لامەرکەزییەتیی لەناو لامەرکەزییەتدا

خاڵێکی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی، زیادکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، بە شێوەیەک سیستمی لامەرکەزیی بۆ پارێزگاکان پەیڕەو بکرێت و پارێزگاکان جۆرێکبن لە "حکومەتی خۆجێی".


لە ڕێککەوتنەکەی ٤ی ئازاری نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ی.ن.ک و پارتی دیموکراتی کوردستان پ.د.ک، لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکانیش بەشێک بووە لە ئەجێندای ڕێککەوتنەکە، بەپێی زانیارییەکان هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر زیادکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

لا مەرکەزییەت چییە؟ دەتواندرێت لە هەرێمی کوردستان پیادە بکرێت یان نا؟

مەرکەزییەت و لا مەرکەزییەت چییە؟

سیستمی مەرکەزییەت؛

پێناسەی پسپۆڕان بۆ سیستمی مەرکەزییەت بریتییە لەوەی، کە جۆرێکە لە جۆرەکانی کارگێڕی، کە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی وڵات و فەرمانگە حکومییەکان بەکاردەهێنرێت، خاڵی دیار و ئاشکرای ئەم جۆرە لە ئیدارەدانە، بریتییە لەوەی کۆی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، لە دەستی کەسێکدا یان تاقمێک کە لە چەند کەسێکی کەم پێکهاتووە، کۆدەبێتەوە. 

ئەم چەمکە لەسەر ئاستی ئیدارەی گشتی، بەو مانایە دێت کە سیاسەتی دەوڵەت، بە جۆرێکە دەسەڵاتە ئیداریی و کارگێڕییەکان لە دەستی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکاندایە، لە بڕیارداندا هیچ سەربەخۆییەک نادرێت بە یەکە ئیدارییەکانی خوارەوە، واتە بەشەکانی خوارەوە ناتوانن بڕیار لە کاروباری فەرمانگەکەیان بدەن، ئەوەی بڕیاردەدات تەنها وەزیر و جێگرەکەیەتی، لەم جۆرە ئیدارەدانەدا دەسەڵاتەکانی بەرێوەبردنی دەوڵەت، شۆڕ ناکرێنەوە بۆ فەرمانگە بچووکەکان و یەکە ئیدارەکان.

سیستمی لا مەرکەزیەت؛

ئەم چەمکە بەو شێوازە ئیدارییە دەوترێت کە تێیدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات، لە دەستی تاکە کەسێک یان گروپێکی دەسەڵاتداری تایبەتدا کۆنەبووەتەوە، واتە دەسەڵاتی کارگێڕی لە نێوان چەندین تاک و چەندین دەزگای کارگێڕیدا بڵاوبووەتەوە و هەریەکەیان بەپێی پلە و پێگەی لە دەزگاکەدا، توانای بڕیاردان و ڕەسمکردنی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی بەشەکەی خۆی هەیە.

بە واتایەکی دیکە، چەمکی لا مەرکەزیەت واتە لێکهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی لە ئاستە باڵاکانیدا و گواستنەوەی بۆ یەکە ئیدارییە بچوک و جیاوازەکان، بە جۆرێک ئەو یەکە ئیدارییە بچوکانە، بەپێی هەلومەرجی ئیشکردنی ناوخۆیی خۆیان، توانای بڕیاردانی سەربەخۆییان هەیە، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ مەرکەز کە زۆرجار ئەو مەرکەزە خۆی لە وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیراندا دەبینێتەوە.

جۆرەکانی لامەرکەزیەت؛

بەشێوەیەکی گشتیی لا مەرکەزییەت بۆ چوار ئاست دابەشکراوە:

یەکەم/ لا مەرکەزییەتی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر هەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت، بەو مەرجەی هەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسیەتێکی مەعنەویبن، کە لەلایەن کۆمەڵگای خۆجێیەتی یان دانیشتوانی لۆکاڵی هەرێمەکە یا پارێزگاکە هەڵبژێردرابێت، واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت، کە تێیدا دانیشتوانی پارێزگاکە یان هەرێمەکە بەشداری دەکەن، ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پرۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەیە و جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی هەیە. 

دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزیەتە ناوبنرێت بە ئیدارەی خۆجێیەت، نموونە بۆ پۆستەکانی لا مەرکەزیەت یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.

دووەم/ لا مەرکەزیەتی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان و سەڵاحییەتەکان لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، هەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەیە. 

سێیەم/ لا مەرکەزیەتی سیاسی: ئەم جۆرە لە لا مەرکەزیەت، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستووری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی، بەم جۆرە دابەشکارییە دەوترێت یەکێتی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. 

چوارەم/ لا مەرکەزی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێریان بکات، لێرەدا مەرکەز سەرەکییە و لا مەرکەزی لاوەکییە.

دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، ڕێگای داوە بە پیادەکردنی سیستمی لا مەرکەزییەت لە پارێزگاکاندا، یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش کە تایبەتە بە ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەستی وەزارەتەکانی واڵاکردووە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانیان لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی گرێدراو بەخۆیان لە پارێزگاکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان. 

سیستمی هەرێمی کوردستان؛

بەگوێرەی ئەو چوار خاڵە، هەرێمی کوردستان لە لامەرکەزییەتی جوگرافیدا شوێن دەگرێت، ساڵی ٢٠٠٣ وەک هەرێمی فیدراڵی لە دەستووری بنەڕەتیی عێراقدا دانیپێدانرا، پەرلەمان، حکومەت و ئیدارەدانی هەرێمیی هەیە و خۆی بڕیار ناوخۆییەکانی دەدات.

هەرێمی کوردستان لە چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پێکدێت، کاروبارەکانی پارێزگاکان لە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا ڕێکخراوە، بەگوێرە ماددەی پێنجەمی ئەو یاسایەش، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنووری کارگێڕیی پارێزگادا و مافی ئەوەی هەیە بڕیار و پەیڕەو و ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕیی و دارایی لەناو سنووری پارێزگادا دەربچووێنێت.

ئەو دەسەڵاتانەشی کە لە ماددەی پێنجی یاساکەدا بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان دانراوە، لەو پێناوەدایە کە بتواندرێت سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکان بەپێی پرەنسیپی نا سەنتەریی بەڕێوبەریی کارگێڕیی بکات، بەجۆرێکی وا کە ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.

سەربارەی ئەوەشی کە لە یاساکەدا کار بۆ نەهێشتنی سیستمی سەنتەریی "مەرکەزیی" کراوە، بەڵام هێشتا ئەم بەندە یاساییە بەتەواویی لەسەر زەمین جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی کاری ڕۆتینی گەورە و بچووک، ناچارن ڕوو لە سەنتەری پارێزگاکان بکەن، هەر لە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلێکەوە بێت تا دەگاتە دەرکردنی پاسپۆرت و ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ حەج و دامەزراندن و گواستنەوە و ناردنەدەرەوەی فەرمانبەران.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆبونەوەی ژمارە ٣٧ی خۆیدا، پرۆژەیەکی سەبارەت بە سیستمی لامەرکەزی ئامادەکرد، بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزی لە سلێمانی و گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئەو پرۆژەیە پەسەندکرا، بەڵام هێشتا پرۆژەکە هەر لەسەر کاغەز ماوەتەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ نەکراوە.

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەیەکی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادەکردووە و چاوەڕوانیش دەکەن کە لە دانیشتنەکانی داھاتووی پەرلەماندا پێشکەشی بکەن.

ئەو جۆرە لامەرکەزییەی کە یەکێتیی بۆ پارێزگاکانی هەرێم داوای دەکات، وەک بەرپرسەکانیان باسی لێوەدەکەن، تێکهەڵکێشێکی لا مەرکەزیی جوگرافیی، ئیداریی و وەزیفییە، بەوپێیەی دەیانەوێت هاوشێوەی لامەرکەزیی ئیداریی، وەزیفە ئیدارییەکان لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان دابەشبکرێت، هەر یەکەیەکی ئیدارییش بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەبێت، هاوشێوەی ئیدارەیەکی خۆجێی بن و جۆرێک لە سەربەخۆیی داراییشیان هەبێت.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئەوەی خستەڕوو، کە لەم خولەی پەرلەماندا کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیاد بکەن.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی پێشیوایە، کە ئەنجومەنی پارێزگاکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی کەمدا ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، تا دەسەڵاتیشیان کەم بێت ئەنجومەنەکان ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، "دەمانەوێت لەبری ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە هەولێر بێت، بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکان و خۆیان ئەرکەکانیان ڕابپەڕێنن".

 

ئەم هەوڵەی یەکێتی بەلای چاودێرانی سیاسییەوە، وەک جۆرێک لە تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی تەماشا دەکرێت، بەوپێیەی یەکێتی نایەوێت هەولێر لەوە زیاتر بڕیاربەدەستبێت لە کاروبارەکانی سلێمانیدا، لەمڕووەوە ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ئەمە پەیوەندی بە هیچ پارێزگایەکی دیارییکراوەوە نییە، بەڵکو بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانە، نامانەوێت تەنها دەسەڵاتی پارێزگای سلێمانی زیادبکرێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوەداین کە دەسەڵاتی هەموو پارێزگاکان زیادبکرێت.

ئاماجێکی دیکەی یەکێتی لە زیادکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەوەیە، کە چیتر داهاتی پارێزگاکان لە هەولێر کۆنەکرێتەوە، بەڵکو هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی لەلای خۆی بمێنێتەوە، وەک ئەسەسەردیش دەڵێت: دەکرێت ئەو داهاتانەی کە دەچنەوە بۆ هەولێر، لەبری ئەوەی بچێتەوە وەزارەتی دارایی و لەوێوە بنێردرێتەوە بۆ پارێزگاکان، هەر لە پارێزگاکە بمێنێتەوە و لە وەزارەتی داراییش بە وەرگیراو هەژمار بکرێت.

شارەزایانی یاسا و دەستووریش، کێشە لە زیادکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا نابینن، بەڵکو کێشەکە بۆ جێبەجێ نەکردنی یاساکە دەگێڕنەوە، گەشبینیشن بەوەی کە لا مەکەزیی دەتوانێت ئیدارەدانی هەرێم ڕێکبخاتەوە، بەڵام "بەو مەرجەی مەبەستی دیکەی لە پشت نەبێت".

حاکم شێخ لەتیف، سیاسەتمەدار و پسپۆڕی دەستووری، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بەوەکرد، کە "ئەگەر خودی یاسای پارێزگاکانی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی هەرێم جێبەجێ بکرێت، زۆر دەسەڵاتی خۆجێیی دەدا بە پارێزگاکان، لا مەرکەزییەتێکی ئیداریی باش بەرهەمدەهێنێت".

حاکم شێخ لەتیف، دەربارەی ئەو پرۆژەیەشی کە یەکێتی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پارێزگاکان ئامادەی کردووە لە پەرلەمانی هەرێم، حاکم شێخ لەتیف دەڵێت: کێشە لە هەموارکردنەوەی یاسای پارێزگاکاندا نییە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێکردنی یاساکەیە، هەر ئەوانەی کە ئەو یاسایەیان دەرکردووە، خۆیان جێبەجێیان نەکردووە، گرەنگیی چییە کە ئەگەر یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانیش هەموار بکەنەوە و دەسەڵاتەکانی زیاد بکەن، جێبەجێی دەکەن؟

ئەو بە گەشبینییەوە لە پیادەکردنی سیستمی لا مەرکەزیی دەڕوانێت و پێیوایە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموو ناوچەکان دەسەڵاتی ناوچەیی خۆیان بەڕێوببەن، "بەڵام ئەو دەسەڵاتانەی کە پێویستن بۆ مانەوەی هەرێم بە یەکپارچەیی، ئەوانە هەر لە دەستی پایتەختدا دەمێننەوە، بۆ نموونە هێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە و دارایی و بەڕێوەبردنی سەروەت و سامان و پەیوەندییەکانی دەرەوە".

حاکم شێخ لەتیف، سیاسەتمەدار و پسپۆڕی دەستووری، لەو ڕووەی کە وەک چاودێران دەڵێن، ئەم نییەتەی یەکێتیی شێوازێکە لە دروستکردنەوەی دوو ئیدارەیی دەڵێت: لە واقعدا ئەم دوو حزبە دوو ئیدارەییان هەبووە، لا مەرکەزیی شێوازێکە لە شێوازەکانی ڕێکخستنەوەی هەرێم، بەڵام بەمەرجێک بۆ ئەو مەبەستەبێت کە لە لا مەرکەزییەتدا باس دەکرێت، نەک بۆ مەبەستی سیاسیی بێت و یان مەبەستێکی تر لە ژێر سەریانەوە هەبێت و ئامانجێکی دیکەیان لەژێر پەردەی ئەم ئامانجە ڕاگەیاندنییەی کە باسی دەکەن، شاردبێتەوە.

بەگوێرەی وتەی فەرید ئەسەسەرد، هەتا ئێستا یەکێتی وردەکاریی زیادکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی لەگەڵ پارتی باس نەکردووە و "ناشزانن" تێڕوانینی پارتی لەسەر ئەو بابەتە چییە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتیی ڕێککەوتوون لەسەر زیادکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەجۆرێک کە بکرێن بە حکومەتی خۆجێیی.

 


ک.ک