چاوی لەوەیە بچێتە كۆشكی سەلام و سەرۆكی كۆماری ئەو وڵاتە بێت، كە شەش ساڵ پێش ئێستا لەسەر گەندەڵی لە پۆستی وەزیری دارایی دوورخرایەوە، ئەو دەیەوێت سەرۆك كۆماری وڵاتێك بێت كە پێنج ساڵ پێش ئێستا ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمێكی دەكرد بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتەی، كە خۆی ئامادەكردووە سوێند بخوات بۆ پاراستنی یەكپارچەیی.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پەدەكە سوورە لەسەر كاندیدكردنی و بە پاڵپشت بەو ڕێككەوتنە نهێنییە پێشوەختەی لەگەڵ سوننەكان و ڕەوتی سەدردا كردوویەتی، دەیەوێت هۆشیار زێباری خاڵی بباتە كۆشكی سەلام و بۆ یەكمجار لە مێژووی عێراقی دوای ڕژێمی سەدامدا ئەو پۆستە وەربگرن.
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی دەستوریبوون یاخود نا دەستوریبوونی کۆبونەوەی یەکەمی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت، ئەگەر پەرلەمان کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان بە کۆبوونەوەیەکی یاسایی لەقەڵەم بدات، دەبێت تاوەکو ڕۆژی ٨ی شوبات پەرلەمان سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ھەڵبژێرێت.
پەدەكە و یەنەكە دوو کاندیدی جیاوازیان ھەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەنەكەیە و هۆشیار زێباری كاندیدی پەدەكەیە و بەهۆی ڕێكنەكەوتنی ئەو دوو حزبە، سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە و هەریەكەیان بە كاندیدێكەوە دەچنە هۆڵی پەرلەمانی عێراق.
هۆشیار زێباری، كاندیدی پەدەكە، دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لەسەرەوە و هەر بەو هۆیەشەوە لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق، كە یەكێكە لە وەزارەتە سیادییەكانی حكومەتی عێراق دوورخرایەوە و وەك پسپۆڕانی یاسایی دەڵێن، كاندیدكردنی زێباری پێچەوانەی دەستورە.
دوای ئەوەی لە كۆبونەوەی نۆی مانگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی كردەوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ڕۆژی ١٢ی مانگ هۆشیار زێباری فۆڕمی كاندیدبوونی پڕكردەوە و پەدەكە بە فەرمی وەك كاندیدی خۆی ناساندوویەتی.
بۆیەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان پەدەكە و یەنەكەدا و دانانی یەك كاندید لەلایەن كوردەوە بۆ ئەو پۆستە، ڕۆژی ٢٢ی مانگ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پەدەكە و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەنەكە لە هەولێر كۆبوونەوە، لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی سوربوونی پەدەكەی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە كردووە.
لە كۆبوونەوەی شەوی ٢٣ی ئەم مانگەی سەركردایەتی یەنەکەدا، بڕیاردرا كە تاكە كاندیدیان بەرهەم ساڵەح بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و لە ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكەیاندا هاتووە: پەدەكە تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە و ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندیک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەشكردووە.
هۆشیار زێباری لە ساڵی ١٩٥٣ لە ئاکرێ لەدایکبووە، منداڵی لەموسڵ بەسەر بردووە، باوکی ناوی مەحموود ئاغای زێبارییە کە دەکاتە خاڵی مەسعود بارزانی، ساڵی ١٩٧٦ بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی وردن بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە کۆمەڵناسیدا هێناوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەكەیە
خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و بەریتانییە، لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی عێراق بووە، لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بوو بە وەزیری دارایی عێراق، لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٦، بەهۆی گەندەڵی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە بەرامبەردا هۆشیار زێبای تانەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كرد، رۆژی ٢٠ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، عەبدولستار بەیرەقدار گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، كە دادگا دوای پێداچوونەوە، تانەی هۆشیاری زێباری رەتكردووەتەوە.
لەبڕگەی سێیەمی ماددەی ٦٨ دەستوری عێراقیدا ھاتووە: کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێکی باش بێت، ھەروەھا گەواھی بۆ بدرێت کە دەستپاکە و ئاکاری رێکە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتمانەك لەبرگەی چوارەمی ھەمان ماددەدا ھاتووە، بەتاوانێکی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.
د. ئیسماعیل نامی، پسپۆڕی یاسایی لە نوسینێكد بە ناونیشانی “ھۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی کاندید بکات” ئاماژەی بە مەرجەكانی دەستوری عێراق كردووە بۆ ئەو پۆستە و نوسیویەتی:بھۆشیار زێباری ئەو کاتەی وەزیری دارایی بوو لەسەر دەست پیسیی و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات متمانەی لێسەندرایەوە، پشت بەست بە رێکارەکانی پرساندن و متمانە لێسەندنەوەی، دروستە بوترێت؛ نە ناوبانگی باشە، نە دەستپاکە، نە ئاکاری رێکە، نە دادپەروەرە، ئایا دڵسۆزی نیشتمانە؟
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو یەکێک بوو لەرێبەرانی ڕیفراندۆم، بەئاشکرا داوای پارچە پارچە کردنی عێراقی ئەکرد، کەواتە یان ڕیفراندۆمەکە فشە بووە، یان ئێستا ڕاست ناکات کە دەڵێت دڵسۆزی عێراقم.
سەبارەت بەبڕگەی چوارەم، ئیسماعیل نامیق نوسیویەتی: ڕاستە ئەو حوکم نەدراوە، بەڵام ھۆکاری حوکم نەدانی ھاوکێشە سیاسیەکانی عێراقە، ئەگەر لەوڵاتی یاسادا بوینایە، دەبوو کاک ھۆشیار و زۆربەی بەرپرسەکانی دیکە لەبەر شاشەکانی کونجی زیندان، سەیری دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بکردبا.
س.س