زیاتر لە سەدەیەک بەسەر کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا تێدەپەڕێت، دەوڵەتی تورک بە هەمان زهنیەت، کار بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی گەلی کورد دەکات.
تاوانە کۆمەڵکوژییەکان دژی گەلانی ئازادیخواز و خاک داگیرکراو، لاپەڕەکانی مێژوویان سورکردووە، تاکو ئێستاش بەردەوامە یاخود مەترسی دووبارەبوونەوەیان هەیە لەوانەش: جینۆسایدی ئەرمـەنییەکـان، جینۆسایدی جوولەکەکان (هۆڵـۆکۆست)، جینۆسایدی کورد لە باشووری کوردستان (ئەنفـال و کیمیابـاران)، کۆمەڵکوژییەکانی باکووری کوردستان (دێرسـیم، ئامـەد، ئاگـری داغ، دۆڵـی زیـلان، رۆبـۆسکی)، کۆمەڵکوژی فـەیلییەکان، کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و چەندین تاوانی هاوشێوەی دیکە، ئەم تاوانانە کە لە لایەن ڕژێم و دەسەڵاتـدارانی داگیرکەری ڕەگەزپەرست و توندڕەوە و دامارگیری ئاینییەوە ئەنجام دراون بەملیۆنان ژن و منداڵ و پیاو کوژراون و بێ سەروشوێن کراون.
یەکەمین تاوانی کۆمەڵکوژیی لە سەدەی بیستەم-دا ساڵی ١٩١٥ لەسەر دەستی عوسمانییەکان دژی ئەرمەنییەکان ئەنجامدرا و یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزارئەرمەنیی کوژران، سەرباری ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی ٣١ وڵات بەفەرمیی ئەو تاوانەیان وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورک نکۆڵی لە ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکات.
ڕێپێوانی مەرگ
ئەوە یەکەمین جار نەبوو، کە عوسمانییەکان ئەرمەنیەکان کۆمەڵکوژ بکەن، ساڵی ١٨٩٤ هەزاران ئەرمەنیی بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانی (عەبدولحەمیدی دووەم) کوژران، تەنها بەهۆی ئەوەی تورک نەبوون و لەپەیڕەوانی ئاینی مەسیحی بوون.
لەساڵانی سەردەمی یەکەم جەنگی جیهانی و لە دواساتەکانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان (١٩١٥ – ١٩٢٣)، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستی لەو جەنگەدا، دەوڵەتی عوسمانی دەستیکرد بە ڕاگواستن و ڕاوەدوونانی ئەرمەنییەکان لە خاکی خۆیانەوە بۆ سوریا، کە لەو کاتەدا لەژێر قەڵەمڕەویی عوسمانییەکاندا بوون، هەزاران کیلۆمەتریان بە ناچاریی دەبڕی و بەشێکیشیان بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکەوە لەڕێگا گیانیان لەدەستدا، ئەوەی بەرهەڵستیشی بکردایە، ڕاستەوخۆ دەکوژرا.
بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمنییەکان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا لەلایەن حزبی حاکمی ئەو کاتە (کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەقەرەقیی تورک) دەرچوو، کە لە ساڵی ١٩٠٨ کودەتایان بەسەر سوڵتان عەبدولحەمیددا کرد و لەسەرەتادا بەڕواڵەت داوای مافی نەتەوەکانی دیکەیان دەکرد لە تورکیا، بەڵام دواتر هەڵوێستیان گۆڕا و بە ئاڕاستەی ڕەگەزپەرستییدا چوون.
دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ هەلێکی زێڕینی بۆ کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقیی هێنایە کایەوە، تا بەپاساوی “ئاژاوە نانەوە”وە ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژ بکەن، لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ تورکەکان هەڵمەتی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکانیان دەستپێکرد.
کە سێ کەس لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، بەرپرسیاری یەکەمن لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، ئەوانیش:
محەمەد تەڵعەت، وەزیری ناوخۆ، ئەنوەر ئیسماعیل، وەزیری جەنگ، ئەحمەد جەمال، وەزیری جەنگیی و حاکمی سەربازیی ویلایەتی سوریا.
سەرچاوە مێژوییەکان باس لەوە دەکەن، ئەرکی ئەنجامدانی تاوانەکە درابوو بەو گروپانەی لە تاوانبار و لە یاسا دەرچووەکان دروستکرابوون، لەژێرناوی یەکەی “پێکهاتەی تایبەت” فەرمانەکەیان جێبەجێ دەکرد.
پاساوی عوسمانییەکان لەم تاوانەدا ئەبوو، کە ئەرمینییەکان ڕێگرن لە یەکگرتنەوەی دەوڵەتەکەیان، هەروەها ئەوان تورک نین و ئاینیان مەسیحییە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵیدا دیمۆگرافیای ئەرمەنییەکان بسڕنەوە و کۆتاییان پێبهێنن.
لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩١٥، دەوڵەتی عوسمانی یاسایەکی کاتی بەناوی یاسای گەڕاندنەوەی زۆرەملێ (دیپۆرت) پەسەندکرد، کە دەیانتوانی بەسەر هەر کەس و نەتەوەیەکدا جێبەجێی بکەن، کە گومانیان لێیەتی یاخود لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا نین، بەڵام سەرنجەکە بەدیارییکراوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بوو، لەو ڕاگواستنەدا ئامانجیان ئەوەبوو کەمترین ژمارەی ئەرمەنیی ڕزگاریان ببێت.
زۆربەی ئەوانەی بەردەوام لەناوچەیەکەوە دەگوازرانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ژن و منداڵ بوون، پیاو و منداڵە کوڕەکان لەتەمەنی ١٢ ساڵییەوە بەئامانج گیراوی یەکەم بوون بۆ لەسێدارەدان.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، زیاتر لە ٨٧٠ هەزار ئەرمینی لە ڕێپوانی مەرگ بەزیندوویەتی مانەوە و گەشتنە کامپەکانی سوریا، بەڵام لێرەش دەسەڵاتدارانی عوسمانی کۆتاییان بە پڕۆسەکە نەهێنا و بەردەوام لەکامپێکەوە دەیانگواستنەوە بۆ کامپێکی دیکە، خواردن و ئاویان پێنەدەدرا، نەخۆشی و پەتا ژمارەیەکی زۆری لێ کوشتن. تاکۆتایی هەڵمەتەکە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو لە ئەرمەنییەکان کوژران.
بەجینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژیی ئەرمینییەکان
١٠٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هەتا ئێستا تورکیا بە فەرمیی دانی بەو تاوانەدا نەناوە و تەنها دەڵێن، کە ڕاگواستن بووە و کۆمەڵکوژیی نەبووە، تاوانەکە لەسەر ئاستی جیهان ٣١ وڵات وەک کۆمەڵکوژیی ناساندوویانە، کە دیارترینیان بریتین لە؛ ئەمریکا، ڕوسیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، سویسرا، هۆڵەندا، ئەرجەنتین، فەرەنسا، سوریا، سوید، لوبنان و ئیتاڵیا و چەندین وڵاتی دیکە.
لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانەوە بۆ کۆمەڵکوژی کورد
ئەرمەنییەکان تاکە نەتەوەی قوربانیی دەسەڵات و داگیرکەری تورکیا نین، کوردیش چەندین سەدەیە لەسەر دەستی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژ دەکرێت و هەوڵی سڕینەوە و گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی دەدرێت، ئەو هەوڵانەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
هەر لەدوای جەنگی چاڵدێران، عوسمانییەکان خۆراوای ئەرمینیا و کوردستانیان خستەوە سەر سنوورەکانی خۆیان، ئیتر لەپاش سەفەوییەکان، عوسمانییەکان دەستیانکرد بە کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کورد.
کۆمەڵکوژییەکانی دێرسـیم، ئامـەد، ئاگـری داغ، دۆڵـی زیـلان، رۆبـۆسکی… چەندانی دیکە کە تێیدا بەسەدان و هەزاران کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە.
ئەوەی باسمان کرد، تەنها دڵۆپێکە لە تاوانەکانی تورکیا، دەرهەق بە گەلانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی وەک، کورد و ئەرمەنی و یۆنانی و ئاشووری.
ئەو کۆمەڵکوژییەکەی ١٠٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ کە عوسمانییەکانیان لە دژی گەلی ئەرمەنی ئەنجامیان دا، ئێستا دەوڵەتی تورک هەمان تاوان دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامدەدات.
ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی تەواوی کوردە، بۆیە لە یەک کاتدا هێرش دەکاتە سەر باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵی داگیرکردنیان دەدات، لە چوار ساڵی ڕابردوودا عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکرد و بە هەزاران هاوڵاتیی کۆمەڵکوژ کرد، ئێستاش لە باشووری کوردستان هێرشێکی دەستپێکردووە و ڕۆژانە بە دەیان فڕۆکە بۆردوومانی ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین دەکەن، ئامانجیش هەمان ئامانجی ئەو هێرشەیە کە دژ بە ئەرمەنییەکان پێکیهێنا، ئەویش داگیرکردن و کۆمەڵکوژییە.
ش.ف