڵی ١٩٩٢، تورکیا فڕۆکەخانەی سەربازیی حەریر نۆژەن بکاتەوە کە دەکەوێتە دەشتی (حەریر)ی سەربە پارێزگای هەولێر و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت، بەڵام ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە فڕۆکەخانەکە دابخرێت، بەڵام پارتی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و لە ئەنجامدا فڕۆکەخانەکە دانەخرا، لەلایەکی دیکەوە کەمپەینی واژۆکۆکردن پێکهات لە باشوری کوردستان بۆ داخستنی ئەو فڕۆکەخانەیە، بەڵام پارتی دیسان ڕێگای بەمە نەدا و هاوکات داواشی لە تورکیا کرد کە فڕۆکەخانەی دیکە لە خاکی باشوری کوردستاندا دروست بکات، ئەو داواکارییە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ یەکەم جار لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا.

هەبوونی سوپای تورک لەناو خاکی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١-ەوە دەستیپێکرد و بەگوێرەی داتاکانی ڕاگەیاندنە تورکەکان ئێستا ٢٠ خاڵی سەربازی و سیخوڕی سوپای تورک لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەن.

 بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا کاتێک وڵاتێک ڕەزامەند نەبێت، وڵاتێکی دیکە ناتوانێت لە خاکی ئەودا بارەگای سەربازی بکاتەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین، کە هەمووی ئەو بارەگا سەربازییانە بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خاکی باشوری کوردستاندا جێگر بوون، یەکەمین بارەگای سەربازیی تورک لە شارەدێی سەلاحەدین (پیرمام) دامەزرا کە لە ساڵی ١٩٩١یەوە بنەماڵەی بارزانی بەشێکی ئەو شارەدێی و هاوینەهەواری (سەری ڕەش)یان داگیر کردووە و تێیدا نیشتەجێ بوون.

بەگوێڕەی ئەو داتایانەی لە سەرچاوە تورکەکانەوە بە دەست گەیشتوون، یەکەم بارەگای سەربازیی تورک لە ساڵی ١٩٩٢دا و لە شارەدێی سەلاحەدین (پیرمام) دروست کرا، کە دەکەوێتە دووریی ٢٥ کیلۆمەتریی هەولێرەوە.

پاش بارەگای سەلاحەدین، سوپای تورک لە هەولێر، زاخۆ، سلێمانی، دهۆک، دیانا، باتوفا، بامەڕنێ، ئامێدی و کانیماسی یەکیەنەکانی خۆی جێگیر کرد.

لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو بارەگا سەربازییانەی کراونەتەوە بەم شێوەیەن:

  • بارەگای سەربازیی باتوفا
  • بارەگای سەربازیی کانیماسی (گردی باروخ)
  • بارەگای سەربازیی و فڕۆکەوانیی بامەڕنێ
  • بارەگای سەربازیی سەرسەنگ
  • بارەگای سەربازیی بێگۆڤا (گردی بیێ)
  • بارەگای سەربازیی گەلیی زاخۆ
  • بارەگای سەربازیی سیرێ (شیلادزێ)
  • بارەگای سەربازیی سیرێ (شیرت)
  • بارەگای سەربازیی کوپک
  • بارەگای سەربازیی قمریی بەرواری
  • بارەگای سەربازیی کۆخێ سپی
  • بارەگای سەربازیی دەریی داوەتیا
  • بارەگای سەربازیی چیای سەرزێری
  • بارەگای سەربازیی زێلکان کە دەکەوێتە بناری چیای مەقلوب
  • بارەگای سەربازیی باشیکا (لە باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ)

هەروەها چەند بارەگایەکی میتی تورک و چەند بارەگایەکی سەربازی نهێنی سوپای تورک هەیە.

پێنج هەزار سەرباز لەو بارەگایانەدان کە زۆربەیان یەکینە تایبەتەکانی سوپای تورکن، لە بارەگای سەربازیی کانیماسی بەتایبەت هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک جێگربوون، لە بارەگای بامەڕنێش چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی و فڕۆکەخانەی سەربازی هەن.

لەو بارەگایانەدا هێزەکانی پێشمەرگەی سەربە پارتی، پەروەردە کراون، بەگوێرەی سەرچاوە تورکەکان ئەحمەد داوودئوغڵوو، سەرۆک وەزیرانی تورک لە ساڵی ٢٠١٥دا سەردانی بارەگای سەربازیی دیانای کردووە و چاودێریی پەروەردەی پێشمەرگەکانی کردووە.

هەروەها ژمارەیەک ناوەندی میتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان دامەزراون، کە زۆربەیان لە دهۆک-ن، لە شارۆچکەی باتوفای سەربە زاخۆ، لە زاخۆ خۆی و لە ناوەندی دهۆک ناوەندی میتی تورک هەیە.

 ئەو ناوەندە سەربازیی و سیخوڕییانە زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و ئەنجامی ئەو هێرشانەش کوژراو  و برینداری هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە،سوپای تورک لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ ئەوەی ئەو هەموو شکستانەی قەرەبوو بکاتەوە، بە هەموو هێزەوە هاتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوەو ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژ" بەرەو ناوچەی زاپ دەستپێکرد، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی گەورە بووەوەو لە ڕۆژی ٢٩ی شوباتدا ناچاربوو پاشەکشە بکات.

لە هێرشی ڕۆژی ١٤ی کانونی ساڵی ٢٠١٧دا، لە بارەگای کانیماسیی سەربە ئامێدییەوە هێرش کرایە سەر هاوڵاتیانی مەتینا، هەروەها هەر لە مانگی کانوون دا  لە بادینان چوار هاوڵاتی کوژراون.

 فڕۆکەخانەی بامەڕنێ

لەناو ئەو بارەگایانەی تورکیادا، دیار نییە چەند فڕۆکەخانەی سەربازی هەیە، بەڵام بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە تورکییەکان لە بارەگای سەربازی بامەڕنی فڕۆکەخانە هەیە.

بارەگای بامەڕنی، لە شارەدێی بامەڕنی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی پارێزگای دهۆکە، ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوری باکوری کوردستانەوە دوورە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تورکیا سیستمی ئەلیکترۆنی لەم سەربازگەیە دادەمەزرێنێت، هەروەها لەساڵی ١٩٩٠ وە لە بامەڕنی بارەگای تورکیا هەیە و تێیدا ٦٠ تانک و یەکینەی قەڵخان و نزیکەی ٢ هەزار سەرباز هەیە.

د.ع