قەرزەکانی دەوڵەتی تورک لای هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو مەلەفە تاریکانەی، جگە لە بەرپرسانی باڵای پارتی، کەسی دیکە تا ئێستا بەدروستیی نازانێت بڕەکەی چەندە و چەندی لێ دراوەتەوە و چەندی ماوە بدرێتەوە، تەنانەت حکومەتی عێراقیش هیچ سەرەداوێکی لەبارەی مامەڵەی نێوان هەولێر و ئەنقەرەوە دەستنەکەوتووە تا ئێستا، ساڵانەش حکومەتی هەرێم بەناوی بژاردنی ئەو قەرزانەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەداتە تورکیا.
پرسیار لە هەر بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەیت لەبارەی قەرزەکانی دەوڵەتی تورک لای هەرێمی کوردستان، ڕەنگە لەوە زیاتری لێ ئاگادار نەبێت کە لە میدیاکانەوە بیستوویەتی، حکومەتی هەرێمیش تا ئێستا ئامادەنییە وردەکاریی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ تورکیا و قەرزەکانی ئاشکرابکات، بۆ هەموو پرسیارەکان یەک وەڵامی هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەو قەرزە لەکاتی قەیرانی داراییدا بۆ مووچە کراوە.
دوای ساڵی ٢٠١٤ و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێم و نەناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە، هەرێم دووچاری قەیرانی دارایی بووەوە بەڕادەیەک توانای دابینکردنی مووچەی نەما، بۆ ئەوەی بارگرانیی ئەو قەرزە لەسەر خۆی سووک بکات، لە دەرگای تورکیایدا و قەرزی لێ وەرگرت.
ئەردۆغان لە سەروبەندی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا ئەوەی ئاشکراکرد، کە خۆی ٢ ملیار دۆلاری وەک قەرز بەخشیوەتە مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی لێ بدات، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە بڕی قەرزەکانی تورکیا لای هەرێمی کوردستان ٥ ملیار دۆلارە، بەڵام نازانرێت چەندی لێ دراوەتەوە و چەندی ماوە لێی بدرێتەوە.
بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنیی کە ساڵی ٢٠١٦ ماڵپەڕی ویکیلیکس لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاشتی هەورامی، وەزیری ئەوکاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان، ئۆپشنێکی بۆ سووککردنی قەرزەکانی تورکیا لای هەرێمی کوردستان خستووەتە بەردەم هاوتا تورکییەکەی.
بەپێی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئازاری ٢٠١٦ دا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پرۆژەیەکی ئاڕاستەی بەرات بەیرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى دەوڵەتی تورک کردووە، بۆ فرۆشتنی پشکی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بڕی ٥ ملیار دۆلار.
ئەو ٥ ملیار دۆلارەش بەشێکی قەرزی پێشتری تورکیا بووە لای هەرێم و بەشێکیشی پێداویستیی حکومەتی هەرێمە و هەورامی وەک پرۆژە ئاماژەی پێداوە.
ئاشتی هەورامی لە پرۆژەکەیدا کە ویکیلیکس بڵاویکردووەتەوە پێویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانى بۆ ئەو ٥ ملیار دۆلارە بەم شێوەیە ڕوونکردووەتەوە:
– ١ ملیار و ١٥٠ ملیۆن دۆلار (قەرزی تورکیا لای هەرێم کە پێشتر بە سێ قیست وەریگرتووە).
– ٥١٤ ملیۆن دۆلار (قەرزی کۆمپانیای TECی تورکی بۆ بواری خزمەتگوزاری نەوتی لای حکومەتی هەرێم).
– یەک ملیار دۆلار (بۆ پێدانی بە بەڵێندەرە تورکەکانی بواری بیناسازی کە پرۆژەیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە).
– ٧٠٠ ملیۆن دۆلار (بۆ پێدانی شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکانى کێڵگە گازییەکانى کۆرمۆر و چەمچەماڵ).
– ٧٥٠ ملیۆن دۆلار (بۆ ڕاکێشانى بۆری نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانى شێخان و بۆری گاز لە کۆرمۆر و چەمچەماڵ و بنەباوێ).
– ٥٤٠ ملیۆن دۆلار (بۆ پێدانى شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکانى کێڵگەی نەوتی شێخان).
ئاشتی هەورامی لە پرۆژەکەیدا سێ بژاردەی خستووەتە بەردەم حکومەتی تورکیا بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ و پاکتاوکردنی قەرزە کۆنەکان کە سەرجەمیان نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە.
بژاردەکانی هەرێم بۆ تورکیا:
یەکەم: پێدانەوەی قەرزەکان لە کاتى باشبوونی تواناى دارایی هەرێم بە شێوەی قیست کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستپێبکات و لەساڵی ٢٠٢١ کۆتایی پێ بێت.
دووەم: پێدانەوەی قەرزەکان لەڕێگەی هەناردەی نەوت و گاز بۆ تورکیا بەپێی خشتەیەک کە هەردولا لەسەری ڕێکدەکەون.
سێیەم: کڕینەوەی پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە.
بەپێی ڕێککەوتنە ٥٠ ساڵییەکەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانیش، بەڕێوەبردنی هێڵێ بۆری گواستنەوەی نەوت، فرۆشتنی غاز، بازرگانی نەوت و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوت و غازی فرۆشراو و خاوەندارێتیی کێڵگە نەوتییەکان، لەلایەن کۆمپانیای وزەی تورکیاوە دەبێت.
هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیای وزەی تورکی TEC لە ١٣ بلۆکی نەوتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکیی کاردەکات، هەروەها دەبێتە خاوەن زۆرینەی پشکەکانی حەوت بلۆکی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش بریتین لە: پەڵکانە، خورمەڵە، هەندرێن، چۆمان، خەلەکان، عەربەت و جەبەل قەند.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت، تورکیا لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، کە بەدوو شێواز پارەی لە هەرێمی کوردستان کێشاوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای وزەی تورکی لە بەرامبەر گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت ٣،١٧ دۆلاری وەک باجی گومرگی وەرگرتووە، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیکەوتووە بریتییە لە ٤٩٤ ملیۆن و ١٨٦ هەزار و ٣١٥ دۆلاری ئەمریکیی.
جگە لەو پارەیەش، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٦١٠ ملیۆن و ٣٦٢ دۆلاری تەرخانکردووە بۆ دانەوەی قەرزی هەریەکە لە کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیی تورکیی، بەشێوەیەک لە هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی هەرێم، بڕی ٣ دۆلار و ٨٥ سەنت لەبری قەرز دراوەتە ئەو دوو کۆمپانیایە.
واتا تورکیا تەنها لە داهاتی ساڵی ٢٠١٩ی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و ١٠٤ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
پرسیارە بێ وەڵامەکە لێرەدا ئەوەیە، حکومەتی هەرێم چەندی لەو قەرزەی تورکیا داوەتەوە و چەندی ماوە بدرێتەوە؟ تەنانەت پەرلەمانتارانیش بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن و تا ئێستا دەستیان نەکەوتووە.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت: ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ناشەفافترین ڕێککەوتنە، چونکە ئەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیان کردووە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕناکات، نەوتی هەرێمیان ڕەهن کردووە بۆ تورکیا.
ڕێککەوتنەکانی هەولێر و ئەنقەرە، هەرێمی کوردستانی دووچاری چەندین گرفت کردووە، بەبڕوای شارەزایان ئەو ڕێککەوتنانە وایکردووە تورکیا دەستی زیاتر زاڵبێت بەسەر ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا و لە زۆر بوارەوە پەیوەندییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت، بەتایبەت لەڕووی سەربازیی و هەواڵگرییەوە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت: بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی هەرێم لەگەڵ تورکیا هەیەتی، ناتوانێت لەگەڵ عێراقدا ڕێککەوتن بکات لەسەر مەلەفی نەوت.
ک.س