مەسعود بارزانی ڕاستییەكی مێژوویی دركاند و ئاشكرایكرد، كە بۆ یەكەمجار سووتاندنی ناوچەی بارزان لەسەر دەستی سوپای عوسمانی بووە، بەڵام خودی خۆی و ماڵی بارزانی پەند لە مێژوو وەرناگرن و ئەو دەوڵەتەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و هاوەڵەكانی لەسێدارەدا ئێستا چاوساغیی بۆ دەكەن و خاكی كوردانیان لەسەر سینییەكی زێڕین پێشكەش دەكەن.
بە نۆكەرایەتییكردن بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك، ماڵی بارزانی ئەو وتەیەی پێشینانی كوردیان سەلماند كە دەڵێت”كورد پەند لە مێژوو وەرناگرێت”، ئێستا ماڵی بارزانی پێشەنگایەتیی میراتگریی ئەو دەوڵەتە دەكەن، كە باپیرەیان “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” و حەوت لە هاوڕێكانیانی لە سێدارەدا.
ماڵی بارزانی بە نۆكەرایەتیی و پێشڕەوییكردنی هێڵی خیانەت، خەریكی زیندووكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیین، ئەو دەوڵەتەی بۆ یەكەمجار بارزانی سووتاند و شێخی بارزانی لە سێدارەدا.
ڕۆژی ١٨ی حوزەیران، لە مەراسیمی تایبەت بە ناساندنی چەند کتێبێکی شۆڕشەکانی بارزان، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پەدەكە ئەوەی ئاشكراكرد، كە یەكەمجار ناوچەی بارزان لەسەر دەستی سوپای عوسمانی سووتێنراوە و وتی: بارزان ساڵی ١٨٩٢ بۆ یەكەمجار سووتێنرا لەسەر دەستی سوپای عوسمانی.
ئەوەی ئاشكرا كرد، كە دەوڵەتی عوسمانی ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا، كە تەنها بۆنی سەرهەڵدانی شۆڕێكی كردووە، ناوچەی بارزانی سوتاندووە، بەو گێڕانەوە مێژووییە ئەوەی بە بیری گەلی كورد هێنایەوە كە تورك لە ژێر هەر ناونیشان و دەوڵەتێكدا بێت كورد پاكتاو دەكات و گوندەكانی دەستوتێنێت و سەركەوتی دەكات.
شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کوڕی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، برا گەورەی مەلا مستەفای بارزانییە، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٧ دا لەگوندی بارزان لەدایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە چووتە بەر خوێندنی ئاینی، لەدوای کۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوکی لە ساڵی ١٩٠٣ دا بووەتە شێخی ڕابەری نەقشبەندی لە تەکیەی بارزان.
لە بەهاری ١٩٠٧ شێخ عەبدولسەلام سەردانی شێخ نوری محەمەد بریڤکانی کردووە، کە ئەوکاتە بەرپرسی یەکەمی تەریقەتی قادریی بووە لە بادینان و لەوێ لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی کورد و پیاوە ئایینییەکان کۆبووتەوە، چەند داخوازییەکیان بە تەلەگراف ناردووە بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لە ئەستەمبوڵ.
بە گەیشتنی داواكارییەكان بە سوڵتان عەبدوحەمید، سوڵتان توڕە بووە و ئەوەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمداوە، بۆیە فەرمانی جەنگی داوە و لە ساڵی ١٩٠٧ سوپای ناردووتە سەر بارزان.
دوای ئەوەی فەرمانی گرتنیان بۆ شێخ عەبدولسەلام دەركرد، ساڵی ١٩١٤ دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندانی موسڵ کرا و لە دوای دادگاییکردنی، لە ڕۆژی ١٤/١٢/١٩١٤دا لەگەڵ هاوڕێکانیدا لەسێدارەدران.
هەر لە مەراسیمەكەدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئەندامی سەركردایەتی پەدەكە باسی لە مێژووی سەركوتكردن و لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و هاوڕێكانی كرد لەلایەن عوسمانییەوە و وتی: ١٠٩ كەس لەگەڵ شێخ عەبدولسەلام بارزانییدا دادگاییكراون و ١٢ کەس لەگەڵ شێخ عەبدولسەلامدا بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و بڕیارەكە بەسەر حەوت كەسیاندا جێبەجێكراوە.
تەتەر وتیشی: سوڵتان محەمەد ڕەشیدی سوڵتانی پێنجەمی عوسمانی و وەزیری ئەوكاتی ناوخۆ و شەڕی دەوڵەتی عوسمانی واژۆیان لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی كرد، كە لەلایەن دادگای عورفی موسڵەوە دەرچوو.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پەدەكە، زیاتر لەسەر سیاسەتی قڕكردنی دەوڵەتی عوسمانی لە مێژوودا بەرامبەر بە كورد كرد و وتی: هەموو بەڵگەكانی دەوڵەتی عوسمانی هەڵدەیتەوە دەردەكەوێت، كە ویستویانە ئیرادەی خۆیان بسەپێنن و ئیرادەی كورد بشكێنن.
شێخ عەبدولسەلام پێش دەستگیركردنی شوێنی خۆی گۆڕی و چووە لای سمکۆ خانی شکاک، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی ڕووسیا بۆ شۆڕشەکەیان، لەگەڵ سمکۆخانی شکاک سەردانی وڵاتی جۆرجیا-یان کرد و لەوێ نوێنەری قەیسەر دەبینن و بەڵێنی پشتگیریی لێوەردەگرن.
سوڵتانی عوسمانی خەڵاتێکی گەورەی دیاری کرد بۆ ئەوکەسەی شێخ عەبدولسەلام بە زیندوویی یان بە مردوویی دەگرێت.
لە گەڕانەوەیاندا لە جۆرجیا، شێخ عەبدولسەلام و سێ پێشمەرگەی یاوەری بە گوندی گەنگەچین-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕدەبن، ئاغای گوندەکە، کە ناوی ‘سۆفی عەبدوڵا بووە تکای لێکردوون کە شەو میوانی ئەوبن، ئەوانیش قبوڵیان کردووە، بەڵام شەو شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ پێشمەرگە یاوەرەکەی دەستبەسەر دەکات و ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات.
سووتاندنی بارزان و لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام و هاوڕێكانی و ڕادەستكردنی شێخی ئەوكاتی بارزان لەلایەن خائینێكی كوردەوە دوای زیاتر لە ١١٠ ساڵ هێشتا لەسەر دڵی بارزانییەكان ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە، خودی ماڵی بارزانی پێشتیان لەو مێژووە كردووە و هەمان ڕۆڵی ئەو خائینە دەبینن و دەستی میراتگری دەوڵەتی عوسمانی گرتووە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان.
ئێستا پڕسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئێستا زیندوو بكەیتەوە و ببینێت میراتگرانی لەگەڵ دەوڵەتی توركدا ڕێككەوتوون و هەرێمی كوردستانیان لەسەر سینییەكی زێڕین ڕادەستی ئەردۆغان كردووە و كون بە كون شوێنپێی گەریلاكانی كوردستان بۆ سوپای تورك دەستنیشان دەکەن و خەریكە جارێكی تر دەوڵەت عوسمانی لە ناوچەكەدا زیندوو دەكەنەوە، دەبێت چ هەڵوێستێكی هەبێت؟.
س.س