قڕکردنی نەبیندراو..بەشی چوارەم

لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی بەسەر ژنان دێت، زۆربەی ڕۆژنامەنووسان، ئەکادمیسیەنەکان و ژنەچالاکوانان داواکارییەکانیان ئاراستەی حکومەت دەکەن و تەنیا پێشنیاردەکەن، بەڵام کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە.


قڕکردنی نەبیندراو..بەشی چوارەم

ڕێژەی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تادێت زیاددەکات، ئەو ژنانەشی، کە هیچ کام لە کێشەکانیان چارەسەرناکرێن ڕوودەکەنە خۆکوشتن، ڕێکخراوەکانیش لە جیاتی دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ کێشەکان تەنیا گلەیی و ڕەخنە و پێشنیاردەکەن.

ڕووخۆش ئەحمەد، بەرپرسی بەشی یاسای بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی لەو بارەیەوە دەڵێت: سیستمێک کە ئێمە تێیدا دەژین سیستمێکی باوکسالارە، پۆستەکان و دەرفەتەکانی کار زیاتر لە خزمەتی پیاواندایە، پیاوان زیاتر لە پۆستەکانی بەڕێوەبردن دا دادەندرێن، ئەزمونیشیان لەو بوارەدا زیاترە، لەو لاوە هەموو کارەکانی ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵان بۆ ژنان دەمێنێتەوە، نە پیاوان و نە حکومەت لەو بوارەدا هوکاریی ژنان ناکەن، حزبەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر هەموو دام و دەزگاکان و هەروەها پۆستەکان دا گرتووە، وەزارەت بەگوێرەی پلەی سەربازیی پۆستەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دابەش دەکات، بۆیە هیچ دەرفەتێک نەدراوەتە ژنان، کێشەیەکی دیکەش کە لە ژنان خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت ئەوەیە، کە لە ڕەخنەکردن دەترسن.

لە بەردەوامیشدا وتی: کۆتای ٢٥٪ی ژنان لە پەرلەمان دەبێت لە هەموو فەرمانگەکان و بەڕێوبەرایەتییەکداندا بەبنەما بگیرێت، ژنان باشتر لە کێشەکانی ژنان تێدەگەن، ئەو کاتەی بەڕێوبەری پەناگە بووم، ژنان زۆربەیان نەیاندەتوانی کێشەکانیان بۆ پیاوان باس بکەن.

هەروەها، نەجیبە عومەر، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ڕیکراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) دەڵێت: ڕێکخراوە مەدەنییەکان نابێت گرێدراوی حکومەت بن، بەو شێوەیە دەتوانن ڕۆڵێکی دروست بگێڕن، ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری بکەنە سەر پەرلەمان و گۆڕانکاریی دروستبکەن، دەتوانن ڕۆڵی گرنگیان هەبێت، ژنان بە پێشەنگایەتیی چالاکییە مەدەنییەکان دەتوانن کێشەکان چارەسەربکەن، بەو شێوەیە دەتوانن فشار بخەنە سەر پەرلەمان و حکومەت.

لە بەردەوامیشدا دەڵێت: ئەگەر رێکخراوەکان بە کێشەکانی ژنان ڕابگەن، ئەو کاتە باشتر دەتوانن گفتوگۆ بکەن و چارەسەریی بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، پێشتر بینیومانە کە سکاڵای زۆر چووەتە بەردەم بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەدژی ژنان، بەڵام بە عەقڵییەتێکی پیاوسالار ئەو کێشانە نرخێندراون  و لە ئەنجامدا ژنەکە بەبێ ئەوەی کێشەکەی چارەسەربکرێت گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی، کێشەکە پەیوەندی بە هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاوەوە هەیەم بۆیە پیاوانیش دەتوان لە هەندێک بواردا بەڕێوبەرایەتی بکەن.

لەکۆتاییشدا وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوێکی ژنان داوامان لە حکومەت کردبوو، کە بەڕێوبەرایەتیی نووسینگەکانی سەربە بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بدەنە ژنان، بۆ ئەوەش کارمەندی ژن پەروەردە بکرێن، ئێمەش وەک ڕێکخراوێکی ژنان ئامادەین ژنان بۆ ئەو بەڕێوبەرایەتییە پەروەردەبکەین، بەڵام دەسەڵاتداریی ئەوەی ناوێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان پەروەردەی ژنان بگرنە ئەستۆ و هۆشیاریان بکەنەوە، ئەگەر گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لەو بوارەدا پێکنەیەت، ئەوە ڕێکخراوەکانی ژنانیش دەبنە بەشێک لە دەسەڵات، لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لیستێک لە ژنانی بە ئەزموونمان ئامادەکرد، کە کارەکانی وەزارەت بەڕێوەببەن، پاشان لیستەکەمان ئاڕاستەی حکومەت کرد، دیسانەوە دەتوانین ئەو لیستە ئامادەبکەین بۆ ئەوەی وەزارەتەکانی گرێدراوی ژنان زیاتر لە ژنان پێکبێن.

هەر لەوبارەیەوە، دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوبەری ڕێکخراوی گەشەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (دابین) دەڵێت: پێویستە بەڕێوبەرەکان لانیکەم نیوەبە نیوە ژن و پیاو بن، بەو شێوەیە یەکسانی دەبێت، لەو ڕووەوە کە بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕێکخراوێکی سەربە حکومەتە، پێویستە بە شێوەیەکی دبلۆماسیانە لەو بوارەدا تێبکۆشین.

تریفە حەسەن-ی ڕۆژنامەنووسیش دەڵێت: پێویستە لەدژی ئەو کەسانەی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان بەکاردێنن یاسای توند دابندرێت و سزای قورسیان بۆ ببڕدرێتەوە، لەو نێوانەدا ڕێکخراوەکانی ژنانیش دەبێت تێکۆشانیان بەهێزبکەن، واتە پێویستە ژنان چالاکیی جەماوەریی ئەنجام بدەن، لەلایەکی دیکەوە ژنان دەبێت کۆبوونەوە و سیمینار بۆ پەروەردەی ژنان بەڕێوەببەن، نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەنیا لەبارەی کوشتنی ژنانەوە هەواڵ بڵاوبکەنەوە و هەر بەوەوە سنووردار بمێننەوە، دەبێت لێکۆڵینەوەی باش ئەنجام بدەن، پاش لێکۆڵینەوەکەش ئەنجامەکان و ئامارەکانی ئەو تاوانانە ئاشکرابکەن.

نازیە عوسمان محەمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانیش دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام توندوتیژیی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، بۆیە تێکۆشانی جدیی پێویستە، ئەو هەوڵانەی لە ئێستادا دەدرێن زۆربەیان سستن و هیچ ئەنجامێکیان لێ ناکەوێتەوە، ناڵێم ڕێکخراوەکانی ژنان کارناکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە چۆن کاردەکەن، سەرەتا پێویستە بەباشیی لە کێشەکە تێبگەین و  سەرچاوەکانی ببینین،  لەلایەکی دیکەوە دەبێت ژنان فێربکرێن، کە چۆن بەرگریی لە مافەکانیان بکەن.

لە بەردەوامیشدا وتی: بەها مرۆییەکانی کۆمەڵگا کەم بوونەتەوە، چی بە سەر ژن تەنانەت بەسەر پیاو بێت، کەس گوێی لێ نییە، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان لەبارەی هەموو سکاڵاکان و کەیسەکان لێکۆڵینەوە بکەن، لە هۆکارەکانی توندوتیژیی تێبگەن و بیان نرخێنن، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەو بابەتە ئەنجام نادرێت، چەند شوێنێک بۆ پاراستن و بەرگریی لە ژنان هەیە، ئەویش ژمارەیان زۆر کەمە، پەناگەکانیش هەن، تا ئاستێک کاردەکەن، بەڵام ناتوانن کێشەکان چارەسەربکەن، هاوکات بۆ ژنان دەبنە زیندان، ئەوان ناڵێن:"ژنێکمان لە بەرامبەر توندوتیژیی پاراست، ئێستا لە پاش ئەوە چۆن کێشەکە چارەسەربکەین"، پێویستە کۆمەڵناس و دەروونناس لەو ڕێکخراوانەدا کاربکەن، پێویستە هەم ژنان و و هەم منداڵەکان پەروەردەبکەین، لەلایەکی دیکەوە ئەو خوێندنگایانەی جیاکاریی لەنێوان کچ و کوڕ دا دروست دەکەن، دەبێت بگۆڕدرێن.

سەیوان ڕۆستەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژنانی کوردستانیش دەڵێت: توندوتیژی تەنیا بە کاری رێکخراو کۆتایی پێنایەت، پرۆژەی و هەوڵدانی بەرفراوانی دەوێت، هەوڵدانی ڕێکخراوەکەمان لەدژی توندوتیژی کەم نەبووە، لە ساڵی ١٩٩٢ وە تێدەکۆشین خاڵەکانی دەستوور و یاسای هەرێمی کوردستان و عێراق بگۆڕین، بۆ نموونە یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی، پاراستنی نامووس و ئەو یاسایانەی ڕێگا بۆ توندوتیژی دژی ژنان خۆش دەکەن، زۆر شت پەیوەندییان بە پەروەردەوە هەیە، پێویستە حکومەت بەرنامەی تۆکمەی بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی هەبێت، هەروەها بودجەی تایبەتیشی بۆ دابین بکات.

بەشی کۆتایی

ش.ف