٣٧ ساڵی شەڕ و بۆردوومان و تۆپبارانی دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٦٠٠ گوندی هەرێمی کوردستانی چۆڵکردووە و مەترسیی لەسەر ژیانی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان دروستکردووە و دەیان هەزار گوندنشین ئاوارەبوون، جگەلەوەی ملیۆنان دۆلار زیانی ماددییشی لێکەوتووەوە.
بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان
هەمیشە قەرەوڵی چەکەکانی تورک لەسەر ناوچە مەدەنیی نشینەکان بووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، تەنها لەماوەی ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ ٢٨٨ گوند لە هێرشەکانی سوپای تورکدا بۆردوومان و تۆپباران کراون، ئەوەش ژیانی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکانی خستووەتە مەترسییەوە و ناچاری کۆچی کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە مانگی تەمموزی ٢٠٢٠ لەسەر بارودۆخی ناوچە سنوورییەکان ئامادەی کردووە، بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا٦١١ گوند لە ناوچەکانی، بادینان، برادۆست، قەندیل، پشدەر و هەورامان چۆڵکراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٥٥٠ گوندیان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بوون.
نزیکەی ١١٠ گوند لەو گوندانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە چۆڵبوون، دەکەونە سنووری شارەدێی سیدەکانەوە لە ناوچەی برادۆست، ئەوانەی دیکەیان دەکەونە ناوچەکانی بادیانان و زاخۆ و باڵەکایەتی.

سەرباری داگیرکاریی، ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ
ساڵی ٢٠١٧ دەوڵەتی تورک گوندەکانی لێلکان و بەرمیزە و چیادێلی لە ناوچەی برادۆست داگیرکرد و بنکە و بارەگای سەربازیی لێ دامەزراندن، شەوانە قەدەغەی هاتووچۆ لەو گوندانە ڕادەگەیەنن و ڕێگا بە خەڵکی دەرەوەی گوندەکە نادەن سەردانی ئەو گوندانە بکەن.
تەنانەت چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەنزمیی چوونەتە سەر شوان و مەڕدارانی ناوچەکە و لەڕێگەی سیستمی دەنگییەوە، هەڕەشەی چۆڵکردنی شوێنەکانیان لێکردوون.
جگەلەوەش هێرشەکان بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بژێوی گوندنشینان، زۆربەی گوندنشینانی ئەو ناوچانە بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانەوە وەک پێویست ناتوانن بچنە سەر ڕەز و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و ئاژەڵەکانیان بەخێوبکەن، کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوییانە.
ئەمەسەرباری ئەوەی کەبەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانەوە زیانێکی ماددیی زۆر بەر دانیشتووانی ئەو گوندانە کەوتووە، کە بەوتەی ئەبوبەکر هەڵەدنیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، زیانە مادییەکانی هێرشەکانی تورکیا بە ملیاران دینار دەخەمڵێندرێت.
ساڵانەش بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکەوە، بە سەدان هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی و ڕەز و باغ و پوش و پاوان و دارستانی گوندە سنوورییەکان لەناودەچن، کە بەپێی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تی، لەسەدا ٧٧ی ڕووبەری دارستانەکانی هەرێمەکانی پاراستی مەدیا لەناوچوون.

هەتاوەکو ئێستاش لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچە سنووریانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە و بێدەنگبوون بەرامبەر ئەو وێرانکارییانەی دەوڵەتی تورک بەسەر خەڵکی باشوری کوردستانیدا دەهێنێت.
ئەو لیژنانەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەدواداچوونکردن لەسەر بارودۆخی ناوچە سنورییەکان پێکهێندران، لە ڕاسپاردەکانیاندا داوایان کردووە قەرەبووی ماددیی و مەعنەویی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان بکرێتەوە و بەرامبەر ئەو زیانانەی کە بۆمب و تۆپی تورکیا و ئێران پێیانی گەیاندوون.
ئەوانەی چاودێریی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ سەر باشوری کوردستان پێیانوایە، بە ئامانجگرتنی گوندەکان لەلایەن سوپای تورکەوە دوو ئامانجی بنەڕەتیی هەیە، یەکەمیان بریتییە لە تەراکردنی گوندنشینان لە گوندەکان و داگیرکردنیان و جێگیرکردنی بنکە و بارەگای سەربازیی دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە.
دووەمیش بە ئامانجگرتن و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و داهاتی ناوخۆییە، بەوپێیەی گوندەکان سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیین لەڕووی بەروبوومی کشتوکاڵیی و خۆراکییەوە و دەیانەوێت بە چۆڵکردنی گوندەکان و دابڕینی جووتیار لە خاک، گورز لە داهات و بەروبوومی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش بدەن.
لە بەرامبەر ئەو هەموو هێرش و داگیرکاریی و تاڵانکارییانەشدا، تاوەکو ئێستا دژ بەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک، هیچ هەنگاوێکی سیاسیی، یاسایی و مرۆیی نەنراوە، بۆیە تاوانەکانی تورکیاش لە پەناهییدا دەمێننەوە و تاوانی دیکەی بەدوادا دێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز باس لە بێدەنگیی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەڕۆشتوون سکاڵا لەدژی تورکیا بکەن لە ئەنجومەنی ئاسایش و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بڵێن خاکی ئێمەی داگیرکردووە و دەبێت دەربچێت، بۆیەش هەڵوێستەکان لاوازن، تورکیاش کە دەبینێت هیچ هەڵوێستێک نییە بەردەوامە لە هێرشەکانی.

ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت: ئەگەر لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵا دژی تورکیا بجوڵێندرێت ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێت، بڕیارێک دەردەکرێت بۆ وەستاندنی ئەو ناکۆکییانە، تەنانەت ئەگەر هێرشەکانیش نەوەستێندرێت، لانیکەم هەموو ئەنجومەنەکە دژی تورکیا هەڵوێستیان دەبێت، هەر ڕۆشتنی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام نەیانکردووە، چونکە وادیارە لەدژی ئەو هێرشانە نین و لەوانەشە لەژێرەوە ڕێککەوتن هەبێت لە نێوانیاندا.
ک.س