لە ڕۆژی جیهانیی کۆبانێدا تورکیا داعش زیندوودەکاتەوە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ-یە، واتا ڕۆژی پشتیگیریی جیهان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ و گەلی کورد، لە کاتێکدا چوار ساڵ بەسەر دیارییکردنی ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، دەوڵەتی تورک وانەی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە و دەیەوێت بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد، داعش زیندوو بکاتەوە.


١/نۆڤەمبەری/٢٠١٤ لەکاتێکدا بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ نزیک دەبووەوە لە دوو مانگ، ١/نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ دیارییکرا، کە بە واتای یەکگرتنی کورد و پشتگیریی جیهانی دێت بۆ کۆبانێ، ساڵانە لەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراو جۆر لەناوە و دەرەوەی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هێرشی چەتەکانی داعش بۆ کۆبانێ

ساڵی ٢٠١٤ ، پاش داگیرکردنی شاری موسڵ به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م، چەتەکانی داعش ڕوویان له‌ شاری کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

چەتەکانی داعش هەر لە دەستپێکەوە، و بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک و ڕژێمەکەی ئاکەپە و ئەردۆغان، بە دژوارترین شێوە و زۆر دڕندانە کە هاوتای لە مێژوودا کەمبووە هێرشیان کردە شارەکە و هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوویان بەکارهێنا، کە لە سەربازگەکانی عێراق و سوریا و دەوڵەتی تورکەوە بەدەستیان کەوتوبوو و زوو زووش هەم چەتەکانی داعش و هەمە ئەردۆغان و داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا و سەرانی دیکەی ئاکەپە ڕایاندەگەیاند "کۆبانی دەکەوێت".

لەو سەروبەندەدا هەم بەرپرسان و هەم شەڕڤانانی کانتۆنی کۆبانێ وەڵامی توندی ئەو لێداوانەیان دەدایەوە و دەیانوت:"کۆبانێ هەرگیز ناکەوێت".

لەسەرەتای هێرشەکانیاندا چەتەکانی داعش، هەوڵی داگیرکردنی چوار شوێنی گرنگیان دا، کە ئەوانیش گردی مشتەنور، ناوەندی چاند و هونەر، چوارگۆشەی ئەمنی و رێڕەوی مورشید پنار بوو، چەتەکان توانیان سێ لەو شوێنانە داگیر بکەن، بەڵام چوارەم شوێن کە رێڕەوی مورشیدپنار بوو، نەتواندرا داگیربکرێت و بووە قەڵای بەرخۆدێران.

داستانی قارەمانانەی کۆبانێ

داستانی قارەمانانەی کۆبانێ لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، کە ژمارەیەکی کەم لە شەڕڤانان بەرگرییان لە کۆبانێ دەکرد و توانییا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی چەتەکانی داعش بگرن و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە گیانی خۆیان رێگایان لە بەرەوپێش چوونی تانک و چەتەکانی داعش گرت و (ئارین میرکان) بووبە سیمبولی ئەو بەرخۆدانە قارەمانانەیە.

ئامانجی شەڕڤانان-یش لە سەرەتاوە رێگرتن بوو لە بەرەوپێشچوونی چەتەکانی داعش، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا کۆکردنەوەی هێز و ڕێکخستنەوە و ڕاهێنانی شەڕڤانان بوو لە شەڕی کۆڵان بەکۆڵاندا.

لە قۆناغی سێهەمیشدا، کە لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، هەڵمەتی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە کەسایەتی جودی، ساریا، زنار و هەڤاڵانیان، دەستیپێکرد.

له‌کاتی ئەو به‌رخۆدانه‌دا عه‌بدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، له‌ ڕێگای شاندی هه‌ده‌په‌وه‌ بانگی سه‌فه‌ربه‌ریی کرد بۆ کۆبانێ، به‌م بانگه‌ به‌رخۆدانی کۆبانێ پێی نایه‌ قۆناغێکی نوێوه‌.

پشتگیریی لە کۆبانێ چوار پارچەی کوردستان و لەسەرانسەری جیهاندا ڕاگەیەندرا و لەسەرانسەری جیهاندا دروشمی "بژی بەرخودانی کۆبانێ" دەوترایەوە.

سەرەتا هێزە هاوپەیمانەکان بێدەنگ بوون، پاشان کە بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنان و پیاوانی کوردیان بینی، هاوکاریی چەک و هێرشی ئاسمانییان دەستپێکرد.

ئەو بەرخۆدانە بێهاوتایەی شەڕڤانانی کورد، بەخێرایی گەیشتە سەرتاسەری جیهان و شەڕڤانی کۆبانێ بەتایبەتی ژنانیان بوونە سمبولی ئازایەتی و ئازادیی و بەرخۆدان و وەستانەوە لە دژی تاریکی و دڕندایەتی و سات نەبوو لە میدیاکان و کۆڕوکۆبوونەوەکانی وڵاتانی جیهاندا باسیان لێوە نەکرێت و ستایشی کورد و شەڕڤانەکانی ئازادی نەکرێت.

دوای ١٣٤ ڕۆژ لە بەرخۆدان تۆمارکردنی داستانی قارەمانانە، تواندرا لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٥دا کۆبانێ بەتەواوەتی لە دەستی چەتەکان ڕزگار بکرێت و چەتەکان لەدوایین کوچە و کۆڵانی کۆبانێ وەدەربنرێت.

"کۆبانێ غەمگین نییە"، "کۆبانێ سەربەرزە"، "کۆبانێ-مان ئازاد کرد"، ئەمە ئەو ڕستانەبوون، کە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ-دا و بەدیاریکراوی لە کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا دەیانوتەوە.

بەوبۆنەیەوە لە سەرتاسەری کوردستان و لە تاراوگە، کوردان ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا و ئیدی هیچ جێیەکی دنیا نەما و ناو ناوبانگی کۆبانێ، شەڕڤانان و ژنان-ی کوردی پێ نەگەشتبێت.

هەر دوای ساڵێک لە سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ، جارێکی تر گەڕاندنەوەی هاوڵاتیان بۆ شارەکە دەستیپێکرد، تا جارێکی تر کۆبانێ سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە.

کۆبانێ، لە ئاستی جیهانیشدا ڕۆژێکی تایبەتی بۆ دیاریکرا و ڕۆژی ١/تشرینی دووەمی(١ی نۆڤەمبەر)ی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی کۆبانێ ناسێندرا.

لە کاتێکدا پێدەنێیینە چوارەمین ساڵیادی کۆبانێ، ساڵێک تێپەڕبووە بەسەر ڕزگارکردنی ڕەقە-ی پایتەختی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ جاری دووەم ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە ڕاگیرا.

هەڵمەتی گەردەلوولی جزیرە، لە ڕۆژی ٩ی سێبتەمبەر/٢٠١٧ بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی فورات و پاککردنەوەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر لە چەتەکان، لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزۆر-ەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام بهەۆی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە بۆسەر کانتۆنی عەفرین لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧، شەڕڤانان ئەو هەڵمەتەیان ڕاگرت و بەشداری بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین بوون.

ماوەی چوار ڕۆژیشە، لەکاتێکدا ڕۆژی جیانیی کۆبانێ پێدەنێتە ساڵی چوارەمییەوە، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ و گرێسپی و هەوڵی زیندووکردنەوە و ڕێکخستنەوەی چەتەکانی داعش دەدات، بەوهۆیەوە بۆ پارێزگارییکردن لە لە کۆبانێ و گرێسپی، ئێوارەی دوێنێ ٣١/١٠/٢٠١٨، لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ڕاگرتنی دواهه‌مین قۆناغی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر-ی ڕاگەیەند، کە قۆناغەکە له‌ ١٠ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨ به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دەستیپێکردبوو.

هەر دوێنێ-ش، فۆزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری فیدراسیونی دیموکراتی باکوری سوریا، ڕایگەیاند: هێرشی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی قەسەدە، کە لەبەرامبەر چەتەکانی داعش تێدەکۆشن، تەنیا واتایەکی هەیە، ئەویش بڵاوەپێکردنی هێزەکانی قەسەدە لە دووایین ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەتەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتە و  خزمەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی داعش لە سوریا دەکات.

ش.ف