ماوەی ٢٢ساڵە ڕێبەر ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە و خراوەتە زیندانی تاکە کەسییەوە، لەو ماوەیەدا خانەوادەکەی و پارێزەرانی زیاتر لە دوو هەزار و ١١٧ جار داوای چاوپێکەوتنیان پێشکەشکردووە و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە هەزار و ٦٥٤جار داواکانیان ڕەتکراوەتەوە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و تا ئێستاش لە دوورگەی ئیمرالیی لە تورکیا لە زیندانی تاکە کەسییدایە، ڕفاندنی ڕێبەر ئۆجالان کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و گەلی کورد ئەو ڕۆژە وەک “ڕۆژی ڕەش” ناودەبەن.
لە ٢٧ی تەموزی ٢٠١١وە، بە بیانووی خراپی کەشوهەوا، خراپبوونی کەشتیی و باری نائاساییەوە، هەندێک جاریش بە بڕیاری دادگا یاخود بێ هۆکار بە پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ، ڕێگا لە بینینی ڕێبەر ئۆجالان گیراوە و خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە.
لە ماوەی ٢٢ساڵ لە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان، هەزاران جار لەلایەن پارێزەران و خانەوادەکەیەوە، بە شێوازیی فەرمی داوای چاوپێکەوتن کراوە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، بەڵام زۆرینەی جارەکان ڕەتکراوەتەوە، لێرەدا بەشێک لەو ئامارانە دەخەینەڕوو، کە ڕۆژنیوز لە نەورۆز ئویسال، پارێزەری ڕێبەر ئۆجالان وەریگرتوون.

لە دوو هەزار و ١١٧ داواکاری چاوپێکەوتن، هەزار و ٦٥٤جار ڕەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانە، لە ساڵی -١٩٩٩وە تا ئەمڕۆ، پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان، هەزار و ٧٤١جار داوای سەردانییکردنی بریگرتەکەیان کردوە، بەڵام تەنها ٤٣٨جار چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان کەوتووە لە ماوەی ئەو ٢٢ساڵەدا و لە هەزار و ٣٠٢جار داواکاریییان ڕەتکراوەتەوە بە بیانووی جیاواز.
هەروەها، خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان لەدوای ساڵی ٢٠١١و توندکردنەوەی گۆشەگیریی، بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی ٣٧٦جار داواکارییان پێشکەشکردووە، بەڵام تەنها ٢٥جار چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان کەوتووە و ٣٥١ جار داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە.
لە ٢٢ساڵدا، تەنها ٢٥ خولەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، دوای ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە براوەتە زیندانی ئیمرالی، تا ئێستا یەکجار پەیوەندی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە، ئەویش پاش ٢١ ساڵ و بۆیەکەمجار ٢٧ی نیسانی ساڵی پار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای قسەیکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ئەو ٢٢ساڵەدا پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان ٨١جار داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەنجامدانی تەلەفۆن، بەڵام هەموو جارەکان ڕەتکراوەتەوە، هەروەها خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان ٢٥جار داواکارییان بۆ تەلەفۆنکردن ڕەتکراوەتەوە و لە ماوەی ٢٢ساڵدا تەنها ئەو یەکجارە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، کەماوەی ٢٥خولەکی خایاندووە.
هەر بە وتەی پارێزەران، هەموو هەفتەیەک، بە هەزاران نامە و نووسراو بۆ ڕێبەر ئۆجالان دەنێرن، بەڵام دەوڵەتی تورک، تەنها چەند نامەیەکی دەداتێ کە خۆی پەسەندی دەکات، تەنانەت مافی ڕەوانەکردنی ژمارەیەک کتێبیشی لێ زەوت کراوە، ئەوەش دژی مافی بەندکراوانە.
گۆشەگیریی سەر رێبەر ئۆجالان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و وێڕای هەوڵەکانی پارێزەران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئەو لە ئیمراڵیدا نازانرێت.
ش.ف