لە مانگرتنی تامردنی ١٤ی تەمموزەوە بۆ یەکەم فیشەک

بەرخۆدانی پەکەکە، کە ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢ بە مانگرتنی گەورەی تامردن دەستیپێکرد و گۆڕدرا بۆ هەنگاوی گەریلایی '١٥ی تەباخی "مانگی ٨"  ١٩٨٤'  لە ٣٧ـەمین ساڵیادیدا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە بەرخۆدانێکی جەماوەری.


گروپێک لە خوێندکارانی زانکۆ کە بە "ئاپۆچیەکان" دەناسران، ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی 'فیس' لە ناوچەی لیجەی ئامەد، کۆنگرەیەکیان پێکهێنا و "پەکەکە"ـیان ڕاگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی پەکەکە دەوڵەتی مشەخۆر و فاشیستی تورک دەستی بە هێرش بۆسەر هەرێمەکانی مەرعەش، دێرسیم، خارپێت، چەولیک، دیلۆک، ئامەد، ئێلح، مێردین و ڕۆحا کرد، کە کادێرەکانی پەکەکە تێدا چالاک بوون، بەو شێوەیە کۆمەڵکوژیەکی نوێ لەسەر مێژووی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک زیاد بوو.

لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـدا کەنعان ئەڤرەن سەرۆکی ئەو کاتەی فەرماندەیی گشتی سوپای تورک لە تەلەفزیۆنەوە دەرکەوت و ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند کە، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.

دوای ئە کودەتا سەربازییە لە تورکیا و کوردستان هێرشی گەورە دژی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکان دەستپێکرد، هەزاران کەس دەستگیرکران و لێپرسینەوە لە سەدان هەزار کەس کرا، دژی ڕژێمی نکۆڵیکەر و مشەخۆر لە تورکیا، تێکۆشانی ئازادی کورد بە بزوتنەوەی دیموکراتی و نەتەوەیی خۆی، کۆتایی بە بێدەنگی دەیان ساڵەی لە کوردستان هێنا و ڕێگای لە بەردەم هۆشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کردەوە، گەلی کورد و لەسەرویانەوە گەنجان لە دەوری تێکۆشانی تەڤگەری پەکەکە خۆیان بەڕێکخستن کرد و بەهێزەوە بەشداری بوون.

لەگەڵ تێکۆشانی پەکەکە دەرکەوت کە گەلی کورد ئەو حکومەتەی پێی قبوڵ نییە، حکومەتی کودەتاش سەرسەختانە هێرشی دەکردە سەر ئۆپۆزیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئەنجامدا بزوتنەوەکانی ڕەنج و گەنجان لە تورکیا بەخێرایی چەوسانەوە، لە کوردستانیش بە تایبەتی شار، شارۆچکە و ئەو گوندانەی پەکەکە تێدا بەهێز بوو، کرانە زیندان.

بە دژواری ئەشکەنجە دەدرا، بە شێوەیەکی توند دایان بەسەر پەکەکە-دا کە بووبوو بە هیوای ئازادی گەلی کورد، ئەو ناوچانەی تێکۆشانی ئازادی کورد تێدا بەهێز بوون وەک؛ ڕۆحا و ناوچەکانی، مێردین، ئێلح و ئامەد بوونە ئامانجی گرنگی ئەو هێرشانە، لەوانەی سڵاوێکیان لە پەکەکە کردبوو تا ئەوانەی لەو تێکۆشانەدا چالاک بوون هەموو دەستگیرکران و لەسەر پشتیوانییان لە پەکەکە سزا دەدران.

لە کوردستاندا وا باسکرابوو کە کەس ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتە بوەستێتەوە، لە زیندانەکانیش وا بیریان دەکردەوە، لە زیندانی ئامەد بە ئەشکەنجە و فشاری جەستەیی و دەروونی ئەو سیاسەتەیان بەسەر زیندانییەکاندا سەپاندبوو کە؛ "هیچتان لەدەست نایەت، چارەنووستان خۆبەدەستەوەدانە، ئەوەی پێشتر کردووتانە هەڵە بووە، ئەمە ئەنجامەکەیەتی، کۆتایی پەکەکە وەهایە".

بەو سیاسەتە پەشیمان بوونەوە، نکۆڵی لەخۆ کردن و خۆبەدەستەوەدان لە زۆرێک لە زیندانەکان سەپیندرا، بەو شێوەیە هەم لە زیندانەکان و هەم لەناو کۆمەڵگادا ڕێگەیان نەدا دژی کودەتای ١٢ی ئەیلول ناڕەزایەتییەک دروست بێت.

مانگرتنی ساڵی ١٩٨١

ساڵی ١٩٨١ لە زیندانی ژمارە ٥ی ئامەد زیندانیانی دۆزی پەکەکە دژی فشارەکان کە دەخرایە سەریان بەرخۆدانیان کرد و دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن، بەهۆی ئەو مانگرتنەوە زیندانییەک بەناوی عەلی ئەرەک تووشی هەڵێنانەوەی خوێن بوو گیانی لەدەستدا، بەڵام چونکە ئەو مانگرتنە لە ڕووی ڕێکخستنییەوە بەهێز نەبوو، کۆتایی پێهات، دوای ئەمەش سەربازان و پاسەوانانی زیندان هێرش و فشارەکانیان گەیاندە لوتکە.

نەورۆزی مەزڵوم دۆغان

مەزڵوم دۆغان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە دوای ئەوەی ئەو فشار و سیاسەتی توند و ئەشکەنجانەی لەدژی شکۆی مرۆڤەکان بینی، وەها لەسەر دیوارێکی زیندانی ئامەد نووسی "خۆبەدەستەوەدان خیانەتە، بەرخۆدان سەرکەوتنە"، دوای ئەوە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢ـدا بە سێ چیلکەی شقارتە نەورۆزی پیرۆز کرد و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەو شێوەیە کادێرێکی پێشەنگی ئەو بزووتنەوەیە سەلماندی کە ئیرادەی تێکۆشانی ئازادی کورد لەناو نابرێت و خۆی بەدەستەوە نادات.

چوار کەس ڕێگای مەزڵوم دوغان-یان گرتەبەر

دوای چالاکییەکەی مەزڵوم دۆغان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، بە خواستی گەورەکردنی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد، فەرهاد کورتای، نەجمی ئۆنەر، مەحمود زەنگین و ئەشرەف ئانیک، لە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی گوڵانی "مانگی پێنج" ١٩٨٢ـدا خۆیان کردە خەرمانێک لە ئاگر و ڕێگایان لەبەردەم مانگرتن تامردنی گەورەی ١٤ی تەمموز کردەوە.

مانگرتن تامردنی گەورە دەستیپێکرد

محەمەد خەیری دورمووش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، ١٤ی تەموزی ١٩٨٢ لە ڕۆژی دادگاییکردنی گروپی ڕۆحای پەکەکەدا، ئاڵای بەرخۆدانی زیندانی ئامەدی بە "مانگرتن تا مردنی گەورە" بەرز کردەوە.

خەیری دورمووش وەهای وت:"من ئەمڕۆ لێرە و لەم هۆڵەدا لەسەر داهاتوومان لێدوانێکی گرنگ دەدەم، پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە دەستنیشان بکەم کە؛ 'پەکەکە تەڤگەرێکە کە بەرپرسیاری کوردستانە'، ئێمە ئەندامانی ئەم تەڤگەرە، لە هەموو کێشەکانی پەکەکە و کوردستان لە ئاستی سەرەوە بەرپرسیارین، ئێوە لەسەر ئەم بەرپرسیارییەتە ئێمە بۆ لە سێدارەدان دادگایی دەکەن!".

خەیری بەردەوامیی بە پەیامەکەی داوە "لە وەها دۆخێکدا سەرڕای ئەوەی ئێوە ئاساییانە لێی نزیک دەبنەوە، هەروەها ئاستتەنگی جدی لە بەردەم ئێمە هەیە بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانمان، ئێمە ناتوانین بەرگری لە خۆمان و تەڤگەرەکەمان بکەین، نیوەی مافێک کە بۆ قسەکردن دەدرێت بە دانپێدانەران بە ئێمە نادرێت، هەروەها ئەشکەنجەی دڕندانە لە ئێمە و هەڤاڵانمان دەکرێت، دڕندەییەکی گەورە لە زیندانەکان بەڕێوە دەبرێت، بە دەیان هەڤاڵی من کوژراون، سەدان کەسیان کەم ئەندام بوون، هێشتاش دیار نییە چەندەیان لێی بکوژرێت، من بەرپرسیاری ئەوانەم، ئێوە باش ئەمە دەبینن و خۆشتان شاهیدن، من نامەوێت ڕەفتاری ئێوە لە هۆڵی دادگا دژی ئەشکەنجە شرۆڤە بکەم، لەخۆیدا ئێوە هاوکاری ئەشکەنجەکەرەکانن، هەموو شتێک ئاشکرایە و ناتوانن نکۆڵیی لێبکەن، خۆفیداکردنی مەزڵوم دوغان و خۆسووتاندنی ئەو چوارکەسە ئەمەی سەلماند؛ "ئیدی بەسە"،  بەڵی منیش دەڵێم: "ئیدی بەسە"، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەست بە مانگرتنی تامردن دەکەم".

کەمال وعەلی

لەناو ئەو زیندانیانەی لە هۆڵی دادگاکە گوێیان لە قسەکانی خەیری دەگرت، کەمال پیر و عەلی چیچەک و دوای ئەوەش سێ زیندانیی دیکە بەشداری چالاکی مانگرتن تا مردن بوون، دادوەر کاتێک ئەو جموجوڵە لەناو زیندانییەکان دەبینێت، بەهۆی تایبەتمەندیی کەسایەتییەکەی کەمال پیرەوە لێی دەپرسێت: "کەمال تۆش دەستپێدەکەی؟".

کەمال پیر دەڵێت: بەڵێ بێگومان منیش، پێش ئێستا بە دەیان جار وتوومە 'ئەگەر یەکێک جارێک ئاڵایەک هەڵگرێت، من دەبمە دووەم کەس، ئێستاش لێرەوە لەم هۆڵە و لە بەردەم شاهیدەکانی ئێوە، من بەشداری مانگرتنی تامردن دەبم، دەمەوێت ئەمەش بڵێم؛ ئێمە درەنگکەوتین، پێویست بوو زووتر دەستمان پێیبکردایە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، لە ڕۆژێکی مێژووییدا دەستپێکردنی ئەم چالاکییە زۆر بە واتایە".

عەلی چیچەک-یش دەست بە قسەکردن دەکات و دەڵێت: بە ناوی ملیتانێکی پەکەکە-وە ناترسم، خۆشم دوور ناگرم و دەڵێم، بە ناوی گەنجێکی کورد، شۆڕشگێرێک و ملیتانێکی پەکەکە بەڵێن دەدەم کە تا دوا هەناسە هێژای گەلی کوردستان و پارتی خۆم بم، بەم بەڵێنەوە بەشداری مانگرتن تا مردنی هەڤاڵ خەیری دەبم".

عاکیف-یش بەشدار بوو

عاکیف یڵماز کە لە کاتی دادگەکەدا لە هۆڵەکە ئامادە نەبوو، بەشداری هەڤاڵانی زیندانیی لە کاروانی مانگرتنی تامردن بوو، ئەستا ئۆکتای یڵدران کە لە زیندانی ئامەد نوێنەرایەتی کۆنسەی سەربازی کەنعان ئەڤرەن-ی دەکرد، دوو ڕۆژ دوای ١٤ی تەموز ئاکیف یڵمازیشی بردە ژوری ٣٦ کە خەیری، کەمال، عەلی و چالاکوانانی دیکەش تێدا بوون.

عەلی عوسمان ئەشکەنجەکەر و هاوکاری یڵدران وتی: "بیبەن، ئەمەش بیبەنە ژوری ٣٦، ئەوێ دەبێتە گۆڕستانی ئاپۆچییەکان"، یڵمازیش وەڵامی دایەوە و، وتی:"ئیدی سەردەمی ئێوە کۆتایی پێهاتووە، ئێستا دەوری ئێمەیە، دەسەڵاتی ئێوە کۆتایی پێهاتووە، بۆیە دەبینین کە ئێرە لە کێی دەبێتە گۆڕستان".

کەمال پیر لە ٥٧ـەمین ڕۆژی ماراسۆنی ژیانی نوێیدا ماڵئاوایی کرد، لە ڕۆژی ٦٤ـەمدا خەیری دورمووش وەک کەمال پیر ماڵئاوایی کرد.

بەرخۆدانی زیندانەکان کە بە عەلی ئەرەک دەستیپێکرد، بە مەزڵوم دوغان و چوار کەسی دیکە بەردەوام بوو، بە چالاکیی مانگرتنی تا مردنی گەورە لە ١٤ی تەموز گەیشتە لوتکە و بووە بەردی بناغە لە خولقاندنی ڕۆحی بەرخۆدانی پەکەکە-دا و لە ١٥ی تەباخی ساڵی ١٩٨٤ـدا، لە دهێ و شەمزینان گوڕدرا بە فیشەکی تۆڵەکردنەوە و بووە ڕاستینەی سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادیی کورد کە ٤١ ساڵە بەردەوامە.

س.ح