لە باشوری کوردستان هەوڵ بۆ گۆڕینی ناوی تورکیی دەدرێت

هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان ناوی تورکی لێنراوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن عوسمانیی و مەغۆلەکانەوە، هەروەها بەهۆی کاریگەریی کەلتوری تورکی بەسەر ناوچەکانی کوردستانەوە زۆرێک لە ناوی کەسەکان و شوێنە بازرگانییەکان کراونەتە تورکی، ئێستاش داوای گۆڕینی ئەو ناوانە دەکرێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە.


لە باشوری کوردستان گوند و ناوچە و گەڕەک و شوێنکار ناوی تورکییان لێنراوە، هەندێکیان لە بنەڕەتدا ناوی کوردییان هەبوو ە و عوسمانییەکان گۆڕیویانن و کردوویانن بە تورکیی، هەندێکیشیان هەتا ئێستا نازاندرێ، کە ناوە کوردییەکەی چیبووە، قەرەداغ، قەرەهەنجیر، قەرەگۆل، قزڵەر، قەرەتەپە و ئاڵتون کۆپری، کۆیسنجاق و قشڵەی کۆیە، نمونەی ئەو شوێنانەن.

لەدوای هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە باشوری کوردستان هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەستی پێکرد، بەردەوام بەرەو فراوانبوونی زیاتر دەچێت، لەئێستادا هاوڵاتیان خواستی ئەوەیان هەیە، کە ناوی ئەو شوێنانەش بگۆڕدرێت کە پێشتر ناوی تورکی لێنراوە، هەروەها داوای ئەوە دەکەن کە خاوەن دووکان و شوێنە بازرگانییەکان ناوی ئەو دوکان و کارگانە بگۆڕن کە ناوی تورکی لێ نراوە.

دکتۆر ئارام عەلی، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەبارەی هۆکاری بوونی ناوی تورکی لە هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت: ئەگەر دورتر بڕۆین لەپێش ناوی تورکی ناوی عەرەبی لە شوێنەکانی کوردستان نراوە، ئەویش هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆسەردەمی هاتنی ئیسلام، لەو کاتەدا ناوی شوێنەکان گۆڕاوە، لەدوای ئیسلام تەتەر و مەغۆلەکان هێرشیان بۆ ئەم ناوچانە ئەنجامداوە، ئەوانیش ناوی زۆر شوێنیان گۆڕیوە، بەو پێیەی تەتەر و مەغۆلەکان ڕەگێکی هاوبەشیان لەگەڵ تورکەکان هەیە، ناوەکان تورکی بوون، دواتر لەسەردەمی عوسمانییەکاندا ناوی زۆرێک لە ناوچەکان گۆڕاوە، بۆ نمونە قەرەداغ، واتا کێوی ڕەش، لە ڕانیەش چیایەک هەیە ناوی کێوە ڕەشە، ڕەنگە قەرەداغیش هەر ناوی ئەوە بووبێت.

ئەو مامۆستایەی بەشی مێژوو، ئاماژە بەوەدەکات، کە دەمێکە تورک ئامادەکاریی بۆ ئەوەدەکات، کە هێرشێکی کەلتوری گەورە بکاتە سەر کوردستان، بۆنمونە وشەی تیمار، ناوی یەکەیەکی ئیداری عوسمانییەکانە، بەڵام ئێستا زۆر گوندی کوردستان هەیە ناوی تیمارە، دەشڵێت: بۆ بەرگرتن لەو هێرشە کلتورییەی کە هەیە، هەڵمەتێکی ڕۆشبیریی لەو بارەیەوە ئەنجامبدرێت، چونکە ئەگەر ئێمە شانازی بە ناو و مێژووی خۆمانەوە نەکەین ناتوانین ئایندەمان ببینین، هەروەها دەبێت لە ناوەندە ئەکاتیمییەکاندا توێژینەوە لەسەر مێژووی ناوی ئەو ناوچانە ئەنجامبدێت، چونکە تەنها ڕۆژهەڵاتناسە بیانییەکان تویژینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە، بەداخەوە هەتا ئێستا کورد خۆی ئەوەی نەکردووە.

سەلار محەمەد، وەک هاوڵاتیەک ئاماژە بەوەدەکات، کە دەمێکە ئەو بایکۆتی هەموو کاڵایەکی تورکی کردووە، هەروەها بایکۆتی سەریرکردنی فیلمە تورکییەکانیشی کردووە چونکە پێی وایە کاریگەریی خراپی هەیە بۆسەر ڕەوشتی منداڵەکانی دەشڵێت: وەک هەڵمەتی بایکۆتکرد دەستی پێکردووە، با هەڵمەتی گۆڕینی ناوە تورکییەکانیش دەستپێبکات و ناوی شوێن و دوکانەکان بکرێنەوە بە کوردی.

بڕیار جەلال، وەک ڕۆژنامەنووسێک ڕای وایە بۆ ئەوەی کوردیش هەست بە هێزی خۆی بکات، پێویستە ناوی ئەو شوێنانەی کە تورکین بکرێنەوە بە ناوە کوردییە ڕاستەقینەکەیان، دەشڵێت: لەبەرامبەر ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک کردییە سەر ڕۆژئاوای کوردستان خەڵک ئامادەبوو خۆی برسی بکات، بەڵام ئامادەنەبوو کاڵایەکی تورکی بکڕێت، ئێستاش ناوی شوێنەکانیش بکرێتەوە ناوی کوردی، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەی داگیرکارییەی لەسەر ناو و شوناسی ئێمە هەیە نەمێنێت.

لەبارەی ڕێکارەکانی گۆڕینی ناوی شوێنێکی بازرگانی، خاوەر زەکی، بەریوبەری گشتی تۆمارکردنی ناو لە ژوری بازرگانی سلێمانی، دەڵێت: هەرکەسێک بیەوێت ناوی شوێنەکەی بگۆڕێت، داواکاریی پێشکەشدەکات لە ژوری بازرگانی و ناوێکی نوێ هەڵدەبژێرێت و ئەوکاتە ئەگەر ناوە نوێکە هاوشێوەی نەبێت ئێمە تۆماری دەکەین بەناویەوە.

ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لەبارەی ڕێکارەکانی گۆڕینی ناوی شوێنێک یان ناوچەیەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: دەبێت هاوڵاتیانی ئەو شوێنە لەڕێگای ئەنجومەنی ناوچەکەیانەوە داواکارییەک پێشکەشی شارەوانی بکەن بۆ ئەوەی ناوی ناوچەکەیان بگۆڕن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو ناوانانەی کە کوردی نین لەکۆندا ناو نراون، بەڵام کاتێک گەڕەکێکی نوێ دروستدەکرێت ئەوان پێشنیاردەکەن کە ناوی کوردی لێ بندرێت، بۆ ئەوەش نمونەی گەڕەکێکی نوێی شاری سلێمانی هێنایەوە کە پێشنیاریان کردووە ناوی لێبنێن گرێسپی یان سەرێکانی.

وەک هاوڵاتیان و شارەزایانی مێژوو  ئاماژەی پێدەکەن، لەئێستادا گرنگە هاوشانی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی هەنگاو بۆ گۆڕینی ناوی ئەو شوێن و ناوچانە هەڵبگیرێت کە ناوەکانیان تورکین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی داگیرکاریی تورک لە باشوری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بسڕدرێتەوە.

د.ع