قڕکردنێکی نەبیندراو.. بەشی یەکەم

قڕکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات، بەڵام نە دەبیندرێت و نە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەکرێتە ڕۆژەڤ، تەنیا لە شەش مانگی دەستپێکی ٢٠١٨دا ٢٠٤ ژن کوژراون و ناچارکراون بە خۆکوشتن، سێ هەزار و ٤٧٠ ژنیش بەهۆی توندوتیژییەوە سەردانی دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردووە.


هەرێـمی کوردستان یەکێکە لە لانکە کۆنەکانی مرۆڤایەتیی و کلتورێکی دەوڵەمەند و فرەڕەنگی هەیە، یەکسانیی، هاوبەشبوون، هاوکاریی، دادپەروەریی و بەرگریی و هتد، هەموو لەو تایبەتمەندییانەن، کە لە مێزۆپۆتامیاوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەو تایبەتمەندییانە لە پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی بوون، کە بە پێشەنگیی ژنانەوە لە کۆمەڵگادا پکهاتوون.

سەروەربوونی عەقڵییەتی دەسەڵاتدار و پیاوسالار لەسەر ئەم خاکە دەوڵەمەندە وایکردووە، کە هەموو ئەو پێوەرە مرۆییانە لاوازبن، بەجۆرێک کە کاریگەریی نەرێنیی و فشاری قەیرانە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەوێتە سەر ژنان، ئەوەش خۆی بە شێوەی سووتاندن، کوشتن و دەستدرێژییکردن وهتد پیشان دەدات.

ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان ژن دەکوژرێت، هێرشە جنسییەکان، کوشتن و سووتاندنی ژنان لە پلەی یەکەمی ڕووداوەکاندان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت و دەسەڵاتدار و حزبەکان ئەوە وەک کێشە پێناسەناکەن و ڕێکخراوەکانی داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنانیش ئەو تاوانانە ناکەنە ڕۆژەڤ.

لەڕووی ڕاگەیاندنیشەوە ئەو بابەتە بووە بە هەواڵی ڕوتین و چیدی ئەوەندەی کە پێویستە سەرنجی کەس ڕاناکێشێت.

لەوبارەیەوە ئێمە لەسەر شەش مانگی دەستپێکی ساڵی ٢٠١٨ بەدواداوونمان کرد، ئەنجامەکانی بەدواداچوونەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەڕووی ئەو ئامارانەوە دەتوانین ڕاشکاوانەتر باس لەوە بکەین، کە ئەو بابەتە دەغدەغەی لایەن و دەزگا پەیوەندیدارەکان نییە و خەمی لێناخۆن.

یەکەم خاڵی سەرنجڕاکێشی بەدواداچوونەکە ئامارەکانی سەبارەت بە توندوتیژیی بوون لە سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی دژ بە توندوتیژی هەیە، بەڵام ئەو ڕێکخراوانە تەنیا ئەو ئامارانە تۆماردەکەن، کە دەزگا حکومییەکان بڵاویان دەکەنەوە، بەگوێرەی بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی دژبە توندوتیژی لە ساڵی ٢٠٠٦دا حکومەتی هەرێم بەهۆی زیادبوونی توندوتیژیی لەدژی ژنان، بڵاوکردنەوەی ئاماری مانگانەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی قەدەغەکرد، لەو کاتەوە جگە لە دەزگا حکومییەکان هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنیی و سەربەخۆ ئەو ئامارانەی ئاشکرانەکردووە.

ژمارەیەک ڕێکخراوی مەدەنیی ژنان ئامارەکانیان تۆمارکردووە، بەڵام دەڵێن، کە تەنیا دەزگا حکومەییەکان ڕێگایان پێدراوە ئەو ئامارانە ئاشکرا بکەن.

دووەمین بابەتی بەدواداچوونەکەمان ژمارەی ڕێکخراوەکانی دژبە توندوتیژی و ڕۆڵەکانیانە، لەو بەشەدا جەخت دەکەینەوە سەر ئامارەکان ژمارەکان.

بەو هۆیەوە، کە ئامارەکان تەنیا لە یەک ناوەندەوە وەرگیراون، ئەگەری هەیە ئەنجامی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان نەخەنە روو، بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لەو ڕووداوانەی لە هەواڵەکاندا بڵاوکراونەتەوە لەناو ئەو ئامارانەدا نییە، هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە ڕووداوەکانیش بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی تۆمارنەکراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە بەڕێوبەرایەتییەکی سەربە وەزارەتی ناوخۆیە، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان ٢٥ ژن کوژراون، پارێزگای هەولێر بە ١٠ ژن کوژیی لە پلەی یەکەمدایە و  دهۆک بە هەشت ژنکوژیی لە پلەی دووەمدایە، لە پارێزگای سلێمانی-ش حەوت ژن خۆیان کوشتووە.

لە ئامارەکاندا هاتووە، کە ٩٤ ژن خۆیان کوشتووە یان خۆیان سووتاندووە، کە ٣٤یان وەک خۆکوژیی و ٦٠ یان وەک خۆسووتاندن تۆمارکراون، سەرنجڕاکێشە، کە لەبارەی هیچ کامە لەو خۆکوژیی و خۆسووتاندنانەوە توێژینەوە ئەنجام نەدراوە، یان ئەگەر ئەنجامدراوە ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەندراوە، خاڵی سەرنجڕاکێشی دیکە ئەوەیە، کە خێزانەکان لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە سکاڵای یاساییان لەدژی کەس تۆمارنەکردووە.

لە ڕووی خۆکوشتنیشەوە هەولێڕ و دهۆک لە پێشەوەن، لە هەولێر ٤٥ ڕووداو بە خۆکوشتن تۆمارکراون کە لەوان ٢٦یان خۆسووتاندن بوون، لە دهۆکیش ٢٤ ڕووداو کە ١٤ لەوان بە خۆسووتان تۆمارکراون، پاش ئەوانە ڕاپەڕینە، کە ١٠ ڕووداو بە خۆکوشتن تۆمارکراوە و شەش لەوان بە خۆسووتاندن، لە گەرمیانیش حەوت خۆکوشتن تۆمارکراوە کە پێنجیان بە خۆسووتاندن ناونراون.

سووتاندنی ژنان یەکێکە لە توندوتیژییەکانی دژی ژنان، بەگوێرەی ئامارەکان لەماوەی شەش مانگدا ٧٥ ژن سووتاون، ئەو ڕووداوانە وەک سووتان تۆمارکراون، لەو نێوانەدا ئەو گومانە هەیە، کە ئە سووتانانە سووتاندن بن، لەو کەسانەی وەک خۆسووتاندنی تۆمارکراون ئاشکرانەکراوە، کە چەندیان گیانیان لە دەستداوە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، کە زۆربەیان گیانیان لە دەستداوە.

ڕووداوی "سووتان / سووتاندن" لە هەولێر ٢٥، دهۆک ٢١، سلێمانی ١٨ و لە ڕاپەڕین نۆ کەس و لە گەرمیان دوو کەس تۆمارکراون، ئەو ئامارە بەراوردبە ئامارە جیهانییەکان زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەیەوە ئەنجام نادرێت.

هەروەها لە شەش مانگی ڕابردوودا ٥١ دەستدرێژیی سێکسی لەدژی ژنان تۆمارکراوە، کە ٢٣ ڕووداو لە هەولێڕ، ١٧ لە دهۆک، شەشی دیکە لە ڕاپەڕین و پێنجیش لە سلێمانی ڕوویداوە، بەڵام کاتێک کۆمەڵگا بەپێی بەها عەشیرەتی و بنەماڵەییەکان دەجوڵێتەوە ڕێژەیەکی زۆر لەو دەستدرێژییانە لە بێدەنگیدا دەخنکێندرێن و رێگایان پێنادرێت ئاشکرابکرێن.

هەر لەو شەش مانگەدا سێ هەزار و ٤٧٠ ژن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی ڕێکخراوەکانی دژ بە توندوتیژییان کردووە، کە هەزار و ٣٦٧ لە هەولێر، ٨٨٦ لە دهۆک، ٥٦٨ لە سلێمانی، ٣٢٤ لە گەرمیان، ١٧٣ لە ڕاپەرین و ١٥٢ لە سۆران بوون.

 

ش.ف