لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا قازی محەمەد لەسێدارە درا

٧٢ ساڵ بەر لەئێستا و لە ڕۆژیکی وەک ئەمڕۆدا، پێشەوا قازی محەمەد لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.


ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا، و دوای ١١ مانگ و لە ١٧ی کانونییەکەمی ١٩٤٦ ڕووخا، لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی واتە ٣٠ی ئازاری ١٩٤٧ـدا پێشەوا قازی، لەمەیدانی چوارچرای شاری مھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کۆماری کوردستان تێدا ڕاگەیەندرا، لەسێدارە درا.

محەمەد کوڕی قازی عەلی ١ی ئایاری ١٨٩٣ لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو، خوێندنی ئایینی و زانستیی هەر لەو شارە تەواو کرد و دوای کۆچی دوایی باوکی بووبە قازی (دادوەر) و هەر بەو هۆیە بە "قازی محەمەد" دەناسرا.

قازی محەمەد، لە ساڵەکانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی فەرمانگەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مھابادی لەئەستۆگرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردووە، لەکاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم خوێندنگای کچان لە مھاباد کراوەتەوە، بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن سۆڤییەت و بەریتانیاوە، کەمبوونەوەی تەرکیزی حکومەتی ناوەندی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران، هەروەها نیشاندانی پشتیوانییی لەلایەن سۆڤیەتەوە بۆ گەلانی بندەست، ئەو هەلەی ڕەخساند کە لە شارەکانی مهاباد و تەبرێز دوو کۆمار بە ناوەکانی "کۆماری کوردستان" و کۆماری "ئازەربایجان" دابمەزرێن.

لە مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا، سۆڤییەت لەگەڵ حکومەتی ئێران ڕێککەوت، لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٦، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزەڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەمریکا، پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا، کە لە باکووری ئێران بکشێتەوە.

سەرەنجام لەڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شاری مهاباد کە ناوەند و پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی مهاباد، مەلا مستەفای بارزانی کە پلەی ژەنەراڵی لە کۆمار و پێشەوا قازی وەرگرتبوو لەگەڵ چەکدارەکانی هەڵهاتن و بەرەکانی بەرگرییان لە مهابادیان چۆڵ کرد بەرەو سۆڤیەت و کۆماری کوردستانیان جێهێشت، دەوترێت، قازی محەمەد بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە نەکەونە بەر کوشتاری هێزەکانی پاشایەتی ئێران خۆی بەدەستەوەدا و لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سەربازگەی شاری مهاباد، زیندانیی کرا.

کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنی خۆیدا گەشەی بە هۆشیاریی سیاسیی و عەقڵی مەدەنیی دا، لەسەر بازاڕ و گەشەدان بە ئابووریی کاری گرنگی کرد، یەکێک دیکەش لە کارەکانی، دامەزراندنی شارەوانی و پاک و خاوێنی شار بوو، لە بواری زمان و ئەدەبیاتەوە کاری زۆری کرد،هەروەها لەسەر خوێندنی ژنان و منداڵانیش کاری کردووە.

بەڵام هەندێک خاڵی لاوازیشی هەبوو کە لەوانە؛ عەقڵی خێڵەکیی و خێڵەکیی بوون گورزێکی کوشندەی لەو کۆمارەدا و کۆمەڵێک لە عەشیرەتەکان دژی وەستانەوە و بوونە داردەست بۆ نەیارەکانی، هەروەها تێنگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی، بە تایبەت تێنەگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و بەریتانیا و سۆڤیەت، کێشەیەکی دیکە قەتیس مانەوەی ئەو کۆمارە بوو، کە نەیتوانیبوو لە سنوری مهاباد و دەوروبەری بپەڕێتەوە و بەرەوە بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوات، کە ئەگەر وا بوایە لەناوبردنی بەو ئاسانییە نەبوو.

سەرەنجام ٢٦ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٧، لیژنەیکی تایبەت کە لە تارانەوە ھاتبوون، دەگەنە مھاباد و دادگاییەک ڕێکدەخەن و قازی محەمەد، سەدر قازی، سەیف قازی، دادگایی دەکرێن، لەو دادگایەدا هەندێک تۆمەت دەخرێتە پاڵ قازی محەمەد و هاوڕێیانی، لەوانە: گۆڕین و شێواندنی نەخشەی وڵاتی ئێران، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان، بازرگانییکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی، ھێنانی هێزی بێگانە، دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە نیشانی چەکوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت و هتد ..، قازی محەمەد و هاوڕێیانی زۆربەی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە، بەڵام دادگا ،کە نوێنەری دەسەڵاتی ئێران بوو، پێشتر بڕیاری خۆی بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابوو، بۆیە دوای دوو دانیشتن حوکمی لەسێدارەدانی بۆ هەریەکە لە پێشەوا قازی محەمەد، حەمەحسێن خانی سەیف قازی و ئەبولقاسم سەدر قازی دەرکرد و سەرەنجام لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی، واتە ٣٠ی مارسی ١٩٤٧، لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد واتە هەر ئەو شوێنەی کۆماری کوردستان تێدا ڕاگەیەندرا لە سێدارە دران، هە ئەو ڕۆژە تەرمی قازی و هاوڕێیەکانی لەسەر شانی خەڵکی مھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاک سپێردران.

ش.ف