مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ کرێکارانی ژندا دەکرێت و کەس خۆی بەرپرسیار نابینێت

لە هەرێمی کوردستان ژنان بۆ سەربەخۆیی ئابووریی و پەیداکردنی بژێویی، ڕوو لە کەرتی تایبەت دەکەن، بەشێک لەو ژنانە لەلایەن خاوەن کارەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت، لەئەگەری ناڕەزایی دەربڕینیش لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە، نە ڕێکخراوەکان و نە سەندیکاش خۆیان بە بەرپرسیار نابینن و نەیانتوانیوە ببنە داکۆکیکاری ئەو ژنانە.


ئەگەرچی لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقێکی تایبەت بە ژنان هەیە، بەڵام سەندیکاکە ئاماری کرێکارانی ژنی لانییە، بەڵام ئەگەر بچیتە هەر مۆڵێک یان کارگە، کۆمپانیا، شوێنە گشتییەکان و سەدان شوێنکاری تر،  ژمارەیەکی زۆر کرێکاری ژن دەبیندرێت، ئەمەش نیشانی دەدات، کە ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاوی دەستی کاری هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە.

 

بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢-وە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی لە ناوەندە حکومەییەکاندا ڕاگرتووە، بە هەزاران گەنج لەدوای تەواوکردنی خوێندن بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن و بەشێک لەوانە لە کەرتە تایبەتەکاندا کار دەست دەخەن.

کرێکاران بەگشتیی لە شەو و ڕۆژێکدا ٨ کاتژمێر کار دەکەن، لەبەرامبەر ئەو بڕە مووچەیەی وەری دەگرن، هەندێک جاریش کاتژمێرەکانی کارکردنیان زیاد دەکات، بێ ئەوەی هیچ لە مووچەکانیان زیاد بکات، ئەم مامەڵەیە زیاتر لەگەڵ کرێکارانی ژن-دا دەکرێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە خراپیی مامەڵەی خاوەن کارە لەگەڵ کرێکارانی ژن، بەوپێیەی پێیانوایە ژنان ناچارن لەپێناو لەدەستنەدانی کارەکانیان و بەهۆی ترسیان لە کۆمەڵگا و خێزان هەموو شێوازە مامەڵەیەک قبوڵ بکەن.

(س.س)، نمونەی یەکێک لەو ژنانەیە و لە یەکێک لە مۆڵەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات، خاوەن کارەکەی فەرمانی پێدەکات، کە بە میکیاژ ڕووخساری  بڕازێنێتەوە و پۆشاکێکیش بپۆشێت، کە سەرنجی کڕیار ڕاکێشت.

(س.س)، بۆ ڕۆژنیوز زانیاریی زیاتری لەسەر کارەکەی و خاوەن کارەکەی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد و وتی:"من لە چێشتخانەی مۆڵەکەدا کاردەکەم، خاوەن کارەکەم پیاوێکی تورکە و چێشتخانەکانی ئەم مۆڵەی بەکرێ گرتووە".

ئەو ژنە گەنجە، وتیشی:"چەندین جار داوام لێکراوە، کە کاری نەشیاو لەگەڵ وەستای چیشتخانەکە و خاوەن کارەکەمدا بکەم"، ئەو مامەڵە خراپانە وای لە (س.س) کردووە، کە سکاڵا بگەیەنێتە پارێزەری مۆڵەکە، بەڵام نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک و وەڵام نەدراوەتەوە.

قبوڵنەکردنی مامەڵەی نەشیاوی خاوەن کار وای لە (س.س) کردووە، کە لە چەندین شوێن واز لە کارکردن بهێنێت یانیش لەلایەن خاوەن کارەوە دەربکرێت.

سەردانی کارگەیەکی دروستکردنی کلێنکس-مان کرد، کە سەرجەم کرێکارەکانی ژنی گەنج بوون، بەهۆی ترس لە دەرکردنیان، ئامادەنەبوون، کە نە فۆتۆ و ڤیدیۆی شوێنەکە و نە دەنگی خۆشیان تۆماربکەین، دوای دڵنیابوون لە لابردنی ئامێرەکانی تۆمارکردن ئینجا باسی کارکردنی ڕۆژنەی خۆیان بۆ کردین.

ئەو ژنە گەنجانە، دەیانوت، کە خاوەنی کارگەکە کەسێکی زۆر باشە و مامەڵەی دروستە، بەڵام ئەو پیاوەی، کە وەک سەرپەرشتیار لە کارگەکە کار دەکات، زۆر دەیانچەوسێنێتەوە و زیاتر لە کاتی دیارییکراو کاریان پێدەکات، هەروەها بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادات، کە جگە لەو نیو کاتژمێرەی بۆ نانخورادن دانراوە، بۆ چەند خولەکێک پشوو بدەن و لە کار بوەستن، یەکێکیان دەیوت"جارێک نوێژم کردووە لێمتوڕەبووە، وتویەتی جارێکی دیکە لەکاتی کاردا نوێژ مەکە".

وەک ئەو گەنجانە باسیان دەکرد، ئەگەر ڕۆژێکیش لە کارگە نەبێت، لەڕێگای کامێرای چاودێرییەوە دەیانخاتە ژێر چاودێریی و ئەگەر ببینێت لە ئامادەنەبوونی ئەودا بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ئەو کاریان نەکردووە، ئەوا بۆ بەکاری زیاتر و زەحمەتتر سزایان دەدات.

نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو "هەندێک جار کارێکیان پێدەکات، کە کاری ئەوان نییە، بەنمونە خاوێنکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، خاوێنکردنەوە و دەستشۆر و توالێتی تایبەت بەئەو و ئامادەکردنی خورادنێک کە ئەو پێی خۆشە".

ژنێکی دیکە، لە دووکانێکدا کاردەکات، بەم جۆرە باسی مامەڵەی خاوەن کارەکەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد"ڕۆژێک کڕیارم لانەبوو، منیش کەمێک دانیشتم، خاوەنکارەکە بینیی دانیشتووم شەقی لە کورسییەکەم هەڵدا و پێیوتم، کە 'کڕیاری لێبێت یاخود نا پێویستە ماوەی ٨ کاتژمێر بەپێوەبیت' ".

ئەو ژنەش ئامادەنەبوو لە پشتیشەوە فۆتۆی تۆمار بکەین و بە پیتیش ناوەکەی بڵاوبکەینەوە، چونکە لەلایەن ترسی لە لەدەستدانی کارەکەی هەبوو، لەلایەکی دیکەوە پێیوابوو بەسەر ئەودا دەشکێتەوە "ئابڕووی لەکەدار دەبێت" ئەگەر خەڵک بە کێشەکانی بزانن.

بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە، بەنان عەرەب، کە دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە و ماوەی سێ ساڵە لە دووکانێکدا کار دەکات، داوا لە ژنان دەکات، کە بەهیج شێوەیەک مامەڵەی خراپ قبوڵ نەکەن و سکاڵا تۆمارکەن، یانیش شوێنی کارەکەیان جێبهێڵن.

لە سەندیکای کرێکاران کوردستان پارێزەری خۆبەخش بۆ کەیسەکانی کرێکارانی ژن دابینکراوە، بەڵام بەهۆی نەچوونە ناو کرێکاران و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە ژیانی ناو کار و مامەڵيی خاوەنکار لەگەڵیاندا، ژنان متمانەیان بە سەندیکاکە نییە سکاڵایان لا تۆمار بکەن، یانیش بەهیچ شێوەیەک نازانن لقێکی تایبەت بە کرێکارانی ژن لە سەندیکای کرێکارانی ژن هەیە.

شادیە عەبدولوەهاب، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، وتی: لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا ژنێک کە لە کۆمپانیایەکی هەولێر کاریکردووە، سکاڵای دژ بە خاوەن کارەکەی تۆمارکرد، ئێمە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام دواتر سکاڵاکار پاشەکشەی کرد و وتی لە شوێنێکی تر کارم دەستکەوتووە و نامەوێت بەرەدوام بم لە سکاڵاکەم.

ئەگەرچی سەندیکاکە تا ئێستا تەنانەت ئامارێکی تەواوی کرێکارانی لانییە، بەڵام شادیە باس لەوەش دەکات، کە بەردەوام لیژنەکانیان سەردانی شوێن کاری کەرتە تایبەتەکان دەکەن، خولی هۆشیاریی بۆ کرێکاران دەکەنەوە، ڕەخنەشی لە ڕێکخراوە کرێکاریی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گرت، کە هەماهەنگ نابن لەگەڵیان، داواشیکرد کە هاوکارییان بکەن بۆئەوەی بەیەکەوە کار بکەن بۆ باشترکردنی ڕەوشی کرێکاران.

لەساڵی ٢٠١٨ تەنیا سێ کرێکاری ژن لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە سلێمانی سکاڵایان تۆمار کردوە لە دژی خاوەن کارەکەیان  بە هۆکاری دەست درێژی سێکسی لە لایان خاوەنکارەکانەوە و دزی خستنە پاڵ کرێکارەکەوە یەکێکشیان خاوەن کارەکەی بە وتەی ناشرین شوێنی کرێکارەکەی گۆریوە و شێوازی خراپی بەکارهێناوە.

لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان نزیکەی هەزار و ٣٠٠ ئەندامی هەیە، لەیلا کەریم سەرپەرشتیاری لقەکە داوای لە ژنانی کرێکار کرد، بە بەێ ترس سکاڵاکانیان بگەیەننە سەندیکا و وتی:"بەهەموو شێوازێک پشتگیرییان دەکەین و ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان".

لە باشوری کوردستان نزیکەی ٢٥٠ ڕێکخراو و ئەنجومەن، بەڕێوبەرایەتیی و نووسینگەی تایبەت بە مافەکانی ژنان و بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی سەر ژنان هەیە، ئێمەش بەدواداچوونی زیاتر، پەیوەندیمان بە چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان و مافەکانی مرۆڤەوە کرد، هەندێکیان خۆیان لە پرسیارەکان دزییەوە و هەندێکیشیان ڕاشکاوانە باسیان لەوە کرد، کە بە هیچ جۆرێک پرسینەوە لە رەوشی کرێکارانی ژن نەچووەتە چوارچێوەی کارەکانیان و زانیارییان نییە، کە خاوەن کار چۆن مامەڵە لەگەڵ ژنانی کرێکاردا دەکات.

ئەوەی لێرەدا بۆمان دەرکەوتن، نە سەندیکای کرێکاران و ڕێکخراوەکان، هیچ کارێک بۆ ژنانی کرێکار ناکەن، هەتا ئەو ژنانە سکاڵا نەبەنە لایان، نەشیانتوانیوە بچنە ناو کرێکاران و ئامادەیی خۆیان بۆ نیشان بدەن بۆ هاوکارییکردنیان، تا بیانناسن و متمانەیان لا دروست ببێت، لەکاتێکدا ڕووبەڕووی هەر گێچەڵ و مامەڵەیەکی نادروست بوونەوە، ئەوا سەندیکا و ڕێکخراوەکان ئاگادار بکەنەوە،، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئاخۆ کێ بەرپرسە لە دۆخی کرێکارانی ژن؟

 ش.ف