قڕکردنێکی نەبیندراو.. بەشی سێیەم

یەکێک لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی هەیە، یەکێکی دیکە منداڵەکانی فرۆشراون، ئەوی تریان خەڵەتێندراوە، یەکێکی دیکە دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتە سەر، لە کۆتاییشدا دوو ژن کە هانایان بۆ پەناگەی ژنان بردبوو، لەوێ کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.


ئەو ژنانەی بەهۆی ستەم و زۆرداریی خانەوادەکانیانەوە ڕوودەکەنە پەناگەکان، لەوێش تووشی کێشە و گیروگرفتی جۆراوجۆر دەبن، بەدوواداچوون بۆ کەیسەکانیان یان درێژ دەخایەنێت، یان بەهۆی فشاری پیاوان بێ ئەنجام دەمێنێت، ئەو دۆخە سەختە ژن بەرەو خۆکوشتن دەبات.

لە ساڵی ٢٠١٣ وە بۆ ٢٠١٨ دوو ژن لە پەناگەکان کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە

یەکێک لەو ژنانە (م.م) ە و تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە، لە ساڵی ٢٠١٣ دا کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەبێت، پاش ماوەیەک لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە و هەر دوو منداڵەکەی لای هاوسەرەکەی دەمێننەوە، م.م دەچێتە پەناگەی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکاری جیابوونەوەکەیان تا ئێستا نەزاندراوە، هەروەها نەزاندراوە، کە ئایا منداڵەکان بە بڕیاری دادگا لەلای هاوسەرەکەی ماونەتەوە، یان پیاوەکە بەزۆرەملێ لای خۆی ڕایگرتوون.

منداڵەکانی دەفرۆشرێن

چەند جارێک هەوڵ دەدات بەدوواداچوون بۆ کەیسەکەی بکات، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک ناگات، چەند جاریش بە بەڕێوبەری پەناگەکەی وتووە:"لەکۆتاییدا ئاگر لە جەستەم بەردەدەم"، بەڵام بەڕێوبەری پەناگەکە ئەو قسەیە بە جدیی وەرناگرێت، جارێک م.م هەوڵ دەدات لە پەناگەکە خۆی بسووتێنێت، بەڵام بەرپرسانی پەناگەکە هەستی پێدەکەن و دەستێوەردان دەکەن و رێگای پێنادەن، پاش ماوەیەکی ئاگر لە خۆی و پەناگەکە بەردەدات، هەر لەوێ دەسووتێت و گیان لە دەستدەدات.

بەرپرسان چی دەڵێن؟

بەرپرسانی پەناگەکە دەڵێن، کە م.م کێشەی دەروونیی هەبووە، بۆیە خۆی کوشتووە، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە ئەو کێشە دەروونیانە چی بوون؟ بۆ دورستبوون؟

ئەو ڕووداوە، لەلایەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە ڕووماڵ دەکرێت، بەڵام پاش ماوەیەک لە بیر دەچێتەوە، هەوڵمان دا لە بارەیەوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی پەناگەکە بکەین، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە و ئامادەی لێدواندان نەبوون.

هەر ئەو بابەتە و هەر ئەو ئەنجامە

ک.هـ.ک، یەکێکی دیکە لەو ژنانەیە کە لە پەناگە کۆتایی بە ژیانی هێناوە، تەمەنی ٢٦ ساڵ و خەڵکی گەرمیان بوو، لە پەناگەیەکی سەربە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمدا ماوەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی پەنگەکە پێیان داوین، ک.هـ.ک بووەتە قوربانیی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستیی پیاوانە.

ک.هـ.ک لە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ پیاوێک، کە پێشتر هاوسەرگیریی کردووە پەیوەندیی دروست دەکات، بەڵام ئاگای لەوە نەبوو کە ئەو پیاوە هاوسەری هەیە، لە بەردەوامیی پەیوەندییەکەدا ک.هـ.ک دووگیان دەبێت و ناچار دەبێت بۆ دایکیی باس بکات، دایکەکەش لە ترسی باوکی ماڵ و خانەوادە دەڵێت، کە دەبێت لەگەڵ ئەو پیاوە هاوسەرگیریی بکەیت.

دایکی ک.هـ.ک داوا لە پیاوەکە دەکات لەگەڵ ک.هـ.ک هاوسەرگیریی بکات، پیاوەکەش بە پیلانێک بە ک.ـه.ک دەڵێت، ئەگەر منداڵەکە لەبار بەرێت و بیکوژیت ئەوکات هاوسەرگیریی دەکەین، ک.هـ.ک و دایکیشی ناچاردەن ئەو مەرجە قبوڵ بکەن، بەڵام پیاوەکە بۆ ئەوەی کەس ئاگاداری بابەتەکە نەبێت ڕێگا ناداتە ک.هـ.ک بچێتە نەخۆشخانە منداڵەکەی لەبارببات، پاش ئەوەی لای مامانێک منداڵەکە لەباردەبەن پیاوەکە تەرمی منداڵەکە دەباتە شوێنێک و دەیشارێتەوە، ئیدی بابەتی هاوسەرگیرییش دادەخات.

خانەوادەکەی هەستیان پێکرد

کە ئاڵۆزییەکان بەو شێوەیە بەردەوامییان پێدراوە، خانەوادەکەی هەستیان پێکردووە، ک.هـ.ک ش لە ترس دەچێتە پەناگەی سلێمانی، دواتریش سکاڵا لەدژی پیاوەکە تۆماردەکات، لەسەر ئەو سکاڵایە پیاوەکە دەستگیردەکرێت و چەند مانگێک لە زینداندا دەمێنێتەوە، بەڵام پیاوەکە هەموو شوێنەوارەکانی تاوانەکانی لەناوبردووە، ک.هـ.ک نەیتوانیوە دەستدرێژیی سێکسیی پیاوەکە بسەلمێنێت، هەروەها ک.هـ.ک تەنیا یەک شایەتحاڵی هەبووە، کە دایکی خۆیەتی و مامانەکەش ئامادەنەبووە شاهیدیی بۆ بدات، بەگوێرەی یاسا-ش دوو ژن  بە یەک شاهید هەژمار دەکرێن و یەک ژن بە شاهید ناگیرێت.

سەرئەنجام پیاوەکە بەو بەهانەیەی هیچ هۆکارێک بۆ سەلماندنی تاوانەکەی لە ئارادا نییە ئازاددەکرێت، بەو هۆیەوە ک.هـ.ک لە ڕووی دەروونییەوە دەڕوخێت و لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە پەناگە خۆی دەخنکێنێت و گیانی لە دەست دەدات.

ئەوە تەنیا دوو نموونەن، کە ڕای گشتی لەبارەیەوە زانیویەتی، پێدەچێت دەیان نموونەی دیکەی هاوشێوە هەبن و کەس پێی نەزانیبن.

ڕێکخراوەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان لەوبارەیە چی دەڵێن؟ بەرنامەکانیان چییە؟ لە بەشی کۆتایی دۆسییەکە بۆچوون و بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بارەیەوە دەخشێننەوە.

بەشی یەکەم

بەشی دووەم

ش.ف