مادەی ١٤٠ی دەستوور و بەربەستەکانی جێبەجێکردنی – بەشی دووەم

ململانێ سیاسییەکان و دەستێوەردانەکانی دەوڵەتانی دراوسێ بەربەستی سەرەکین لەبەردەم جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و بوونەتەهۆی ئەوەی ئەو مادەیە لە مادەیەکی دەستوورییەوە ببێتە مادەیەکی سیاسی، بەهۆی داوانەکردنی کوردیشەوە لە حکومەتی عەبادیدا، هیچ لیژنەییەک و هیچ بودجەییەک بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دیاری نەکرا.


ماوەی ١٣ساڵ بەسەر چەسپاندنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا تێپەڕیوە، کە وا بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی ئەو مادەیە هەنگاوی دووەمی هەڵنەگرتووە.

کورد بەردەوام جەختی لە جێبەجێکردنی مادەکە کردووەتەوە

بەهۆی ئەوەی قوربانی سەرەکی لە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کوردەکان بوون، کورد بەردەوام جەختی لەسەر جێبەجێکردنی مادەکە کردووەتەوە، ڕژێمی بەعس تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و ماوەیەکی کەم بەر لە ڕووخانی بەردەوام بوو لە دەرکردنی ماڵە کوردەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و دەستبەسەردا گرتنی ماڵ و موڵکیان، بۆیە زۆرینەی ئەو خانەوادانەی لەو ناوچانە دەرکراون کورد بوون.

لە سەرەتادا کارەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێدانی قەرەبووو پێیان و گەڕاندنەوەی موڵکو ماڵە داگیرکراوەکان بە شێوەییەکی باش بەڕێوە دەچوو بەمەبەستی جێبجێکردنی مادەکە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ وە سستی تێکەوت، لەگەڵ ئەوەی لەسەردەمی هەردوو حکومەتەکەی نوری مالیکی دا بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە تەرخان دەکرا، هەروەها لیژنەیەکی تایبەت بە لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠ هەبوو، بەڵام خاویی لە جێبەجێکردنی کارەکاندا بەدی دەکرا.

شوان داودی، پەرلەمانتاری شاری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێر اق لە فراکسیۆنی یەکێتی، پێی واییە کە هۆکاری خاوبوونەی کارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ پەیوەندی بەو دەنگە زۆرەوە هەبوو کە کورد لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەدەستیهێنا، ئەو دەڵێت، کە کورد لەو هەڵبژاردنەدا لەکۆی ٤٢ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ٢٦ کورسی بەدەستهێنا، بۆیە ئەوە دەسەڵاتدارانی عەربی توشی شۆک کرد و لەوکاتەوە هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگیان بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠دا.

هەڵکشان و داکشانی ئاڵۆزییەکان لەسەر مادەی ١٤٠

لەدوای پڕۆسەی هێرشی سەر عێراق لە لەساڵی ٢٠٠٣ وە تاوەکو ساڵی ٢٠١١ هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا مانەوە، تا ئەوکاتە دەسەڵاتی ئەو ناوچانە بەشێوەیەک لەلایەن هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەچوو، دەوترێت هەبوونی سوپای ئەمریکا زیانەکەی ئەوەبووە، کە بەهۆی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانە بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکان و گروپە تیرۆرستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و چەندین گروپی دیکە و سوپای ئەمریکا ڕووی دەدا، بەهۆیەوە ئارامی و ئاسایشی ئەو ناوچانە تێک دەچوون و ئەوەش بەربەست بوو لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو ماڵە ڕاگوازراوەنەی کە دەبوو بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بێجگە لەوە هەندێکیش لەو خێزانانەی گەڕابوونەوە دووبارە ئەو ناوچانەیان جێهێشت.

لە ماوەی مانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق، ناوچە دابراوەکان لەلاییەن حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوبەشی بەڕێوەدەبران،  لەساڵی ٢٠٠٣ وە پارێزگاری کەرکوک کورد بووە، تاوەکو ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر کەرکوکدا گرت و جێگری پارێزگای کەرکوک 'راکان جبوری' کرایە پارێزگار بە وەکالەت، کە عەرەبە و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەر پۆستەکەی.

لە ساڵی ٢٠٠٨ وە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی نوری مالیکی حکومەتەکەی باراک ئۆبامادا واژۆکرا، بۆ ئەوەی تاوەکو ٣١/١٢/٢٠١١ هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنێتەوە، ئەوەبوو دواتر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٠٩ وە دەستیان کرد بە کشانەوە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کورد و عەرەب و تورکمانیشی ناچارکرد بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ڕێگەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانەوە کار بۆ چارەسەرکرنی کێشەی ناوچە دابڕاوەکان بکەن، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە جێگەی ململانێ لەسەر ئەو ناوچانە، لەو سەردەمەدا تورکمان و عەرەبەکان بابەتی بەسەرچوونی مادەی ١٤٠ یان هێنایە بەرباس و دەیانوت کە مادەی ١٤٠ بەسەرچووە، لەبەر ئەوەی لە دەستووردا نوسراوە پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرێت، کەواتە لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا جێبەجێ نەکراوە ئەوا بەسەر چووە.

دادگای فیدڕاڵی عێراق: ئەو مادەیە مادەیەکی دەستوورییە و بەسەر ناچێت

بەهۆی دروستبوونی گرژی سیاسی لەسەر لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان لەسەر بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بەسەر چوونی مادەی ١٤٠، دادگای فیدڕاڵی عێراق هاتە دەنگ و ئەوەی ڕاگەیاند، کە ئەو مادەیە مادەیەکی دەستوورییە و بەسەر ناچێت، مەگەر لە هەموارکردنەوەی دەستووردا دەستکاری بکرێت، بۆیە مادەیەکی کارایە و دەبێت جێنەبێ بکرێت، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی کوردابوو، بۆیە کورد بەردەوام بوو لە پێداگریکردن لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و لە هەردوو کابینەکەی حکومەتی مالیکی-دا( ٢٠٠٥- ٢٠١٣) لیژنە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دیاریکرا و بودجەش بۆ جێبەجێکردنی تەرخان دەکرا، بەڵام هێشتا بەهۆی ململانێکانەوە جێبەجێکردنی مادەکە هەنگاوی دووهەمی هەڵنەگرت.

لە ساڵی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵ و لە ماوەیەکی کەمدا داگیریان کرد، بۆیە هەموو ئەو هێزە عێراقیانەی کە لەناوچە جێناکۆکەکان بوون کشانەوە و هێزی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێنی گرتنەوە.

بەهۆی جێگرتنەوەی هێزە عێراقییەکان لەلایەن پێشمەرگەوە، کورد دەسەڵاتی ڕەهای ناوچە جێناکۆکەکانی کەوتە دەست، بۆیە مەسعود بارزانی، کە ئەوکاتە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، لە ٢٧/٦/٢٠١٤ دا ڕایگەیاند کە مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا.

چاودێرانی سیاسی ئەو لێدوانەی بارزانیان بە واتای ئەوەزانی، کە ئێستا ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکە هێزەکانی عێراق ناتوانن بگەڕێنەوە بۆی، بەو هۆیەشەوە کورد لەسەردەمی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی-دا، کە لەساڵی ٢٠١٤ دا دەستبەکار بوو، داوای دیاریکردنی لیژنە و بودجەی نەکرد بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، بۆیە ئێستا هیچ لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە نیییە.

ململانێی جیهان لەسەر کەرکوک

بەوپێیەی کەرکوک بەشێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت، هاوکات زۆرترین یەدەگی نەوت لە سنووری پارێزگاکەدا هەیە، بەردەوام وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت، دەستێوەردانی ئاشکرایان لە پرسە سیاسییەکانی شارەکەدا کردووە، هیچیشیان بۆ بەرژەوەندی گەلانی کەرکوک نەبووە، بەڵکو هەرکەسەو لە هەوڵی ئەوەدا بووە پێگەکەی خۆی زیاتر لە سنوورەکەدا قایم بکات، هەر ئەم هۆکارەشە هەمووکات کەرکوکییەکان دەڵێن، کە نەوتی کەرکوک لە جیاتی خۆشگوزەرانی بۆ هاڵاتییانی سنووری پارێزگاکە، بووەتە هۆی مەینەتی و ئاوارەبوون و دەربەدەربوونیان.

لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وە ململانێکان لەسەر مادەی ١٤٠ کەمتر لەسەر ئاستی عێراق بەدیدەکرا، بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق سەرقاڵی شەڕی دژی داعش بوو، بەڵام ململانێکان لە ئاستی دەوڵەتانی ئقلیمیدا بوون و بەرپرسانی تورکیا بەردەوام لێدوانی توندیان دەربارەی کەرکوک دەدا و دەیانوت، کە ئێمە ناهێڵین کورد کەرکوک داگیربکات و بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی پراکتیکیش دەستێوەردانیان دەکرد لە کێشەناوخۆییەکانی عێراق-دا بۆ ئەوەی کورد نەتوانێت کەرکوک بگەڕێندرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.

کاریگەریی و بەرژەوەندی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە پێشڕەوی کردنی پڕۆسەی ئازادی عێراق-دا گەڕانەوەی ئەمریکا بوو بۆ ڕۆژهەلاتی ناوڕاست، جۆرج بۆشی 'کوڕ' دەیویست ئەو کارە تەواو بکات کە جۆربۆشی باوک لە پڕۆسەی گەردەلولی بیاباندا لە ساڵی ١٩٩١ دا بە نیوەیی بەجێی هێشتبوو، هەروەها ئەمریکا دەیویست لەڕێگای داگیرکردنی عێراقەوە شەڕی دەسەڵاتدارێتی ئێران و ڕوسیا بکات لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا، بۆ ئەوەش ناوچە جێناکۆکەکان خاڵی دەستپێکردنی شەڕەکە بوو، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە دەکەوتنە سنوری ئەو هیلالە شیعییەی کە ئێران دەیەوێت ئاوای بکات، بۆیە دەوترێت ئەمریکییەکان بەشێکی سەرەکی بوون لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانە و، دەشوترێت کە زۆرێک لە گروپە چەکدارە نایاسایی و توندڕەوەکان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوون بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەو ناوچەیە.

هەروەها تورکیا ئەو ناوچانە بە سنوری شەرەفی میلـلی خۆی دەزانێت و دەیەوێت بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەی تورکمانی ئەو ناوچەیەوە دەستێوەردانی بەردەوام لەو ناوچانە بکات، هەروەها بەبەشێک لە سنوری دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت و لەبیری ئەوەدایە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان داگیری بکات، وەک ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا دەڵێت، کە دەڕۆینە موسڵ و کەرکوک و سلێمانی و هەولێر، واتا هەموو ئەو ناوچانە لە بەرنامەی داگیرکارییەکانی ئەردۆغاندایە، بێجگە لە لێدوانەکانی ئەردۆغان، تورکیا ڕاستەخۆ دەست تێوەردانی لەو ناوچانەدا کردووە و بەردەوام چەک و تەقەمەنی بۆ تورکمانەکان و گروپە تیرۆرستییەکان و تورکمانە توندڕەوەکان ناردووە.

لەسەر دەستێوەردانەکانی تورکیا، شوان داودی بۆ ڕۆژنیوز، ئەوەی ئاشکراکرد، کە بەرەی تورکمانیی هێزێکی سەربازیی لە کەرکوک بۆ دروستکراوە، کە ژمارەیان ٥٠٠ چەکدار دەبێت، ئەو هێزە ڕاستەخۆ لە لایەن تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت و ڕاهێنانیان لە تورکیا کردووە، هەروەها مووچە و یارمەتی مادیی و مەعنەویان لە لاییەن تورکیاوە بۆ دابین دەکرێت.

داودی، وتیشی:"ئەو گروپە میلیشاییە ماوەی ساڵ و نیوێکە کار لەسەر دروستکردنی دەکرێت، ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، دوای ئەوەی ئێمە ئەو پرسەمان وروژاند، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حکومەتی عێراق لە ڕێگای وتەبێژەکەییەوە ڕایگەیاند، کە ئاگاداری وەها بابەتێک نین".

چەندین بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی بێجگە لە تورکمانەکان، تورکیا هاوکاری گروپە توندڕەوەکان و چەتەکانی داعشی کردووە، بۆ ئەوەی ئارامی ئەو ناوچانە تێکبدات، بۆنمونە شه‌وی ٨ی نیسانی ٢٠١٨ له‌ گوندی حومه‌ره‌ی سه‌ر به‌شاردێی ڕه‌شاد لە شارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌-ی سنووری پارێزگای که‌رکوک، لە شەڕێکی حەشدی شەعبی و گروپێک چەتەی داعش-دا پێنج چەتە کوژران، کە یەکێک لە چەتەکان ئاڵای تورکیا لەسەر تیشێرتەکەییەتی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە ئەو چەتانە سەر بە دەوڵەتی تورک-ن.

بێجگە لەوە تورکیا لە کاتی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی و ڕایگەیاند، کە ئەوان هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکوک قبوڵناکەن.

لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئێران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەو ناوچانەدا بوونی هەیە و دەیەوێت هێز و قورسایی خۆی لە ناوچەکانی خورماتوو و سەعدیە و جەلەولا و خانەقین، بچەسپێنێت، چونکە کەوتووەتە سەر ئەو هێڵە هیلالییە شیعییەی کە دەیەوێت دروستی بکات، بۆ ئەوەش لەکاتی  هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر ئەو ناوچانە ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕیان کرد دژیان، ئەوەش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بووە، لەبەر دوو ئامانج، کە یەکەمیان پارستنی ئەو ناوچانەبوو لەدەستی خۆیاندا، دووەم ڕێگریکردن بوو لەداعش بۆ گەیشتنیان بە سنووری ئێران، بێجگە لە شەڕ و هەیمەنەی ڕاستەوخۆی ئێران لەو ناوچانەدا، ئەو وڵاتە دەییەوێت لەڕێگەی گروپە توندڕەوەکانی نێو حەشدی شەعبی دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەدا بپارێزێت.

هەروەها دیکەوە حکومەتی عێراق، چەندین حسابی لەسەر ئەو ناوچانە هەیە و دەیەوێت بە ناوچەیەکی عەرەبی بمێنێتەوە و وەک سەرچاوەی هێز و وزەی عێراق بەکاری بهێنێت، هەروەها دەیەوێت بە بەدەستهینانی ئەو ناوچەیە ناسنامەی کورد بوون لەو ناوچانە وەربگرێتەوە و کۆتایی بە بابەتی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە بهێنێت، بۆ ئەوەش لەڕێگەی هێز و بەکارهێنانی گروپی توندڕەوی وەک حەشدی شەعبی و هێزی دەرەکییەوە دەییەوێت دەسەڵاتی ناوەندی لەو ناوچانەدا بەهێز بکات، بەوەش هەم کورد لە عێراقدا لاواز دەکات و هەم سونە عەرەبەکان لاواز دەکات.

شوان داودی، لەوبارەییەوە دەڵێت، کە ئەو کێشانەی لە کەرکوک ڕوودەدەن کێشەی دەرەوەی کەرکوک-ن و دەهێندرێنە ناو کەرکوک، ئەو وتەییەی ناوبراویش واتای ئەوەیە کە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی ناوچە زیانی گەورەی بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان گەیاندووە.

لە دوای ئەوەی کورد دەسەڵاتی ڕەهای لە ناوچە جێناکۆکەکان گرتە دەست، بەردەوام بوو لە بەڕێوبردنی ئەو ناوچانە تاوەکو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ دا و کاردانەوەکانی دوای ڕێفراندۆم، کە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی  بەدوای خۆیدا هێناو پێشمەرگە لەدوای ڕووبەڕووبوونەوەییەکی کەم لەوناوچانە، لەسەر فەرمانی بەرپرسەکانیان کشانەوە و هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەسەڵاتی ئەو ناوچانەیان گرتەدەست، ناچار کورد گەڕایەوە بۆ داواکردنی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، ئەوەش لەڕێگەی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە داوای جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی کرد.

شوان داودی، پێی واییە بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام یەکێک لە پێکهاتەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بێ کاریگەرکراون کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر نەکراوە، لە ڕابردوودا عەرەب و تورکمان بێکاریگەر کرابوون لە کەرکوک و ئێستاش کورد بێکاریگەر کراوە.

لە بەشی داهاتووی ئەم ڕاپۆرتەدا ئەو وتەیەی شوان داودی و ئەو ڕاستییەی لە کەرکوک-دا دەبینرێت دەکەینە بنەمای پڕۆژە پێشنیارەکانی دیکە، کە وەک بەدیلێک بۆ چارەسەرکرنی مادەی ١٤٠ پێشنیار کراوە، چونکە وەک لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێگەی مادەی ١٤٠وە چارەسەر ناکرێت.

سبەی لە بەشی سێیەمدا بۆچوون و پێشنیاری پێكهاتەكانی ناوچە جێناکۆکەکان بڵاودەكەینەوە.

 

س.ح