لەدوای ١٠٠ساڵ سیاسەتی پارچەکردن بەرامبەر کورد پیادە دەکرێت

شێخ مەحمودی حەفید، ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئینگلیزیەکانی لەسلێمانی دەرکرد و یەکەمین حکومەتی خۆی دامەزراند، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئینگلیزەکان پێشتر هۆزەکوردییەکانیان لەشێخ مەحمود دوور خستبووەوە و هێزی کوردیان پارچەکردبوو، سلێمانیان داگیرکردەوە، ئێستاش داگیرکەران هەمان سیاسەتی پارچەکردنی کورد بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کورد بە لاوازی بمێنێتەوە.


ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکەم حکومەتی شێخ مەحمودی حەفید ( بەرزنجی) یە، ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا بە پێشەنگایەتی شێخ مەحمود، ئیدارەیەکی کوردی لە سلێمانی دروستکرا، بەڵام بەهۆی پارچەبوونی کوردان و هێرشی بەریتانییەکان بۆسەری تەمەنی حکومەتەکە درێژ نەبوو.

لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی ڕوخا، دەوڵەتانی داگیرکەری دیکەی وەک بەریتانیا و فەرەنسا شوێنیان گرتبووەوە، هەروەها گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادیی خۆیان دەستیان بە تێکۆشان کردبوو.

لەدوای ڕوخانی میرنشینی بابان لەساڵی ١٨٥١دا، بەپێشەنگایەتی شێخ مەحمود لەساڵی ١٩١٩ جارێکی دیکە سەرهەڵدانی کوردان دەستی پێکردەوە.

ژیانی شێخ مەحمود

شێخ مەحمود، ساڵی 1881 ناوچەی بەرزنجە لەسلێمانی لە بنەماڵەیەکی ئاینیی بەناوبانگە لەدایك بووە، بنەماڵەکەیان دوای هەرەس هێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی ‌و كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستانیان كەوتووە دەست.

ساڵی 1908 بەپیلانی گروپی ئیتیحادو تەرەقی (دەوڵەتی عوسمانی) لەشاری موسڵ شێخ سەعیدی باوكی و شێخ ئەحمەدی برای شەهید كران ‌و ئیتر ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری بنەماڵەكە ئەكەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود، ساڵی 1918 كاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دکتۆر ئاکۆ شوانی، مامۆستا لە بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی داوە، لە ڕۆژی ١٦ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩١٨، دا مێجەر نوئێل، نوێنەری ئینگلیزەکان لەگەڵ پێنج هاوکاریی دێنە سلێمانی و ڕۆژێک دواتر، لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لەبەردەم بەشێک لەسەرۆک هۆزەکاندا شێخ مەحمود، وەک حکومداری ناوچەکە دەناسێنێت، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە شێخ مەحمود حکومەتەکەی دادەمەزرێنێت.

ئینگلیزەکان شێخ مەحمود-یان وەک فەرمانڕەوا قبوڵ نەبوو

شێخ مەحمود، هەمیشە دوو پرسیاری لە ئینگلیزەکان دەکردووە، یەکەم دەیوت، مانای حکومدار چییە؟، کە من کراومەتە حکومداری ئەم ناوچەیە، دووەم دەیوت ئەگەر من حکومدارم سنوری ئەو ناوچەیە کامەیە کە حوکمی دەکەم؟، ئینگلیزەکان هیچ کات ئامادەنەبوون ئەوەی تێبگەیەنن، شێخ مەحمود دواتر تێگەشت کە ئینگلیز حکومداری ناوێت، پیاوێکی دەوێت کە ڕاجایەکی هیندی بێت لە ناوچەکەدا و بەگوێرەی خواستی ئەوان کاربکات.

شەڕ دەست پێدەکات

شێخ مەحمود، بەردەوام کێشەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا زیادی دەکرد، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی مێجەرسۆن کە نوێنەری ئینگلیز دەبێت لە

سلێمانی، ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ١٩١٩سلێمانی بەجێبهێڵێت، دوای ئەوە شێخ مەحمود هەموو کارمەندانی ئینگلیز دەستبەسەر دەکات و ئاڵای بەریتانیا دادەگرێت و ئاڵای حکومەتەکەی خۆی هەڵدەکات، پاش چەند ڕۆژێک شەڕی دەربەن بازیان ڕوودەدات، لە کایەی یەکەمدا شیخ مەحمود، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی ناهاوسەنگی هێز و چەکەوە سوپاکەی شێخ مەحمود دەشکێت و شێخ مەحمود بە برینداریی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و لەپاش دادگایی کردنی دوور دەخرێتەوە بۆ هندستان.

ئەو مامۆستایەی بەشی مێژوو لەزانکۆی سلێمانی لەبارەی هۆکارەکانی شکستی سوپاکەی شێخ مەحود، وتی: شێخ مەحمود هەم لەگەڵ ئینگلیزەکان کێشەی هەبوو، هەم بە دەستێوەردانی ئینگلیزەکان شێخ و عەشایەرەکان نەدەچوونە ژێر ڕکێفی شێخ مەحمودەوە.

سیاسەتی پارچەکردنی کورد

 نووسەر ڕەفیق حیلمی، لە کتێبێکیدا ئاماژە بەوەدەکات، کە یەکێک لە کاربەدەستانی ئینگلیز کە ناوی 'کابتن بێڵە'، ڕەفیق حیلمی لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆلای هۆز و عەشایەرەکان بۆ ئەوەی تەرجومەی بۆ بکات، پرساریی ئەوەی لە سەرۆک عەشرەتەکان کردووە کە ژمارەیان چەند کەسە؟، چەند چەکداریان هەیە؟، چەکەکانیان چین؟، هەروەها چەکەکانی تاقی کردوونەتەوە، ئەم کارانەی بۆ ئەوەکردووە بزانێت کە ئەگەر لەدژی ئینگلیز بووەستنەوە چیان پێدەکرێت، ئەگەر دۆستی ئینگلیز بن چیان پێدەکرێت، چونکە بۆیان دەرکەوتووە شێخ مەحمود ناچێتە ژێر ڕکێفی ئەوانەوە.

ئەگەر یەکێتی گەلی کورد هەبوایە مافی زیاتر بەدەست دەهات

د ئاکۆ، لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەگەر خێڵەکان لەگەڵ شێخ مەحمود تەبا بوونایە ئەوە کورد مافی زیاتری بەدەست دەهێنا، بەڵام ئینگلیزەکان وایانکرد، پشدەرییەکان و تاڵەبانییەکان و جافەکان و عەشایەرەکانی دیکە لەشێخ مەحمود دووربکەونەوە، بۆیە زاڵبوون بەسەر شێخ مەحمود-دا ئاسانبوو بۆیان، دەشڵێت: ئێستاش بارودۆخێکی هاوشیوە هەیە، حیزبەکان نە لەگەڵ یەکدا تەبان، نە لەگەڵ جەماوەردا ئاشتن، بەرەی ناوخۆییان زۆر لاوازە.

شێخ مەحمود تکا لە هۆزەکان دەکات پشتی بگرن

شێخ مەحمود، لەدوای دامەزراندنی حکومەتەکەی تکا لە سەرۆک هۆزە کوردییەکان دەکات کە پشتی بگرن و هاوکاری بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەریتانییەکان، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی یەکێتی لەنێوان کورداندا دروست بکات، بەڵام زۆرێک لە هۆزەکان بەدەم داواکەیەوە ناچن.

حکومەتی دووەمین و سێیەمینی شێخ مەحمود

لەدوای تێکچونی یەکەم حکومەتی شێخ مەحمود و دورخستنەوەی بۆ هندستان، لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان شێخ مەحمود-یان هێنایەوە بۆ کوەیت، پاش چەند ڕۆژێک هێنایانەوە بەغدا و لەڕۆژی ٣٠ی ئەیلول شێخ مەحمود گەڕایەوە سلێمانی.

ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، شێخ مەحمودی حەفید، دووەمین حکومەتی خۆی دامەزراند، بەناوی ' حکومەتی کوردستان' خۆشی وەک سەرۆکی حکومەتەکە ناساند، بەپێی ناساندنی سنوری حکومەتەکەی شێخ مەحمود هەموو باشوری کوردستانی دەگرتەوە هەتا سنوری باکوری کوردستان و پایتەختی حکومەتەکەشی شاری سلێمانی دەبێت، لەم حکومەتەدا زمانی فەرمی کوردی دەبێت و سوپاکەی ناوی ' سوپای نەتەوەی کورد' بووە، جارێکی دیکە ئینگلیزەکان بەهێزێکی زۆرەوە هێرشیان کردەوە سەر سلێمانی و لە ڕۆژی ١٦ی ئایاردا سلێمانی-یان داگیرکردەوە.

لەدوای تێکچونەوەی حکومەتەکەی خەباتی شێخ مەحمود بەردەوام دەبێت و پاش ماوەیەک ئینگلیزەکان هێزەکانیان دەکشێننەوە بۆ شاری کەرکوک، بۆیە شێخ مەحمود لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٢٤ بۆ جاری سێیەم حکومەتی دامەزراند و لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو ئەو کوردانە دەرکرد کە هاوکاریی ئینگلیزەکان کردووە.

لە ١٦ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٢٥دا کۆمەڵەی نەتەوەکان سنوری نێوان تورکیا و عێراق-یان جیاکردەوە، بەوەش باکور و باشوری کوردستان لەیەک جیاکرایەوە، بەڵام تیکۆشانی نەتەوەیی لەدژی ئینگلیزەکان و حکومەتی عێراق نەوەستا.

لە ساڵی ١٩٢٦دا هێزی هاوبەشی ئینگلیزەکان و عێراق و ئێران، دژی شێخ مەحمود شەڕیانکرد لە پشدەر و دەستیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەپاراست، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی پێک نەیەت شێخ مەحمود بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئینگلیزەکاندا دەستی لەکاری سیاسی کشاندەوە، بەڵام چەندین جاری دیکە بەشداریی شۆڕشە خۆرسکییەکانی جەماوەری کرد و هەندێک جاریش لەڕێگای پەوەندییەکانیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا.

لەکۆتایدا شێخ مەحمود، لەساڵی ١٩٣٢ بەیەکجاری وازی لە خەباتی سیاسی هێنا و لە ساڵی ١٩٥٦ کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە شێخ مەحمود نەیتوانی بەر بە هێرشی ئیگلیزەکان بگرێت ئەوەبوو کە لەڕووی هێزەوە هاوتا نەبوون، بەهۆی ئەوەی کە هۆزە کوردەکان پشتگیریی شێخ مەحمدیان نەکرد ئەوەش بەهۆی ئەوەبوو کە پێشتر ئینگلیزەکان وایان لە هۆزەکان کردبوو پشتی شێخ مەحمود نەگرن، ئێستاش کە ١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم حکومەتی شێخ مەحمود-دا تێدەپەڕێت هەمان سیاسەتی پارچەکردن بەرامبەر کورد ئەنجامدەدرێت.

ناوی قارەمانێتی شێخ مەحمود-یان لە بەردەقارەمان ناوە

ئەو قارەمانێتییەی شێخ مەحمود، بەرامبەر سوپایەکی زەبەلاحی ئینگلیزەکان ئەنجامی داوە بووەتە هۆی ئەوەی شوێنی قارەمانێتییەکە و ئەو شوێنەی شێخ مەحمودی تێدا بە برینداریی دەستگیردەکرێت ناو بنرێت بەردە قارەمان، هەرچەند ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت، هێشتا ئاواتەکەی شێخ مەحمود بەدی نەهاتووە و یەکێتی گەلی کورد دروست نەبووە، هەروەها داگیرکەرانی کوردستانیش بەهەمان شێوەی ئەوکاتەی ئینگلیزەکان لە هەوڵی پارچەکردنی گەلی کورد-دان.

هێشتا خواستەکانی شێخ مەحمود بەدی ناهاتووە

لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە شێخ مەحمود داویەتی بۆ یەکێتی گەلی کورد و بۆی بەدی نەهاتووە، هەروەها ئەو حەسرەتەی ئێستاش لەناخی گەلی هاوڵاتیانی کوردستاندا هەیە بۆ پێکهاتنی یەکێتی گەلی کورد، هونەرمەندی دیاری کورد، کاویس ئاغا، گۆرانییەکی وتووە بەناوی شێخێ من، ناوەڕۆکی گۆرانییەکە باس لە نیگەرانی هونەرمەند کاویس ئاغا دەکات لەبەرامبەر پارچەبوونی گەلی کورد.

د.ع