مانگرتووانی ساڵی ١٩٩١ی باشور سڵاو لە بەرخۆدانی گەورە دەکەن

ئەو هاوڵاتییانەی کە ساڵی ١٩٩١ لە دژی زوڵمی ڕژێمی بەعس لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتبوو، پشتگیریی ئەو مانگرتووانە دەکەن، کە ماوەی سێ مانگە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لەچالاکییدان، دەشڵێن: ئەم مانگرتنانەی ئێستا ئەنجامگیر دەبێت ئەگەر بێتو هەموو گەلی کورد بەیەکەوە بن.


زیاتر لە سێ مانگە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە، مانگرتن لە خواردن بەردەوامە، ئەم مانگرتنە لە هەرچوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەنگی داوەتەوە و تادێت پشتگیرییەکانیش بۆ ئەو مانگرتنە فراوانتر دەبێت.

یەکێک لەو توێژانەی پشتگیریی مانگرتوان دەکەن، ئەو کەسانەن کە ساڵی ١٩٩١ بۆ یەکەم جار دژ بە سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس لە شاری سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، بەمەش مێژوویەکیان تۆمارکردووە و پاشناوی ئەوکەسانە بووە بە مانگر.

بیرۆکەی مانگرتنەکە دوای ئەوە هات، کە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩١ ڕژێمی بەعس سلێمانی تۆپبارانکردبوو، ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ، ١٣ چالاکوان بە یاداشتێکەوە چوونە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی و دەستیان بە مانگرتن کرد، دەیانویست لەو ڕێگایەوە فشار لە ناوەندە جیهانییەکان بکەن، تا جارێکی دیکە ڕێگا بە گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس نەدەن بۆ باشور و مەترسییەکان لەسەر هاوڵاتیان بڕەوێننەوە.

یاداشتەکەی ئەو چالاکوانانە چەندین داواکاریی بۆ ئەو کاتە لەخۆگرتبوو، کە دیارترینیان بریتیبوو لە فراوانکردنی هێڵی ٣٤ بۆ ٣٦، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی، گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکوک و خانەقین بۆ شوێنەکانی خۆیان، لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکەش.

 

"دەمرین لەپێناو ژیان"

نەورۆز عەباس، ناسراو بە نەورۆزی مانگر، یەکێک بووە لە ڕێکخەرانی مانگرتنەکەی ساڵی ١٩٩١، ئەو بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: کە هاتین نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هات بۆلامان و یاداشتەکەی لێ وەرگرتین و وتی تەواو بڕۆن، ئێمە کار لەسەر یاداشتەکەتان دەکەین، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە بڕۆین و وتمان مان دەگرین، پێی وتین 'دەزانن مانگرتن مردنی لەدوایە'، ئێمەش وتمان 'ئێمە هاتووین بمرین لە پێناو ژیان'.

مانگرتنەکە ١١ ڕۆژی خایاند

مانگرتنەکەی ئەو چالاکوانانە ١١ ڕۆژ بەردەوامبوو، پێنج ڕۆژی یەکەم ئاویشیان نەخواردووەتەوە، ژمارەی مانگرتووان لە ١٣ کەسەوە بووبوو بە ٢٥ کەس، خەڵک بە تەمەنە جیاوازەکانەوە بەشدارییان تێدا کردووە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشوورەوە خەڵک سەردانیان کردوون و پشتگیریی خۆیان بۆ چالاکییەکەیان دەربڕیوە، ئەو مانگرتنە بووەتە باسوخواسی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانیش.

نەورۆزی مانگر باس لەوە دەکات: ئێمە پێنج ڕۆژی یەکەم ئاویشمان نەخواردەوە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هات بۆ لامان وتی لە هەموو دنیایدا خەڵک لە مانگرتندا ئاو دەخواتەوە، ئێوە بۆ ئاو ناخۆنەوە، ئێمەش وتمان ڕژێمی سەدام حسێن سەرچاوە ئاوییەکانمانی ژەهراویی کردووە، ئەو سەرچاوە ئاوییانەمان بۆ پاک بکەنەوە، ئێمەش ئاو دەخۆینەوە.

ئەوکاتەی کە ئەم مانگرتنە ئەنجامدرا، زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە باشوری کوردستان لە زهنی خەڵکدا نەڕەویبووەوە، ئەو ڕژێمە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە باشوری کوردستان، ١٨٢ هەزار کوردی ئەنفالکرد و شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون، نزیکەی پێنج هەزار گوندی کوردییشی ڕووخاندبوو، جگە لەوەی دەیان هەزار کوردی ڕاپێچی زیندنەکان کردبوو.

تەنانەت لە دوای ڕاپەڕینیش، کورد ترسی لە گەڕانەوەی ڕژێمەکە هەبوو، بۆیە مانگرتن لە خواردن وەک خەباتێکی مەدەنیی، یەکێک بوو لە ڕێگاکانی کورد بۆ فشار خستنە سەر ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، تا ڕێگا بە گەڕانەوەی ئەو ڕژێمە نەدەن.

ڕزگار محەمەد، ناسراو بە ڕزگاری مانگر، یەکێک بووە لە بەشداربووانی مانگرتنەکە، ئەو دەڵێت: ئێمە پەنامان بردە بەر ئەو خەباتە سپییە، تا ئەوە بسەلمێنین کە ئێمە زوڵممان لێکراوە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، ئەم شێوازە خەباتەمان پێ باشبوو، بۆ ئەوەی بتوانین گەلەکەشمان ڕزگارکەین لە ڕژێمی عێراق، هەنگاویش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان بنێین.

١١ ڕۆژ ئەو چالاکوانانە لە مانگرتنەکەیان بەردەوامبوون، وەک نەورۆز باسی لێوەدەکات، مام جەلال ئەوکات لە ڕێگای پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانییەوە لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کەوتووەتە گفتوگۆ لەسەر داواکاریی مانگرتووان، سەرەنجام لە وتارێکدا داوای شکاندنی مانگرتنی لە چالاکوانەکان کردووە و پێیوتوون، کە داواکارییەکانتان جێبەجێکراوە و بەمشێوەیە کۆتاییان بە مانگرتنەکە هێناوە.

ئەو مانگرتنە لە سەرانسەری باشوری کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانیدا، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئێستا ئەو گەڕەکەی کە مانگرتنەکەی تێدا کراوە، بە گەڕەکی مانگرتووەکان ناسراوە، هەر لەم گەڕەکەدا و چەند سەد مەترێک دوور لەم گۆڕەپانەوە، ماوەی ٥٧ ڕۆژە مانگرتنێکی دیکەی تێدایە، کە ئەویش بەهەمانشێوە دژ بە سیاسەتەکانی داگیرکەرێکی دیکەی کوردستانە، کە ئەویش دەوڵەوتی تورکیایە.

لە باکوری کوردستان، سەرەڕای وێرانکردنی ناوچە کوردییەکان و خستنە زیندانی هەزاران پەرلەمانتار، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، دەوڵەتی تورک زیاتر لە سێ ساڵە گۆشەگیریی خستووەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، کە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتیی بووە لە تورکیا و باکوری کوردستاندا، لەتەمموزی ٢٠١١ـەوەڕێگای بە پارێزەرەکانی ئۆجالان نەداوە سەردانی ئۆجالان بکەن، هەروەها لەنیسانی ٢٠١٥وەڕێگای بە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی نەداوە سەردانی ئۆجالان بکەن.

کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بارەگاکەیان هەر دەکەوێتە گەڕەکی مانگرتووەکانەوە لە سلێمانی، ٥٧ ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە مانگرتندان، مانگرتنەکەی ئەوانیش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە مانگرتنەدایە، کە جگە لە باشور، باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین وڵاتی ئەوروپاشی گرتووەتەوە و بە بەرخۆدانی گەورە ناسراوە.

نەورۆزی مانگر دەڵێت: ئەم مانگرتنانەی ئێستا ئەنجامگیر دەبێت ئەگەر بێتو هەموو گەلی کورد بەیەکەوە بن و پشتگیریی ئەو چالاکییانە بکەن، لێرەوە سڵاو و خۆشەویستیم بۆیان هەیە، پێیان دەڵێم کە زیاتریش سەرنج بخەنە سەر ناوەندە جیهانییەکان، تا گوشار دروستبکەن بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵمی ئەردۆغانی دیکتاتۆر و چارەسەری پرسی کورد.

ڕزگاری مانگریش پشتگیریی خۆی بۆ مانگرتنەکانی ئێستا دەردەبڕێت و دەڵێت: پێویستە گەلی کورد ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، جەخت لەسەر ئەو پرسە بکاوەتەوە و بە پیریی پەیامەکانی ئەو چالاکییانەوە بچن، چونکە بووە بە ڕێگاچارە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان.

ش.ف