قڕکردنێکی نەبیندراو.. بەشی دووەم

٢٢٥ ناوەند، ڕێکخراو و پەناگەی دژبە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ٣٣-یان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن، عەقڵییەتی "ئەوە کاری ژنان نییە" باڵادەستە، کە ئەوە خۆی دەبێتە هۆکار و پاڵنەری توندوتیژیی.


 

ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراو و ناوەندی دژە بە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی کوردستان هەن، کاتێک لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، ئەوە دەتوانێت  وەک خاڵێکی ئەرێنیی ببیندرێت، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئەو ڕێکخراوانە توندوتیژیش هەر زیاددەکات.

ئەوەش پرسیاری گەورە دێنێتە ئاراوە، ئەو ڕێکخراوانەی سەربە حکومەتن و دژ بە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان کاردەکەن، چۆن کار دەکەن؟ چۆن پرسە دەنرخێنن و چارەسەرییان بۆ پرسەکە چییە؟

سەرنجڕاکێشە ئەوەی جگە لە ڕێکخراوە حکومییەکان ئەوانی دیکە ئامار ئاشکراناکەن، هەروەها بەرێوبەری زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە پیاون، ئەوەش سەرچاوە لەو عەقڵییەتەوە وەردەگرێت، کە کاری بەرێوبەریی کاری ژنان نییە.

بەڕێوبەری ڕێکخراوە حکومییەکان هەموویان پیاون

ساڵی ٢٠٠٧ لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دا، بەرێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دامەزرا، ئەو بەڕێوبەرایەتییە سەرەتا ناوی "بەڕێوبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان" و پاشان لە ساڵی ٢٠١٢ دا ناوەکەی گۆڕدرا بە"بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان".

سەرەتا لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان لقەکانی ئەو بەڕێوبەرایەتییە کرانەوە، لە پێنج شار و شارۆچکە ئۆفیسی بۆ دانرا، لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە سۆران و ڕاپەڕین دوو بەرێوبەرایەتیی دیکە دانران، پاشان ئۆفیسەکان زیادیان کرد، تا ئێستا کە ٢٨ ئۆفیس لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بەڕێوبەرایەتییە کاروچالاکیی دەکەن.

لەناو ئەو بەڕێوبەرایەتییانەدا ناوەندی ڕاوێژکاریی خێزان-یش هەن، هەروەها لە کامپە پەنابەرییەکانیش لق بۆ ئەو بەرێوبەراتییە دامەزران.

تەنیا لە یەک بەڕێوبەرایەتییدا ژن بەڕێوبەرە

لە شەش ناوەند تەنیا لە یەکیاندا بەڕێوبەر ژنە، کە ئەویش لەمیعە مەحمود، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنانە لە گەرمیان و  ئەوانی دیکە هەموو پیاون، هەروەها، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتییەکەش ژنە، کە ئەویش کوردە عومەر-ە.

لە ٢٨ ئۆفیسی ئەو بەڕێوبەرایەتییە، تەنیا لە دوو ئۆفیسدا بەڕێوبەرەکان ژنن، ئەو ناوچانە بریتین لە دۆمیز و سۆران، پێشتریش بەرێوبەری ئۆفیسی خانەقین ژن بوو، بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکارەوە ئەو ئۆفیسە داخرا و ژمارەی ئۆفیسەکان لە ٢٩ وە بۆ ٢٨ کەم بووەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ١٨٧ ڕێکخراو و ناوەندی دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەن، ٣٠ لەوان لە دهۆک، ٩٧ لە هەولێر و ٥٥ لە سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرین و پێنجی دیکەش لە هەڵەبجەن.

ڕێژەیەکەی بەرچاوی ئەو ڕێکخراوانە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیریی مادیی دەکرێن، کاتێک سەیری دۆخی نالەباری ناوچەکە لەو بابەتەوە دەکەین ئەو پشتگرییە مادییانە بە ئەرێنی دەنرخێنین، بەڵام کاتێک سەیری دەرئەنجامەکەی دەکەین ناچارین گومان لە هەندێک شت بکەین.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە لەو ڕێکخراوانە بە دەستمان گەیشتووە، کاتێک ژنێک کە بەرامبەری توندوتیژی ئەنجامدراوە سەردانی ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە دەکات، ئەوان پارێزەری بۆ دەگرن و دۆسییەی بۆ دەکەنەوە، ئەگەر ئەو ژنانە لە ڕووی دەروونییەوە کێشەیان هەبێت و جورئەتی ئەوەیان نەبێت دۆسییە بکەنەوە، لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە هەوڵ دەدرێت ڕەزامەندیان بکەن بەوەی دۆسییەیان بۆ بکرێتەوە، ئەگەریش مەترسیی لە سەر ژیانیا هەبێت دەنێردرێنە پەناگە.

ئەمانە هەموو بانگەشەی سەر کاغەز و پەیڕەوە ناوخۆکانن، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا چەند لەوانە پێک دێن جێگای گومانە، ئەوەی کە لە هەر پارێزگاوە چەند ژن سەردانی ئەو ڕێکخراوانەیان کردووە تۆمارنەکراوە، یان ئەگەر کراوە ئاشکرا ناکرێ، ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش دەڵێن، کە ئەو ئامارانە بڵاوناکەنەوە، بۆیە هیچ زانیارییەکی ئاشکرا لەو بارەیەوە لە دەستدا نییە.

زۆربەی ئەو کەیسانە لەم بارانەوەن: توندوتیژیی ناو خانەوادەکان، پەیوەندی نێووان هاوسەرەکان، دەستدرێژی سێکسیی و جیاکاریی ڕەگەزیی و ئابووریین، بەگشتیی سێ هەزار و ٤٧٠ کەس سەردانی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان-یان  کردووە، بەڵام چەند لەوان چارەسەرکراون هیچ ئاشکرا نەکراون، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش سەردانی پەناگەکانیان کردووە، بەڵام ئاماری ئەوانیش لە دەستدا نییە.

پەناگەکان سەربە حکومەتن

چوار پەناگە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، کە هەر کامەیان لە سلێمانی، هەولێر دهۆک و گەرمیانن، پێش ساڵی ٢٠١٣ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆیان هەبوو پەناگە بکەنەوە، بەڵام لە ٢٠١٣ بەدواوە ئەو کارە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە قەدەغەکراوە، ئەو چوار پەناگەیەش کە باسمان کردن هەموویان سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیین.

بەرپرسانی وەزارەت دەڵێن، کە لەو پەناگەیانەدا کێشەی زۆر چارەسەرکراون، بەڵام ئەوەی چۆن ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە و کاریگەرییەکانیان چۆن بوون ئاشکرانییە، بەگوێڕەی ئە زانیارییانە وەزارەت بڵاوی کردوونەتەوە سەردانی پەناگەکان بەم شێوەیە:

١٥٤ کەس سەردانی پەناگەی سلێمانییان کردووە، کە کێشەی ١٢٧ لەوان چارەسەرکراوە، ٢٧ کەسی دیکە هێشتا لە پەناگەدا دەمێننەوە، هەروەها هەشت ژنیش سەردانی پەناگەی گەرمیانیان کردووە، کە ئێستا لەوێ دەمێننەوە، زۆربەی کێشەکان، کێشەی نێوان ژن و مێرد و هاوسەرگیریی بەزۆرەملێن.

٢٨ ژن سەردانی پەناگەی گەرمیانیان کردووە، لەو پەنگایەدا ژنان تەنیا دەتوان بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر بمێننەوە، چونکە جێگا و شوێن کەمە، ئەو ژنانەی کێشەکانیان چارسەرنابن دەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی، ٢٠ لەو ٢٨ ژنەی سەردانی پەناگەی گەرمیانیان کردووە کێشەکانیان چارەسەربوون، هەشتی دیکەشیان ئێستا لە پەناگەی سلێمانین.

هەروەها ١٥٣ ژن سەردانی پەناگەی دهۆکیان کردووە، کە ١٣٤ لەوان کێشەکانیان چارەسەرکراوە، ئە ژنانە بەهۆکاری دەستدرێژی سێکسیی، کێشەی نێوان هاوسەرەکان و توندوتیژی ناو ماڵ چوونەتە پەناگە.

ئەو عەقڵییەتەی هۆکاری کێشەکە وەک چارەسەر دەبینێت

ئامارەکان دەیسەلمێنن، کە تەنیا بە دامەزراندن و بونیاتنانی ڕێکخرا و ناوەند و پەناگەی کێشەی ژن لە بنەماوە چارەسەرناکرێت، بەڵکو شێوەی چارەسەرییە کە گرنگیی هەیە.

لێدوانەکانی بەڕێوبەرانی ژن و پیاوی ئەو دامەزراوانە بۆئێمەیان داوە  ئەو ڕاستیانە دەخاتە بەرچاو، بەو پێیەی بەڕێوبەر و کارمەندانی ئەو دەزگایانە بە گوێرەی پسپۆڕییان ئەرکدار ناکرێن، بەڵکو لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەتدا وەک دەزگایەک کە "پێویستە ئەمەش هەبێت"، مامەڵە دەکەن.

ژن وەک هۆکار دەبینن

سەرکەوت عومەر، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی دەڵێت، کە ئەو ژنانە لە کۆلێژی پۆلیس دەردەچن لەو ناوەندانەدا دادەمزرێن، هاوکات ژمارەیەکی زۆریان حەزیان لەوە نییە کە بچنە ناو ئەو ناوەندانەوە و فشاری دەروونی زۆریان لەسەرە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی دادەنێتە سەر ژیانی ڕۆژانەیان.

سەرکەوت عومەر، هەروها باس لەوە دەکات، کە کارەکانیان بەگوێرەی شارەزایی کارمەندەکانیانەوە دابەش دەکەن، ئەوەش دەڵێت کە لە بەشە جیاوازەکانیاندا چەندین ژنی زۆر چالاک و ژیر هەن، کە کاریان بۆ دەکەن.

سەرکەوت عومەر، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی ژن لە ئاستی بەڕێوبەریی-دا نییە، وتی: ئێرە دەزگایەکی سەربازییە و ئەوانەی لێڕە کاردەکەن زۆربەیان پلەی سەربازییان هەیە، هیچ بەربەستێک بۆ ژنان نییە، ئێمە دەمانەوێت کە ژنان بێن و لێرە کاربکەن، لەم چەند ساڵەشدا زەمینەمان بۆ ئەوە ئامادەکردووە، ئەوەی کە ژنی کەم لێیە بەهۆی پلەی سەربازییەوەیە، بەڕای ئێمە ژنانی لێهاتوو دەتوانن بەڕێوبەرییش بکەن، پێمانوایە بەڕێوەبردن هونەرە، کە هەر کەسێک ناتوانێت ئەنجامی بدات، وەزارەت ئەو مەرجەی نییە کە بەڕێوبەر دەبێت ئیلا پیاو بێت، بەڵام مەرجیش نییە کە ژن بێت.

لەمیعە مەحمود، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان دەڵێت: مەرجی وەزارەتی ناوخۆ نییە کە دەبێت بەڕێوبەر پیاوبێت، ئەگەر ژنێک بەگوێڕەی پێوەرەکان بێت حکومەت ئەرکداری دەکات، ئەوە هەم لە ئاستی قائیمقامیەت و دادوەر و هتد..دا هەیە، ئەڵبەتە ناتوانم بڵێم کە ئاستی بەشداربوونی ژنان باشە.

لەمیعە، پاش ئەو قسە سەرنجڕاکێشانە دەڵێت: من هەبوونی بەڕێوبەری پیاو لەو ناوەندانەدا بە نەرێنیی نازانم، دەبێت ئەو پیاوانە بەرگریی لە مافەکانی ژنان دەکەن و لەو بابەتەدا ئەزمونیان هەیە کاربکەن و بۆچارەسەریی کێشەکانی ژن هەوڵ بدەن، بە بۆچوونی من ئەو پیاوانە پێوەرە پێویستەکان بۆ بەرێوبەرییان هەیە، چ لە ڕووی یاسایی و چ لە ڕوی پلە و پایەوە.

لەم دواییانەدا کوشتاری ژنان و بانگەشەی خۆکوشتنی ژنان، هەروەها توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیان کردووە، لەگەڵ ئەوەدا چاو بەسەریدا دادەخرێت و ئەوەندەی پێویست لە دژی کار ناکرێت.

هەروەها چەند ژنێک کە بۆ ئەوەی بەرگییان لێبکرێت چوونەتە پەناگەکان، هەر لە پەناگەکان کۆتایی بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێمە لە بەشی سێیەمی دۆسییەکەدا لەو بارەیەوە زانیاری دەخەینە ڕوو.

ئێرە کلیک بکە بۆ بینینی بەشی یەکەم

ش.ف