فەرمانی ٧٣ و جارێکیتر ژیانەوە.. بەشی دووەم

ئەو کاتەی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، گروپێکی بچوک لە گەریلاکانی هەپەگە خۆیان گەیاندبووە شەنگال و بە تێکۆشانێکی مێژووییەوە بەرگرییان لە خەڵکی ئێزدی کرد و بوونە هۆی ڕزگاربوونی سەدان هەزار ئێزدی لە فەرمان، پاشان شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە چوونە شەنگال و ڕێرەوێکی مرۆییان لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە.


بە چوونی سەدان هەزار هاوڵاتی ئێزدیی بۆ چیای شەنگال مەترسیی کۆمەڵکوژیی سەریان زیاتر بوو،  بەڵام بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەستێوەردانی دۆخەکەی کرد و ڕێگای نەدا ئەو فەرمانە لە چیای شەنگال بەردەوامی پێبدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢ هەزار پێشمەرگەی ناردبووە شەنگال، بەڵام بە چوونی چەتەکانی داعش بۆ ئێزدخان، ئەو هێزانە شارەکەیان بەجێهێشت و خەڵکیی ئێزدییان بێ بەرگری هێشتەوە.

یەکێک لەو هێزانەی بەرگریی لە شەنگال کرد، پەکەکە بوو، پاش داگرکردنی موسڵ لەلایەن چەتەکانەوە، پەکەکە دەستیکرد بە هەوڵدان بۆ ئەوەی شەنگال لە مەترسییەکان بپارێزێت، بۆیە ١٢ گەریلای هەپەگە بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناوچەکە ڕەوانەی شەنگال کران، پارتی سیان لەو گەریلایانەی دەستگیرکرد.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، ئەو کاتە لە پاش فەرمانەکە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی وتی: ئێمە بانگەوازیمان کرد و هەروەها پێشنیارمان کرد بە هەڤاڵانی دەرەوەی وڵات کە دیدار ئەنجام بدەین، بەڵام قبوڵیان نەکرد، ئەگەر لەو بارەیەوە کارێک ئەنجام بدرایە ئەو فەرمانە ڕووی نەدەدا، پێشنیارمان ئەوە بوو گروپێکی پسپۆڕ و گروپێکی دیکە بچنە شەنگال و ئامادەکارییەکان بۆ بەرگری ئەنجام بدەن، پارتی بەوەی زانی و سێ لە هەڤاڵامانی دەستگیرکرد، ئێستا ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕیوە، بەڵام ئازاد نەکراون.

هەر لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا موراد قەرەیلان وتی، کە ئێمە دەستێوەردانی دۆخی شەنگال دەکەین و بەرگری لە خەڵکی دەکەین.

پەکەکە بڕیاری بەرگری دابوو، بەڵام خەڵکی ئێزدیش لەلایەن چەتەکانەوە گەمارۆدرابوون، لەو ١٢ گەریلایەی نێردرابوون بۆ شەنگال نۆیان خۆیان گەیاندە چیای شەنگال و بە بەرخۆدانی بێ وێنەیان سەدان هەزار هاوڵاتییان ڕزگارکرد، ئەو گەریلایانە بە تەنیا دۆشکەیەک کە پێشمەرگەکان بەجێیان هێشتبوو ئەو کارەیان کرد.

لە داستانی دەروێش عەبدیدا، کە داستانێکی کۆنی ئێزدییەکانە، دەروێش ١٢ سواری هەبوو کە هەر بەوانەوە لە دژی سوپایەکی هەزار و ٥٠٠ کەسی دوژمن وەستانەوە و شەڕیان کرد، جگە لەو نۆ گەریلایە دوو تابوری دیکەی گەریلاکانیش ڕەوانەی سەنگال کران، بەچوونی گەریلاکان بۆ چیای شەنگال خەڵکی ئێزدی دڵنیابوون لەوەی کە شوێنەکەیان پارێزراو دەبێت.

بە دەستێوەردانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ڕۆژی ٤ی ئاب لە شارۆچکەی جەزای ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنێک لەدژی چەتەکان دەستیپێکرد و بەرخۆدانی مێژوویی نیشاندرا، لەو نێوانەدا بە هاوکاری و ڕاوێژەکانی گەریلاکانی هەپەگە و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە دامەزرا.

لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانەدا شەڕڤانان و گەریلاکان گورزی توندیان لە چەتەکانی داعش دا، لەلایەکەوە توانیان چیای شەنگال کۆنتڕۆڵ بکەن و لەلایەکی دیکەوە ڕێرەوەیەکی مرۆییان لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوا کردەوە، کە ٧٠ کیلۆمەتر درێژایی هەبوو، بە شێوەیە سەدان هەزار هاوڵاتی گوازرانەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ.

هەرچەند بەکردنەوەی ئەو ڕێرەوە سەدان هەزار هاوڵاتی ڕزگاربوون، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە گەرمای هاوین کشەی زۆری خستە سەر رێگای ژیانی ئێزدییەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەو تراژیدیایە لە شەنگال ڕوویدابوو، کۆمەڵگای جیهانی چاوی بەسەردا داخست، خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی ڕۆژئاوا بەپێی دەرفەتەکانی هاوڵاتیانی ئێزدیی گواستەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بڵاویان کردووەتەوە، ٣٦٠ هەزار هاوڵاتی لە شەنگال ئاوارە بوون، ١٠ هەزار لەوان هەر لە چیای شەنگال و لە ژێر چاودێری و هێزی بەرگریی شەڕڤانان و گەریلاکان مانەوە.

لە کاتی گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئێزدی لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوا، مانگی سوری کوردی و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ ئەو ئاوارانە دابین دەکرد و پێشوازییان لێدەکردن، جەماوەرێکی زۆر بەرەو ڕۆژئاوا چوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژئاوا لە ژێر گەمارۆ و ئابڵوقەدا بوو و لە دۆخێکی زۆر سەختدا بوو، لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگیانەشدا لە شاری دێرک کامپی نەورۆز بۆ مانەوەی هەزاران هاوڵاتی ئێزدی دروست کرا.

لە لایەکی دیکەوە هەزاران هاوڵاتیی دیکە بەرەو باشوری کوردستان ئاوارەبوون و لە کامپەکاندا جێگربوون، ناوی ژمارەیەک لەو کامپانە بەم شێوەیەیە: 

عەربەت لە سلێمانی
باجت کەندالا، خانکێ و کەبەرتۆ ١ و ٢ لە دهۆک
قادیا و بێرسڤ لە زاخۆ

لە باکوری کوردستانیش لە شارەکانی ئامەد، شرناخ و مێردین کامپ بۆ ئێزدییەکان دروستکرا، ئەو کامپانەی باکوری کوردستان لەژێر چاودێریی شارەوانییەکانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان- دەبەپە، دامەزران، بەڵام پاش ئەوەی حکومەتی ئاکەپە دەستی بەسەر شارەوانییەکاندا گرت، ئەو ئاوارانە بران بۆ کامپەکانی ئافات کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سوری لەوانەدا دەمانەوە، بەڵام دۆخی ژیان لەو کامپانەد زۆر سەختە.


 

ک.ک